په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠١٢

زمان ناسنامە و بوونی گەلە، گەلێکی بێ زمان ناتوانی بوونی خۆی بسەلمێنی.

تاریق یوسف      


تێکۆشانی راستەقینە ئەو تیکۆشانەیە مرۆڤ راستینەی ئامانجی بناسیت و لەو راستایەشدا هەوڵدان بکرێت بۆ سەرکەوتنی. پێشکەوتنی هەر گەلێک راوەستە کردنە لەسەر زمان و کلتوری کۆمەڵگای خۆی.


گەلێک دەتوانێت خۆی ئیسپات بکات کەخاوەنی کلتوری جڤاکی خۆی بێت و لە چوار چێوەی نەرێتی کۆمەڵگاکەی خۆی نەهاوێشتبێتە دەرەوە، هەربۆیە ئەوەڵین پرینسیپی زیندو بوونی هەر گەلێک پابەند بوون و راوەستە کردنە لە سەر زمانی دایکی.

کاتێک ئامانج رونبێت و تێگەیشتن لەوبوارەوە بخرێتە بواری پراکتیکەوە بیگومان سەرکەوتن حەتمیەو بەزەحمەتێکی کەمتریشەوە بەهرە دەتوانێت دەست بخرێت.


سەرکەوتنی ھەرمرۆڤ یان کۆمەڵگایەک ئەوەیە کە بەزمانی خۆیی و کلتوری خۆی و سیاسەتی جڤاکی خۆی بە تێکۆشان بەرەو ئازادی ھەنگاو ھەڵبگرێت و رێبکەوێت ، ھیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بەزمانی بێگانە زمانی خۆی ئیسپات بکات و خۆی جێبخات .تێکۆشان بۆئازادی زمان و کلتور بەزمانی دایکی قسەکردن بە زمانی دایکی و کلتوری جڤاکی خۆبەکارھێنانە، زۆرسەیرە ھەمو شەڕدەکەین بۆئەوەی زمان مان ئازاد بکەین بەڵام لەڕاستیشدا شەڕناکەین بۆ ئەوەی زمانی دایکی خۆمان فێر ببین و زمانی بێگانە لە سەر زمانی خۆمان دەر بکەین.


ئێمە بوین بەداگیر بەسەر خۆمانداو خۆیشمان حازرنین ھیچ شەرێک بکەین بۆدەرکردنی کەسایەتیەکی کۆپی کراو لەسەرخۆمان و ھیچ تێکۆشانێک ناکەین لەبەرامبەر ئەو عەسکەرو جەندرمە فاشیستانەی کەلەناخی ئێمە خۆیان حەشارداوەو زمانی خۆیان لەناو خوێنی ئێمە جێکردو وەتەوەو خۆیان سەپاندوە، تا کاتێک بەزمانی دایکی خۆمان قسەنەکەین ناتوانین جەسارەتی ئازاد بونیشی بکەین ،لەبەرئەوە تێگەیشتی زمانیە ئازادی زمانیش دەخۆلقێنێت و مرۆڤی ئازادیش دروست دەکات بۆ دەست خستنی زمانێکی ئازاد.


ئەگەر زمانی داکیش ئازاد بێـت بەڵام ئێمە نەزانین پێی بدوێن و قسەبکەین واتایەکی نیە یائەو دەم شەڕلەگەڵ کێدەکرێت و داوای مافی ئازادی زمان لەکێ دەکرێت و لەھەمبەر کێ تێکۆشان دەکرێت و کێ تاوانبارە؟

دەبێت ھەرکەس ئەوە بزانێت نەبەزمانی بێگانەو نەتەوەیەکی دیکە دەتوانین زمانی خۆمان بدەینە ناسین و ئازادی بکەین وەنە لەسەر مێژوو یەکی دیکە و کەسایەتیی یەکی دیکەو کلتورێکی دیکیش دەتوانین کلتوری نوێ و میژووی نوێ و کەسایەتییەکی نوێ بخولقێنین.


مرۆڤ ئەگەر خۆیشی فیدا بکات و تا ئاخریش گیان فیدای بکات بەڵام خاڵە بنگەیەکانی پێشکەوتن و ئامانجی ڕون باش پێک نەھێنێت ناتوانێت قازانج بکات.


ڕاستە داگیرکەران بەدڕندەی و زەخت و زۆر زمانیان لەئێمە وەرگرتوەو بەرەو ئاسمیلاسێونیش بردوینیان لەرێگای قوتابخانە و دامەزراوەکانیان بەڵام بۆ وە لەبەر چی ئەوانەی کەلەبەرانبەر ئەو زوڵم و ناحەقیە راوەستاون و بونەتە سۆڕشگێر و خەباتکار و نوسەر و ڕۆشنبیر و خۆمان بە پێشەنگ و خەم خۆر و ڕێنوێنی کەری گەلەکەمان دەزانین بۆئەو خەتە لارە ناشکێنین و بەنەعلەتی ناکەین و ئێمەش ھەرلەسەری ئەو خەتی لەناو چونە ھەنگاو دەنێینو دەربازی ناکەین.


تێکۆشان پێشوەچون و پێگەیشتنە ،پێگەیستنیش سەرکەوتن و ئازادیە ، بۆیە بەتایبەت پێشەنگانی تێکۆشان بۆئازادی مافی ئەوەیان نیە بەزمانی داگیر کەر قسەبکەن ، قسەنەکردن بەزمانی دایکی و خەبات بۆ ئازادی زمانی دایکیش پارادۆکس و دژایەتی کردنی فکریە ، بەزمانی بێگانە قسەکردن و پشت لەزمانی خۆکردن رێبازێکی کلاسیک و کاڵ بیرە ، ھەروەک چۆن کوردێک خۆی بەئێرانی و عێراقی ناو دەبات لەگەڵ ئەو کوردەی کەبەعەرەبی یان بەتورکی قسەدەکات جیاوازی نیە ، یەکێک میژووی خۆی ناناسێت و ئەوی دیکەیش زمانی خۆی ، ھەردوو ئەمانە لەخەتی تەسلیم بونی کلتوری جوڵەدەکەن و ھەردووش کلاسیکن ، ئەو کوردەی دەتوانێت جەسارەتی کوردبونی ھەبێت کەلەبواری کلتوری ، سیاسی ، ژیانی کوردبێت و دەرەوەی ئەوە کوردێکی دروستکراوە.

زمان درکاندن و بونی مرۆڤە، بێ زمان مرۆڤ وەک نەبون وایە ، ئەوەی بەزمانی زگماکی قسە نەکات و بەزمانی دەرەوەی خۆی بدوێت تەمسیلی خۆی ناکات و خۆی نیە و تەنھا خۆی بەکاردەھێنێت بۆکەسایەتی یەکی دیکە لەسەر جەستەی خۆی.

زمان ناسنامەی خۆزای مرۆڤەو خۆدورگرتن و لەجەستەی خۆپەراوێزگرتن خەیانەتە بەخۆت و داگیرکەرو زاڵمی جەستەی خۆت بۆخودی خۆتی.


مرۆڤی بەجەسارەت ئەو مرۆڤەیە لەسەر ڕاستینەی خۆی ئیسرابکات و ھەموو ئەو پارچانەی لەسەر جەستەی بە ساختەیی لکینراوە لێبکاتەوەو خۆی پێکبهێنێتەوە، ھەربۆیە بۆئەوەی خەباتمان و تێکۆشانی ئێمە لایەقی شەھیدان و گەلەکەمان بێت با بە زمانی دایکی قسەبکەین و بەکوردیش بنوسین و بە کوردیش ژیان بکەین.
خۆ پەروەردە کردن و پێش خستنی زمان و رەوشتی جڤاکی خۆپێش خستن بۆ ژیانی راستی و ئیسرار بونە لەحەقیقەتی خۆمان.


ئەوەی زمانی دایکی نەزانێت و تێکۆشان نەکات بۆ فێربوونی زمانی دایکی و خەباتیش بکات بۆ ئازاد بوونی زمانی دایکی مەلەکردن لە سەرەو ژێریە.

 

 

tariq_yusifi@hotmail.fi

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک