په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٥\٢٠١٣

یاداشتی سیاسی.

هەورامان عەلی    

سلێمانی و نەوشیروان.


دەلێن لە چەند رۆژی رابردودا ، بەشەو ، وەک سالانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوو، پۆستەرێکی زۆر لە نێو شاردا بلاوکراوەتەوە . لە رێگەی ئەو پۆستەرانەوە داواکراوە نەوشیروان لە کۆل سلێمانی بێتەوە و خەلکی ئەوێ ئەویان ناوێت! هەر ئەو خەلکەی کە بریارە ئەویان نەوێت ، بە رۆژی نیوەرۆ زۆرینەی دەنگیان لە هەلبژاردنەکەی چەند سالی رابردودا بەخشیە لیستەکەی ئەو ( لیستی گۆران )، کەچی بریارە هەر ئەو خەلکە بە شەو، بە دزیەوە، وەک سەردەمی بەعس خەباتی ژێر زەمینی دەستپێبکەنەوە دژی نەوشیروان! سەیرە سالی دوهەزار کاتێک یەکێتی لەسەر خواستی ئێران ویستی بە هەر نرخێک بێت "سلێمانی لە کۆمۆنیستەکان پاک کاتەوە" خودی نەوشیروان بە سەرکردایەتی ئەو حزبەی وتبوو ، دەبێت سلێمانی چۆلکەن یان.....، ئەم نەریتی شار بەدەرکردنە، پێشینەیەکی کۆنی هەیە لەم مەملەکەتەی ئێمەدا!!


گەریلا و قەندیل.


بریارە لە چوارچێوەی ئەو شتەی پێی دەلێن پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، گەریلاکان لە قولایی کوردستانی باکورەوە " تورکیا" بکشێنەوە روەو قەندیل! سەرەرایی ئەوەی هەمومان پشتیوانی ئاشتی دەکەین ، بەلام ئەم بەحساب گفتوگۆیە زۆر سەیر و سەمەرەیە ، لە هەموو مێژودا نەبوو گفتوگۆ لە نێوان سەرکردەیەکی دیل و دەست بەسەر و زیندانیدا لە لایەک و دەسەلاتێکی شۆڤێنست و داگیرکەر و خاوەن رابردویەکی خوێناوی بکرێت. زۆر سادەیە گەر ئامانجی ئەم پرۆسەیە ئاشتیە ، ئەوا پێویست ناکات گەریلاکان بێنە دەرێ ، بەلکە دەبێت ئەوانەی دەرەوەش بگەرێنەوە دیاربەرکر و دەرسیم . ئەوەی سوپا و دەسەلاتدارانی تورکیا داوای دەکەن تەسلیم بون و ئاشبەتالە.


بەدرێژایی چەند سالی رابردوو ، هەرکات باسی گەرانەوەی کەرکوک و ناوچە دزراوەکانی تر کرابێت ، تورکیا دەبابەکانی لە سنور نزیک کردوەتەوە و فرۆکەی ناردوەتە سەر قەندیل! بیرمان نەچێت سالانی پەنجاکان کاتێک رادیویی قاهرە لە بەرنامەیەکی چەند خولەکیدا هەوالەکانی مسر و چالاکیەکانی جمال عبدلناێری بە زمانی کوردی بلاودەکردەوە ، تورکیا دەماری لاملی ئاوسابو ،ئەوەی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیی دەزانی ! پرسیار ئەوەیە، گەر سبەی گەریلاکان هاتنەوە قەندیل دەبابەکانی سەر سنور ناگەنە دۆلی شەهیدان؟!


''جبهة النصرة''ە و کەرکوک.


ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت ، لە سەرەتاوە هەچیەک بوبێت ، ئەمرۆ شەری عومەرو عەلیەکانە! شەری دەزگا هەوالگریەکانی تورکیا و ئێران و سعودیە یە،تا یەکێکیان ببێت بە کوێخای خۆرهەلاتی ناوەراست! شەری ساردی نێوان چین و روسیا لەم سەرو ئەوروپا و ئەمەریکا لەو سەرەوە ، ئەمە بەشێکە لەو "فوچى خلاقە" ی کۆندلیزا رایس لە خۆرهەلاتی ناوەراستدا ، شەری جیۆپۆلتیک و ساخکردنەوەی بەرژەوەندی دەولەتە زلهێزەکانی دنیایە . دورو نزیک پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی خەلکی چەوساوەی سوریاوە نیە . ئەو درندایەتیەی لەوێ بە بەرچاوی دنیاوە ئەنجام دەدرێت، نوێنەرایەتی بەرژەوەندی هیچ چین و توێژێکی خەلکی سوریا ، بە عەلەوی و سونی، بە کورد و دورزی و مەسیحیەوە ناکات.


هەفتەی رابردو هێزبەرگری گەل لە ناوچەکوردیەکاندا، لەشەرێکدا لەدژی هێزە ترۆریست و مرۆڤ خۆرەکانی "جبهە النێرە"ە سێ کوردی خەلکی کەرکوکیان بەدیل گرتووە! ئەمانە چەند گەنجێکی سەرلێشیواو بون کە بە فتواو هاندانی مەلاو هێزە ئیسلامیەکانی ئێرە نێردراون ، تا " ولاتی شام لە کوفر پاک بکەنەوە!! " جەخار کە ئێمە ، میللەتێکین وانەیەک لە مێژوی رابردومانەوە فێر نەبوین ، چەندین سەدەیە " سوارەی حەمیدە و فرسان سەلاحەدین ، جاش پاسدارو....هتد " لێمان نابرێت ، بلێت لای ئەو برادەرە ئیسلامیانە ، گێرانەوەی کەرامەتی دزراوی ئێمە لە ئەنفالی کەرکوک و گەرمیاندا هێندە لاوەکیە تا ئەوان لە کەرکوکەوە خەلک بنێرن بۆ داگیرکردنەوە قامیشلۆ و سەریکانی و ببنەوە بە " قاسم ئاغا و فەتاح بەگی جاف" لە ئەنفالی ئەوێشدا؟!


تەقەی خۆشیی.


لەوەتەی تفەنگ داهێنراوە و گەشتوەتە لای ئێمە ، وەک سێبەری خۆمان نوساوە پێمانەوە ، ئێمە ئەم بەلایە بۆ دەربرینی شایی و شیوەن بەکاردێنین، کە مندالمان دەبێت ، کە ژن دێنین، کە خەتەنە سوران دەکەین ، کە خەبات دەکەین و رەبایە دەگرین ، کە لە هەلبژاردنا دەیبەینەوە ، کە بەرشە یان ریال دەیباتەوە ، کە کچەکانمان دلداری دەکەن ، کە شانمان بەر شانی یەکتری دەکەوێت، بێ سێو دو میل دێنینەوە و تەقە دەکەین. ئەوانەی وەک من پیرن چارەکە سەدەیەک لەمەو بەر ، بیریانە ئەو شەوەی لە زنجیرە درامای ژالەدا ، هێمن توانی لە حەوشەی قوتابخانەکەدا جوامێرئاغا بکوژێت ، هێندەی گرتنەوەی فاو، لە کوردستاندا فیشەک تەقێنرا!


دوای چارەکە سەدەیەک دوێنێ هەوال بلاو بویەوە کە تەندروستی بەرێز سەرەک کۆمار بە کوێرایی چاوی دوژمنان، باش بوو . من لە کوردستان نیم ، دەلێن نقلی کوفر کوفر نیە ، بیستومە گەر ئەو فیشەکانەی دوێنێ شەو بەو بۆنەیەوە تەقێنراون ، بۆ گەرانەوەی ناوچە دزراوەکانی کوردستان هەر لە شەنگارەوە تا بەدروە و جەسان بتەقێنرایە ، بێگومان ئێستە گەرابونەوە سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان! یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەندامی کارای سوشیال دیموکراتەکانی دنیایە ، خودی سکرتێرەکەی جێگری سەرۆکی سۆشیالدیموکراتەکانە ، گەر ئەوانەی دوێنی تەقەی خۆشییانکرد و بەو بۆنەیەوە سەیارەیان سوتان! ئەندام و پەروەردەی سیاسی ئەم حزبەبن ئەوا دەبێت سۆشیال دیموکراتەکانی دنیا فاتحا بۆ جێگە و رێگەی خۆیان لە کۆمەلگایی کوردەواریدا بخوێنن!


١٨\٥\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان عه‌لی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک