١٣\٥\٢٠١١
خوێنەر وەک بەشێکى
پرۆسەى نووسین.
غهمگین بۆڵی
ڕەخنەیى وێژەیى ئیشکردنى زمانە لە پایە پڕ ڕەهەندەکانى زمانەوە ، قسەیە
لەبارەى قسەوە ، بەمانایەکى ڕوونتر ، ڕەخنەى وێژەیى نووسینە لەبارەى
نووسینى کەسێکى ترەوە ،وەلێ بەرلەوەى ڕەخنە هەرشتێک بێت ، دواجار هەر
ڕەخنەیە ،دەلوێت ڕەخنەش هاوبەند بێت بەهەڵوێستەکانى مرۆڤبوونەوە ،
نووسینى ئەدەبى بە تەواوى ڕێگاکانیەوە لەهەڵوێستەکانى مرۆڤبوونەوە
هەنگاو هەڵدێنێت ، دەشێت ڕەخنەگر لە دەرئەنجامە گشتگیرییەکانى
خوێندنەوەى قووڵ و چڕ وپڕ دروست ببێت ، وەلێ نالوێت هەموو خوێنەرێک
ڕەخنەگر بێت ،ئەوە خوێنەرى جددى و هۆشیارە دەزانێت چۆنچۆنى بە نێو
ئاسمانى فەزاکانى دەقدا سەما بکات ، هەربۆیە خوێنەران هەر زوو هەست
بەوە دەکەن ، کە لەدەبیاتى کوردییدا ڕۆڵگێرانى کەسایەتییەکانى ناو
بەرهەمگەلمان زیاتر لەبازنەى یاخیگەریى و سۆزداریى و نامۆبوونى خود
وچەند چەمکێکى تردا دەخولێنەوە.
خوێنەرى هۆشیار لەبارەى ئەوشتانەوە قسە دەکات ، کە لەبەرهەمەکەدا
تیشکییان خراوەتە سەر ، وەک چۆن ڕەخنە گر لە پرۆسەى ڕەخنە گرتندا
ناتوانێت زێدە گۆیى بکات ، جگە لەوەى لە کرۆکى دەقەکەدا بوونى هەیە ،
مەگەر دەقەکە لە فەزاکانیدا خۆى لێ بێدەنگ کردبێت ، هەربۆیە نالوێت
بروا بەوە بهێنین کە شتێک هەبێت بەناوى ڕەخنەیى زانستییەوە ، تەنانەت
ناشێت شتێک هەبێت بەناوى >>ڕەخنەیى کۆن<< یاخود بەناوى >>ڕەخنەیى نوێ<<
، ڕەخنەیى جوانبین وتەندروست هەمیشە بە وزەى مەعریفەتى خۆى نوێدەکاتەوە
، کە دواجار تەنیا هەر ڕەخنەشە ، >>ڕۆلان بارت<< لەدیدى خۆیەوە بەیانى
ئەوە دەکات >> ڕەخنە زانست نییە ، بەڵکو سەر و کارى لە گەڵ واتاکاندا
هەیە و زانستى واتاکان پێک دێنێت<< ،زانستى ڕەخنە ، یاخود ڕەخنەیى
زانستى شتێک نییە وەک زانستێکى تەندروست لەناوەنەکانى فێرکارییەوە
بدرێتەوە ، ئەوەى کە هەیە تەنیا بیر و باوەڕى گەورە ئەدیبەکانە بۆتە
سەرچاوە ، کە دواجار ڕێبازەکانى ئەدەبیاتیشیان لێ دێتە بوون ، ئاخر
چونکە رێبازەکانیش زادەى بیر و باوەڕن ، جیاوازن ،ئەوەتە >>ئەرستۆ<<
لەبەر ئەوە بە مەزنترین ڕەخنە گرى سەردەمى خۆى دادەنرێت ، چونکە ڕێبازى
ئەرستۆتالیسى هێنایە بوون و ئەم رێبازەى چەسپاندوو سەقامگیریى کرد،
بۆیە پێم وایە سەرکەوتنى قۆناغێک بە سەر قۆناغێکى تر کارێکى سەختە ، لە
دیدگایەشەوە ڕێبازە ئەدەبییەکانیش ئەرکییان زەحمەتتر دەبێت ، ئەگە
ردەقى شیعریى و شاعیربوون وەک نموونە وەربگرین ، ئەوا شاعیرى نوێخواز
لەئەرکێکى زەحمەتدایە بۆ سبەى ، لەڕووى هەڵزنان بە فانتازیاى وشەکان و
ڕۆناندنى بنیاتنانى شیعرییەتدا ، کەوابێت ئەرکى خوێنەرى جددیشمان
هەمیشە لە زەحمەتبوون دایە ، شاعیر کاتێک دەنووسێت ، نازانێت لە کام لە
فەزاکانیدا خوێنەر پڕ چێش دەکات ، شاعیرى جاویدانیبوون و نوێخواز
چاوەڕێى ئەوە ناکات ،کە ئەو پەى پێبردووە ، تەنانەت چاوەڕێى خوێنەرى
وەهاشى نەکردووە ، خوێنەرى جددى و راستەقینە عەشقى راستە قینەى کتێبە ،
ئەم پەیوەندى و حەز لێکردنەش لە دەرئەجامەکاندا جوایەزى خوێنەرەکانیشى
لێ بەرهەم دێت ، کە بێشک ئەم پەیوەندى و حەزلێکردنە بەندە بە چێژى
ناوەوەى دەقە کەوە.
شاعیران و نووسەرانى بەر لە ئەمرۆ لە رووى هەڵوێستە مرۆڤایەتییەکان
وئەرکى شیعرییەت ئەرکییان قورستربووە ، وەلێ ئەمرۆ لەڕووى تەکنیک و
تازەگەرییەوە لە ئەرکێکى قورسدانە ، دەشێت وەهاش سەیرى خوێنەربکرێت ،
کە ئەویش هاوبەندە لە تەواو کردنى ئەم پرۆسەیە ، وەلێ نابێت ئاماژە
بەوە نەکەین کە جۆرێک لە نووسیندا هەیە ، بەتەمو مژ وناروونى دەق و شتى
لەم چەشنە لە ئەدەبیاتى کوردییدا ناوزەند کراوە >>ئێمە بۆئەوەى دوور
نەکەوینەوە ، شیعرمان وەک نموونە وەرگرتبوو، کە شیعریش قسەیە ، قسەیەکى
هونەرى کوتکراوو چۆشدراو ، دەکرا هەر هەمان قسە ، قسەیەکى ڕووت بایە و
هیچ هونەرێکى شیعرییەتى تێدا نەبایە<< ،زۆرێک بۆ داپۆشینى بیناى
شیعرییەتییان ، پەنا بۆ وشەى قەبە و بە تەمو مژکردنى ماناکان و
بەڕەڵایى سێکسى دەبەن ، لێرەدا هەموو خوێنەرێک ناتوانێت بەو ئەرکەى خۆى
هەڵبستێت ، دەشێت هەست بەو جۆرە فێڵ کردنانە بکات ، وەلێ ناشێت ئەمەش
هەموو خوێنەرێک بگرێتەوە ، >>مالارمێ<< هەڵوێستەکانى شاعیربوون و
ئیشکردنى لەپرۆسەى شیعر و کایەکانى نووسیندا وەها ڕاڤە کردووە >> ئەدەب
، کارێکى سیحر بازانەیە << ، ئاخۆ مالارمێ مەبەستى لە سیحر بازانە
ئەوەیە کە شاعیر بەسیحرى فێڵکردن ، خوێنەر بەهەڵە دا ببات و چەواشەى
بکات ، یاخود سیحر لاى مالارمێ ئەو یەڕى جوانى و هەست کردنە بەو پەڕى
خەیاڵ ، ئاخر ناشێت لەم دیدگایەوە خوێنەرى جددى بە دەست بهێنرێت و
بەرهەمێکى ناوازەش بەرهەمبهێنرێت ، ئەو خوێنەرەى کە هەشە جگە لە چەند
دەروێشێکى خەیاڵ بەستوو هیچیتر نییە ، >>پۆل ڤالێرى << بەبێ ئەوەى سەر
لە خوی و خوێنەرى بشێوێنێت و هەر ساتەو لە ژێر سێبەرى شاعیرێکى تردابێت
، توانى شیعریى فەرەنسى بگەیەنێتە ئەو پەڕى ئاسۆ گەشە کانى داهێنان ،
تەنانەت ڤالێرى لەساڵى (1896) دا لە پرۆسەى نووسین دە وەستێت و هیچ
شیعرێک بڵاو ناکاتەوە ، لەپڕ لە ساڵى (1917) دا چامە شیعریى (خوا ژنى
قەدەر) بڵاو دەکاتەوە ، کە چوار ساڵ و نیو خەرێکى نووسینى ئەم چامە
شیعرەیە دەبێت ، شاعیرانى ئێمە دەبێت هەموو ساڵیک بەرهەمێک بخەنە نێو
کتێبخانەى کوردییەوە ، بەبێَ ئەوەى جارێک لە خۆیان بپرسن ، بۆچى ؟>>
پەشێو<< بۆیە تائێستایش بەجوانى خۆیەوە ماوەتەوە ، چونکە بێدەنگى
هەڵبژاردووە و نەیویستووە هەموو ساڵیک خۆى لە دەقە کانیدا دووبارە
بکاتەوە ، >>شێرکۆ بێکەس<< لە دوا دیوانیدا >>هەست و نەست << کە
گریمانەى ئەم ئیشکالیەتەیە ، خوێنەر هەست بەوە دەکات ، کە وێنە و
ڕووداو گەل و پەیوەندى سروشت بەسەر مرۆڤەوە تا چەند خۆیان دووبارە
کردۆتەوە ، تەنانەت لە رووى تەکنیکەوەش ، چەقبەستووى لە فەزاکانیدا ،
هیچ جیاوازییەکى وەها نابینرێت لە گەل هەریەک لە بەرهەمەکانى >> حەفتا
پەنجەرەى گەڕۆک _تۆ ئەتوانى بە قومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین<< ، ئەم
پەتا کوشندەیەى داهێنان بە ئەزموونى زۆرێک لە شاعیراندا بەدى دەکرێت ،
ئاخر ئیشکردن لە سەر فەزاگەلێک و رووداو گەلێک و وێنە گەلێک بە
تەکنیکێکى چەقبەستووى و دووبارە ، دواجار خوێنەرە تایبەتمەندەکانیش
بێزار دەکات ، کە ئەمە تەمبەڵى بیرکردنەوە و قوربانى نەدانى زیاترى
شاعیر و زۆر لە خۆکردن بۆ پرۆسەى نووسین ،کە بەرهەمگەلى هەژارى وەهاى
لێدەکەوێتەوە ، لێرەشەوە خوێنەرى هۆشیار زوو هەست بەو حاڵە تانە دەکات
، خۆ ئەگەر دیوانە شیعریى >> لەتیف هەڵمەت<< یش بخەینە بەر ڕۆشنایى ئەم
بۆ چوونگەلە ، هەست بەوە دەکەین کە لە ئەزموونى شیعرییەتى لە تیف
هەڵمەتدا ، جیا لەوانەى ئاماژەمان بۆى کرد، پەلە کردنیش بە ئەزموونە
شیعرییەکانیەوە دیارە
ماڵپهڕی غهمگین بۆڵی
|