٢٥\٥\٢٠١٦
خوێندەوەیەکی جیاواز بۆ رێکەوتنەکەی
یەکێتی
و گۆڕان!
عەبدوڵا ساڵح
شک لەوەدا نیە کە ئەم ڕێکەوتنەی نێوان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و
بزوتنەوەی گۆڕان کارکردی خۆی دەبێ لەسەر بارو دۆخی سیاسی کوردستان
بەگشتی و ھەموو لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتی ، وە بۆ ھەر لایەنێک
پەیامێکی جیاوازی
پێیە.
سەرەتا، لە پێش ھەمووانەوە پەیامەکە بۆ پارتیە و دەڵێ:
ئەو دڵە ڕاوکێیەو ئەوترسەی تۆ لەم ڕێکەوتنە ھەتە دروست لە جێی خۆیدایە
چونکە لە ئەلفیەوە تاکو یای پڕۆژەیەکە بۆ بەرگری لە تاک ڕەوی ، حوکمی
موتڵەق ، لەحەواوە سەیری ئەوانی ترکردن،قۆرخکرندی دەسەڵات وەبەیەک ووشە
لە پڕۆسەی بەدیکتاتۆرکردنی دەسەڵاتەکەت لەکوردستان کە دەستت داوەتێ ،
دەبێ بزانی " بە سعودی کردنی " ئەم وڵاتە ھەروا ئاسان نی یە !تۆ ، وەک
بەرپرسانت باس دەکەن، پشتت بەسعودیەو تورکیا قایمە ، ئەو دوو وڵاتەی لە
گێژاوی قەیراندا دەتلێنەوە ، سعودیە قاچێکی کەوتۆتە زەلکاوی یەمەن و
ئەوی تری لە قەیرانی ئابوری دا ، ڕاست و چەپ سەمادەکا و تەنانەت دۆستە
کۆن و بەھێزەکەشی کە ئەمریکایە خەریکە بە تاوانی دەورو نەخشی
ئەمیرەکانی سعودیە لە پەلامارەکانی ١١ ئەیلول دا داوای قەرەبووی
قوربانیانی ئەو تاوانەی لێدەکا ! تورکیاش خراپتر، جگە لە کێشە قوڵ و
ناوخۆیی و دەرەکیاکانی، قەیران تەنانەت چۆتە ناو حیزبە
دەسەڵاتدارەکەشیەوە ، ئەمە لە لایەک لەلایەکی دیکەوە تۆ لەگەڵ بەغدا
پەیوەندیت زۆر ئاڵوزە ، دەمێک ڕیفراندۆم ، دەمێک گەڕانەوە بۆ بەغدا ،
دەمێک داوای بودجەو پارە . تاکە ھێزیک کە پشتت پێی قایمە ئەو
یەکدەنگیە، یا دروستر بیلێین ئەو بێدەنگیەی ناو حیزبەکتە ، ئەویش وەک
بەرپرسانی خۆت باس دەکەن بەھۆی ئەوەی ھێزی چەکدارو گوێ لەمستت لەبەر
دەستەو موئەسەسەی بارزانی ڕابەرایەتی حیزب و ھێزەچەکدارەکەت دەکا ،
لەنێو ئەم موئەسەسەیەش دا چەند کەسێک کە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن
لەناو ئەوانیشدا شەخسی سەرۆکی حیزب کە ھەموو بڕیارەکان لەوەوە دەست
پێدەکات و لای ئەویش کۆتایی دێ . دەبێ بزانی کەئەم بەستەڵەکی بێدەنگیە
حەتمەن کۆتایی دێ ،کەواتە نابێ لێت بگرین و بپرسین بۆ توشی ھیستریا بووی؟
پەیامی دووەم بۆ
یەکێتی:
ئێوەش ، جگە لەباری ئاڵوزی ناوخۆیی حیزبەکەتان ، لانی کەم لە ٢٠٠٣ وە
تاکو ٢٠١٣ ، وەلەسایەی ڕێکەوتنی ئیستراتیجیتان لەگەل پارتی، بە دزی و
بەئاشکرا، سەروەت و سامانی کوردستانتان تەخشان و پەخشان کرد ، مشتێک
سەرمایەدار و مشەخۆر لە ژێر باڵی مەسئولەکانی ھەردوو لاتان ھەڵتۆقین ،
وەک تەونی جاڵجاڵوکە لەسەر و لەژێر پەیوەندی و بەرژەوەندیتان لەگەڵ
پارتی تێکەڵاو کرد کە ئێستا دەربازبوون لەو تەونە وا ئاسان نیە ،
قاچێکتان لای پارتی و ئەوی ترتان لای گۆڕان ، ئاخۆ وئەم تەوازونە چۆن
ڕادەگرن؟
پەیامی سێیەم بۆ گۆڕان:
ئێوە لەسەرەتاوە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بوون و بە شیعاری
دەیگۆڕین و مودێلی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە ڕێگای پەرلەمانەوە
دەکەینە سونەت ، چونە پەرلەمان ، ئۆپۆزۆسێۆنێکی پڕسەروسەداتان دروستکرد
بەڵام بەرھەمی نەبوو لەبەرامبەر دووزلھێزەکەدا چونکە ئەوان ھەموو دام و
دەزگاکانی دەولەت بەپەرلەمانیشەوە بە ئامرازێک ھەژماردەکەن کە لە پێناو
بردنە پێشی دەسەڵات و نفوزی خۆیان دابێ دەنا توڕی دەدەن . دواتر ئێوە
چوونە نێو حکومەتی بنکە فراوان لەوێش ھیچتان بۆ نەکرا وەدەرنران !
ئێستا تاکە ھەلێکی سیاسی کەلەبەردەمتانە ئەم ڕێکەوتنەیە، ئەگەر فەشەل
بێنێ ئەوا مەیدانی سیاسی بۆ ئێوە زۆر تەنگ دەبێتەوە ھۆیەکەشی ڕوونە ،
ئێوە نە ھێزی چەکدارتان ھەیە وە نە پارەو پوول کە بەھۆیانەوە خۆتان دوو
بارە دامەزرێننەوە ، خۆ ئەگەر باس لە بنکەی جەماوەری خۆتان دەکەن ئەوا
بێشک ئەوانیش تەحەمولی ئەم ھەموو شکستە یەک لەدوای یەکەتان ناکەن.
پەیامی چوارەم بۆ ئیسلامیەکان:
مەیدانی سیاسی لەکوردستان ، بەتایبەت لەم بار و دۆخەی دوای ڕێکەوتنی
یەکێتی و گۆڕان بە جۆرێکە کە ھێزی لاواز جێگای تێدا تەنگە و ڕەنگە
قووت بدرێ ، دەبێ ئەوەش بزانن کە خەونی پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی
موتەدەیین لە کوردستان و مڕۆدا جگە لەخەیاڵ ھیچی دیکە نیە،پەیامی ئێوە
لەھەندێک لەوڵاتانی دنیا بەکۆمەڵگا گەیشتوە و تاقی کراوەتەوە!
دوا پەیام بۆ ھێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان:
ئێوەش لانی کەم چارەکە سەدەیەکە لەکوردستان ، بەجۆرێک لە جۆرەکان ،
خەباتی سیاسی دەکەن ، بنەمای بابەتی ئەم خەباتە لەسەر دابەش بوونی
کۆمەڵگا بە دوو قوتبی بۆرجوازی لەلایەک و کرێکار و زەحمەتکێش و
بەشمەینەتانی کۆمەڵگا لەلایەکیتر دامەزراوە، ئەمە خۆی بنەمایەکی واقعی
و مەوجودە ، بەڵام لەڕوی سیاسیەوە، تاکو ئێستا ، سیاسەتەکانتان لە
ھەنگاوێک بۆ پێشەوەو ھەنگاوێک بۆ دواوە تێپەڕی نەکردوە !بەتەنیا وەستان
لەپەراوێزی کۆمەڵگادا و شیکردنەوەو ڕەخنەگرتن کافی نیە بۆ بەرەو پێش
چوونی سیاسەتەکانتان . بێشک دەبی ھەلوو مەرجی دوای ئەم ڕێکەوتنە لەبەر
چاو بگرن و بە جدی وەری بگرن دەنا دەستبردن بۆ گرتنەدەستی قودرەتی
سیاسی تەنیا بەشیعار مسۆگەر نابێ.
٢٠\٥\٢٠١٦
a_salih11@hotmail.com
|