٣\١١\٢٠٢٤
شازدەهەمین
لوتکەی بریکس لە کازان.
- بریکس ٢٠٢٤ -

عامر سابیر
لە ٢٢ بۆ ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە شاری کازان، لە ڕوسیا شازدەهەمین
لوتکەی ئەو ڕێکخراوە لە ژێر دروشمی "بەهێزکردنی فرەلایەنی بۆ گەشەپێدان
و دادپەروەری و ئاسایشی جیهانی"(١) بەسترا. میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا
و ئەمەریکا خۆیان پاراست لەوەی هیچی لە بارەوە بڵێن و هیچ باسیان
نەکرد.
یەکەم لوتکەی وڵاتانی (بریک) لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بەسترا کە پێکهاتبوو لە
بەرازیل، ڕوسیا، هیندستان و چین. لە لوتکەی دووەمدا کە لە ٢٠١٠دا
بەسترا، باشوری ئەفریقیاش زیاد کرا و ناوی ڕێکخراوەکە بوو بە (بریکس).
کە ناوەکە (بریکس) لە یەکەم پیتی ناوی ئەو پێنج وڵاتەوە هاتووە.
لە لوتکەی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) کە کۆبوونەوەیەکی گەورەتر بوو، نزیک بە
نوێنەری ٣٦ وڵات لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، لەگەڵ
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تیادا بەشدار بوو. چوار وڵاتی تر
کە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە زیارکرابوون بۆ ڕێکخراوەکە (ئیمارات،
ئەسیوپیا، ئێران، میسر) بە ڕەسمی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون.
ئەرجەنینیش کە بڕیاربوو هەر لەمساڵدا ببێتە ئەندامی بریکس، بەڵام
داواکەی کشاندبۆوە، لەپاش ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا
سەرۆکێکی باڵی ڕاست و پڕۆ ئەمەریکا هاتە سەرکار (خافێر میلەی کە بە
ترامپی ئەمەریکای باشور ناسراوە). سعودیەش کە بە ڕەسمی داوای کردوە
ببێتە ئەندامی (بریکس) بەڵام تا ئێستا بە ڕەسمی وەڵامی نەدراوەتەوە،
تەنها بە وەزیری دەرەوە بەشداری ئەم کۆبوونەوەیەی بریکسی کرد لە کازان
لە ڕوسیا. تا ئێستا زیاتر لە دوو دەرزەن وڵاتانی تر داوایان کردووە یان
بە نیازی داواکردنن تا پەیوەستبن بە (بریکس)ەوە وەک مالیزیا و تورکیا و
ئازەربایجان و تایلاند .....هتد.
بە پێی پێشبینییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی (کە دوو
نیهادی سەر بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوان) گەشەی ئابووری بۆ ئەمساڵی
٢٠٢٤ بۆ وڵاتانی بریکس ١٩.٢٪ بەم شێوەیە (بەرازیل ٣٪، ڕوسیا ٣.٦٪،
هندستان ٧٪، چین ٤.٨٪، ئەفریقای باشور ١.١٪). گەشەی ئابووری وڵاتانی
(جی٧) تەنها ٧.٣٪، بەم شێوەیە (بەریتانیا ١.١٪، ئەمەریکا ٢.٨٪، فەرەنسا
١.١٪، یابان ٠.٣٪، ئەڵمانیا ٠.٠٪، کەنەدا ١.٣٪، ئیتالیا ٠.٧٪). واتە
ئابووری (بریکس) بە خێرایی نزیک لە سێ هێندە زیاتر لە (جی٧) گەشە
ئەکات.
لە ساڵی ١٩٩٢دا ئابوری وڵاتانی بریکس تەنها ١٦.٧٪ ئابووری هەموو جیهان
بوو، لەبەرانبەردا ئابووری (جی٧) ٤٥.٥٪ هەموو ئابوری جیهان بوو. بەڵام
لە ساڵی ٢٠٢٣ دا گەورەیی ئابووری بریکس بووە بە ٣٧.٤٪ ی ئابووری هەموو
جیهان، وە لە بەرانبەردا ئابووری (جی ٧) تەنها ٢٩.٣٪ ئابووری جیهانە.
جیاوازی گەورەیی ئابووری بەینی ئەم دوو بلۆکە بەردەوام لە
فراوانبوونەوەدایە. بریکس لە هەڵکشاندایە و (جی ٧) لە
هاتنەخوارەوەدایە.
وڵاتانی بریکس لە کۆتایی لوتکەی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) ڕاگەیاندنێکی ٣٣
لاپەڕەییان بڵاوکردەوە کە بە (ڕاگەیاندنی کازان- کازان دیکلەرەیشن)
ناسراوە و ١٣٤ خاڵ لە خۆ دەگرێ.
ڕێکەوتنی چین و هیندستان لەسەر هاوکاریکردنی یەکتر بۆ چاودێری سنووری
نێوانیان لە لایەن هەردوولاوە بە خاڵێکی پۆزەتیڤ باس ئەکرێ. لە ساڵی
٢٠٢٠دا کە لە سەر ناکۆکی نێوانیان چەندین سەربازی هەردوولا کوژرا، ئەم
ڕێکەوتنە گرینگە بۆ بریکس کە ئەمەریکا و بەریتانیا بەردەوام ویستویانە
ئەو کێشەیەی کە بەریتانیا لە کۆندا خوڵقاندوویەتی لە بەینیاندا
بەکاربهێنن و هیندستان ڕاکێشنە بەرەی خۆیانەوە.
خاڵێکی تری ڕاگەیاندنەکەیان لەسەر هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێیە
بۆ پارەدانی نێوان وڵاتان کە پشت بە دۆلاری ئەمەریکی نەبەستێ. تا ئێستا
ئەمەریکا بەتایبەت و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا کۆنترۆڵی سیستەمی
پارەدانیان کردووە لە جیهاندا کە لە ڕێگەی سیستەمی (سویفت)(٢) ەوە
کۆنترۆڵی هەموو جووڵەیەکی پارەیان کردوە لە تەواوی جیهاندا. بە تایبەت
لە دوای کەوتنی یەکێتی سۆڤییەت و بوونی ئەمەریکا بە تاکە جەمسەر و
پۆلیسی جیهان لە ١٩٩١ەوە، ئەمەریکا بەردەوام ئەم سیستەمەی هاوکێشی
گەمارۆ ئابوورییەکانی کردووە و لە دژی هەموو نەیارەکانی بەکارهێناوە و
داخوازییەکانی خۆی سەپاندووە بەسەر ئەوەی ویستوویەتی و کەس نەبووە لە
بەرانبەریدا بوەستێتەوە و وەک ئامرزای کودەتا و سیاسەتی ڕژێم چەینج
بەکاریهێناوە.
لە سەروبەندی بەستنی لوتکەی بریکس ٢٠٢٤دا، قسەکەری وەزارەتی دەرەوەی
ئەمەریکا (ڤیدانت پەتێڵ) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە "پەرەپێدانی
جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی سویفت و تێکدانی ڕۆڵی دۆلار هەڕەشە لە دیموکراسی
ئەکات و ئەمەریکا ناتوانێت ڕێگەبدات ئەوە ڕووبدات"(٣). ئەمەریکا تەنها
هەڕەشە و شەڕ و ملهوڕی سەربازی بۆ ماوەتەوە کە سیاسەتەکانی پێ بەرێتە
پێشەوە.
لە ٨ی حوزەیرانی ١٩٧٤دا سعودیە و ئەمەریکا گرێبەستێکی ٥٠ ساڵەیان
واژۆکرد لەسەر ئەوەی کە سعودیە نەوتەکەی بە دۆلاری ئەمەریکی بفرۆشێ و
ئەو پارەیەی کە لە نەوت دەستی ئەکەوێت ئەبێت لە ئەمەریکا دایبنێ و لەوێ
بیخاتە گەڕەوە. لە ٨ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەو گرێبەستە کۆتاییهات و
سعودیە پەیماننامەکەی تازە نەکردەوە. ئەمە لەپاڵ هەڵکشانی بریکسدا
هێمایەکی تری دابەزینی نەخشی دۆلاری ئەمەریکا بوو لە جیهاندا. بۆیە
ئێستا زۆر لە بانکی ناوەندی وڵاتانی جیهان لە هەوڵی گۆڕینی یەدەگی
پارەکانیانن لە دۆلاری ئەمەریکییەوە بۆ شتی تر.
بە دوای شەڕی ئۆکرانیا و داسەپاندنی دایکی هەموو گەمارۆ ئابوورییەکان
بەسەر ڕوسیادا لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، هاوکاری نێوان
وڵاتانی (بریکس) پەرەیسەند و وڵاتانی بریکس بە پارەی وڵاتانی خۆیان و
بە بێ بەکارهێنانی سیستەمی سویفت و دۆلاری ئەمەریکی ئاڵوگۆڕی شتومەک
ئەکەن. ئەمە نەخشی دۆلاری ئەمەریکای هێناوەتە ئاستێکی خوارتر و نەخشی
ئەو چەکە کوشندەیەی ئەمەریکا (واتە گەمارۆی ئابووری) کە لە دژی روسیا
بەکاریهێنا، پووچەڵ کردەوە. ئەگەر وڵاتانی جیهان بکەی بە چوار بەشەوە،
سێ بەشی کەوتۆتە بەر گەمارۆی ئابووری و هێڕشی سەربازی و بەرپاکردن و
هەوڵدانی کودەتا بۆ گۆڕینی ڕژێمەکانیان و دانانی کەسانی سەر بە خۆیان.
جیاوازییەکی بنچینەیی ئەمەریکا و (جی٧) لەگەڵ چین و بریکس، ئەوەیە کە
ئەمەریکا بەردەوام ویستوویەتی کە لیبرالیزم و دیموکراسی
پەرلەمانییەکەیان بەزۆر بە هەموو جیهاندا بڵاوبکەنەوە و هەموو کەس وەک
خۆیان لێبکەن و لەم پێناوەدا شەڕ و تیرۆر و داگیرکاریی و گەمارۆی
ئابووری پیادەکردووە. لە بەرانبەردا چین و بریکس باوەڕیان بەوە نییە کە
دەستخەنە نێو کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ترەوە، باوەڕیان بە جیاوازیی و
هەمەڕەنگیی هەیە و بۆ نمونە سیستەمی بەڕێوەبردن لە چین بە بەراورد بە
هیندستان زۆر جیاوازە، سیستەمی بەڕێوەبردن لە ڕوسیا بە بەراورد بە
بەرازیل و باشووری ئەفریقا زۆر جیاوازە و ئەمانە کێشەیان نییە تا خۆیان
وەک یەک لێبکەن، یان کەسانی تر وەک خۆیان لێبکەن.
بەرزبوونەوەی بریکس و لێژبوونەوەی ئەمەریکا و جی٧، گۆڕانکارییەکی
گەورەی ئابووری و سیاسی و جیۆپۆلیتیکی نێو چینی بۆرژوازی جیهانی
ئەمرۆیە کە کاریگەریی گەورە لەسەر هەموو شتەکان دادەنێت، لە نێویشیدا
تێکۆشانی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکەی بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی
کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و بنیاتنانی سۆشیالیزم و جیهانێکی باشتر. ئەم
گۆڕانکارییە گەورەیە نابێت نادییدە بکرێ لە لایەن هەڵسوڕاوانی
بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکارانی سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکانەوە.
_______________________________________________
تێبینی:
1 -
Strengthening Multilateralism for Just Global Development and
Security.
2-
SWIFT=Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunications.
3-
Vedant Patel, a spokesperson for the United States Department of
State
“The development of an alternative to SWIFT System and the
undermining the dollar’s role, threaten democracy………..so US of
course can’t let that happen”
٣٠\١٠\٢٠٢٤
ماڵپهڕی عامر سابیر
|