په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

زیندانکردنی پێشمەرگە شەرمەزارییە و دەبێ ئازادبکرێن.

سەلام عەبدوڵا  


زەینەب جەلالیان لە زیندانی سنەوە هاوار بۆ رای گشتی دەهێنێ تا لە مەرگ رزگار بکرێ و ماوەی 32رۆژە لە عەدرا 300زیندانی مانیان گرتووە. (ئۆجەلان)یش لە زیندانەوە، دەڵێ: ناتوانم بخەوم و بە ئەستەم هەناسە دەدەم.


تا ئێرە"ئاساییە"، چونکە کوردستانیان لە ناو زیندانی حکومەتکەلی خوێنڕێژ و تاوانباری شۆفێنیستن، بەڵام لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم شانازی دەکات بەوەی یەک زیندانی لە زیندانەکانی هەرێم نییە بەهۆی کارو چالاکی سیاسی، ئیمڕۆ هەواڵی بوونی چەندین پێشمەرگە لە زیندانی (موعەسکەر سەلام)، لە هەفتەنامەی ئاوێنە خوێندەوە.


لەبری ئەوەی حکومەتی هەرێم هەستێ بە کاری دبلۆماسی بۆ راگرتنی سزای کوشتنی زیندانییە سیاسییەکان لە سنە یان هەوڵی چارەسەرکردنی مرۆییانە بەگوێرەی یاسا نیودەوڵەتییەکان بۆ چاککردنی بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەڵان، بەخۆی پێشمەرگە دەستگیرو لە زیندانی موعەسکەر"جەنگ" بەندیان دەکات.


بە کورتییەکەی ئەمە شەرمەزارییەو جێی قبووڵ نییە و ناکرێ لەژێر هەر بیانوویەکەوە بێت، پێشمەرگە زیندانی بکرێت.


لە هەرێمەکەمان چەندین رێکخراوی پاراستنی مافی مرۆڤ و رێکخراوی بەناو"کۆمەڵگای مەدەنی"و سەددان نووسەرو رۆژنامەنووسی ئازادیخواز هەیەو هەق وایە ئەو چالاکوانانە نەک تەنها پەنا بۆ رێکخراوە نیودەوڵەتییەکان ببەین بۆ فریاکەوتنی ژیان و بارودۆخی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و سوریا و تورکیا، بەڵکو یەکەمجار هەوڵبدەین بۆ پاکڕاگرتنی زیندانەکانی خۆمان لە زیندانی سیاسی. بەم مانایە: نووسەران و رۆژنامەنووسان و هەر ئازادیخوازێک لەناووەوەو دەرەوە بێدەنگ نەبین و داوای ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکانی ناو کوردستان بکەین.


ئازادی بۆ پێشمەرگە زیندانییەکان لە زیندانی"موعەسکەر سەلام"
______________________________________________
تێبینی: دەبێ هەموو سایتە کوردییەکان دەستپێشخەری بکەن و ئەرکی بڵاوکردن و پشتیوانی لەم داخوازییە لە ئەستۆ بگرن.