په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٥\٢٠١٣

١٢٥ ساڵ زەمەن بۆ زمانێک.

هیوا محەمەد*    


٢٥ ی جولای ساڵی پار ، ١٢٥ ساڵ لە تەمەنی ساواترین زمانی دنیا واتە زمانی جیهانی ئێسپێرانتۆدا تێپەڕی، زمانێک کە لە ساڵی ١٨٨٧ لە لایەن پزیشکێکی پۆلەندیەوە بە ناوی لۆدویک لازارۆ زامێنهۆف داهێندرا و تا ئەمرۆ سەرەڕای هەموو ئەو کۆسپ و چەڵەمانەی کە هاتۆتۆسەر رێگای و بە لەبەرچاوگرتنی ساواییەکەی، خاوەنی جەمەورێکی بەرچاوە و بۆتە زمانێکی بە سوود چ لە دنیای مەجازیی ئینتەرنێتدا و چ لە دنیای راستەقینەدا. ئەم زمانە بۆتە خاوەنی کولتوری تایبەت بە خۆی و رۆژانە کاری هونەری و ئەدەبیی لە مۆسیقا و شانۆوە بگرە تا بڵاوکردنەوەی رۆژنامە و کتێبی پێ ئەنجام دەدرێت، دەیان وێستگەی رادیۆی لە برازیل و پۆلاندەوە تا چین و کوریا بە زمانی ئێسپێرانتو بەرنامە بڵاو دەکەنەوە.

پاش تەنیا ١٢٥ساڵ، ئەمرۆکە لە کۆی ٦٨٠٠زمانی زیندوی دنیا، ئێسپێرانتۆ یەکێکە لە ١٠٠زمانی خاوەن زۆرینەی قسەکەر و بەکارهێنەر. لە دنیای ئینتێرنێتیشدا بۆتە یەکێک لە زمانە پێ گەیشتووەکان و بوونی سەدان هەزار بابەتی جۆراو جۆر بەو زمانە، سەلمێنەری ئەو راستییەیە. بۆ نمونە لە گەورە ئێنسکلۆپێدیای ئینتێرنێتی واتە ڤیکی پێدیادا، بە هەبونی زیاتر لە ١٥٠هەزار بابەت و زانیاری بە زمانی ئێسپێرانتۆ، ئەو زمانەی لە پلەی ١٦ی زمانە بە سوودەکان دایە و یەکێکە لە ٦٤ زمانی بەکارهاتوو لە پرۆگرامی وەرگێڕانی گوگل واتە گوگل ترانسلەیت. هەروەها زۆر لە وێبگەر و پرۆگرامە ئینتێرنێتیەکان وەک سکایپ، فایێر فاکس و فەیسبوک ، ئێسپێرانتویان وەک زمانی بەکارهێنان، خستۆتە بەر دەستی بە کاربەرانیان. ئەوە لە کاتێک دایە زۆر لە زمانە زیندووەکان بە هەبونی رێژەیێکی زۆری قسەکەر نەیان توانیوە ئەو بەشدارییەیان لە ناو ئینتێرنێتدا هەبێت.

بەڵام ئێسپێرانتو کێیە؟ چیە و چۆن زمانێکە؟

لە ساڵی ٥٨٨١ یەکەم جار نامیلکەیەک بە ناوی ئینتێر ناتسیا لینگڤو واتە زمانی نێونەتەوەیی بڵاو بوەوە کە لە پاڵ ناوی نوسەردا نازناوی دوکتۆر ئێسپێرانتۆ نوسرابوو. بەڵێ ئەوە هەر کتێبەکەی دوکتۆر زامێنهۆف بوو کە نۆ ساڵ پێش ئەو رێکەوتە بە تەمای بڵاو کردنەوی بوو. ئەودەم زامێنهۆف نووسینەکانی خۆی سەبارەت بە زمانێکی دەستکردی جیهانی دابوو بە باوکی هەتا ڕاو و بۆچوونی ئەو سەبارەت بەو پلانە زمانیە بزانێت، بەڵام باوکی زامێنهۆف کە بۆ خۆی فرمانبەرێکی ناوەندی سانسۆری چاپەمەنییەکان بوو و، بە باشیش ئاگاداری رەوشی ئازادیی چاپەمەنی و دەربرینی بیروڕا لەو سەردەمەدا بوو، بڵاو کردنەوەی ئەو نوسراوانەی لە سەر ژیانی کوڕەکەی بە مەترسیدار دەزانی. هەر بۆیە هەموو نوسراوەکانی ئاگر تێ بەردان، بەو هیوایەی کە لە گەڵ سووتان و لە ناو چوونی ئەو تۆمارانە، بیرو هزری دروستکردنی زمانێکی جیهانیی سازکراو، لە مێشکی کوڕەکەشیدا لە ناو بچێت.

بەڵام لودویک نەتەنیا بیرۆکەی دروستکردنی زمانێکی یونیڤێرساڵی لەبیر نەکرد بەڵکو لە ماوەی چەند ساڵ خوێندنی لە زانکۆدا لێکۆلینەوەیێکی زیاتری لەو بارەوە ئەنجام دا. پاش تەواوکردنی زانکۆ لە بواری پزیشکیی چاو لە ساڵی ٥٨٨١ دا، هەموو زانیارییەکان و لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە زمان و زمانناسی خستە سەر یەک و کردی بە کتێبێکی بچووک. کتێبە بچووکەکەی بە ناوی (زمانی نێونەتەویی) بە چوار زمانی پۆڵەندی، روسی، ئینگلیسی و ئاڵمانی و، بە نازناوی دوکتۆر ئێسپێرانتۆە وەک نوسەری نامیلکەکە، بڵاوکردەوە.

زامێنهۆف ناوی ئێسپێرانتۆی هەر لە وشەیێکی ناو زمانە دروستکراوەکەی خۆی ورگرتبوو کە مانای هیوادار یا کەسی خاوەن هیوا دەدا. ئەو بە بەکارهێنانی ئەو ناوە ویستی بە هەموان بڵێت کە ئەو هیوای ئەوەیە بە سازکردنی زمانێکی هاوبەش ببێتە هۆی ئاشتی و برایەتی لە ناو گەلان و خەڵکاندا و کۆتایی بەو شەر و ناتەباییانە بێت کە خۆی و بنەماڵەکەی ساڵانێک بوو بەدەست ئەو چەشنە نەهامەتییانەوە دەیان ناڵاند.

لودڤیک زامێنهۆف لە ١٥ی دیسامبری ساڵی ١٨٥٩دا، لە شاری بیالێستۆک چاوی بە دنیا هەڵ هێنا، ئەو شارە ئەمرۆکە کەوتۆتە ناو خاکی وڵاتی پۆڵەنداوە، بەڵام ئەو دەم بەشێکی هەژار و دوا کەوتوو بوو لە هەرێمی باڵتیکی لیتوانیا، کە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی تێزاریی روسیا.


دواتر زامێنهۆف لە نامەیێکدا کە بۆ یەکێک لە هاورێکانی دەنوسێت، ئاوا باس لەو شار و ناوچەیە دەکات:

بیالێستۆک، ئەو شارەی کە لێی لە دایک بووم و سەرەتاکانی تەمەنم تێیدا بەسەر بردووە، کاریگەریێکی زۆری هەبوو لە سەر هەموو بیر و ئەندێشەکانی داهاتوم. لەم شارەدا چوار نەتەوەی روس، پۆڵەندی، ئالمان و جولەکە دەژین، هەر نەتەوەیێک بە زمانی تایبەت بە خۆی دەدوێ و لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە پێوەندیێکی دوژمنانەی هەیە. هەر مرۆڤێکی خاوەن هەست لە شارێکی ئاوادا زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە بە هۆی ئەو فرە زمانییەوە دەکەوێتە ژیر فشار و تامی نەهامەتی دەچێژێت. هەر هەنگاوێکیش کە بەرەوپێش دەچی لەوە دڵنیاتر دەبی کە هەمەرەنگی و فرەیی زمانەکان ئەگەر نەڵیێن سەرچاوەی هەموو ناکۆکی و ناتەبایی کۆمەڵگای مرۆڤی یە، لانیکەم دەکرێ وەک یەکێک لە هۆکارە بەرچاوەکانی شەڕ و پێکدادان و پێکەوەنەژیانی نەتەوەکان هەژمار بکرێت. من لە ژینگەیێکی رۆحانیدا پەروەردە بووم، لەوێدا فێریان کردبووم کە هەموو مرۆڤەکان برای یەکترین، کەچی بە پێچەوانەوە پێم دەنایە ناو هەر ماڵێک، کۆڵانێک یا شەقامێک هیچ هەستم بە برایەتی لە ناو مرۆڤەکاندا نەدەکرد. مانای مرۆڤایەتی لای هەر کام لەم نەتەوانە تەنیا دەگەڕاوە بۆ نەتەوەکەی خۆی واتە روس، پۆڵەندی، ئالمانی و جولەکە.

زامێنهۆف زمانی روسیی لە ناو بنەماڵە و پۆڵەندیشی لە کۆڵان و بازاڕەکانی ناو شاردا فێر بوو، لە قوتابخانە بە توانایی و لێهاتویێکی زۆرەوە زمانەکانی ئاڵمانی، فەرانسە، لاتین و یۆنانی فێر بوو. جگە لەوانە، لە ژێر چاوەدێری باوکیدا واتە ' ماڕکۆ زامێنهۆف' کە کەسێکی زانا بوو زمانی عیبیرش فێربوو. بە پێی سەرچاوەکان وا پێ دەچێ لودویک زمانی لیتوانیاییشی زانیبێت. ئەو توانایێکی زۆر و زانیارێکی بەربڵاوی لە بارەی زمان و زمانەوانییەوە هەبوو. تاو و توێکردنی کێشە زمانییەکان بۆ ئەو تەنیا بۆ خۆپێوەخافڵاندن نەبوو، بەڵکو ببووە ئامانجێکی گرینگ و سەرەکی.

زامێنهۆف لە یەکێکی دیکە لە نامەکانی ئاوا دەڵێ:

ئەگەر من بەشێک لە کەمینەی بەشخوراو و پەراوێزخروای جوولەکە نەبوومایە، رەنگە هەرگیز ئەندێشەی یەکخستنی مرۆڤایەتی نەهاتبایە ناو مێشکم، یاخود هەرگیز ئەم بابەتە وەسوەسەی نەدەکردم. هیچکەسێک ناتوانێ پێویستیی بوونی زمانێکی مرۆڤدۆستانەی بێ لایەن و بێ نەتەوە بە قەد جولەکەیێک هەست پێ بکات؛ ئەو کەسەی کە ناچار بووە خودای خۆی بە زمانێکی مردوو ستایش بکات، کەسێک کە مەجبوورە بە زمانی خەڵکانێک پەروەردە بکرێ کە بەردەوام دەیخەنە پەراوێزەوە، لە کۆتاییدا کەسێک کە زۆر خەمخۆری دیکەی لە سەر زەوی هەیە بەڵام ناتوانێت لەگەڵیان پێوەندی بگرێت و لەیەک تێ بگەن. هۆی سەرەکیی ئەوەی کە من هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە خۆم و ژیانم بۆ بەدیهێنانی خەونی یەکخستنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تەرخان کردووە، تەنها ئەوەیە کە من بەشێکم لە کەمینەی جوولەکە.

یەکەمین پەرتووکی خۆڕاهێنانی زامێنهۆف کە بە ناوی "زمانی نێونەتەوەیی" بڵاوبووەوە پێک هاتبو لە نامیلکەیەکی ٦٦ لاپەڕەیی کە ٢٦ لاپەڕەی بۆ پێشەکی و تەنیا ٨ لاپەڕەی بۆ شیکردنەوەی رێزمان و فێرکاری تەرخان کرا بوو. زامێنهۆف لە پێشەکیی کتێبەکەیدا باس لە گرفتەکانی بەردەم مرۆڤ دەکات لە کاتی فێربوونی زمانە سروشتییەکان و ئەو هەمو کات و پارە و وزەیە کە دەبێ کەسێک تەراخانی بکات بۆ ئەوەی تا رادەیێک شارەزایی لە زمانێکدا بەدەست بهێنێت. ئەو، زمانەکەی خۆی بە ئاسانترین زمان ناو دەبات و دەڵێ کە چیتر مرۆڤ پێویست ناکات ئەوەندە خۆی بە زمانێکەوە ماندوو بکات بۆ ئەوەی لە تێگەیاندنی ناهاوزمانەکانیدا سەرکەوتوو بێت. زامێنهۆف باس لەوە دەکات کە زمانەکەی ئەو ئەوندە سادەیە کە ئیتر تەنانەت جوتیاران و گوندنشینەکانیش دەتوانن شانازی بەوەوە بکەن کە وەک چینی بازرگان و خوێندەوارەکان بە زمانێکی نێونەتەوەیی دەدوێن، بێ ئەوەی کە خاوەنی خوێندنێکی باڵا و، پوول و پارەیێکی زۆر بن.

زامێنهۆف وای بیر کردەوە کە ئەگەر بەشێک لە کتێبەکەی بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی خوێنەرانی و بەڵێن وەرگرتن لێیان کە لە فێربوون و بڵاوکردنەوەی زمانەکەیدا پشتیوانی بن، تەرخان بکات، ئەوە دەبێتە دەستەبەرێکی باش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی. هەر بۆیە ٦ ڵاپەڕەی وەک بەشی بۆچوون نوسین سەبارەت بە پلانە زمانییەکەی دانا و داوای کرد کە هەرکەسێک لەگەڵ ئەو بیرو بۆچونانەی ئەودا کۆکە و بەڵێن دەدات زمانەکەی ئەو فێر ببێت، واژۆی بکات و لە گەڵ ناو و ئادرەسی خۆیدا بینێرێتەوە بۆ زامێنهۆف.

ئەوە بوو ماوەیێک پاش بڵاوبوونەوەی کتێبەکە کۆمەڵێک وەڵامی ئەرێنی بۆ گەرایەوە و هەر ئەوش بوو بە پاڵنەرەێکی گەورە بۆ زامێنهۆف و ئامانجەکەی.

ساڵێ ١٨٨٨ دوکتۆر زامێنهۆف دووهەم کتێبی ڕاهێنانی بڵاو کردەوە و لە هەمان ساڵدا سەرەڕای فشاری سانسۆری حکومەتی تێزاری، یەکەم ژمارەی گۆڤاری لا ئێسپێرانتیستۆ لە شاری نورێنبێرگ لە وڵاتی ئالمان بڵاو بووەوە. ساڵی ١٨٨٩ زامێنهۆف پاشکۆی کتێبی دووهەمی خۆی بڵاو کردەوە، لەوێدا رایگەیاند کە ئەوە دوایین کتێبێک دەبێ کە ئەو بۆ فێرکاری بڵاوی دەکاتەوە و لەوەبەدوا ئەوە ئیتر ئەرکی لایەنگران و هاورێیانیەتی کە خاوەنداری لە زمانەکەیان بکەن.

زمانەکەی زامێنهۆف لە ٢٨ پیت پێک هاتبوو، بنەمای زمانەکە لە سەر بنەماکانی ماتێماتیک دارێژرابوو، بەو مەبەستەی کە فێرخوازی زمان بتوانێت بە کەمترین وشەی چاوگ، زۆرترین وشەی لێکداراو پێک بێنێت. رێژەی ٧٥ لە سەدی چاوگەکان سەر بە بنەماڵەی زمانە لاتینییەکان بە تایبەت زمانی فەرانسی و لاتین و نزیکەی ٢٠ لە سەدیش سەر بە بنەماڵەی زمانەکانی ئانگلۆژێرمەن واتە ئینگلیسی، ئاڵمانی و ئەوی دیکەش لە زمانی یۆنانی و زمانە ئێسلاوییەکان وەرگیردراون، هێندێک وشەی عێبری، ژاپۆنی و هێندیش لە ئێسپێرانتۆدا بوونیان هەیە. رێزمانی زمانەکەش لە ١٦ رێسای بنەڕەتی پێک دێت کە هەمو کەسێک دەتوانێت لە ماوەیێکی زۆر کەمدا فێریان ببێت.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان فێربوونی ئێسپێرانتۆ وەکو ئاسانترین زمانی دنیا ١٠ جار لە زمانەکانی ئینگلیسی و فەرانسە ئاسانترە و، هەر مرۆڤێکی خاوەن هۆشی ئاسایی دەتوانێت ئەو زمانە لە ماوەی ١٠٠ کاتژمێر کاتی سوودمەنددا فێر ببێت.

لە ٥ی مانگی ئاگۆستی ساڵی ١٩٠٥ دا بۆ یەکەمین جار بە بەشداری ٦٦٨ کەس لە ٢٠ وڵاتی جیهانەوە یەکەم کۆنگرەی ئێسپێرانتۆ بۆ تاووتوێکردنی رەوشی ئێسپێرانتۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا بە زمانی ئێسپێرانتو لە وڵاتی فەرانسەدا بەرێوەوچوو، لەو کۆنگرەیەدا هەموو بەشداران بە کۆی دەنگ لەسەر ئەوە رێکەوتن کە ئەستێرەی سەوزی پێنج پەڕ کە هێمای ئاشتەوانی لە پێنج قاڕەی جیهان بوو، ببێتە سیمبۆلی ئێسپێرانتۆ و، هەروەها هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی ئێسپێرانتۆ. هەر لەو ساڵەوە بەرێوەچونی کۆنگرەی ساڵانەی ئێسپێرانتۆ بوو بە نەریتێک کە تا ئێستاش بەردەوامە و هەر ساڵە و لە وڵاتێک بەڕێوە دەچێت.

رەوتی بڵاوبوونەوەی ئسپێرانتو هەر لە سەرەتایەوە خێرایێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بە هۆی ئەو ئامانجە ئینسانییەی کە هاورێ بوو لە گەڵ ستراکتورێکی زمانی لەسەر بنەمای لۆژیک و زانست، ئسپێڕانتۆ کەوتە بەر دڵی زۆر لە خەڵکی وشیار و رۆشنبیر. بەڵام بە دەستپێکی شەڕی جیهانی یەکەم ، ئاگر و کاولکاری ئەو شەڕە بوو بە رێگرێک بۆ رەوتی بەرەوپێشچوونی بزاڤی ئێسپێرانتو. زامێنهۆف کۆتایی شەری جیهانیی نەبینی و لە ١٤ی ئاپریلی ساڵی ١٩١٧ بە هۆی نە خۆشی دڵەوە ماڵئاوایی لە دنیا کرد و زمانەکەی و درێژەدانی رێبازەکەی بۆ هاوبیرانی بەجێهێشت.

پاش شەڕ، رێکخراوە و گرووپە ئێسپێرانتۆییەکان دامەزرانەوە و ئێسپێرانتۆ دیسان بووژایەوە. لە ساڵی ١٩٢١ دا لە دەیەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە وڵاتی سوئیس ئەو رێکخراوەیە داوای لە تەواوی کۆمەڵەکانی خاچی سوور لە جیهاندا کرد کە هانی ئەندامانیان بدەن بۆ فێڕ بوونی زمانی ئێسپێرانتۆ. هۆی ئەو دواکارییە دەگەرایەوە بۆ ماندووبوون و فیداکاریی ئەندامانی رێکخراوەی ئێسپێرانتۆی سوئیس کە لە میانەی ساڵانی شەری جیهانی یەکەمدا هاوکار و هاوخەباتی خاچی سوور بوون لە هەموو شوێنە جەنگلێدراوەکان.

بەڵام گەورەترین شانسی بەفەرمی ناسینی ئێسپێرانتۆ کاتێک بوو کە لە دەیەکانی ١٩٢٠ی زایینی و پاش شەڕی جیهانیی یەکەم لە کۆمەڵەی نەتەوەکان بە دەستپێشخەریی نوێنەری چەند وڵات پێشنیار کرا کە ئێسپێرانتۆ وەک زمانی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە لایەن ئەو کۆمەڵەوە بە فەرمی بناسێندرێت، بەلام ئەو پێشنیارە کەوتە بەر رەخنەی توندی نوێنەرانی فەرانسا و بریتانیا و ئەوان رێگەیان گرت لەوەی پێشنیارەکە بخرێتە بەر ڕاپرسی.

بڵاو بوونەوە و پێشوازیکردن لەو زمانە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی جارێکی تر سێبەری شەڕ و ئاژاوە ئەورپا و بەشێکی زۆر لە جیهانی داپۆشی. شەری جیهانیی دووهەم و تەوژمی شەڕی وێرانکەری نێوان وڵاتە زلهێزەکان، دیسان بزووتنەوەی ئێسپێرانتۆی خستە ژێر کاریگەری خۆی و بە هۆی ئایدیۆلۆژییە نامرۆڤییەکانی وڵاتانی شەرئەنگێز، کۆمەڵێکی زۆر لە ئێسپێرانتیستەکان بە بیانووی جۆراوجۆر لە هەر دوو بەرەی شەڕدا کەوتنە بەر پەلامار. لە لایێک ئادۆڵف هیتلەر ئێسپێرانتۆی بە ئاڵتێرناتیفی جوولەکەکان لە باتی زمانە لەناوچووەکەیان (واتە عیبری) ناوزەد دەکرد و هەربەو هۆیەوە بێزاریی خۆی لەو زمانە و بەکارهێنەرانی دەردەبری و، لە لایێکی دیکەشەوە ستالین لە سۆڤیەت ئێسپێرانتۆی بە زمانی سیخوڕەکان ناو دەهێنا. ئازار و ئەشکەنجەی ئێسپرانتیستەکان لە لایان دەست وپێوەندەکانی حیزبی نازی و کۆمۆنیستەوە زەبرێکی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەکە، بەڵام هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمانە نەیانتوانی چۆک بە بزوتنەوەی ئێسپێرانتۆ دابدەن و، رێخکراو و گروپە ئێسپێرانتۆییەکان سەر لە نوێ دوای شەڕ دەست بەکار بوونەوە.

لە ساڵی ١٩٥٤ دا بۆ پەیوەندی و راوێژ لە لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ، کۆمەلەی جیهانی ئێسپێرانتۆ دادەمەزرێ و لە ساڵی ١٩٦٢ دا ئەو کۆمەڵەیە بوو بە ئەندام و
راوێژکاری فەرمی لە یونێسکۆدا. تا ئێستا یونێسکۆ لە دو بڕیارنامەی کۆتایی کۆنفرانسەکانیدا (لە سا ڵانی ١٩٥٤ لە مونتەڤیدۆ و ١٩٨٥ لە سۆفیا)، ئێسپێرانتۆی وەک زمان و بزووتنەوەیێکی بە سود پێناسە کردووە و، هاوکات داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە کە بۆ پەرەپێدانی ئەو زمانە لە وڵاتەکانیاندا تێ بکۆشن.

ئەمڕۆکە ١٢١ وڵات ئەندامی کۆمەڵەی جیهانیی ئێسپێرانتۆن و بە هەزاران تاکەکەس لە وڵاتانی دنیادا خۆبەخشانە بۆ بڵاوکردنەوە و ناساندنی ئێسپێرانتۆ بە خەڵکانی دیکە هەوڵ دەدەن.


ئێسپێرانتۆ لە ماوەی تەمەنی کەمی خۆیدا توانی بکەوێتە بەر دڵی زۆ کەسایەتی ئاشتیخواز و بلیمەتی وەکو مهاتما گاندی، لێوتولستۆی، رومن رۆلان و ئالبەرت ئانشتاین و هتد.

لەو بارەوە مهاتما گاندی ئاوا دەلێت:

من لەگەڵ رۆژمێرێکی یەکسانم لە تەواوی جیهاندا، هەربەو شێوەیەش لەگەڵ یەکسانیی سەنگی وڵاتانم لە بواری زمانیدا، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش پێویستیمان بە زمانێکی هاوبەشە وەک ئێسپێرانتۆ.

لە بواری زانست دا هەر لە سەرەتای بەدی هاتنیەوە، ئێسپێرانتۆ پێشوازیێکی بەرچاوی لە لایەن زانایانەوە لێ کرا. ئەوە بوو لە یەکەم هەنگاودا لە ساڵی ١٩٢١ ئاکادێمیای زانستیی فەڕانسا پشتیوانیی لە بەکارهێنانی ئێسپێرانتۆ کرد و پێشنیاری کرد کە زانایانی ئەو وڵاتە کەڵک لەو زمانە وەربگرن، سێ ساڵ دواتر ٤٢ ئەندامی پلە بەرزی ئەم ئاکادمیاییە لەراگەیاندراوێکدا رایانگەیاند کە " پەسەندکردنی زمانی ئێسپێرانتو وەک زمانی یاریدەدەر لە پێوەندیتە نێونەتەوەییەکاندا دەتوانێت ئاکامێکی زۆر گەورەی هەبێت بۆ بووژانەوە و پێشکەوتنی زانستەکان.

ساڵی ١٩٥٠ ، لیژنەی زانستی ژاپۆن بە کارهێنانی ئێسپێرانتۆی بە هەمووان پێشنیار کرد، لە ساڵی ١٩٥١دا زیاتر لە دوو هەزار زانای چینی لە راگەیاندراوێکدا داکۆکیان کرد لە پێویستیی بە کارهێنانی زمانی ئێسپێرانتۆ. هەروەها لە یەکەمین کۆنفرانسی نێونەتەویی سەبارەت بە کێشەکانی زمان کە ساڵی ١٩٥٢ لە کۆپێنهاگێنی پایتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو، ئێسپێرانتو وەک باشترین رێگە چارە بۆ کێشەی پێوەندیکردن لە نێوان نەتەوەکاندا ناسێندرا.

ئەمرۆکە زیاتر لە ١٦٠ فەرهەنگی وشەی تایبەت بە زانستە جۆراوجۆرەکان لە یاساوە بگرە تا ئێلێکترۆنیک و پزیشکی بە ئێسپێرانتۆ بوونی هەیە . لە سەدان زانکۆی گەورەی جیهاندا ئێسپێرانتۆ لە پاڵ زمانەکانی دیکەدا دەوترێتەوە و وەک زمانێکی یاریدەر کەڵکی لێ وەردەگیرێت. لە ناو ئەو توێژەر ولێکۆلەرە بە ناوبانگانەی دنیادا کە ئێسپێرانتۆزان بوون، دەکرێ ئاماژە بە ناوی کەسانێکی وەک رینهارد ساڵتێنی ئاڵمانیایی خاوەن خەڵاتی نۆبێل لە بواری ئابوری، ویلیام ئوستوالدی لاتڤیایی خاوەن خەڵاتی نۆبێلی بواری کیمیا، دانیێل بۆڤێتی ئیتالیایی خاوەن خەڵاتی نۆبێلی پزیشکی و جۆرج سۆرۆس ئابوریناسی بە ناوبانگ کە یەکێکە لەو دەگمەن کەسانەی کە زمانی زگماکیان ئێسپێرانتۆ بووە، بکەین.

لە بواری ئەدەبدا، ئێسپێرانتۆ بە هۆی تایبەتمەندییەکی دیاریکراوییەوە کە بە ئاسانی دەکرێ توخمە زمانییەکانی لەیەک بدرێن، توانیویەتی جیاوازیێکی بەرچاو لە نێوان خۆی و زمانەکانی دیکەدا پێک بهێنێت. بە پێی پێکهاتەی ئەو زمانە، هەر چاوگێک دەتوانێت تا ٣٥٠ وشەی دیکەی لێ دروست بکرێت، هەر بۆیە نووسەر و هەڵبەستوان وا لێ دەکات کە بە ئارەزوی خۆی بۆ رازاندنەوەی نووسینەکەی کەڵک لە وشەکان وەربگرێت.

ئەدەبیاتی ئێسپێرانتۆ وەکوو هەموو زمانێکی دیکە بریتیە لە دوو بەشی وەرگێڕدراو و نووسراو.

وا مەزەندە دەکرێ کە تا ئێستا لانیکەم ١٣٠٠٠ بابەتی ئەدەبی وەرگێردرابێتە سەر ئێسپێرانتۆ، ئەو بابەتە وەرگێردراوانە بەربڵاوترین گوڵبژێری ئەدەب و کولتووری جیهانی پێک دەهێنن. ئەمرۆ ئیتر کەم رێ دەکەوێ بەرهەمێکی بە ناو بانگ لە دنیادا بونی هەبێت و بۆ سەر زمانی ئێسپێرانتۆ وەرنەگێردرابێت و لە کتێبخانە گەورەکانی ئێسپێرانتو لە ڤیەن، پراگ، لەندەن، رۆتێردام و دوبلین یان تۆکیو تۆمارنەکرابێت.لە دنیای ئەدەب و وەرگێڕاندا زۆر بە کەمی رێ دەکەوێ قسەکەری زمانێک کە کتێبێک بە زمانەکەی ئەو نوسراوە ئەو توانایەی تێدا بێت کە کتێبێک لە زمانی خۆیەوە بە زوڵاڵی و جوانی وەرگێرێتەوە سەر زمانێکی بێگانە، ئەمە لە کاتێک دایە کە لە ئێسپێرانتۆدا شێوازی وەگێڕان بەو شێوەیەیە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە لە وەرگێرانی ئێسپێرانتۆدا زەرافەت و وردەکارییەکانی زمانی ئەسڵی لە تەرجومەدا خۆدەرخەن، هۆیەکەشی هەر دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە وەرگێڕ خۆی قسەکەری ئەو زمانەیە و بە باشی دەتوانێت لە وردەکارییەکانی زمانەکە تێ بگات. بۆ نمونە بە تەنیا کەسێکی فینلاندی زمانی وەک یوهان لێپاکۆسکی دەتوانێت ئەفسانای 'کالێ ڤالا' بەو پەڕی وردبینی و زەرافەتەوە لە زمانی دایکیی خۆیەوەو وەریگێرێتە سەر ئێسپێرانتۆ بە بێ ئەوەی چاو لە هیچ وردەکاریێکی زمانەوانی یان تەنانەت نەوای دەقەکە بپۆشێت. ئەوە تەنیا یەک نمونەیە لە سەدان نمونەی ئەدەبی کە ساڵانە وەردەگێڕدرێن و ناکرێ لێرەدا بە هۆی زۆرییەوە باس لە هەمویان بکرێت، هەر ئەوەندە بۆ سەلماندنی ئەو راستییە بەسە کە ئاماژە بەوە بکەین بۆ نمۆنە لە وڵاتی چین ساڵانە نزیک ٢٠٠ کتێب لە زمانی چینیەوە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی ئێسپێرانتۆ.

هەر وەها سەبارەت بە نووسینی دەق بەو زمانە وەک زمانی ماک، نوسەران و شاعیرانێکی گەورە بەرهەمەکانیان بە زمانی ئێسپێرانتۆ نووسیوە و هۆنراوەیان بەو
زمانە هۆنیوەتەوە و بوونەتە ئەوینداری ئەو زمانە. کەسانێکی وەک شاعیر و نووسەری سکاتلەندی ویلیام ئاولد کە تا ئێستا چەندین جار بە هۆی نووسینە ئەدەبییەکانی بەزمانی ئێسپێرانتۆ کراوە بە پاڵێوراوی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل، یاخود جۆن تاڵکینی نوسەر و زمانناسی بریتانیایی و بەدیهێنەری کتێبی (ئاغای ئاڵقەکان) و لیۆ تۆلستۆی گەورە نووسەری روس.

تۆلستۆی هەر لەم بارەوە ئاوا باس لە ئێسپێرانتۆ دەکات: "ئەو کات و وزەیەی کە مرۆڤ دەبێ تەرخانی بکات بۆ فێر بوونی ئێسپێرانتۆ زۆر کەمە، لە هەمان کاتدا ئەو دەستکەوتانەی لە ئەنجامی فێربوونی ئەو زمانەدا بەدستیان دەهێنێت بە رادەێک زۆرن کە مرۆڤ ناتوانێت هەوڵ بۆ فێربوونی ئەو زمانە نەدات. من خۆم کاتێک نامیلکەی فێربوونی ئێسپێرانتوم دەست کەوت، لە ماوەی دوو کاتژمێردا توانیم دەست بە خوێندنەوە و نوسین بەو زمانە بکەم.".

ئەمڕۆکە ئێسپێرانتۆ سەرەڕای تەمەنی کەمی و نەبوونی پاڵپشتی هیچ وڵات و هێزێک توانیویەتی خاوەنی جیگەو پێگەیێکی تایبەت بە خۆی بێت لە ناو دنیای زمانە سروشتی و دەستکردەکاندا، ئەگەر چی بە بەراورد لەگەڵ هەندێ زمانی دیکە مەودای درەوشانەوەی ئەستێرەی ئێسپێرانتۆ هێشتا هەر نەگەیشتۆتە ئاستی خۆی، بەڵام بە هۆی ئاڵوگۆرە نوێیەکان لە پرۆسەی بەجیهانیبوون و هاتنەمەیدانی تێکنۆلۆژیای ئینتێرنێت، شانسێکی دیکە رووی لە ئێسپێرانتۆ کردووە تا کارێک بکات بەڵکو جارێکی دیکە هەمووان ئاوڕ لە راستی و پێویستیی زمانێکی هاوبەش بدەنەوە.

پرۆفیسۆر کلاود پیرۆن دەرونناس و یەکێک لە وەرگێڕە پلە بەرزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکات بە یەکێک لە ئێسپێرانتۆلۆگە گەورەکان پێناسە دەکرێ، ئاوا باس لە ئێسپێرانتۆ و راستیی رەوشی زمان لە دنیای ئەمرۆدا دەکات:

رێژەی جەماوەری ئێسپێرانتۆزان نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەبێ و، ئەو جەماوەرەش بە چوارگۆشەی دنیادا پڕژ و بڵاوبوونەتەوە. پیرۆن دەڵێت: فێربوونی زمانێکی نێونەتەوەیی لە کاتێکدا کە مەودای ئاخاوتنێکی بەردەوام بەو زمانە لە ئاڕادا نیە، بێ هیوایێکی زۆر دروست دەکات. بەڵام ئێستا ئینتێرنێت ئەو بارودۆخەی بە تەواوی گۆریوە، ئەمرۆکە هەرکەسێک دەتوانێت بە هۆی ئێنتێرنێتەوە لەگەڵ کەسانی دیکە لە هەر شوێنێکی دنیادا گفتوگۆ بکات، رێک وەک ئەوەی لە رێستورانێک دانیشتبێتن.".

کلاود پیرۆن پێی وایە کە بوونی ئەو هەموو زانیاریانە بە زمانی ئێسپرانتۆ لە ناو ئینتێرنیتدا یاریدەدەرێکی گەورە بووە بۆ لەناوبردنی ئەو روانگە کڵێشەییانەی کە دژ بەم زمانە بوونیان هەیە، روانگەگەلێکی وەک ئەوە کە ئێسپرانتو زمانێکی وشک، بێ گیان، دواکەوتوو و بەدەر لە تواناییەکانی زمانی دایکییە؛ ئەوەی کە ئێسپێرانتۆ زمانیکی ئەوروپاییە و بە کەڵکی خەڵکانی دەرەوەی ئەوروپا نایات و، لە کۆتاییشدا ئەوەی کە زمانێکی نێونەتەوەیی بە ناوی ئینگلیزی بوونی هەیە.

پیرۆن دەڵێت: "ئەو باوەڕە کە ئینگلیزی لە هەموو جێگایێکی دنیا قسەی پێ دەکری زێدەڕۆییەکی گەوریە و لە قسەیێکی زل زیاتر نیە. ئەمە بۆچوونێکی سەلمێندراوە و ئەگەر هەنگاوێک بۆ ئەو دیوی دنیای سیاسەت و بازرگانی بنیێن، دەبینین کە بەشی زۆرینەی خەڵکی ئەم سەر زەوییە ئینگلیزی نازانن و ئەوانەش کە دەیزانن ددان بەوەدا دەنێن کە گەیشتن بە ئاستێکی باش لەو زمانەدا چەندە کارێکی دژوارە.

من بەردەوام لەو مازۆخیسمەی (چێژبردن لە ئێش و خۆ ئازاردان) مرۆڤەکان لە ئاست زماندا سەرم سوڕدەمێنێت.

لە کاتی ئێستادا جگە لەو دەرفەتەی کە ئینتێرنێت بۆ ئێسپرانتۆزانانی رەخساندووە بوونی ئەنجومەنە جۆراوجۆرەکان ئەو هەلەی بۆ خەڵک رەخساندووە کە پێداویستییە زانستییەکانیان لە کەمترین کاتدا بەدەست بێنن، ئەنجومەنگەلێکی وەکوو ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی پزیشکانی ئێسپێرانتۆزان، ئەنجومەنی جیهانیی مامۆستایانی ئێسپێرانتۆزان، ئەنجومەنی زانستیی ئێسپێرانتۆزانان، ئەنجومەنی نێودولەتیی رۆژنامەنووسانی ئێسپێرانتۆزان و دەیان ئەنجومەنی دیکە کە زانیاریی تایبەت دەخەنە بەر دەستی هۆگرەکانیان و بەردەوام گۆڤار و بڵاوکراوەکانیان لە سەرانسەری دنیادا بڵاو دەبنەوە. هەروەها بڵاو بوونەوەی سەدان رۆژنامە، گۆڤار، مانگنامە، وەرزنامە و کتێب لە بوارە جۆراوجۆرەکان بە ئێسپێرانتۆ و بوونی چەندین رادیۆ لە ئەمریکای لاتین، ئەوروپا و ئاسیا ئەو هەلە بۆ هەر شارەزایێکی زمانی ئێسپێرانتۆ دەرەخسێنێت کە لە دۆخێکی یەکساندا کەڵک لە زانست و تەکنیکەکان وەربگرێت.

ئێسپێرانتۆ لە کوردستان.

بە پێی یادداشتەکانی ئارچبالد روزوێڵت سەبارەت بە کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەمەد کەسێک بووە کە شارەزایی لە چەند زماندا و لە ناو ئەواندا ئێسپێرانتۆ هەبووە. لەو بارەشەوە خاتوو "مینای قازی" هاوسەری قازی محەمەد چەند ساڵ لەمەوبەر لە وتووێژێکی رۆژنامەنووسی لە گەڵ رۆژنامەنووس کاکشار ئۆراماردا، ئاوا باس لە قازی دەکات:" پێشەوا ئاگاداری رەوشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوریی جیهان بوو، ئاگای لەو گۆڕانانە بو کە لە جیهاندا رویان دەدا، دەیتوانی بە حەوت زمانی ئینگلیزی، رووسی، فەرانسەوی، عەرەبی، تورکی، فارسی و ئازەری قسە بکات و بخوێنێتەوە و لە کاتی سەرۆک کۆماریدا دەستی بە فێربوونی ئێسپێرانتۆ کردبوو. بۆ دڵنیابوون لەو قسانەشم دەتوانن سەردانی کتێبخانەکەی بکەن و بەو زمانانە کە من باسم کردن نوسین و کتێب لە سەر بابەتی جۆراو جۆر پەیدا بکەن."

بە بڕوای هێندێک کەس، ناسیاویی پێشەوا قازی لە گەڵ ئەحمەدی کەسرەوی، نوسەر و روناکبیری ئەودەمی ئێران کە لە هەمان کاتدا یەکێک بووە لە یەکەم ئێسپێرانتۆزانە ئێرانییەکان، بۆتە هۆی ئاشنابوونی قازی محەمەد لەگەڵ ئەم زمانە. لە کوردستان و کۆمەڵگای کوردەواریدا بە هۆی رەوشی تایبەتی کۆمەڵگا، خەمە تایبەتییەکانی تاکی کورد و خەباتی ئەو بۆ چەسپاندنی مافی بنەڕەتیی خوێندن بە زمانی زگماکیی خۆی و ئەو هۆکارانەی کە بەردەوام رێگر بوون لە بەرەوپێشەوەچوونی کۆمەڵگای کوردی لە گشت بوارەکانی زانستدا، زمانی ئێسپێرانتۆ بە شێوەی شیاوی خۆی لە لای کوردەکان نەناسراوە و، رێژەی ئەو کەسانەی شارەزای ئەو زمانەن تاقمێکی کەمن کە زۆربەیان نیشتەجێی رۆژهەڵاتی کوردستانن. هەر لەو پارچەیەی کوردستان لە سەرەتای ساڵانی ٨٠ی زاینیدا تەنیا کتێبی سەبارەت بەو زمانە بڵاو بووەوە کە فەرهەنگێی وشەی ئێسپێرانتۆ بە کوردی بوو.

وەکوو دوا وتە و روو لە خەمخۆرانی زمانی کوردی، جێی خۆیەتی بڵێین؛ مادام ئەوان جارێ خەمی زمانێکی هاوبەش و جیهانییان نیە، هیچ نەبێ چاو لە مێژووی ئەم زمانە دەستکردە بکەن کە چۆن توانی بە هیممەتی یەک تاکە کەس ساز ببێت و، ببێتە خاوەنی ئاکادێمیا و ستانداردی تایبەتی خۆی، ئەویش بە بێ ئەوەی دەوڵەتێک، دەسەڵاتێک یا حیزبێکی لە پشتەوە بووبێت.

ئاخۆ تۆ بڵێی کارکردن بۆ دروستکردنی زمانێکی ستانداردی کوردی، ئەویش پشتگەرم بەو هەموو هێز و توانا ماددی و رۆشنبیرییەی کۆمەڵگا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێشتا کارێکی ئەوەندە قورس بێت؟

ناوەکان:
Esperanto
Archibald roosevelt
Claude piron
J.R.R.Tolkien
Leo Tolstoy
Wiliam auld
johan leppäkoski
Kalevala
Deniel bovet
Reinhard selten
wilhelm ostwald
Georg soros
League of Nations
Universala esperanto kongreso
La esperantisto
Marko Zamenhof
Bialystok
Internacia lingvo
Ludwil Lajzer ZAMENHOF

Universala Esperanto Asocio


ئەنجومەنی نێودەوڵەتی پزیشکانی ئێسپێرانتۆزان UMEA
ئەنجومەنی جیهانی ماموەستایانی ئێسپێرانتۆزان ILEI
ئەنجومەنی نێودولەتی رۆژنامەنوسانی ئێسپێرانتۆزان TEJA
ئەنجومەنی زانستی ئێسپێرانتۆزانان ISAE

__________________________________________

* هیوا محەمەد: مامۆستای زمانی ئێسپێڕانتۆ و نوێنەری پێشووی ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی ئێسپێڕانتۆ لە کوردستان.

 

 

hiwa_muhammad@ymail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک