په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٦\٢٠١١

''خاتوون'' ئەلبومی نوێی کامکاران بە دەنگی عەدنان کەریم و سەبا کامکار.
 

مه‌نسووری جیهانی


ئەلبومی نوێی گروپی موزیکی کامکاران بە ناوی "خاتوون" بە ئاوازدانەری هونەرمەند هوشەنگ کامکار و بە شیعرەکانی دکتۆر عەبدوڵڵا پەشێو و بە دەنگی عەدنان کەریم و سەبا کامکار لە تاران تۆمار کرا.


بە پێی ڕاپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی گروپی موزیکی کامکاران، "خاتوون" ئەلبومی نوێی گۆرانی و موزیکی کوردی بەرهەمی گروپی موزیکی کامکاران بە ئاوازدانەری هونەرمەند هوشەنگ کامکار و بە شیعرە نوێیەکانی شاعیری ناسراوی کوردستان دکتۆر عەبدوڵڵا پەشێو و بە دەنگی هونەرمەندی ناوداری کوردستان عەدنان کەریم و بە گۆرانیبێژی سەبا کامکار بە شێوەی دوێت واتە دوودەنگی لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە شاری تاران قۆناغەکانی تۆمارکردنی تێپەڕاند و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاودەکرێتەوە.


"خاتوون" بە شێوازی موزیکی کوردی بۆ ئۆرکستڕای سەمفۆنیک، ئاواز و گروپی کۆر و ئامێرە رەسەنەکان لەسەر شیعرەکانی دکتۆر عەبدوڵڵا پەشێو موزیکی بۆ دابەشکراوە.


مەبەست لە موزیکی نەتەوەیی کوردی، بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لە ئامراز و هۆکارگەلی تایبەتمەندییەکانی موزیکی رەسەنی کوردی و مەقامەکان وەکوو ناوەرۆکی سەرەکی و تێکەڵاوبوونی ئەم جۆرە میلۆدییانە لەگەڵ لایەنەکانی شیاو لە تەکنیک و لێهاتووییەکانی ئاوازدانانی موزیکی زانستی جیهانی لەوانە هارمۆنی، کۆنترپوان، ئۆرکستڕاسیۆن و بەکارهێنانی ئامێرە جۆراوجۆرەکانە.


ئەم بەرهەمە لە لایەنی فۆرم، گەڕانی میلۆدییەکان، ئۆرکستڕاسیۆن، هارمۆنی و تێکەڵاوبوونەکانی کۆنترپوانتیکی دەنگەکانی ئاوازی واتە چڕین و ئامێریی و هەروەها بەکارهێنانی رەنگی دەنگی جۆربەجۆری ئامێرەکان لەگەڵ دەربڕینی وێنەگەلی دەنگی، شێوازی ئاخاوتنی شیعرەکان لە نێوان ئاوازەکاندا و ئەویش بە دەنگی خودی شاعیر، شێوازێکی تازە و نوێیە و هەماهەنگی لەگەڵ شیعرەکاندا هەیە کە بە داهێنان و لایەن گەلی نوێ لە هونەری موزیکی کوردی دێنە ئەژماردن.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی "خاتوون" شێوازی کەڵک وەرگرتنە لە مەقامەکانی ئۆرکستڕا لە کاتی دەستپێکی هەر پارچە موزیکێکدا کە تیایدا میلۆدییەکانی ئۆرکستڕا و ئاواز و چڕین بەپێی چوارچێوە و قالبەکانی میلۆدیکی مەقامەکان نووسراون.


لە هەموو پارچەکانی ئاوازییدا کە بە خێرایی لە دوای تەواوبوونی مەقامەکان دێن، ئاواز و مەقام بە شێوەی دوێت واتە دوودەنگی و بە چەشنی کۆنترپوانتیک کە تیایدا میلۆدییەکان پێکەوە چندراون و تێکەڵاوکراون، بەکارهێنراون کە ئەم بیرکردنەوە و داهێنانە بە شێوازەکانی نوێی موزیکی کوردی ئەژمار دەکرێت.

 


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی گروپی موزیکی کامکاران.

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک