په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٤\٢٠٢٥

١٢ی نیسان لاپەڕەیەکی نوێ لە خەبات

بۆ مافەکانی ژنان لە کوردستان دەستپێدەکا!
- پەیام بۆ کۆنفرانسی دامەزرینەری رێکخراوی سەربەخۆی ژنان -

 

ژنانی یەکسانییخواز!
بەشداربوانی کۆنفرانس!

بە گەرمیی پیرۆزبایی بەستنی یەکەمین کۆنفرانسی دامەزرێنەری رێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە ئێوە هەڵسوراوانی ماندوونەناس و بەرگریکاری مافەکانی ژنان و لە ژنانی یەکسانییخواز دەکەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو ژنانە دەکەم کە دەمێکە چاوەڕێی ئەوەن کە جێگای ڕێکخراوێکی خەباتکاری ژنان لە کوردستاندا بە چۆڵیی نەمێنێتەوە، رێکخراوێك کە بچێتە جەنگی هەموو بێمافیی و ستەمکارییەکان بە دژی ژنان، بچیتە جەنگی کۆنەپەرستی و پیاوسالاریی و بێڕێزییکردن بە کەسایەتیی ژنان.


لە راستییدا ئێوە ریزێك لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بە ئەزموونن کە دەستان پڕە لە بواری رووبەرووبوونەوە بە دژی ئەو نەریتە ژەنگرتوە دژە ژنییەی لە کوردستاندا لە لایەن کۆنەپەرستانەوە برەوی پێدەرێ. مێژوویەکی پڕ شانازییتان هەیە لە بواری وەستانەوە دژی کۆنەپەرستیی، پیاوسالاریی، توندوتیژیی دژی ژنان و ژنکوژیی و بەرگریی لە شکۆ و ماف و ئازادییەکانی ژنان لە کوردستان... ئێوە بە یەکگرتوویی، لە دژی ئەو توندوتیژییە سیستماتیکییەی بەرامبەر بە ژنان کە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ کۆمەڵگاکەمانی داگرتوە، دەتوانن بەر بە کوشتنی نامووسیی، دەستدرێژیی بۆ سەرمافەکانی ژنان و تەوقی خنکێنەری پیاوسالاریی تێکبشکێنن.. پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان دەنگی ئەو ژنانە گەورەتر دەکات کە لە ترسدا بێدەنگ کراون، لە کۆکردنەوەی دەنگە پەراویزخراوەکان کە لە ژێر ئەم سیستەمە ستەمکارانەدا ئازاریان چەشتووە. ئیوە ئەمرۆ بەم هەنگاوەتان بانگەوازی کۆمەڵگا دەکەن کە ئیتر رەتیدەکەنەوە دان ئایندەیەکدا بنێن  کە ژنان لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژین و سەرکوت و خەفەبکرێن.

هاورێیانی یەکسانییخواز!

ئەمرۆ ئێوە سەرەتای جووڵانەوەیەك دەست پێدەکەن کە چیدی بەرگەی کوشتنی ژنان ناگرێ بە ناوی ‘شەرەف’ەوە، بەرگەی ئەو هەموو توندوتیژییانە ناگرێ کە لە پشتی دەرگایە داخراوەکانەوە پەرەیسەندوە. بەرگەی یاسا و ریسایەکی کۆنەپەرستانە ناگرێ کە بەشوودانی منداڵان یاسایی دەکا، بەرگەی مووچە و کرێی کەمتری ژنان  لە پیاوان ناگرێ، بەرگەی ئەو توندوتیژییانە ناگرێ کە رۆژانە بەرانبەر ژنان و نیوەی کۆمەڵگا دەکرێن.


ئیوە نیشانی دەدەن کە ژنانی کوردستان هەڵوێستیان هەیە بە دژی پیاوسالاریی، بە دژی ستەم و دژی ئەو بێدەنگییەی کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی ئەو جۆرە دڕندەییانە دەدا. ناتانەوێ کڕنۆش بۆ ئەو سیستەمە بەرن کە ژنان دەکاتە پلە دوو.


ماوەتەوە بڵێم دیمەنەکانی رۆژانەی دۆخی خراپی ژنان لە کوردستان ڕاچلەکێنەرە. لێرەوە ئومید و چاومان لە هەنگاو بە هەنگاوی سەرکەوتنی کاری کۆنفرانسەکەتانە بۆ دامەزراندنی بە کردوەی رێکخراوەیەك کە هێرش بۆ سەر فەرهەنگێکی دواکەوتوو بەریبخا تا دەستی لە ئازادیی گیرببی، شەرێکی سیاسی و کۆمەلایەتی بۆ دادپەروەریی بەرێبخات کە چیدی رێگا نەدا مافەکانی ژنان پشتگوێ بخرێن... بە دەنگی بەرز بە دەسەلاتداران ڕابگەیەنێ مافەکانی ژنان دانوستانیان لەسەر نییە... داهاتوویەکی گەش چاوەروانە بۆ لەمەحەكدانی کۆششی نەوەستاوتان بۆ پچڕاندنی ئەو زنجیرانەی کە کۆمەڵگە لە پیشکەوتن ڕادەگرن. کاتی گۆڕانکارییە، گورانکارییەکی دوور لە توندوتیژیی و ترس. دەبا قۆناغی داهاتوو قۆناغی ئیوە بێ لەوەرچەرخان بۆ یەکخستنی ژنان لە خەبات بۆ مافەکانیان، ئەو توانایەتان هەیە جێگای چۆڵی رێکخراوەیەکی جەماوەریی خەباتگیر پربکەنەوە و بەربەستەکانی ستەم و چەوساندنەوە تێکبشکێنن.


باپیکەوە مافەکانمان وەربگرینەوە.
سەرکەوێ کۆنفرانسی رێکخراوی ژنانی سەربەخۆ.


دەشتی جەمال
سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی



 

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک