په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٩\٢٠١٥

(١١\٩\٢٠٠١) رۆژێک کە ئاراستەی جیهانی گۆڕی!

تاهیر حەسەن     


ئەمڕۆ ١٤ساڵ بەسەر ١١/٠٩/٢٠٠١ تێ دەپەڕێت. ئەنجام دانی ئەو تاوانە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت،بەتەواوی ڕوون نیە کە کێ لەپشتی پلانەکەیەوە بوە. بەڕووکەش وا دەردەکەوێت کە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەل قاعیدە ئەنجام دەری تاوانەکە بێت. دیارە لەو ڕۆژەدا زیاد لە سێ ھەزار مرۆڤی بێتاوانی ئەمریکی بوون بە قوربانی و ھەزارانی تریش بریندار بوون. تا ئێرە بینینی ڕووداوەکە بە ڕووداوێک دەبینرێت و تاوانێک ئەنجام درا،بەڵام لەپشتی ئەو پلانە دڕندانەیەدا دەوڵەتی ئەمریکا چ ئامانجێکی پێکا.


بۆ دەوڵەتی ئەمریکای یەک ڕەقیب لە جیھانی دوای ڕوخانی بلۆکی شوورەوی،دەست کراوەی خۆی باشتر بۆ دەھاتە بەردەم تا چۆن بخوازێت وا دەست وەرداتە وڵاتانی ڕۆژھەڵات بەگشتی و بۆخۆی بەتەنھا بتوانێت پارسەنگی ھێز بەلای خۆیدا بشکێنێتەوە. جەنگی ئەفگانستان و عێراق،لەدوای یازدەی نۆ تا ئێستا درێژەی ھەیەو ملیۆنان لە مرۆڤی سیڤیل باجەکەیان دا،بەڵام ھێشتا جەنگ لە سەرەتای خۆیدایە لە وڵاتانی ڕۆژھەڵات و نەخشەی ڕۆژھەڵاتی گەورە ھێشتا دوور مەودایە لە چارەسەری و بەقەولی دەوڵەتی ئەمریکا گواستنەوە بەرەو دیموکراسی و چەسپاندنی مافی مرۆڤ.


ئەو نەخشە ڕێگایەی دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی ھەیانە بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین،نەک ناتوانێت ڕێگا چارەسەری و ئارامی و ئاسایش بۆ ئەو کۆمەڵگایانە بنیات بنێت،بەپێچەوانەوە،بووە بەمایەی ئاشوبێک کە تا دێت تونێلە تاریک بوەکە درێژتر دەکاتەوە. چونکە دەست پێشخەری دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەرپاکردنی جەنگ،نەک لەبەر ڕزگار کردنی کۆمەڵگاکانی ئەفگانستان و عێراق بوو بێت لە دەستی ئەل قاعیدە و دیکتاتۆریەت،بەڵکو قوڵ کردنەوەی ئەو پێگانە بوو بۆ دڕێژتر کردنەوەی مەینەتیەکان بەشێوازێک کەسەر لەبەر دەرکردنی زۆر زەحمەت تر بێت. ئەوە چواردە ساڵ تێپەڕ دەبێت و قەیران و جەنگ ھەر بەردەوامە و ڕێگا چارەیش ھەر لەخەونێک دەچێت.


ھیچ کاتێک نەبوە دەوڵەتێکی داگیرکار و زلھێزی ئیمپریالیستی ھەنگاو بنێت بەرەو ڕزگاری ئەو کۆمەڵگایانەی کە لەژێر دەستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندان، چونکە کارێکی وا ڕێگای تێ ناچێت. بەرپاکردنی جەنگی کاول کاری لە دوای یازدەی سێپەمبەری دوو ھەزار و یەک،بۆ قوڵتر کردنەوەی قەیرانەکانی وڵاتانی ڕۆژھەڵات بوە و بردنی ژێر زەمینە بەپیتەکەی لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی زلھێزانەوە. لەدوای ئەو مێژووە، نەخشە ڕێگایەک داڕێژراوە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاو زلھێزانەوە،کە پێ دەچێت بەنەخشە ڕێگای سەدە ببینرێت،چونکە پێداویستی پەیدا کردنی مەوادی خاو لە شێوەی نەوت و پێک ھاتەکانی،ڕەنگە لەھەرکات زیاتر پێویستی حەیاتی ئەم سەردەمە گلۆباڵە بێت. بۆیە ژیان کردن لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا تا دێت بەرەو بێھودەیی و نائارامی زیاتر دەچێت و لەبری لەناو دانی قاعیدە،سەدان قاعیدەی تریان درووست کردوە،کەدواتر ڕوون دەبێتەوە کە کۆی ئەو گروپە تیرۆریستیانە پەیوەندیان لەگەڵ ئامانجەکانی دەوڵەتی ئەمریکاو زلھێزانی جیھاندا ھەیە.


لەم سەدەیەدا لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا کە ڕێگا چارە بۆیان ھەڵپێکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ھەنگاو نانیانە بەرەو کرانەوە و بنیات نانی کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسیەتی خۆبەڕێوەبەری،لەبەرانبەر ئەو ئامانجە مەزنەدا، ڕاسیزمی مەزھەبیان زیندوو کردوەتەوە لەگشت ڕۆژھەڵاتداو بەو تلیاکە گێژکەرە،جەنگێکی بێ کۆتاییان بەرپا کردوە. کەواتە ئەو باجەی کە خەڵکی سیڤیل دەیدات لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا،بەرھەمی ئەو پلانە نەگریسەی دوای یازدەی سێپتێمبەری دوو ھەزار و یەکەو، گەر شۆڕشێکی ڕزگاریخوازانەی کۆمەڵایەتی نەیەتە مەیدان،ئەوا ئەم سەدەیە بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵات بەتاریکترین سەدە دەبینرێت.


١١\٩\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک