په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٨

چیڕۆک بۆ منداڵان:

زێـڕ و زەوی.

رەزا ساڵح        

 

مـام پیـرۆت پیاوێکی بەتەمەن بوو، لە دێیەکی کوردستاندا دەژیا. دوو کوڕی هەبوو. کوڕە بچووکەکەی ناوی هەڵۆ بوو، گەورەکەشی دیاکۆ. رۆژێک هەردووکیانی بانگکرد.


مـام پیـرۆت: کوڕە شیرینەکـانم، ئەوەی هەمە، کیـلۆیەک زێـڕ و پارچـە زەوییەکی گەورەیە، وەک دەزانن، لە ناوەڕاستی زەوییەکەشماندا، بیڕێکی ئـاوی لێیە.. بۆ ئێـوەبەجێیان دەهـێـلم.. خۆتـان رێکبکەون و برایانە بەشیان بکەن.
 

هەڵـۆ: من زەویـم ناوێت، زێـڕەکەم دەوێت.
دیاکـۆ: کەواتە زەوییەکەش بۆ منە.

لە دوای ساڵێک مـام پیـرۆت کۆچی دوایی کرد. هەڵۆ کیلۆ زێـڕەکەی هەڵگرت، دیاکۆش زەوییەکە.

هەڵـۆ: ئەم کیلۆ زێـڕە بەسمە، تەواو نابێت، پێویستیم بە کارکـردن و بە خۆماندووکردن نییە.. چیم لە ژیـانی دێ داوە.. دەچـم لە شاردا دەژیـم.

هەڵۆ کیلۆ زێـڕەکەی کردە کیسەیەکی پەڕۆوە و لە باخەڵیـدا قایمیکرد، ئینجا باوەشی لە دیاکۆی کـاکی دا و ئەملا و ئەولای ماچکرد، ماڵئـاوایی لێکرد و بەرەو شار کەوتەڕێ.

دیاکـۆ: هەر لە ئەمڕۆوە دەست بە کارکـردن دەکەم.. لایەکی زەوییەکەم دەکەم بە گەنـم، لایەکەی تریشی دەکەم بە بـاخ و رەز و بێسـتان.

دیاکۆ دەستیکرد بە کێـڵان و تـۆوکردن و ئـاودانی زەوییەکەی.. رۆژانە لە بەیانییەوە تا ئێوارە ئیشی تێیدا دەکـرد..خزمـەت و بـژاری بـاخ و بێستانەکەی دەکـرد.. زەوییەکەی ساڵ لە دوای ساڵ بەرهـەمی باشتر و زیاتری دەدا.. پـارەیەکی زۆری لێ دەستکەوت.. بەشێکی زۆری لاوانی دێیەکەشیان بە رۆژانە کاریان لە باخ و بێستانەکەیدا دەکـرد.. نەمامێکی بـەرداری هەمەچەشنەی زۆریشی کـڕی و بە دەوری زەوییەکەیدا چانـدنی، گەورەبوون و بوون بە دار و بەریان گـرت.. هێندەی تر دەوڵەمەنـد و پـارەدار بوو.. بەرچـاوتێر و دەست و دڵ باشیش بوو، یارمەتی هـەژارانی دێیەکەیانی دەدا.

بەڵام هەڵۆ لە شاردا کاری ناکرد، هەر لە زێڕەکەی خەرج دەکرد.. زێرەکەشی تا دەهات کەمـتر دەبۆوە.. تا رۆژێـک دەستی کرد بە گیرفـانی دا، زێـری تێدا نەمابوو.. کاریشی دەست نەکەوت.. بە ناچـاری گەڕایەوە بۆ دێیەکەیـان.. رووی لە ماڵی کاکی کرد.. دیاکۆ زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکرد.. زانیشی کە مایەپـووچ بووە.

دیاکـۆ: بـرا گیان خەم مەخۆ.. نایەڵـم بێ پـارە و بێ خـەرجی بیت.
هەڵـۆ: جا تۆ زەویت هـەیە.. خـۆڵ ناگات بە زێـڕ.. خـۆڵ لە کوێ و زێـر لە کوێ.
دیاكـۆ: وا نییە، تـۆ هەڵـەی، ئەو کیلۆ زێـڕەی کە تـۆ هەڵتگرتەوە، باوکمان بەکـار و بە ماندبوونی لەم زەوییەدا دەستی کەوتبوو.. زێـڕ و هەموو کانەکـانی تریش هەر لە زەویدا هـەن و دەردەهێـنرێن.. منیش بە کارکـردنم لەم زەوییەدا دەوڵەمەند بوومە.
هەڵـۆ: جا زەوی تـۆ بە مـن چـی؟
دیاکـۆ: واز لەم قسانە بهـێنە.. تۆ بـرای خۆشەویستمی.. هەر لە بەیانییەوە.. پێکەوە لە زەوییەکەماندا کـاردەکەین و.. چیـمان دەستبکەوێت بـرایانە بەشی دەکەین.
هەڵۆ باوەشی لە دیاکۆ دا، ئەمـلاو ئەولای یەکتریان ماچکرد.. زۆریش سوپاسی کرد.
هەڵـۆ: کـاکە گـیان تـۆ راست دەکەیت.. زەوی لە زێـر باشـترە.


٢٠١٥ - نەرویـج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک