په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٥

خوێندن بە زمانی کوردی تاوانە!

جەلال محەمەد    

 

لە کەمتر لە دوو ساڵ تەمەنی کانتۆنەلانی ڕۆژاوای کوردستاندا گەلێک دەستکەوتی چاوەڕوان نەکراو بە دەست هاتن، کە لە ٢٥ ساڵ تەمەنی حوکمڕانی باشووری کوردستاندا نەک هەر بە دەست نەهاتوون بەڵکو لە فەرهەنگی حکومەتی هەرێمیشدا نییە کە هەنگاو بەرەو دەستکەوتی لەو جۆرە بهاوێژێت.


لە دەستکەوتە هەرە گەورەکانی کانتۆنەکانیش خوێندن بە زمانی کوردی و گۆڕینی سیستەمی خوێندنی بەعس و کۆتایهێنان بە میلیشیاگەری لە ڕێگەی سەربازگیری(تەجنیدی ناچاری)یەوە بوو . لێ بەڵێ وەک چۆن لە زهنیەتی سەرکردایەتی خێڵەکی باشووردا هەمیشە کورد بە کەم تەماشا کراوە و هەنگاوی بەرەو نەتەوەیی بوونیش نە هاوێژراوە بە هەمان شێوە ئەم ڕەنگدانەوەیە لە مێشکی دەستو پێوەندەکانیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە ، بەڵام لە هەر پارچەیە و بە جۆرێک ، بۆ نموونە لە باکووردا وەک مسوڵمانبوون دەبنە بەربەست بۆ زمانی کوردی و لە ڕۆژهەڵاتدا بە چەواشەکاری و لە ڕۆژاواشدا بە خۆپیشاندان .


ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ٩/١١/٢٠١٥ لە شاری دێرکی ڕۆژاوای کوردستان دەستوپێوەندەکانی بارزانی کە بە (ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا "ئەنەکەسە" ناسراون) کەوتنە خۆپیشاندان دژ بە خوێندنی کوردی و گۆڕینی سیستەمی بەعس لە خوێندنگەکاندا . ئەم کردەوە قێزەونەی لایەنگرانی بارزانی ئازاردانی دڵی هەموو کوردێکی بە ویژدان بوو بە گشتی و زیاد لەوەش ئازاردانی دڵی دایک و کەسوکاری شەهیدان بوو بە تایبەتی ، هەر بۆیەش کەسوکاری شەهیدان نەیانتوانی لەوە زیاتر ئەم هەموو سوکایەتیکردنە بە زمانی کوردی و خوێنی شەهیدان قبوڵ بکەن و بە دروشمی (بمرێ خیانەتکار) ڕوو بە ڕوویان بوونەوە ، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژاوا ڕێگریان لە کەسوکاری شەهیدان کرد تاکو تۆڵەی خوێنی شەهیدەکان لەو کەسە گوماناویانە نەکەنەوە کە دژ بە هەموو بەهایەکی کوردەوارین . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
https://www.facebook.com/shwan.burhan.1/videos/1186279534718808/?hc_location=ufi

 

ڕاستە هێزەکانی ئاسایش ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقیان بەجێ گەیاند کە ڕێگەیان لە کەسوکاری شەهیدان گرت تاکو دەمکوتی ئەو کەسە گوماناویانە نەکەن ، بەڵام لە هەمان کاتدا من وەک خودی خۆم زۆر ڕەخنەم لە هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژاوای کوردستان هەیە کە بەو جۆرە ڕێگە بە کەسانێکی جاسوس و گوماناوی دەدەن تاکو بە ئارەزووی خۆیان سوکایەتی بە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی بکەن ، کە ئەم جۆرە ڕێگەدانە هاوشێوەی ئەو ڕێگەدانەیە کە حکومەتی هەرێم بە هێزە ئیسلامیە بەکرێگیراوەکانی داوە لە باشووری کوردستاندا تاکو کورد لە ڤایرۆسی چەتەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلام(داعش) نەبڕێت و هەر مزگەوتێکی باشووری کوردستان بکەنە ئارامترین لانکە بۆ بڵاوبوونەوەی فکرەی ئیسلامی دژە کوردی و کارخانەی پێگەیاندنی بەچکە داعشی .


وەک چۆن لە ڕۆژاوای کوردستان لایەنگرانی بارزانی ئەم ڕۆڵە پیسە دەگێڕن ، هەڵبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا لایەنگرانی بارزانی ڕۆڵێکی کەمتریان نەگێڕاوە ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا هەردوو لەتە حیزبەکەی دیموکرات بە شێوەیەکی چەواشەکاریانە بوونەتە باشترین کەرەستەی دەستی بارزانی و چی چەواشەکاری هەیە ئەنجامی دەدەن .


بۆ نموونە یەکێک لە کادرە هەرە پێشکەوتۆکانی حیزبی دیموکرات بە ناوی مەلا ئیبراهیم جەهانگیری بۆ چەواشەکاری دەڵێت(یارەبی ماڵت بە ٦ چەپی قوڕێ گیرێ سیاسەت!


گۆیا فەلسەی ئۆجالان لە قوتابخانەکانی رۆژئاوا وەک وانە دەکوترێتەوە دیارە لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی ڕا تا لەمەو دوا کورد منداڵەکانیشی ببن بە فەیلەسووف! جا هەر بۆیە پیاوانی ئیمپریالیسم و کەمالیسم و ئەردۆغانیسم و دیارە بارزانیش خەریکن وەزعی رۆژئاوا تێک بدەن!


دۆستێک ئەو هەواڵ و لێکدانەوەی بۆناردووم ئەگەر ڕاست بێ ئەوە نەتەنیا بۆ داکۆکیکردن نابێ بەڵکوو ئەمە کارەساتێکی مرۆڤییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ. منداڵ دەبێ فێری ژیان و ئاسوودەیی وئارامی و خۆشەویستی ببێ نە فەلسەفە) .


هەڵبەت حیزبی دیموکراتێک کە بە شێوەیەکی گشتی لە مەلا و فەقێ و مجێور پێکهاتووە و جیڕەی حکومەتی هەرێمیان بۆ بڕابێتەوە و لە جێگەیەک گیرسابێتنەوە کە کۆماری ئسلامی و داگیرکەران تیایدا بڕیاردەر بن هەر ئەو چاوەڕوانیەیان لێ دەکرێت .


دەنا کاکی مەلای چەواشەکار باش دەزانێت کە لەسەر دەستی مەلادا منداڵان نەک هەر فێری ژیانی ئاسودەیی و ئارامی و خۆشەویستی نابن ، بەڵکو فێری جیهاد و مرۆڤ سەربڕین و جیهاد النیکاح و نکۆڵیکردن لە داب و نەریتی کوردەواری دەبن .


ئەی کاکی مەلا بۆچی هەندێک زەحمەت بە خۆی نادات و وەک چۆن هەموو ژیانی لە ئۆردوگانشینیدا بەسەر بردووە ، با حەفتەیەکیش واز لە ئۆردوگانشینی بهێنیت و بچیتە ڕۆژاوای کوردستان تاکو ڕاستیەکان بە چاوی خۆت ببینیت ! ؟ چونکە نەک هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە ئەو باسە نییە بەڵکو لە پۆلەکانی ناوەندی و بە دواوە لە جیاتی ئەوەی مێژووی عەرەبی ئیسلام و جیهاد و مرۆڤ سەربڕین بخوێندرێت ، مێژووی کوردستانی داگیرکراو و خۆشەویستی وڵات و سروشت و مرۆڤایەتی دەخوێندرێت کە لە لێکۆڵینەوەکانی بەڕێز ئۆجالانە .


بەلای کاکی مەلاوە ئاساییە کە لە خوێندنگەکاندا سود لە مێژوویەک وەربگیرێت کە هی داگیرکەرانە و بۆ بەرژەوەندی داگیرکەران نوسراوەتەوە ، بەڵام بەلایەوە ئاسایی نییە کە سود لە مێژوویەک ببینرێت کە زادەی گەلی کورد و کوردستانی داگیرکراوە و لەلایەن ڕێبەرێکی کوردەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە .


بەلای کاکی مەلاوە تاوانە ئەگەر ڕێگری لە دەستێوەردانەکانی پیاوانی ئیمپریالیسم و کەمالیسم و ئەردۆغانیسم و نۆکەرەکانیان بکرێت بەڵام بەتاوانی نازانێت کە باشووری کوردستان بکرێتە گەورەترین بنکەی جاسوسی جیهانی و دەریایەک خوێنی باشووریەکان نەگۆڕێتەوە بەو کەمە جیڕەیەی کە لە ئۆردوگاکاندا ژیانی پێ بەسەر دەبات .


بەلای کاکی مەلاوە تاوانە ئەگەر منداڵان فێری خۆشەویستی وڵات و سروشت و ئازادی بکرێن بەڵام بەلایەوە ئاساییە ئەگەر مەلاکان کار لەسەر منداڵانی ڕەوزە(چوار ساڵی) بکەن و لەسەر دەستی چەتە ئیسلامیەکاندا مەشقی مرۆڤ سەربڕینیان پێ بکرێت . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
https://www.facebook.com/pshtiwananiarezabdulla/videos/897766190303413/?pnref=story


ئایا لە هیچ کوێیەکی جیهاندا ڕوویداوە کەسانێک دژ بە خوێندن بە زمانی نەتەوەکەی خۆیان بن بە غەیری هەندێک سەرلێشێواوی بە ناو کورد ! ؟
ئایا لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ڕوویداوە کۆتایهێنان بە سیستەمی خوێندنی داگیرکەر قبوڵ نەکرێت بە غەیری چەند سەرلێشێواوێکی کورد ! ؟
ئایا لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ڕوویداوە هەوڵدان بۆ ئازادی و خۆشەویستی وڵات و سروشت بە تاوان بزانرێت بە غەیری چەند سەرلێشێواوێکی کورد ! ؟
ئەمە و هەزاران پرسیاری دیکەش...

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک