٢٣\١٢\٢٠١٣
خانەوادەی قوربانییەکان
بریندارتر مەکەن!
بەشدار
عوسمان
لە هەموو رێسا و عورف و عاداتێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و
ئینسانیدا،لەهەموو ئەتەکێتێکی خزمایەتی و دۆستایەتیدا،لەپرەنسیپی هەموو
حیزب و دەستە و کۆمەڵەیەکی سیاسی و پیشەیدا ،لە
هەموو شوێنێکی سەر ئەم زەمینەدا،کاتێک کەسانێک ئازیزێکیان
لەدەستدەدەن خەڵک بۆ دڵنەوایی و ھاوخەمی و کەمکردنەوەی کۆستی
لەدەستدانی کەسەکەیان سەردانیان دەکەن و لێیان نزیک دەبنەوە، بۆ ئەوەی
کۆستی لەدەستدانی ئازیزەکەیان کەمێک کەمبکەنەوە،بەداخەوە ئەوەی لە
کوردستان دەیبینین پێچەوانەی هەموو ئەو یاسا و رێسا و عورف و عادات و
پرەنسیپانەیە و کەس و کار و خانەوادەی قوربانیەکان پەلکێشی نێو کۆشک و
ڤێلاکان دەکرێن و دواتریش سەرەڕایی ئەو قوربانیە گەورەیەی داویانە
ھەوڵی ناشیرنکردنیان دەدرێ.
کەسانێک کە ئازیزێکیان لەدەستداوە (بەتایبەت
لە رووداوێکی دڵتەزێن و تراژیدیایدا)، باری
دەروونی و ویژدانی و جەستەییان ناجێگیرە و ناتوانن ئاسایی مامەڵە
بکەن،بەسەرکردنەوە و وەستان لەتەکیان لە پرسە و مەراسیم و رێپیوانەکان
دەتوانێت فەرامۆشی بە دڵ و دەرونیان بدات،ئەگەر بەمانا خێلەکی و
عەشایریەکەش لیی بروانین( کە حیزبەکان زۆر پیوەی پەیوەستن) پرسە و
سەرەخۆشیش ھەر لە ماڵی مردوو دەکرێ. نەک
گوشار و ھەرەشە و ناچارکردنیان بەسەردانی بەرپرسان و بارەگاکانیان،ئەمە
کۆستی لەدەستدانی رۆلەکەیان لەسەر قورستر دەبێت و ھەست بە ئازارێکی
ویژدانی قورستر دەکەن.
ئەمە دیوێکی باسەکەیە،دیوەکەیتری کاردانەوە وپەلامار و ھێرشی چەند
چالاکوان و نوسەرانێکە بۆ سەر خانەوادە و کەسوکاری
قوربانیەکان،سەرەڕایی دڵسۆزی و خەمخۆری ھەندیکیان، بەڵام بەشێکی زۆریان
ھەست نەکردنە بە ئیحساس و گوزاران و وەزعیەتێکی واقعی کە ئەوانی
تیادەژین و بارودۆخێک کە ئەوانی لەگەڵ بەرەو روون، ھەروەک چۆن برینی
خانەوادە و کەسە نزیکەکانی قوربانیەکان لەهەموو خەڵک
قوڵترە،لەھەمانکاتیشدا ھیچ کەسێک وەکو خۆیان لە وەزعیەتێک تێناگات لە
دوای لەدەستدانی رۆڵەکانیان بۆیان ھاتۆتەپێش لەم بارودۆخە دەروونیە
قورسە. بۆیە فشار و ھەرەشە وسیاسەتکردن بە دۆسیەی قوربانیەکان و
خانەوادەکانیان چەندە بێ مۆراڵە و بێ پرەنسیپە بۆ حیزبەکانە،پەلامار و
ھێرشی راگەیاندن و چالاکوانان و ھەوڵی ناشیرنکردنیان،برینی سارێژ
نەبویان بەسوێتر دەکا.
باشترین وەفاداری بۆ قوربانیەکان ئەوەیە،پەیامی تەواونەکراوی ئەوان
درێژە پێبدەین، ئەوان قوربانیان بە گیان
خۆیاندا و رۆحیان بەخشی بۆ باشترکردنی ژیان و گوزارانی خەڵک و
دەرکێشانی کۆمەڵگا لەم سیستەمە سیاسیە چەقبەستەوە،نارەزایەتی و
گردبونەوە و شیوازەکانی فشار بۆ ئاشکراکردنی بکوژان و دارێژەرانی
تاوانەکان کاری هەموو ئازادیخوازێکە .ئیتر ئەوان موڵکی تەنھا خێزان و
خانەوادەیەک نین و لەهەموو ماڵ و خێزانێک خانەخوێن، ئەوەی خۆی
بەخەمخۆری ئازادی و عەدالەت دەزانێت دەبێت ئەم کەیسانە بکاتە کەیسی خۆی
بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵیک کەسی تێکشکاو و بریندار (تاھەتایە نابنەوە بە
کەسێکی ئاسایی)، ئەوانەشی کارێکیان پێدەکا
بێ ئەوەی خۆیان مەبەستیان بێت مێژوو بە خەتێکی لار بۆیان تۆماردەکا.
٢٠\١٢\٢٠١٣
ماڵپهڕی بهشدار
عوسمان
________________________________________________
•
بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی)
لێرە کرتە بکە:
http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm
|