په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٨

خوێندنەوەیەک بۆ ررۆمانی دواھەمین شەوی سەرۆک.


سەدیق سەعید     

 

تەمەنی دیکتاتۆر و ستەمکارەکان، ھەرچەنددرێژبێت،ھەرچەند بخایەنێت،ڕۆژگارێک دێت لەبەردەم ڕق و تووڕەیی جەماوەر خۆیان ناگرن و کۆتاییان پێدێت و دەچنە زبڵدانی مێژوو.سەردەمانێک عێراقییەکان، خەونیان بەڕووخانی بەعس و سەددامەوە دەبینی.سەرەنجام ئەو خەونە ھاتەدی و چارەنووسی سەدداممان بینی چۆن بوو؟ لە کوێ خۆی حەشاردابوو؟ لەکاتێکدا خۆی بە قارەمان و بەرگریکاری دەروازەی ڕۆژھەڵاتی عەرەب دەزانی. لافی ئەوەی لێدەدا، کە کۆڵان بە کۆڵان، شەڕی دوژمنەکانی دەکات.

یەکێک لە سیفەتە ھاوبەشەکانی دیکتاتۆر و ستەمکارەکان ئەوەیە، کەبەرامبەر گەلەکەیان جەلادێکی گەورەن و کاتێکیش ڕووبەڕووی ھێڕشێکی دەرەو دەبنەوە، ھێندە بودەڵەو ترسنۆک و لاواز و بێ دەسەڵاتن، کە مرۆڤ گومان دەکات لەوەی کە ئەوانە ھەمان ئەو سەرکردانە بن کە ڕۆژگارێک بە ئاگر و ئاسن، گەلەکەیان دەکوشت و مرۆڤییان بەجۆرەھا شێوەی ھۆڤییانە ئازار دەدا.

قەزافی خۆی بە پێشڕەوی گەلانی ئەفریقی دەزانی. گاڵتەی بە سەرۆک و وڵاتان دەکرد. لە نێو باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتووەکان، وتاری دەداو ھەڕەشەی دەکردوو کاغەزی وتارەکانی دەدڕی و فڕێدەدا، کەچی بینیمان لە تونێڵێکی ئاووئاوەڕۆ، وەک جورج خۆی حەشاردابوو. کاتێ دەستگیرکرا، مێردمنداڵانی لیبیا گاڵتەیان پێدەکرد. ئەگەرچی بۆ مێژوو بە ویژدانەوە دەبێ دان بەو ڕاستییە دابنێین، کە قەزافی وەک سەددام نەبوو. ئەو تەنھا لە ڕووی سیاسییەوە نەیارانی دەکوشت و دژ بە بیروباوەڕیان دەوەستایەوە. بەڵام لە ڕووی کارگێڕی ئابوورییەوە، خزمەتێکی زۆری لیبییەکانی کرد لە ھەموو ڕووێکەوە.بەدرێژایی ھەزاروچوارسەد کیلۆمەتر، ئاوی لە دەریای ناوەڕاست بۆ بیابانە وشک وگەرمەکانی دوورترین ناوچەی باشووری لیبیا ھێنابوو. بۆ ئەوەی لە ڕووی کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری، ھاووڵاتییان سوودی لێ ببینن.تاڕادەیەکی زۆری گرفتی بێ کاری و نەبوونی شوێنی نیشتە جێبوونی چارە سەرکردبوو. بەڵام ئەوەی لەوانە ھەمووی بەھادارترە ئازادییە. مرۆڤ با ھەمووشتێکیشی ھەبێت، کە ئازاد نەبوو بایەخی چییە. قەزافی،کە بۆ ماوەی چل و دووساڵ(١-٩-١٩٦٩ تاکو ٢٠-١٠-٢٠١١)، فەرمانڕەوایی لیبیای کرد، خەسڵەتی کەسیەتی و کۆمەڵایەتییانەی سەیری ھەبوو. بۆنموونە: ئەو جل و بەرگانەی لە بەری دەکرد، ھەمووی بەنەخشەی کیشوەری ئەفریقیا نەخشێنرابوون. پاسەوانەکانی ھەموویان ژن بوون. بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتی ڕازی نەبوو پێی بوترێت سەرۆک بەڵکو ھەمو گەلی لیبی و دامودەزگاکانی وڵات، بە دەستەواژەی (برای سەرکردەی شۆڕش بانگییان دەکرد). ئەو لەپایتەختی لیبیا لە ژێر چادرێک دەمایەوەو دیدارەکانی ڕێکدەخست. سەیر لەودابوو بۆ ھەروڵاتێک سەفەری بکردایە، دەبوو ئەو چادرەی پێ بوایە بۆ دانیشتن. ئەمانەو زۆر خاسیەتی دیکەی سەیری ھەبوون. بەداخەوە دوای قەزافی بارودۆخی لیبیا نەک ھەر نەگۆڕا، بگرە ئێستا وێرانەیەک و گە ڕەلاوژێیەک لەو وڵاتە ھەیە، کەس بە کەس نییە.

رۆِمانی (دواھەمین شەوی سەرۆک) کە لەنووسینی نووسەری جەزائیری(یاسەمین خەزرایە) باسی شۆڕشەکەی لیبیاو دوا ساتەکانی تەمەنی قەزافی دەکات.

کاتێ ھاووڵاتییانی لیبیا دەستییان بەڕاپەڕین کرد. ئەم ڕۆمانە کەلە دەمی کەسی یەکەمی تاکەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە پاڵەوانەکەی ھەرخودی قەزافی خۆیەتی.ئەو کاتانەی لە گەڵ بەشێک لە کەسە نزیکەکانی کە پێشترلە گەڵی لەدەسەڵات بوون، لە قوتابخانەیەک، لە ترسی شۆڕشگێڕەکان و بۆردوومانەکانی ھاوپەیمانان خۆیان حەشارداوە. تەنانەت نووسەری ڕۆمانەکە ناوی ھەمان ئەو کەسانەی لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەی ناوە، کە بە شێک بوون لە دارودەستەی قەزافی. وەک: (ئەبوبەکر یونس جابر، کە وەزیری بەرگری بوو،موعتەسم و مەنسوور کە کوڕەکانی خۆی بوون، ھەروەھا ژنە پاسەوانەکانیش، موقەدەم تورید) و گەلێک کارەکتەری تر.

قەزافی کە پێشتر ئەو ھەموو دەسەڵاتەی ھەبووە، ئیدی ئێستا سەرۆکێکە لە ھەموو کەسەکانی دەوروبەری بەگومانە. ئەو خەیاڵ دەکات و دەگەڕێتەوە ئەو ساتانەی مولازمی یەکەم بووەو دواتریش کودەتایەکی سەربازی لە دژی شا ئیدریس سەنووسی بەرپا دەکات و دەبێتە سەرکردەی شۆڕشی لیبیا. قەزافی لە ڕێی تەکنیکی فلاشباکەوە ئەو ساتانە دێنێتە بەرچاوی خۆی، کە تیایدا سەرکردەی لیبییەکان بووەوبە دیدی خۆی ھەمیشە لە نێو دڵ ودەروونی لیبییەکان دابووە. بۆیە ناتوانێ باوەر بەوە بھێنێ کە ئێستا لە چ باردۆخێک دایە.چۆن لە ترس یاخی بووان خۆی حەشارداوە. ڕەنگە ئەو گەڕانەوەییەی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بۆ ڕابردوو، ھەوڵێک بێت بۆ لەیادکردنی ئێستا.ئێستایەک کە وێنەیەکی دیکەی جیاواز لە ڕابردووی ھەیە. بەدەربڕینێکی تر، قەزافی بۆیە دەگەِرێتەوە ڕابردوو، تا ئەو واقیعە لە یاد بکات کە ئێستا تیایدا دەژیت. ئەو چونکە بۆ ماوەی چل و دوو ساڵ بەبەردەوامی لە ڕوانگەی خۆی برای سەرکردەی شۆڕش بوو، چۆن دەبێ ئێستابە ترسێکی زۆرەوە لە ژیانی خۆی لە قوتابخانەیەک خۆی حەشاربدات.

قەزافی دەڵێت: ( لیبیا بە بێ من نەگبەتیەکی بێ ناو و ئاییندەییە). دیکتاتۆرەکان چونکەنیشتمان و گەلەکەیان بچووک دەکەنەوە لە کەسیەتی خۆیان، ئیدی واھەست دەکەن، بەنەمانی ئەوان نیشتمانیش نامێنێت، چارەنووسی گەلیش نادیار دەبێت. بۆیە بەردەوام ھەوڵدەدەن، ئەودیگایە لە مێشکی ھاووڵاتییانی وڵاتەکەیان بچەسپێنن. ترسێک دروست دەکەن، کەھەر کاتێ ئەوان نەمان نیشتمانیش نامێنێ. لە کاتێکدا بەھۆی ئەوانەوە ساڵانێکی زۆرە شکۆی نیشتمان نەماوە. لەو ڕوانگەیەوە یەکێ لە نزیکەکانی قەزافی دەڵێت:( ھەرچەند دەکەم ناتوانم لیبیایەک بھێنمە بەرچاوی خۆم تۆی تێیدا سەرۆک نەبیت) یاخود دەڵێت:(من لە ژیانی سیاسیم ھەرچیم کردووە بۆ تۆ بوو نەک بۆ نیشتمان) ئەو شوناسە بۆ تاک، بە شێکی گەورەی شوناسی مرۆڤەکانە لە وڵاتە ستەمکارەکاندا. شوناسێک کەھەمیشە خۆی بە بچووک و زەلیل دەبینێت لە بەرامبەر دەسەڵات و ھەیمەنەی سەرۆکدا. ئەوەش دەرەنجامی ھەموو ئەوترس و سامەیە، کە لە دڵ و دەروونی تاکەکان، لەکاردانەوەی ستەمکردنیان دروست دەبێت. ترس لە جەلادو ستەمکاریش کۆتایی نایەت ئەگەر وەک (جوبران خەلیل ) لە کتێبی (پەیامبەر)دا دەڵێت: (سەرەتا دەبێ ترسی ناخمان بشکێنین، یاخود گەر بمانەوێ تەختی سەرۆکێکی ستەمکار بڕووخێنین، دەبێ سەرەتا دیوارەکانی ناخمان بڕوخێنین). پاوڵۆ فرێریش لەپەرتووکی( پێداگۆگی ستەملێکراوان)دەڵێت: ( تراژیدیترین دۆخی ستەمکاری ئەوەیە، کە ستەملێکراوان لە ستەمکاریەکەیان ڕادێن و خەیاڵی ئەوە دەکەن ئەوان ھەر لە ئەزەلەوە بەو شێوەیە ژیاون).ئیدی کە مرۆڤ لەگەڵ جەلادەکەی ڕاھات، ئەوا دەبێتە قوربانییەکی ھەمیشەیی. کە ئەمەش دوا ترۆپکی دۆخی ستەمکارییە. بەڵام دەبێ ئەوەبزانین سەرەنجام ستەمکارەکان لە ناو دەچن.

یەکێکی دیکە لە خەسڵەتی ستەمکار نەرجسیەتە. واتە خۆخۆشویستن وخودگەرایی تا ڕادەی خوایی بوون. ئەوان واھەست دەکەن، ھێزێکی نادیار و ئەزەلی بۆ ھەتایە، ئەو دەسەڵاتەی پێداون. یاخوود بوونی ئەوان نیعمەتێکی خودایە بۆ گەلەکەیان. بۆیە ھەندێ کات خودگەراییان دەگاتە ئاستێک کەخۆیان لە سەرووی مرۆڤەکان دەبیننەوە. قەزافی لەو ڕۆمانەدا دەڵێ: (من موسابووم لە شاخەکان ھاتمە خوارەوە بەڵام لە بڕی لەوحی شەریعەتەکان،کتێبی سەوزم پێ بوو!) یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی پەیامبەرانی پێ دەناسرێنەوە لە ڕوانگەی بڕوادارانەوە، پەرچووە کە جیایان دەکاتەوە لە مرۆڤی ئاسایی. قەزافیش خۆی بە موسا دەچوێنێت و ڕەنگە گەلەکەشی بەشوێن کەوتووانی فیرعەون زانیبێت. بەڵام قەزافی نەیتوانی وەک موسا فیرعەونەکان لەناوبەرێت. بەڵکو ئەو کۆمارەی بە خەیاڵی خۆی بۆ گەلەکەی دامەزراندبوو، ھەروەھا دوای ھەموو ئەو دەسکەوتانە بە تێگەیشتنی خۆی،ئێستا چی دەبینێت؟ خیانەتی گەلەکەی. ھەڵگەڕانەوەی نزیکەکانی. بێگومان قەزافی ئەوکاتەی ڕێبەری لیبیاش بوو، بەردەوام خۆی وەک رزگارکەری ئەفریقییەکان و عەرەب دەبینی. ئەمە تێگەیشتنی بە شێکی زۆری سەرکردە و دیکتاتۆرەکانی عەرەب بوو. کاتێکیش کەوتنە بەر ڕق وتووڕەیی گەلەکەیان، ئیدی لە پەنھاترین و قێزەوەنترین شوێن خۆیان حەشاردەدەا. ھەموومان بینیمان سەددام و قەزافی لە کوێ دۆزرانەوە.ئەو ڕۆمانە کە پاڵەوانەکەی ھەرخودی قەزافی خۆیەتی،دوایین ساتەکانی ژیانی قەزافی باسدەکات کاتێ لەترسی یاخی بووان خۆی حەشارداوە. تاکو دواتر لەوشوێنە دەردەچن و لە کۆتاییشدا لەتونێڵێکی تاریک و لاچەپ دەیدۆزنەوەو سەرەنجام بە شێوەیەکی زۆر کۆمیدیانە دەیکوژن.

بە بڕوای من پەیامی ئەو ڕۆمانە ھەرتەنھا بۆ خوێنەر نییە، بەڵکو بۆ ھەموو ئەوسەرۆکە ستەمکارانەیەکە ھەرگیزکورسی فەرمانرەوایی جێ ناھێڵن و گەلەکەیان دەچەوسێننەوە. کاتێکیش ڕووبەڕووی دوژمنێکی دەرەکی دەبنەوە، ھێندە ترسنۆک وبودەڵەن،شوێن نامێنێ خۆیانی لێ حەشار نەدەن. لە کۆتاییدا دەمەوێ پەیڤێک لە بارەی وەرگێڕانی کتێبەکەوەبڵێم. ئەوکتێبە بەزمانێکی کوردییانەی یەکجار ڕەوان و پاراو وەرگێڕدراوە.وەڕگێڕانێک کەیارمەتی خوێنەردەدات بێ گرێ و گۆڵ لەناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بگات. دیارە ئەمەش بەھۆی وەرگێڕی کتێبەکەیە کە یەکێکە لە وەرگێڕە بەتوانا و لێھاتووەکانی دنیای وەرگێڕانی ئێمە و تائێستاچەندین کتێبی بۆزمانی کوردی وەرگێڕاون.
__________________________
* دواھەمین شەوی سەرۆک/ نووسینی یاسەمینە خەزرا/ وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی/ بڵاوکراوەی ئەندێشە ٢٠١٧.
* لە میانەی خوێنەوەی پێشەکی ڕۆمانەکە، ھەستم بەوەکرد کە ساڵی لەدایکبوونی نووسەرەکە کە ١٩٩٥نووسراوە، ھەڵەبێت. چونکە لەگەڵ بەروارەکانی دیکە یەک ناگرێتەوە..
 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک