په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٨\٢٠١١

کورته‌ چیڕۆک:

زاوای سۆر.


یاسین برایم     


سەرۆ، نەک گوندەکەی خۆی، گوندەکانی دەوروبەریشی تێگەیاندبوو، کە بوویتە مەمی ئه‌وه ده‌ڤه‌ره‌ و عاشقی زینی کچە مامی بووە. ئەوەندەی بنێرێتە خوازبێنی، بێتامی کرد بوو. هەر چۆنی هەبێت دواجار کچەکەیان دایێ، سەرۆ لە خۆشیان وەک پاڵەوانێکی عاشق دەرکەوت و دوو ئەوەندەی تر لووتی بەرز بۆوە. گوێی بە کەس نەدەدا، وایدەزانی لە ئاسمان هاتۆتە خوار. هەمیشە نێوچاوانی گرژ و مۆن بوو، ئەمەش وایکردبوو، کەس خۆشی نەدەویست.

زۆری نەبرد ئامادەکاریی کرد و زینی گواستەوە، خەریک بوو باڵ بگرێ و خەونی چەندین ساڵەی هاتەدی، کە شەو داهات، بووک بە هێمنیی و بە شەرمەوە ئەم نهێنییەی، پێگوت: "ئەمشەو دەستم لێمەدە بێنوێژم!!". لە کاتی بیستنی پەیڤی بێنوێژیی وایزانی گوللە لە دەمی بووک هاتەدەر و بەر سینگی کەوت، وەک بیبسی هەڵچوو، تا هێزی هەبوو، مستێکی لە نێو دەمی بووک دا و دەم و ددانی پڕکرد لە خوین. بووک بە بینینی خوینەکەی خۆی، لە سەر جێگایەکە بوورایەوە. سەرۆ بەوه‌ش نەوەستا، بە جنێودان و هەڕەشەکردن بۆ ماڵی بووک بەرێکەوت، کە دوو خانوو نێوانیان بوو، دایکی بووکی جنێوباران کرد، کە بێنوێژیی کچەکەی پێنەگوتووە. باوکی بووکیش، لە بەردەم هێرش و جنێوە ناشیرینەکانی سەرۆ دەمارەکانی جووت بوون، دەستی گەیاندە گۆپاڵە تاوکەکەی، تا ماندوو بوو لە سەر و دەم و چاوی سەرۆی دا و خستیە سەرزەوی و جەستەی لە خوین سۆر کرد. ناڵە و هاواری هەموو گوندی لە خۆ کۆکردەوە. کاتێک زاوایان بەو شێوەیە بینی، لە بەتانییەکیان پێچا، بە پەلە خستیانە نێو ئۆتۆمبێلێک و رەوانەی نەخۆشخانەی شاریان کرد. لەوێش پزیشکەکان زاوایان لە لەفاف کفن کرد!!


ماڵپه‌ڕی یاسین برایم
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک