١\٥\٢٠١٤
وەستانەوە لە دژی
نانبڕین و کەمکردنەوەی کرێ و مووچەبڕین
ناڕەزایەتیی بەردەوامی کرێکارانی کوردستان و تێکڕای جیهانە
لە یەکی ئایار و
هەر رۆژەی ژیانی مەمرە و مەژیاندا.
ئێستا لە
سەرجەمی وڵاتانی جیهان کرێکاران و
مووچەخۆرانی چینە هەژارارەکان دروشمی
''نا بۆ بڕین و کەمکردنەوەی مووچە''
بەرز دەکەنەوە چونکە لە ئەنجامی ئەوەی
کە دەسەڵاتی ستەمگەرانەی سەرمایەداران
ئیدی بە کەلکی ژیان نایێ و بەردەوام
لە تێکڕای جیهان تووشی قەیرانی یەک لە
دوای یەک دەبێتەو.. لە پێناو
دانەبەزینی ئاستی سامانەکانیان
بەردەوام نرخی کرینی کەلوپەل و
پێداویستییەکانی ژیان بەرز دەکەنەوە و
لە بەرانبەریشدا کرێ و مووچەی
کرێکاران و ئەو خەڵکانە کەم دەکەنەوە
کە تێکڕای ژیان لەسەر ماندووبوونی
ئەوان دروست دەکرێ، بەڵام لە لای
خۆمان بارودۆخەکە زۆر لەوەش خراپترە
چونکە سەرەڕای ئەوەی لە سایەی حیزبە
گەندەڵ و دڕندەکان کرێ و مووچەی خەڵک
زۆر زۆر کەمە و بەشی ژیانێکی مەمرە و
مەژیی ناکا.. بە هۆی لایەنداریی
سیاسیی و حیزبییش خەڵک نانبڕاو دەکەن
و لەسەر کارەکانیان دەردەکەن یان هەر
لەسەرتاوە خەڵک ناتوانن بە بێ
لایەنگرییکردن لە حیزبێک هیچ کارێک
پەیدا بکەن، لەوەش خراپتر ئەوەیە کە
لە ئەنجامی ململانێیە پاوانخوازیی و
سیاسەتبازییەکانی نێوان حیزبەکان ماوە
ماوە مووچەی مانگانەی خەڵکیش دەبڕن و
بۆ چەندین مانگ دوای دەخەن!
|
|
|
|