په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠٠٩

خوێندنەوە جۆرێکە لە نووسین.


رابەر فاریق  

(١)


نووسەران هەموویان دەنووسن. دەشێ ئەم ڕستەیە دەروازەیەکی باش بێ، بۆ چوونە نێو باسێ، کە ڕەهەندگەلی بێ شوماری لێ دەبێتەوە و کۆمەڵێک باسی جویەز، ڕەنگە دژ بە یەکیش لە خۆ بگرێ. نووسین ئاسانە، بەڵام ئەو پاڵنەر و کۆمەک و بیر کردنەوە، یان هەر شتێکی دیکەی کە هەیە، ئاسان نییە دۆزینەوەی. من دەنووسم، بەڵام دەبێ ئاگادار بم چی دەنووسم، چونکە نووسین مومارەسەکردنی شتێکی لاوەکی و ساکار نییە، بەڵکوو شۆڕبوونەوەیە بە نێو ڕەهەندەکانی بەرپرسیاری، ئاوڕدانەوەیە لە گەلێک شتی جێماو و دەست لێ نەدراو و کەبتکراو، پرۆسەیەکە تێکەڵ بە ئاگایی و نائاگایی، چونکە نووسەر لە سەروەختی نووسیندا، هەم بیر دەکاتەوە و قووڵ دەبێتەوە لەو شتانەی خەریکیانە، هەم لە دنیا و دەوروبەر و ئەو شوێنەی لێیەوە دانیشتووە، ئەو ژوورەی لێیەتی، ئەو قاڵییەی پێ و ڕانەکانی پاراستووە لە گەرما و شێ و کەش و هەوای سارد، دادەبڕێ. نووسین ئەگەر دەرهاوێشتەی خەمێکی ڕەسەن و خودی و دەست لێ نەدانی پەراوێکراوەکان و نزیکتربوونەوە لە بوونی تاکەکەس و قسە لەسەر کردنی نەبێ، مومکین نییە وەک نووسین تەماشای بکەین، تەنانەت خۆیشی وەکوو نووسین خۆی مانیفێست ناکا، بەڵکوو دەشێ وەک پێکەوەلکاندنی وشەگەلی نائاشنا بە یەکتر و بێزارکار بخوێندرێتەوە، ئەمەش دوورکەوتنەوەیە لە بەرپرسیاری و قووڵ ڕۆچوونە نێو لایەنەکانی بێ خەبەرییەکی گەورەیە بەرانبەر بەم پرۆسەیە. ئێمە نووسەرگەلێکمان هەن شتە سادەکان بە شێوەی ناتەواو ئاڵۆز دەکەن و ڕێگە لە خوێنەر دەگۆڕن، بە مەبەستی بەرەو بەرزایی بردن، بەڵام ئەنجامەکانیان بێ ویستی ئەوان، بێ ویستی خوێنەری وشیار و دەروێشیشیان، پێچەوانە دەبێتەوە. نووسەرگەلێکمان هەن ناتوانین لە دوای خوێندنەوەی هەر دەق، کتێبێکیان، چێژ وەربگرین و لە گۆڕینی ڕەهەندێکی تری هزرمان نزیکتر بکەوینەوە و گۆمی مەنگی ڕوانینەکانمان بشڵەقێنین، هەروەتر وردترمان بکەنەوە لە شتە بچووک و پەراوێز کراوەکان و چیدی لێ نەگەڕێن مەشکە بە بێ لێ خوڕین ئەرێ لێ خوڕین بهەژێت (بە لەنجە گیان بە لەنجە!). ئەوانە دەگمەنن کە بەرپرسیارێتیی نووسینیان هەڵگرتووە. بەشی زۆری نووسەرانی کورد، تەنیا لەبەر ئەوە دەنووسن، تا لە کاروانێک دانەبڕێن، کە لێوان لێوە لە وێرانی، چونکە هەمیشە ئەوانەی لە پاڵ کاروانەکانەوە ڕێ دەکەن، یان ئەوانەی لە گەڵیانن، تەنیا بیر لە شتێک نەکەنەوە، جوایەزییە، هەر وەختێکیش نووسەر تووشی ئەم پەتایە هات و ویستی جوایەزیی لە کن کاڵبووەوە، ویستی بیرکردنەوە و ویستی ئازادیش لە کنی دا، کاڵ دەبنەوە. نووسەرگەلێکی ترمان هەن، بۆیە دەنووسن، چونکە لە نێوەندە وەهمییەکەدا شوێنێکیان هێندەی قولانجی (ڕەهەند)ی کوڕم لە لایەن خوێنەری خودئاگاوە نا، بەڵکوو لە لایەن هاوڕێیان و پێڕچییان و خۆیانەوە بۆ داگیر کردراوە، ئەم تەرزە وەکوو ئەوانی دیکە نین، بەڵکوو لەوانەن کە ڕەگی "نووسەر!"ێتییان قووڵتر بە زەوییدا ڕۆبردووە، چونکە "ناو = ئاو!"ن، ناوەکانیش لە هەر شتێک داببڕێن، لە خۆنواندن و سنگ دەرپەڕاندن و خۆ گیڤکردنەوە و ملپێوەنان و زارکردنەوەی هەمیشەیی، بە نا شێوەیەکی ئیدیۆلی و کۆکردنەوەی کۆمەڵێک ڕەشەخوێنەری وابەستەبوو بە شڵپ و هۆڕ ی لە گونەوە بە ڕەمز، یان ڕەهەندێک و خودی نووسەر، نەک نووسینەکانی، وابەستەی هیچی دیکە نین، ئەڤە بۆیە لە سەروەختی گوتوبێژ، وەرامدانەوەی پرسیاری بێ ئیشەکان، نووسین، یان هەر شتێکی تر، پێش هەر شتێکی نا شت، بڕیاریان داوە وەعز بدەن، وەکوو پیاوە ئایینییەکان، بەڵام بە شێوەیەکی جوایەز، هەڵبەتە عەنتیکانەش، نەک مۆزەخانەش.


پیاوە ئایینییەکان بە دەنگی بەرز و هوتافکێشان، ژنە جوانەکانی گوندانی کوردەواریش بە کاکێشان لە دەغڵدا، لە هەوڵی دەستەمۆکردنی مرۆڤ و بە تایبەتیش پیاودان پیاوانی نووسەریش بە پێچەوانەوە، چەورە!، بەڵام هەرچی نووسەرانن، جووڵاندنەوەی دەست لە سەروەختی قسەکردندا، نووسینی وشەی قەبە لە سەروەختی نووسیندا، باسکردنی ئەو کەسانەی لە بارەیانەوە نەک لە بارەی نووسینەکانیانەوە نووسیویانە، لاواندنەوەی ڕابردوو و پیرۆزاندنی، ستاییشکردنی ئەو گەنجانەی ترووسکاییی گەورەیان تێدا بەدی دەکرێ؛ لەو شتە لاوەکییانە بترازێت، توانای شتێکی ئەوتۆیان نییە، تا ئێمە پەلکێش بکەن بۆ لە هەمبەر وەستانی. جۆرێک لە نووسەرانی دیکەی نوخبەمان هەن، لە دوورەوە تەماشای هەر دیاردەیەک دەکەن، تەماشای هەر گرووپێک دەکەن و سەرچاوەکانی نووسینیان بەڵگەنەویستتر دەبێت، ئەو جۆرانە خەمی هەرە گەورەیان دەلالەتکردنە لە ئینسانێک، کە لە نێو دەروونیاندا هەمیشە گینگڵ دەدات، داناسەکنێت و کۆی کۆمەڵگەکەی خۆی و دەوروبەریشی لە نێو خەمە وجودییەکانیدا قووت کردووەتەوە و بە شێوەگەلی ئاکتیڤ و بیر لێک کراوەیی، بیر دەکاتەوە و دەزانێ خەریکی خەمهەڵگرتنی چ شتێکەن لە کاولستاندا، هاوکاتیش بۆ چی، تەنیا ترووسکاییەکیش لەم نێوەند و دۆخە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەی ئێستەدا بەدی بکرێت، ئەوانەن، بۆیە پێم وایە، هەر کاتێک ئەوان بە دەنگ هاتن، جووڵانەوە لە گەلێک ڕەهەندەوە ڕێگەکانیمان بۆ وازی دەکات، کە بەم ڕەهەندە/ ڕەهەندانەش ئاشنا بووین، لە هەوڵی بیر کردنەوە و قووڵبوونەوە لە شتەکان و ئەفراندن و جوایەزیی نزیک دەبینەوە و فەزاگەلێک دەبنەوە، بۆ ئەوەی تاکەکەس وەک کەسی خودئاگا و جودا لە مێگەل و کەڵەگاکان، خەریکی پرۆسەی بە گۆهێنانی زمانێک بێت، کە بە ویستی دەستکردەوە گەمارۆ نەدراوە.


(٢)


دیسانیش، ئێمە هەموومان دەنووسین، دەنووسین و چونکە نووسینەکانمان خەمی فەرهەنگی و فیکری لە پشتیانەوە نین، بۆ خۆشمان توانامان نییە چەند جار بیانخوێنینەوە. زیندووێتیی نووسین لە خوێندنەوەیدایە. نووسین هەر چەندە باش بێت، کە نەخوێندرایەوە، پووڵێک ناهێنێت، یانژی ناژێت. ئەمەش ڕێک وەکوو پێوەندیی نێوان مرۆڤەکانە، واتا ئەگەر بێتوو تۆ لەگەڵ هاوڕێیەکت، یان هەر کەسێکی تردا، نەپەیڤیت و لە بارەی خەیاڵ و فیکرەکانتەوە ڕوانینی وەرنەگریت و ڕوانینەکانی خۆت مانیفێست نەکەیت، جووڵەکانی نووسراوەکەت لە جووڵەکردن دەکەون. نووسین کاتێ دەخوێندرێتەوە، کە لە نێو خوێنەردا دەست بە زاوزێکردن دەکا و لقی تری لێ دەبێتەوە و چێژی پتر دەبێ، تەنانەت ئەو کونجانەش کە تاریکن و لە دەروونمانەوە فەزایان بردووە، یا لە هەر شوێن و کوخ و جێگەیەکی ترەوەن، بە ڕووناکی دادەپۆشرێن، ئیدی لە وەها ساتەوەختێکیشدا، بە بێ خواستی خوێنەر و دەق، دەق، وزەکانی بە نێو یادگەی خوێنەردا پەخش دەکا و تۆوی خۆی دەوەشێنێ. ساتەوەختی خوێندنەوە، جگە لەوەی ساتەوەختێکە چێژی لێ بەرهەم دێ، دەقیش دەوڵەمەندتر دەکا. دەق بۆ خۆی و لە دەرەوەی تۆدا هەژارە، هەژاری بەو مانایەی هێشتا پێوەندیی لەگەڵ هیچ شت و کەسێکەدا نەگرتووە و لە چاوەڕوانیدایە، هەر کاتێک تۆ <ئێمە> توانیمان ڕایەڵ لە نێوانماندا دروست کەین و گورز لەو ڕایەڵە نەخۆشە بدەین، ئیدی دەبین بە هۆکاری گەشەکردنی ئەو تۆوەی لە نێو نووسینەکەدا چێنراوە، لە دواجاریشدا بەرهەمی ئەو خوێندنەوەیە کە چێژە، بۆ ئێمە <خوێنەر> دەبێ، وزەی پتر نووسینیش بۆ نووسەر، کە نووسەری ئەفرێنەر هەر هێندەی لە خوێنەر گەرەکە و پتر "کوو مرحبا!؟".


(٣)


لە نێو کوردان و لە ئێستەدا، نووسەرانی وەهامان هەن، کە توانیویانە و دەتوانن لە ڕێگەی بەرهەم هێنراو و بەرهەم هێنانی ئێستێتیکا، تێکەڵکردنی حەیاڵ و واقیع، گواستنەوەی سەرگوزشتە و حیکایەتی ڕاستیی، سەرنجکێشمان بکەن، بەڵام ئێمە خوێنەرمان نییە. خوێنەر کێیە؟ هەڵبەتە ئەوە دەزانین کە هێشتا خوێندنەوە نەبووەتە کولتوور و لایەنە پێوەندیدارەکان، بە تایبەتیش نووسەران (کە لایەن نین و نابێت وەها بن و وەهان!) هێشتا لە شیرین خەو دان، گلەییش لەوە دەکەن: خوێنەر نییە، لە وەختێکدا کە خۆیان خوێنەر نین؛ تۆ کە خۆت پێت وابێ دەخوێنیتەوە و دەشنووسی، ناکرێ ئاگاداری چەند کتێکێک نەبیت، کە ساڵانە لە کوردستان بڵاو دەبنەوە. کێشەی خوێنەر لە نێو کورداندا، پێش هەر شتێک لە دەروونی نووسەرانەوە دەستپێ دەکا، بەوەی کە هەردەم خۆیان ئاگاداری بە لانی کەمەوە هاوئەزموون و نەوەکانی دوای خۆیان نین، ئەوجا بە قودرەتی قادر نا، قەلەندەر گەزافانیش لێ دەدەن. هەر وەختێک ئەم کێشەیە چارەسەر کرا، دەتوانین ڕەهەندێکی تر بێنینە بەر باسانەوە، یانژی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەوە. لەوەش گەڕێ کە ساڵانە قوتابیگەل زانکۆ و پەیمانگەکان تەواو دەکەن و هێشتا چەند کتێبێکیان لەو بوارەی خوێندوویانە و دەبێت شارەزایییان لە بارەیەوە هەبێت نەخوێندووەتەوە و دواتریش هەندێکیان دەبنە مامۆستا و دەیانەوێ نەوەی دوای خۆیان گۆش کەن تڕحێو! بە هەمان نەخۆشی، کە جگە لە نەخۆشی، ئەو هەمی "مەلا عوزێر"انە پێکڤە کۆمیدتراژیدی، کە چەمکێکی عەنتیکەیە لە کنیان، بەرەو لێرەوار لێ دەخوڕن! دەستتان خۆش "منداڵەکان" دوایین وشە بە قەولی وەرگەڕێندراوی عەبدوڵڵا پەشێوەی نەتەوەی کوردی لەشکر بەزێن!
 


rabarfariq@yahoo.com