٢٠\٢\٢٠١٥
"١٧ی شوبات" چی
بوو و چی بەسەرهات؟
هەژێن
- چەند ساڵ بوو، کە ناڕەزایەتی خەڵك لە گەندەڵی و سەرکوت و پارتایەتی
لێوانلێو بوو...
- لە ئازاری ساڵی ٢٠٠٦ تەقینەوەی ڕاپەڕین لێرە و لەوێ لە سەرهەڵداندا
بوو...
- کارایی ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی جەماوەریی وروژاندبوو...
- کۆمەڵێك هەلپەرست بە مەبەستی قۆرخکردن و پاوانکردنی ناڕەزایەتی خەڵك،
کەوتنە کۆپیکردنی ئەزموونەکانی تونس و میسر و (ساحة التحریر بغداد)...
- لەژێر کارایی کۆمەڵێك هۆکار و هاندەردا تەقینەوەی جەماوەر چەخماخەی
دا...
- پێشمەرگەکانی دەسەڵات تەقەیان لە خۆنیشاندەران کرد...
- سەرانی لیستی نەوشیروانییەکان کە لەژێرەوە خەڵکیان بۆ ناوچەگەریی و
دژایەتی (پدک) هاندەدا، هەر کە زانیان ناڕەزایەتی خەڵک و خواستەکانی
خۆنیشاندەران زیاتر لە بەرنامەکەی ئەوان دەڕۆن، ڕاپەڕینی خەڵکیان بە
ئاژاوە ناوبرد و کەوتنە سووکایەتیکردن بە ئازادیخوازیی خەڵك.
- هەر وەك لاساییکردنەوەی "ساحة التحریر قاهرة"سەرای سلێمانی بوو بە
سەکۆی ئازادی...
- نەوشیروانییەکان کەوتنە ئاراستەکردنی ناڕەزایەتییەکان تەنیا بەرەو
(پدک) و ناوچەگەرییکردنی وەك سلێمانی بەرانبەر ناوچەی بارزان..
- پارتییە ڕامیارییەکان تەنانەت ئەوانەش، کە دەمێك بوو ئەوروپا-نشین
بوون گەڕانەوە و قسەکەرانی جادووگەری خۆیان [نووسەرانی دەربار] خستە
پشتی بڵندگۆ...
- ڕۆژی ٢١ی ئازاری ٢٠١١ (سەرای سلێمانی) کرا بە فڕۆکەخانەی (میهرئاباد)
و وەك (ئیمام خومەینی) پێشوازی لە نەوشیروان موستەفا کرا..
- بە پووچگەرایی "بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی" و جادووی نووسەرانی
دەرباری (ینک) و (لیستی بەناو گٶران) و (پدک)، جەماوەر سارد و
خۆشباوەڕکرایە..
- گروپە ئیسلامییەکان بە پشتیوانی نەوشیروانییەکان و پاشنوێژی
"ڕۆشنبیرانی نەتەوە"، (سەرای سلێمانی) کە بووبووە سیمبوڵی ئازادی و
خرۆشان، گۆڕی بە مزگەوت و مەیدانی جیهادی ڕامیاریی...
- قسەکەرانی پشت بڵندگۆ و کۆمەڵێك چەپ ناڕەزایەتی جەماوەرییان کردە
چەپکەگوڵێکی سپی و بردیان و لەسەر مێزی "سەرۆك" فەرماندەی هێزە
چەکدارەکانی هەرێم، دایاننا..
- پارتییە چەپە لاکەوتەکان هیوای خۆیان بە ١٧ی شوبات گرێدایەوە و تا دوو
ساڵ پاش ئەوە هەر بە زۆرەکی و میکانیکیانە ویستیان جەماوەر ڕەدووی
خۆیان بخەن...
- ئێستاش چەپی لاکەوتە وەك تەنیا هیوایەك بۆ مانەوە خەریکی
سەرمایەگوزارییە لەسەر ئەو ساڵیادە...
- دەسەڵاتداران بە دیمانەکردن لەتەك بێژەرەکانی ئەو کاتی (سەرای
سلێمانی) وەك ئامرازێك بۆ فریودانی خەڵك و ئاشکردنەوەی قوربانیان و
بکوژان بەکاردەباتەوە...
- هەموو ڕاپەڕینێکی تێكشکاو و دەستەمۆکراو بێجگە لە نائومێدی و تەشەنەی
ڕەوتە کۆنەپەرستەکان ئیسلامیست، ناسیونالیست، شۆڤینیست، ڕەیسیست،
فاشیست و سێکسیستەکان، بەهێزبوونەوەی دەسەڵات و زەمینەسازیی بۆ
سیاریۆکانی دەسەڵاتداران دەڕەخسێنێت. کۆمەڵی هەرێمی کوردستان لەم
ساتەدا لەم قۆناخەکدا دۆشداماوە و بووەتە کێڵگەی هەموو ڕەوتێکی
دژە-مرۆڤایەتی تەنانەت (داعشیزم)یش.
بەداخەوە، هەر ئاوا شکستخوازدن و جەنگی نێوخۆی سوریە بەرهەمی کۆپیکردنی
زۆردارەکی ڕاپەڕین بوو لە لایەن تاك و گروپە ڕامیارەکانەوە، ئەوەی
هەنووکە لە (هەرێمی کوردستان)یش دەگوزەرێت، بەرهەمی هەمان کۆپیکردنی
میکانیکیانەی ڕووداو و ئەزموونەکانە بۆ نێو کۆمەڵێك، کە نە ڕاپەڕینەکە
بەرهەمی بەلوتکەگەییشتنی خودهوشیاریی خۆیەتی و نە دارای ڕێکخستنە
جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکانی خۆیەتی وەك "ڕۆژاوا"، کە
بەلابردنی دەوڵەت و دەزگەکانی هیچ بۆشاییەك لە کۆمەڵ و بەڕێوەبردن و
کارگێرییدا دروستنەبوو و کۆمەڵ تووشی ڕارایی و ئاوەڕدانەوە بەرەو دوا
نەبوو، بەڵکو بوو بە سەرەتا و ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆ بزووتنەوە
شۆڕشگێڕییەکانی داهاتووی مرۆڤایەتی.
لەبەرئەوە، بە بۆچوونی من، ئێستا و دەیان ساڵی دیکە و وێڕای هەزاران
هەوڵی دیکەش، ئەگەر تاکە ژێردەستەکانی کۆمەڵ بە ئاستێك لە خودهوشیاریی
شۆڕشگێرانە نەگەن، کە لەسەر بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و تێکۆشانی
ڕاستەوخۆ و ڕێکخستنی ئاسۆیی، سەربەخۆیی خۆبیرکردنەوە و خۆڕێکخستن و
خۆبڕیاردان و خۆبەڕێوەبردنیان پێدەبەخشێت، ئەوا هەموو جارێك تەنیا شکست
و نائومێدی و ئازارەکانی ١٧ی ئایاری ١٩٨٧ی هەڵەبجە و ٧ی ئازاری ١٩٩١ و
١٧ی فێریوەری ٢٠١١ چەند بارە دەبنەوە و هەموو جارێك تێکۆشان و
قوربانیدانیان دەچێتەوە گیرفانی کۆمەڵێك ڕامیار و پارت و گروپ و
هەلپەرستانە لاوازییەکانی بزووتنەوەکە، کە خۆشباوەڕیی و متمانەیە بە
پارتییەکان و ڕابەر و دەستەبژێرە ڕامیار و ڕۆشنبیرەکان و کەسە
کاڕێزمادارەکان!
دوا شت کە لەم وەڵامەدا دەمەوێت بیوروژێنم، پرسیارێكە هەموو ساڵێك لەم
ساڵیادەدا دێتەوە پێشەوە و بەداخەوە تا ئێستا زۆرێك خۆیان لە
وەڵامدانەوەی لادەدەن یا هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدەن؛ ئێستا پاش چوار
ساڵیاد، خۆبەنوێنەرکەران و خۆبەنوێنەرزانانی سەرای سلێمانی چی وەڵامی
خەڵك دەدەنەوە و چۆن خۆشباوەڕیی خۆیان بە بەڵێنەکانی "سەرۆك"
هەڵدەسەنگێنن؟
_________________________
تێبینیی:
خوێنەری هێژا، ئەمە دەقی وەڵامێکی
منە بە پرسیاری هاوەڵێکی فەیسبووکی، کە گلەیی لە من دەکات و دەڵێت "بۆ
لە بارەی ١٧ شوباتەوە بێدەنگیت هەڵبژاردووە؟
".
١٨\٢\٢٠١٥
ماڵپهڕی ههژێن
|