په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١٢

''وەرزی کەرکەدەن''ی بەھمەن قوبادی

خەڵاتی باشترین وێنەگری فیستیڤاڵی سان سباستییەنی بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی و لە وێنەگرتنی توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی لە بەشی سەرەکی ٦٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانی بەدەستھێنا.


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" Rhino Season لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی و لە وێنەگرتنی سینەماکاری لاوی کورد توورەج ئەسڵانی، دوای بەشداری لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرێنتۆ"، بە ئامادەبوونی قوبادی و چەندین ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە، لەوانە: مۆنیکا بێلوچی، بێھرووز وسووقی، بئێلجیم بێلگین و ئاڕش لەباف لە رۆژانی ٢٦ و ٢٧ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ٦٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و توورەج ئەسڵانی وێنەگری کرماشانی ئەم فیلمە، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی سینەمای ئێران و کوردستاندا توانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی ٦٠مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سباستییەنی ئیسپانی بەدەستبێنێت.


ئەسڵانی بەڕێوەبەری وێنەگری فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" کە پێشتر سەبارەت بە کادرە تایبەتەکانی ئەم فیلمە ھاتبووە ئاخاوتن، ئەم خەڵاتە گرینگەی سینەمای جیھانی پێشکەش بە دوو وێنەگری کاریگەری سینەمای ئێران، لەوانە: ھووشەنگ بەھارلوو و نێعمەت حەقیقی کرد.


ئەندامانی لێژنەی دادەوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: "کریستییەن واچۆن" ـ بەرھەمھێنەر و سەرۆکی لێژنەی ژووری لە ئەمەریکا، "ریکاردۆ دارین" ـ ئەکتەر لە ئەرژەنتین، "میشێل کازتامبەد" ـ سیناریۆنووس لە فەڕەنسا، "میا ھانس لۆ" ـ دەرھێنەر لە فەڕەنسا، "پیتێر سۆزچیتسکی" وێنەگر لە بەریتانیا، "جوولی تیمۆر" دەرھێنەر لە ئەمەریکا و "ئاگۆستی لارۆنگا" دەرھێنەر لە ئیسپانیا.


بەھمەن قوبادی لە ساڵانی ڕابردوودا بە فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەفڕن" و ھەروەھا فیلمی سینەمایی "نیوە مانگ" دوو خەڵاتی سەرەکی سەدەفی زێڕینی باشترین فیلمی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان بەدەستھێناوە و ئەمە بۆ سێیەمین جارە کە قوبادی بە دەستی پڕ لەم فیستیڤاڵە گرینگەی سینەمای جیھان بگەڕێتەوە.


شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان بە نمایشی فیلم گەلێک لە سینەماکارانی ناوداری جیھان و ھەروەھا ئامادەبوونی ئەکتەر و ھونەرمەندانی بەرچاوی سینەمای دنیا لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی دەرھێنەرە نوێیەکان و چەندین بەشی دیکە لە رۆژانی ٢١ تا ٢٩ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ لە شاری سان سێباستییان لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە یەکەمین نمایشی خۆیدا و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە ستافی ئامادەکردنی ئەم فیلمە رۆژی ١٢ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٢ لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرێنتۆ" لە وڵاتی کەنەدا، نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" شەشەمین بەرھەمی "بەھمەن قوبادی"یە کە تیایدا "بێھرووز وسووقی" ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران و ھەروەھا ئەکتەری بەتوانای ئیتاڵی "مۆنیکا بێلوچی"، ئەستێرەی سینەمای تورکیا "بێران سات"، "یەڵماز ئوردووگان" و "بئێلجیم بێلگین" دوو ئەکتەری ناوداری تورکی و "ئاڕش لەباف" گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئێرانی رۆڵ دەبینن.


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" چیرۆکی شاعیرێکی کورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە لە رێگای شیعرەکانییەوە بە شوێن ژیانی ونبووی خۆیدا دەگەڕێت. موزیکی ئەم فیلمە ١٠٤ خولەکییەی قوبادی لە لایەن موزیکزانی ناوداری کورد و ئامێژەنی بەتوانای کەمانچە "کەیھان کەڵھو ڕ" سازکراوە.


"وایلدبانچ" wildbunch لە کۆمپانییە بەرچاوەکانی بڵاوکەرەوەی فیلم لە ئاستی ئەورووپا، مافی بلاوکردنەوەی جیھانی فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن"ی لە ئەستۆدایە و لەو بەرنامەیەی کە بۆ نمایشی ئەم فیلمە دیاریکردووە لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لە سینەماکانی تورکیا و پاشان لە سینەماکانی ئەورووپا و ئەمەریکا نمایشی دەکات.
 

فۆتۆکان: ئاڵما ئیسماعیل زادە.
بۆ زانیاریی پتر:

www.sansebastianfestival.com/in/pagina.php?ap=3&id=2725

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک