په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

یەکی ئایار : جەژنێکی پیرۆز و بۆنەیەک بۆپیاچونەوەى بارودۆخی تاڵى ژیانی کرێکاران.


ڕاگەیەندراوی بزوتنەوەى دیموکراسیخوازانی کوردستان.


کرێکارانی ماند و بەش مەینەتی کوردستان
هەژاران و زەحمەتکێشانی قوربانی دەستى ناعەدالەتی و گەندەڵى و ستەمی سیاسی .


ئەم جەژنە پیرۆزە بۆنەیەکی گونجاوە بۆئەوەى سەر لەنوێ هەڵوەستە لەسەر ئەو بارودۆخە تاڵ و نالەبارە بکرێتەوە کە کۆمەڵگاى کوردستانی کردۆتە کۆمەڵگاى ( زۆرینە برسی و کەمینەیەکی زۆر کەم ملیۆنێر) . بەرى ڕەنجی ئێوە و ئەنجامی ماندوبونەکەتانى خستۆتە خزمەتی چینێکی تازە دەوڵەمەندەوە ، کە تادێت بەهێزتر و خێراتر ئەبن لە زیاتر دەوڵەمەندکردنی خۆیان و زیاتر هەژار کردنی کۆمەڵگاکەیش .


کرێکارانی هەمیشە ماندو : لەکاتێکدا قەیرانی بێکارى بەشێکی زۆرى لاوانی گرتۆتەوە ، ئەوانەیشیان کە کارێکی پڕزەحمەتیان دەستکەوتووە بەشی نیوەى کرێ خانویەکیان ناکات ، هەتا دێـت زیاتر بازاڕ و شوێنە گشتیەکان ئەکرێـتە موڵکی تایبەتی کەمینەیەکی خاوەن نفوز ، بەهۆى وشکەساڵى و خراپی و گەندەڵی سیاسەتی ئابورى هەرێمی کوردستانەوە ، کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى ( کەرتی ئابورى سەوز )لەکورستاندا خراپترین بارو دۆخی خۆى ئەژی ، لەشکرى ئەو بێکارانەى لەم دواییانەدا و بەناچارى گوندەکانیان چۆَڵکردوە و لەشارەکاندا بێ کار ئەسوڕێنەوە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ژێرخانی ئابورى کوردستان دروست کردووە . بەگشتى کۆمەڵگاى کوردی بەرەو سەرگەردانیەکی ئابورى و سیاسی ئەبرێت ، بەناوی بازاڕى ئازادەوە کەمینەیەکی (خاوەن نفوزی سیاسی – ئابورى ) بازاڕیان قۆرغکردوەو تەواوی تواناییە ئابوریەکانی وڵاتیان لەچنگی خۆیاندا چڕکردۆتەوە ، کە هیچ گومانی ناوێت ئەنجامی ئەم کێشە ئابوریانە چ کارەساتێکی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەڵگرتووە .


کرێکارانی ماندو و ستەملێکراو ، ئەوسەندیکاى لەکوردستاندا بەناوی ئێوەوە دامەزراوە ، قەت ڕۆژێک لەڕۆژان نوێنەرى خەم و کێشەو ئازارەکانی ئێوە نەبووە ، هەرگیز بەهەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و لەلایەن کرێکارانەوە هەڵنەبژێردراوە ، بەڵکو بەعەقڵیەتی بەرەى کوردستانی ، هەر بەفۆرمە کۆنەکەى خۆیەوە ، هەموو جارێک لەلایەن حیزبەکانەوە دامەزراوەتەوە . بەدرێژایى تەمەنی 17 ساڵەى ئەم سەندیکایش ڕۆژێک لەڕۆژان مانگترنێک ، خۆپێشاندانێک ، چالاکیەکی جدی نیشان نەداوە لەسەر کێشەیەکی کرێکاران ، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئیتر کرێکاران خۆیان سەندیکاى خۆیان دروست بکەن و نوێنەرى خۆیان دیارى بکەن . نەک حیزبێک بۆیان دیارى بکات کە قەت باوەڕى بەخەبات و مافی پیشەیى کرێکاران نیە .


ئێمە کە پیرۆزبایى ئەم جەژنە پیرۆزەتان لێ ئەکەین ، بە پێویستى ئەزانین زەرورەتی خەبات و تێکۆشانی ئێوە بۆ چارەسەرى ئەم کێشە هەڵایساوانە وەبیر بێنینەوە ، هەمیشە چینی کرێکار و هەژارانی میللەتانە کەرەستەى خاوی شۆڕش و گۆڕانە چاکسازی خوازەکانە ، بێگومانین کرێکارى کوردیش لەو ئاستەى بەرسیارێتی نیشتمانی و چینایەتیدایە .

بەرزو پیرۆز بێت جەژنی نێو نەتەوەیى کرێکاران


مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەى دیموکراسیخوازان
1 ئایارى 2008 - هەولێر