په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠٢٢

١٠٠ ساڵەی پەیمانی سیڤەر
کۆتایی ھەرسنەکراوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

 

    گێرد برێندڵ   

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ محەمەد

   - بەشی یەکەم -


پەیماننامەی ناوبراو، پێش ١٠٠ ساڵ مۆری نا بە چارەنووسی دەسەڵاتدارێتی عوسمانی دا. ئەتاتورک دانوسانی لەسەر سنوورێکی نوێ کرد. بەڵێ ئەردۆغانیش بە پشت بەستن بە میراتی عوسمانی ، داوای ناوچەیەکی گەورە و بەرفراوانتر دەکات. ئایا لە دایکبوونەوەی عوسمانی شیاوی ھێنانە دییە؟

بەندی یەکەم: پەیماننامەکە

ڕۆژی ١٠.٨.١٩٢٠ لە Sèvres نزیک لە Versailles، لە ھۆڵێکی کارخانەی بەناوبانگی فەخفووری ، نوێنەرانی ھێزە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیھانی چاوەڕوانی شاندی تورکی بوون لە ئەستەنبوڵەوە. نزیکەی دوو ساڵ بەسەر رێکەوتنامەی ئاگربەستی «مۆدرووس»دا تێپەڕ بووە، کە شەڕی نێوان ئیمپراتۆری بەریتانی و دەسەڵاتی عوسمانی تەواو بووە، دووساڵ دانوساندن لە ڤێرسایی و پاریس..


خاتووی مێژووناس Ellinor Morack دەڵێ " کۆنفراسی ئاشتی گەورە لەنێوان ھێزە سەرکەوتووەکان دا لە پاریس ، کە ھەر خۆیان بەشدارییان تێدا کرد" واتە " ھێزە دۆڕاوەکان بەشدارییان پێ نەکرا".. ھێزە دۆڕاوەکان لەتەک ئەڵمانیا و نەمسا و ھەنگاریادا، دەسەڵاتی عوسمانیش بوو. لە زنجیرە درامای تیڤی « Vatanim Sensin/ وەتەن سانسین/ تۆ نیشمانەکەمی» ئەم گرتەیە دووبارە بۆ بینەرانی تیڤی تورکی پێشکەش کرایەوە.. شاندە سێ کەسییەکەی لە ئەستەمبوڵەوە ھاتبوو، بە دڵێکی تەنگەوە واژۆیان لەسەر ڕێکەونەکە دانا.(وەک لە وێنەکەدا دیارە جەنەڕاڵ ھادی پاشا،وەزیری جارانی تورکی بۆ فێبوونی گشتی،ئیمزای ڕێکەوتنامەی ئاشتی دەکات.و).


لە گرتەیەکی فیلمەکەدا خواستی ئیماندارانەی دیبلۆماتکاری ئەستەنبوڵی و پزیشک و فەیلەسوف " ڕەزا تۆفیق" خستە بەر باس.... "دەبا واژۆکەم ئاشتی بھێنێ". خواستێک کە بۆخۆی نەھاتە دی. مۆراک دەڵی: پەیماننامەکە « دواجار وەک بەمردوویی لەدایک بووبێت وایە" دەشکێ وەک ئەو فەخفورییەی لە ھۆڵەکەدا دانراوە، پەیماننامەکە واژۆ دەکرێ لەلایەن کۆستەنتینۆپۆلەوە، نەک لە لایەن ئەنقەرەوە. لە زنجیرە تەلەفیزیۆنییە تورکییەکەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا George Curzon ددان دەنێ بە خاڵە لاوازەکانی دا.


ئەنقەرە ئەو شارە بچووکەی ئانادۆڵ کە لە ساڵی ١٩٢٠ ەوە لە لایەن مستەفا کەمال،کەدواتر بە ئەتاتورک ناسرا، کرا بە شوێنێک کۆبوونەوەی نەتەوەیی گەورەی تێدا ئەنجام دەدرا..بەشێوەیەک دەرکەوت وەک حکومەتی دژی کابینەی سوڵتان لە کۆنیستانتیناپۆل، کە دەسەڵاتی تەنیا لەسەر کاخەز بوو.

" سیڤەر" ھەڵوەشانەوەیی ئیمپراتۆریەتەکەی نەخش کرد.


پایتەختی ئیمپراتۆرێتەکە: لەلایەن ھێزە سەرکەوتووەکانەوە داگیرکرا بوو، ناوچەکان لە ڕۆژھەڵات و باشوورەوە لە مەککەوە تا قاھیرە، لە دیمەشقەوە تا بەغدا: ھەمووی لەژێر کۆنترۆڵی فەرەنسا و بەریتانیادایە. ئیزمیر و کەناری Ägäis بەدەست ھێزە یۆنانییەکانەوەیە. پەیماننامەی ئاشتی سیڤەر ھەڵوەشانەوە و دابەشکردنی ئیمپراتۆرەکەی خستە قولە مستی دەستی سەرکەوتووەکانی شەڕی جیھانیەوە.


تورکۆلۆگ و مێژوونووس خاتوو Ellinor Morack ڕێکەوتننامەکە ناو دەبات بە دەڵێ: "دوا ڕاچەنینی ئیمپریالیزم".


"دوێنێ ڕۆژێکی شوومتر بوو بۆ وڵاتەکەمان. شاندەکەی حکومەت بۆ واژۆکردن لە ئیستەنبوڵ واژۆی دەستەسڕی کاخەزی سیڤەر یان کرد بەبێ ئەوە چاویان بتروکێنن".


ناونیشانی ڕۆژنامەکەکان وەک لە زنجیرە درامای " وەتەنم سەنسیین" دا بەدەنگی منداڵێک دەخوێندرێتەوە رەزا تۆفیق و ھاوڕێکانی وەک ناپاک نیشان دەدەن، کە دواتر لەلایەن حکومەتی ئەتاتورکەوە جاڕی لێداوە.


لەوێدا ھیچیان بۆ نامێنێتەوە ھەروەک مۆراک دەڵی:" حکومەتی سەڵتەنەت ١٩٢٠ لە دۆخێکدا نەبوو، بتوانێ بەھیچ شێوەیەک ڕەتی بکاتەوە. دەی دەبوو چ بکەن؟ ئەوان بۆخۆیان کۆنترۆڵی دروست و تەواویان بەسەر لەشکرەکەیاندا نەبوو، چونکە ئەوەی لێی مابوو، لە خزمەتی کەمالیستەکان دا دژی ئەوە بوون، شەڕ بەڕێوەبەرن - دژ بە مەرجە توندەکانی پەیماننامەکە..بەم پێیە بەشێکی گەورەی Thrakiens و Edirne و بە درێژایی کەناری Ägäis کەوتە یۆنانەوە. ئورفە، مێردین بۆ فەرەنسا، و رۆژئاوای ئانادۆڵ بۆ ئیتالیا . رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ دابەش دەکرێ لەنێوان دوو دەوڵەتی نوێ کە دادەمەزرێن ئەرمینیا و کوردستان.
کۆنستانتینۆپێل/ قوستەنتین، دەخرێتە ژێر بەڕێوەبەرێتییەکی نێونەتەوەییەوە. فەرەنسا و بەریتانیا ناوچەکە دابەش دەکەن لە نێوان خۆیان دا،بەسەر ئەوەی ئێستا ناوی ، عێراق، سووریا، ئەردەن، لوبنان و ئیسرائیلە.


"وەتەنم سەنسین/ Vatanim Sensin" یەکێکە لەچەندین درامای تەلەفزیۆنی بە پاشخانی مێژووییەوە، کە لەم ١٠ ساڵەی ڕابووردوودا لە تورکیا بەرھەم ھێنراوە: ڕووداو و پێشھاتەکانی خانەوادەی Saga لە ٥٩ ئەڵقەدا لەسەر Smyrna یاخود Izmir ە، کە لە ١٩١٩ لەلایەن یۆنانەوە داگیرکرا.


ناوەڕۆکی سەرەکی باس لە خۆشەویستی نێوان خاتوونێکی شۆڕشگێڕی تورک ھیلالHilal و ئەفسەرێکی یۆنانی لیۆنیداسLeonidas . پەردەی دیمەنەکە لە سیڤەردا کەموزۆر ھاوجووتی ھەقیقەتە مێژووییەکەیە. لە تورکیادا پەیماننامەکە تا ئیمڕۆ مادەیەکی خوێندنە.


"ئەوەی ئێمە جاران فێری بووین؟ دەمانزانی شەڕێک بووە و بۆ ئێمە سیڤەر بووە بەڵا" ئەمە بیرەوەریی Belma Bagdat و مێردە نووسەر و کارێتکارەکەی Hayko Bagdat ە، لە وانەی مێژوویان دا." دوایی ئەتاتورک وڵاتەکەمانی قوتار کرد و ئێستا نیشتمانێکی ئازادی دڵفڕێنمان ھەیە، لەسەر گۆڕی ئەرمەنییەکان دامەزراوە".

پەیماننامەی سیڤەر وەک وێنەیەکی ترسناک.

پەییاماننامەی سیڤەر، وەک ئێلینۆر مۆرەک دەڵێ" ھەر منداڵێک لە قوتابخانەی تورکیا فێری دەبێ وەک وێنەیەکی ترسناک". ئەو مێژوونووسە باس لە " سیڤەر ـ سیندرۆم"Syndrom سیندرۆم، کۆی نیشانەکانی نەخۆشییەک- سیڤەر دەکات. و". ھەروەھا دەڵێ : "ئیمڕۆ لە زانستی سیاسیدا بەکار دەھێنرێ، بۆئەوەی بۆچوون و ڕامانێک نیشان بدەن، کەوا کاتی خۆی زلھێزەکان و ئێستا ڕۆژئاوا یاخود بەکورتی ھەموو وڵاتانی تر مرخیان لەوە خۆش کردووە، ئانادۆڵ لەنێو خۆیاندا دابەش بکەن".


بەھەقیقەت ھەر ئەم بیرو بۆچوون و باوەڕە کە ھەتا ئیمڕۆ لە لایەن بەشێکی زۆری کۆنپارێزە نەتەوەیی و ھێزە نەتەوەییەکانەوە دەبەخشرێتەوە. ئەگەر مرۆ چاوێک بگێڕێ بەسەر پەیماننامەی سیڤەردا ، دەتوانین بڵێن: بەھەرحاڵ بەڕاستی ئەوانە ناھەقیان نییە. ئیدی بەڵێ لەڕاستیدا ھەوڵێ ھەبوو بۆ دابەشکردنی وڵات. ئەوەی نابێ لێرەدا لەبیر دەکرێ: کاتێ ئەوە واژۆ کرا، لە ھەموو بارێکدا شیاوی جێبەجێکردن نەبوو..


فەرەنسی و بەریتانییەکان ماندووی دەستی جەنگ بوون و ئەتاتورک لە ئەنقەرە لەگەڵ پاشماوەی ھێزەکانی عوسمانیدا خەریکی ڕێکخستنی بەرخۆدان بوو. ٩ ڕۆژ پاش ئەو واژۆکردنەکە، کۆنگرەی نەتەوەیی ڕایگەیاندن ھەموو ئەوەی بەناوی ئەنجوومەنی تاجی سوڵتانەوە دەنگیان بە پەیماننامەکە داوە، ناپاکی ھەرە گەورەن. لەبەرئەوە دوو ساڵ دواتر بە کاریگەرێتی ڕووداوەکەی ساڵی ١٩٢٠ەوە پەرلەمان دوا سوڵتان «واحدین» ی لە دەسەڵات خست.


(کۆماری تورکیای ئەتاتورک بە ئاگایی و ھوشیارییەوە خۆی بە دژە مۆدێلی دەوڵەتی فرەگەلانی عوسمانی دادەنا).", ئەم دێڕە لەتەک وێنەی کەللەسەری ئەتاتورکدا نووسراوە.و".


یاکتام تورکیەڵمازی مێژوونووسی تورک- کورد باوەڕی وایە" ھەموو ڕژێمێکی شۆڕشگێڕ بانگاشەی کردووە، کە بەتەواوی پەیوەندی نییە و پچڕاوە بە ڕابووردووەوە. بەم جۆرە زۆر لە زانستکاران ساڵانێکی زۆر باوەڕیان بەم حاڵەتە کرد". ئەمە بیروڕای مێژوونووسی تورک ـ کورد یاکتام تورکزاڵمازە/ Yektam Türkyilmazە. ناوبراو مێژووی گێڕانەوەی سیڤەری تراوماو و ئاتاتورکی رزگارکەری شۆڕشگێڕ دەزانێ.


کۆمارە تورکییەکەیان بە ھوشیارانە خۆی بە دژە مۆدێلێکی دەوڵەتی فرەگەلانی عوسمانی دادەنا ، بە ڕابەرایەتی سوڵتان کە خۆی بە خەلیفەی ڕابەری رۆحی و حوکمداری ھەموو موسڵمانان دەزانی. ئەم ترادیسۆنە کەمال مستەفا ناسراو بە ئەتاتورک، باوکی تورکان بە ھوشیارییەوە ھێنایە مەیدانەوە. پێڕەوکردنی ئەلفوبای لاتینی، قەدەغەکردنی فێست: کە ھەتا ئیمڕۆ نموونەی بەرچاوی ئەو ھەڵمەتە خێرایەی مۆدێرنیزمەیە.. بەڵام وەک یاکتان تورکیەلماز دەڵێ:" ئەوە ئەو مێژووەیە کە کەمالیستەکان دەیانەوێ وا بکەن باوەڕی پێ بکەین. بەڵام من باوەڕ دەکەم بەردەوامێتی لە نێوان دەسەڵاتی عوسمانی و کۆماردا بایەخدارترە لەوەی بە گشتی وەردەگیرێ."

بەشی دووەم : ڕۆحی نەمرانی دەوڵەت

یاکتان تورکیەڵماز دەڵێ" عوسمانیزم ھەر ماوە" ناوبراو خەریکی توێژینەوەیە لەسەر کوشتاری ئەرمەنییەکان و کۆتاییەکانی دەوڵەتی عوسمانی و مامۆستای زانکۆیە لە Daku University لە ئەمەریکا و ئێستا لە بەرلین دەژی.


چەمکی " عوسمانیزم" دەگەڕێتەوە گازینۆی ئەفەسەران و سالۆنی " دەوڵەتی عالی" سەدەی ١٩. مستەفا کەمال یەکەم ریفۆرمخواز نەبوو" ناوبراو بە عوسمانیزم وەک بیرۆکەیەک سەری ھەڵدا بۆ ڕزگارکردنی ئیمپراتۆریەتەکە، کاتێ دەوڵەتەکە گڵۆڵەی کەوتە لێژی بەرەو ھەڵوەشانەوە".

 
لە سەدەی ١٩ دا تا دەھات وڵاتانی دەڤەری بالکان داوای سەربەخۆیی سیاسییان دەکرد. یۆنان ساڵی ١٨٧٨ سەربەخۆیی بەدەستھێنا. ١٨٧٨ بولگاریایشی بەدوادا ھات ،١٨٨١ ڕۆمانیا ، ١٨٨٢ سەربیاش سەربەخۆیی بەدەستھێنا. لەڕاستیدا بەشێکی گەورەی ئیمڕۆی یۆنان Tkraken & Mazedonien بەشێک بوون لە دەسەڵاتی عوسمانی، بەڵام بزافی سەربەخۆخوازی ئەم خەونەی دەوڵەتی عالی لەگۆڕنا..


بەدرێژایی سەدان ساڵ سیستەمی- میللەت ھەوڵی رێکخستنی ماف و ئەرکی کەمینەی کریستیانی و جولەکەی دا. میللەت رێگەی دا بە تەرجەمەکردن بە کۆمەڵە ئاینییەکان و ئۆرتۆدێکسێکی میللی لەگەڵ ئۆرتۆدۆکسی- یۆنانی پاتریاکی کۆنستەنتیناپۆل و یەکێکی ئەرمەنی لەگەڵ سەرۆکی باڵای پاتریاکی ئەرمەنی.. لەچوارچێوەی ئەم میللییەتەدا جولەکە و کریستیانی سەربەخۆیی دیاریان ھەبوو. دەبوو باجێکی زۆر بدەن تا لە خزمەتی سەربازی و دەوڵەت بەدوور بن. لە سەدەی ١٩ دا ڕەخنە لە سیستەمی کۆنی میللیەت و بزافی ئۆپۆزیسیۆنی " جۆن تورک زیادی کرد، " کە پروپاندەی بیرۆکەی ناسنامەی ھاوڵاتێتی "عوسمانی" دەکرد.

"تەنزیمات" بەقۆناخی ریفۆرم دەوترێ لە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی دا، ھەنگاو بەھەنگاو ھەتا دەستووری ساڵی ١٨٧٦ مافی یەکسانی ھەموو رەعیەتی ژێر دەسەڵاتی سوڵتانی زامن دەکرد- ھەتا ئەو کاتە پاش ماوەیەکی کورت پاشا عەبدلحەمیدی دوو یاساکەی لە کارخست. دواتر بە تێروتەسەلی قسە لەسەر ئەمە دەکەین- قسە لەسەر ناسنامەی گشتگری عوسمانی نزیکەی ٣٠ ساڵ مایەوە ھەتا لە ساڵی ١٩٠٨ دا، تورکی لاو دەسەڵاتی سوڵتانیان گۆڕی بە جێگرەوەیەکی گوێڕایەڵ و سەرلەنوێ دەستوور کەوتەوە گەڕ.

"ئێمە عوسمانینی خاوەن بێگەردترین جۆری بیرکردنەوەین".

یاکتان تورکیەڵماز دەڵێ: لە پەرلەمانی نوێی ھەڵبژێردراودا بە یەکسانی نوێنەرانی یۆنانی و ئەرمەنی و جولەکە ھەبوون لەتەک ھاوکارە موسڵمانەکانیان دا. لە ١٩٠٨-١٩١٢ عوسانیزم واتای وایە: جیاوازی مەزھەبی و ئێتنیکی ھیچ بایەخی نییە. مێژوونووسی ناوبراو چەندەھا تەن دیکۆمێنتی ئەو سەردەمەی کۆکردۆتەوە. لەسەر یەکێ لە قەوانەکانی - ھی ساڵی ١٩٠٩ تێنور ئیبراھیم ئەفەندی ستایشی زۆری وڵات و سوپا دەکات..." ئێمە عوسمانی خاوەنی باشترین جۆری بیرکردنەوەین"..


نیشتمانپەروەری دەستووری عوسمانی.ھەروەھا دکتۆری لاو و سیاسی رەزا تۆفیق لە پەرلەمانی نوێ دایە.١١ ساڵ دوای تۆمارکردنی قەوانەکە ئەو لە سیڤەر بە واژۆ لەسەردانانەکەی مۆری نا بە کۆتایی دەوڵەتی عوسمانییەوە.

لەو نێوانەدا دۆڕاندنی یەکەم جەنگی جیھانی ھەیە لەگەڵ کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان دا و کە لەلایەن تورکی لاوەوە رێکخراو بوو، ئەو تورکلاوەی تا پێش چەند ساڵێ ناسنامەی عوسمانی گشتگر لای گرنگ بوو.


لە مانگی ٤/١٩٢٠ لە ئەنقەرە پەرلەمان جارێکی تر کۆبۆوە. "ئەنجوومەنی نەتەوایەتی فراوان " ی کە لەلایەن ئەتاتورکەوە داوا کرا.".


گەورەترین جیاوازی لەگەڵ پەرلەمانی ١٩٠٩دا بەزەقی بەرچاو دەکەوێ. تورکیەلماز دەگێڕێتەوە: " نە نوێنەرانی کریستیانی و نە ھی جوولەکەی تێدا نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا فرە ئیتنیکی بووە، نوێنەرانی گرووپەکانی: عەرەب و کورد و چەرکەس" بەشداربوون.


"عوسمانیزم" وەک چەترێ، لە سایەیدا چەندین ئێتنیک خۆیان دۆزیبوەوە، بەرەو پێش دەژیا- بێگومان بە سنووردارییەوە.


" خوێندنەوەی کەمالیستی بۆ عوسمانیزم بریتییە لەوەی ھەمیشە گرووپی جیاواز جیاواز کۆدەکاتەوە، بەڵام ئێستا باس باسی ئیسلامە و بەتایبەتی ئیسلامی - سونی. لە جێگای ئەوەی قسەکردن لەسەر ناسیۆنالیزمی تورکی بکرێ، پێیان خۆشترە باس لە ناسیۆنالیزمی سونە بکەن... ئەگەرچی پلورالیزمیشە، لێ تێیدا چیتر کریستیان و جولەکە جێیان نەبۆوە.


ھایکۆ بەگدات بە تەوسەوە دەڵێ: "نیشتمانێکی ئازاد و خۆش و دڵفڕێن ھەڵچنراوە لەسەر گۆڕی ئەرمەنیەکان". با ئەتاتورک بەرپرسی کوشتارەکەش نەبێت. کۆماری تورکیای لاو سوودی لەو ھەڵمەتی کوشتنە دی . " کۆمارەکەی پاش کوشتارکە دامەزرێندرا، ھەموو ئەو شتانەی پاراست کەوا پێشتر ھی ئەرمەنییەکان بوو'. ئەمەش بووەبەردی بناغە بۆ سامانی کۆماری لاو".


ئێلینۆر مۆراکی مێژوونووس درێژەی پێدەدات و دەڵێ:" لەکۆتایی جەنگەکەدا ئەو ئەرمەنیانەی مابوون گەڕانەوە". دەڵێ:" بەپێی مەزھەب زۆر جیاواز بوون و دەستبەجێ ھەرا دروست بوو لەگەڵ ئەوانە ھێنرابوونە شوێنەکانیان و نیشتەجێ کرابوون. دیارە کۆمەڵێ خەڵکی زۆریش ھەبوون کە سوودمەندبوون لە کوشتارەکە و دەرپەڕاندنی گریکی/ یۆنانی و دەست گرتن بەسەر وڵات و کارخانەکانیان دا " .٠

لەناوەڕاستی یەکەم جەنگی جێھانیدا تورکی لاو بڕیاری لەناوبردنی گەلی ئەرمەنی دا... حکومەتی نوێی ئەنقەرە بیری لەوە نەکردەوە قەرەبووی ئەو کەمە ئەرمەنەی ماون بکات. لە ئێستادا نزیکە ٦٠,٠٠٠ ھەزار ئەرمەنی لە تورکیا دا دەژین. زۆرینەیان لە ئیستەنبوڵن. تراومای کوشتارگەلەکە بە قوڵی ڕەگی داکوتاوە...
بۆ ئەوەی کەس تێبینی ئەوە نەکات ئەرمەنە، ھایکۆ بێگداد وەک مێردمنداڵێک " لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دایکی بە" ماما" بانگ نەدەکرد بەڵکو بە ئەنە/ دایە بە تورکی. ملوانکەیەکی خاچم ھەبوو دەبوو لەژێر کراسەکەمەوە لەملی بکەم، نەشم دەزانی بۆچی"..

ڕێکەوتنامەیەکی نوێ لەگەڵ ھێزە براوەکان دا لە لۆزان...

سێ ساڵ دوای کۆنفرانسی سیڤەر دووەم کەمینەی گەورە ، گریگەکانی ئانادۆڵ دەرپەڕێندران. مستەفا کەمال ئەتاتورک سەرکەوتوانە لەشکری گریکی پاشەکشێ پێ کرد. لە سێپتامبەری ١٩٢٢دا دوا سەربازی گریکی ئاسیای بچووکی بەجێھێشت و ١٩٢٣ ھێزە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیھانی لە لۆزان پەیماننامەیەکی نوێیان بەست، ئەمجارە لەگەڵ حکومەتی ئەنقەرەدا. سیڤەر پشتگوێ خرا و کۆماری تورکیا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە سنووری خۆیەوە لە ڕۆژئاوا ددانی پێدا نرا و ھەتا ئیمڕۆ بەرقەرارە. تورکیا و گریکلاند/ یۆنان رێکەوتن لەسەر " ئاڵوگۆڕپێکردنی دانیشتوان". نیو ملیۆن موسڵمان پێویست بوو یۆنان بەجێ بھێڵن و نیو ملیۆن ئەرتۆدۆکسیش تورکیا. ئاینن لێرەدا بڕیاردەر بوو، تەنانەت ئەو کریستیانەی بە تورکیش قسەیان دەکرد لە ناوەندی ئانادۆڵ دەرپەڕێندران.


" زەحمەتە بارودۆخی دەوڵەتی کەمالیستی بە سێکولار ناو بنێین..سێکۆلاری واتە بە نزیکەیی بێ بایەخی دەوڵەت بۆ ئایی ھەیە. بەڵام ئەم دەوڵەتە بایەخی زۆری بۆ ئاین ھەس ھێندە زۆر تەنانەت کەوا ئەو بڕیار دەدات کێ لە ترۆپکدا بێت".. . ئەمە قسەی یاکتان تورکیاڵمازە..


لەم خاڵەدا کۆماری تورک خۆی جیاناکاتەوە لە دەوڵەتی عوسمانی. سوڵتان لە خۆیدادەسەڵاتی دنیایی و ڕۆحی کۆدەکردەوە.. وەک خەلیفە و وەک جێگری محەمەد پێغەمبەر ، ئەو ئەوەی لەبەرچاوگرتبوو بۆ سەرۆکایەتی ناوبراو بە ئوممە/ کۆمەڵگەی ھەموو باوەڕدارانی موسڵمان.


حکومەتی تورکی دەستبەرداری ئەم داوایە بوو،لێ لەوە خۆش نەدەبوو دەسەڵاتێکی تری رۆحانی لەتەکیدا بێت. دوای ئەوەی پەرلەمان، ساڵی ١٩٢٢ دوا سوڵتانی لەسەر حوکم لابرد، نوێنەرانی پەرلەمان کوڕی مامەکەیان ھەڵبژارد بە خەلیفە، ھەر بۆ ئەوەی پاش دوو ساڵ جارێکی تر لە دەسەڵاتی بخەنەوە..


تورکیاڵماز بەردەوامە " خەلافەت کەمالیستەکانی لابرد" و خۆشیان دژی مەزھەبی دەستەبژێری دیاریکراو وەستانەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نا، کەوا بەدڵی خۆیان مەزھەبێکی دەستەبژێری نوێ ساز بدەن". لێرە بەدواوە ئیمامەکان سەر بە وەزارەتی کاروباری ئاینی کران و ئەم ئەرکەیان کەوتە سەر. بانگدان لە ساڵانی ٣٠ ەوە لە عەرەبییەوە کرا بە تورکی . ئیلینۆر مۆراک دەڵێ: " بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەمە یەکەم ریفۆرمی سێکولار نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێشوازییەکی جەماوەری گەورەی بەدەست نەھێنا".

ھەروەھا دەسەڵاتی عوسمانی دەوڵەت بڕیاری لەسەر ئاین دەدا، لێرەشدا تەنیا پشتی دەبەست بە دەسەڵاتی سوڵتان وەک خەلیفە ، وەک سەرۆکی ئاینی . وای دادەنا کە دەوڵەتی نوێی ڕۆژئاوایی بەخۆی ڕەوا بینی، بڕیار لە کاروباروباری ئایینیدا بدات، بەبێ ڕەوایەتی بۆ ئایینەکەی خۆی. لە ڕاستیدا ئەمەش تاکە تێکشکاندن بوو لەگەڵ ئەو ترادیسیۆنەی ھەبوو. ئەمەش قسەی ئێلینۆر مۆراکە.
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک