په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠١١

زاخۆ و ھەینی رابووردوو لە باشوور!

جه‌مال عه‌لیالی    


رۆژی ھەینی رابوردوو، کۆمەڵە ھەواڵێکی دڵتەزێن لە سەر کۆمەڵە رووداوێک بڵاوبۆوە کە لە زاخۆی ھەرێمی کوردستان ھاتە ئارا. بە پێی ھەواڵەکان پێشنۆێژێکی مزگەوتێک فه‌رمانی (جیھاد)ی لە سەر شۆێن کار و کاسپی مەسیحیەکان و یەزیدیەکانی ئەو شارە دەرکردووە. لە ئەنجامی ئەو (جیھاد)ە دا کۆمەڵێک گەنج ھێرش دەبەنە سەر شۆێنەکان و دەبێتە بە ھۆی سووتانی زۆر شۆێن و بریندار بوونی زۆر کەس...ھتد. ئەو بابەتە کورتە ھەۆڵێکە بۆ بەر چاو خستنی بەشێک لە راستییەکان لە مەر رووداوی لەو وێنەیە.


زۆر روانگە ھەیە کە ھاسان و لەبەر دەستانن، ھەر بەو ھۆیەوە چەرمەسەری زۆری ناوێ بۆ ئەوەی کە ببنە بە دەستەبەر بۆ لێکدانەوەی رووداوەکان. ھەر روانگەیەو، بە دەسپێکەوە ناوەرۆکێک دەبەخشێتە رووداوەکان و کۆتایی پێ دێنێ.


مەلایەکی ئایینی لە مزگەوتی زاخۆ فتوای (جیهاد) دەردەکات و دەبێتە ھۆی ئاڵۆزی و لێدان و کوتان لە ناو بەین خەڵکی شارێک کە لە ساڵانی زووەوە بەیەکەوە ئەژین وبەشێک لە وڵاتە خۆشەویستەکەمان بە ھۆی خەبات و گیانبەخشی ئەوانەوە ئەمڕۆ وردە ئازادێکی تێدایە. ئاکامی ئەو رووداوە جگە لە لاوازکردنی بزووتنەوەی نیشتمانی نەتەوەی کورد بۆ دێمۆکراسی و ئازادی لە کوردستان نیە و لە راستییدا جێ پێی خەباتی دێمۆکراتیخوازانەی نەتەوەکەمان سست دەکات. چ کەس و لایەنێک - کەسان و لایەنان - چ خیرێک لەوە دەبەن؟ لە وڵامی ئەو پرسیارەدا مەسەڵێکی بەناوبانگ ھەیە کە دەڵێ: ئەوە چییە دەرەوەی سپییە و ناوەکەی زەردە؟ ئەگەر بزانی چییە، ئەوا ئەیدەمە تۆ تا بێکەی بە ھێلکەوڕۆن!... ئەمە لایەکی پوولەکەیە، با سەیری لای تری پوولەکە بکەین:


دووژمنان و نەیارانی نەتەوەی کورد ئەمڕۆ لە گشت کاتێک ئاڵۆزترن، تەنانەت مزگەوتیش دەدەنە بەر گۆللەی تۆپ و دەی رووخێنن. ئەوان باش ئاگادارن کە بچووکترین پاشگەزبوونەوە لە سیاسەتی سەرکووت و نکۆڵی نەتەوەی کورد، ئەوان دەخاتە ئاستەنگییەکی قورس، ئەوەندە قورس کە دەبیتە ھۆکاری داڕمانی کۆشکە خۆێناویەکەیان. ھەر بەو ھۆیەوە ئامادە نین تەنانەت ھەنگاوێک لە چوارچێوەی دێمۆکراتیخوازی نەتەوەی کوردا ھەڵگرن. ئەوە دەبێتە بە بنەماێەک بۆ ھەوڵ وتێکۆشانی زیاتری نەیاران بۆ بەرتەسک کردنی گۆڕەپانی خەباتی نەتەوەی کورد. لەو پێناوەدا لە گشت ئامێر و ھەلێک کەلک وەردەگرن. کەم بوونی رادەی زانست و تێگەیشتنی عیلمی لە ناو جەماوەری کوردەواریدا لە سەردەمی ھەنووکەیی ھەلێکی باش بۆ ئەو مەبەستە دەخاتە بەردەم نەیارانەوە. ئامێرکەش ئەو پێکھاتە و سازە سیاسیانەن کە ئایینی ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژی خۆیان رادەگەیێنن. کەواتە ئەو رووداوەی زاخۆ دەکرێ بڵێین چاوەڕوان دەکرا، بەتایبەت ئێستا کە ئێران لە چوارچێوەی دوورخستنی شەڕی خۆی لەگەڵ رۆژئاوا، بە رواڵەت سەرکەوتووترە. بەڵام با پرسیارەکەی سەرەوە بە شێوەیەکیتر دووپات کەینەوە: چ کەس و لایەنێک - کەسان و لایەنان - لەوە زەرەرمەند دەبەن؟ پێویست بەوە ناکات کە مەسەل و مەتەڵۆکی بۆ ھەڵدەین، تەنیا زەرەرمەندێ کە ھەبێ، نەتەوەی کوردە دەگەڵ نەتەوە و خەڵکەکانی فەقیر و ھەژاری ناوچەکە.


دیارە ئەو رووداوە زۆر ھۆکاری ھەیە، چەندێک لەوان نەبوونی بناخەیەکی زانستی بۆ پێکھاتەی "حکومەت" لە باشوور، کارتێکەری فەرھەنگی چەوتی نەیاران، نەبوونی فەرھەنگی دیالۆگ لە ناو بۆچوونە جیاوازەکانی پانتای سیاسی کوردستان، نزمبوونی رادەی خۆێندەواری و زانستی لە ناو جەماوەر...ھتد. لەو گیژاوە سیاسیەدا ئەوەی کە دەتوانێ کارتێکەری زەقی ھەبێ، رۆڵی سەنتەرەکانی رۆناکبیری و مێدیای کوردییە. مخابن ئەو دوو شۆێنە بەشی ھەرەزۆری کەوتۆتە داوی گەمەی سیاسی نێوان نەیاران لە لایەک و سازەکانی کوردی سەر دەسەڵات لە لایەکی تر. ھەر بۆیە تا ئێستا، پاش نزیکەی ١٥ ساڵ، ئەو دوو "ھێزە کۆمەڵایەتییە" نەیانتوانیوە جێگە و شۆێن پێ بۆ خۆیان خۆش بکەن.


لەو کاتەدا کە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین ھەتا دێتوو ئاڵۆزتر دەبێت، ھەر بەو پێیەش نەیاران ودووژمنانی کورد زیاتر یەکگرتوودەبن بەڵام ریزەکانی سیاسی کورد بەو پێیەوە پتەو نەبووە. ئەوە جێگەی نیگەرانی و پەرۆشی تاکی کوردە لە گشت پارچەکان. ھەنووکە، بەر لە گشت ئامێرێک، یێکێتی نەتەوەیی دەتوانێ لە ئاڵۆزی پرۆسەی رووداوەکاندا ببێتە بە دەستەبەرێک بۆ سەروەری نەتەوەی کورد لە ناوچەکە دا ، سەروەریەکی ئازاد و دڵخوازانە، بێ زۆرەملی لە لایەن نەیاران، سەروەرییەک کە رێگە نادات لۆزانێکی تر لە ناوچەکە بەرپا بێ.

 
٤\١٢\٢٠١١

ماڵپه‌ڕی جه‌مال عه‌لیالی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک