په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١١\٢٠١٨

 

  زەنگیانەی ئاویی.

         - رستی نۆیەم -

فەتاح حەسەن

  خەم.
من ناتوانم، بێ خەم
سەربخەمە سەر سەرین
ئەی هاورێیان..
کێ
خەمی سەرباری هەیە
بینێرێ بۆم
تاوەکو بیکەم بەسەرین.


    ئەوپەڕی پەستیی.
ئەمشەو پەستم
هێندەی پەستی مەینۆشێك
کە بەدەستی ئەنقەست
پێکەکەکەیان رژاندبێ،
هێندەی موریدێك شێخەکەیان
کردبێتە گاڵتەجاڕ
نازانم
پێکی پەستییەکەم
بەسەر کێدا بڕژم، کێ..؟


    خۆپەرست.
دوا بزمارت دا
لەتابووتی هاوڕییەتیمان،
بەنرخی کا، گەر بتکڕم
هێشتا زەرەرمە، خۆپەرست.


    بێ گوڵ خۆم.
لەپیادەڕۆی کۆبنهاون
شٶخێك، بەباوەشێك گوڵەوە
خۆی لە گوڵەکان جوانتر
هاوار دەکا:
گوڵەباخ.. گوڵەباخ
وتم:
بۆکێی بکڕم..؟
مەگەر هەر بیدەمەوە بەخۆت
وتی:
گەر هەموشیم لێبکڕی
چڵێکت لێوەرناگرم، ئەمن.


    خەزان.
لە ناو فەرشی زیوینی گەڵای وەریودا
دان بدە بە کۆتر
بەبێ گمە، بە ئەسپایی دەیانچنێ ..
تەنانەت کۆتریش حەز بە خەزان ناکا
ئەمن؟! بۆ دەبێت ئیتر.


    ماسی.
راوچی
تۆڕەکەت هەڵدە نێو دەریا
کێ دەڵێت
ئەو ماسییەی راوی دەکەیت
بەنرختر نییە لە بەهای خۆت؟؟


    دەریاوان.
تانەم لیدەدەن، کە بۆ هێندە
خەمی دەریا دەخۆم!!
دەبێ بێژیی بم
خەمی دایکم،
لە خۆم زیاتر نەخۆم.


    راستییەک.
من دەڵێم:
تۆم خۆشناوێ
تۆ دەڵێی :
منیش،
وەلێ لەڕاستیدا..
چاوانمان، گەواهیی دەدەن
کە، هەردوکمان درۆدەکەین.

___________________________________________

رستی هەشتەم: www.emrro.com/zengiyaneyawiy8.htm

رستی حەوتەم: www.emrro.com/zengiyaneyawiy7.htm

رستی شەشەم: www.emrro.com/zengiyaneyawiy6.htm

رستی ێنجەم: www.emrro.com/zengiyaneyawiy5.htm

رستی چوارەم: www.emrro.com/zengiyaneyawiy4.htm

رستی سێیەم: www.emrro.com/zengiyaneyawiy3.htm

رستی دووەم: www.emrro.com/zengiyaneyawiy2.htm

رستی یەکەم: www.emrro.com/zengiyaneyawiy1.htm

 

دانیمارك / ڤالبی - ٢٠١٨
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک