١٦\٢\٢٠١٣
''١٧ی
شوبات'' و مەترسی دووبارەبوونەوەی تراژیدیاکە، بەڵام خەمناکتر.
ئەم
ڕۆژانە گروپە ڕامیارەکان کەوتوونەتەوە ھات و ھاوار بۆ سالیادی ١٧ی
شوبات و لە باشترین باردا ئەمە داخوازی ڕادیکاڵترینیانە " داوای
دادگاییکردنی بکوژانی ١٧ی شوبات دەکەین".
دروستیان وتووە، ئەگەر مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، جاری یەکەم خەمناک و
جاری دووەم گاڵتەجاری بەرھەمدەھێنێت !
بۆیە بەھیچ شێوەیەک ناتوانین خۆمان لە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدزینەوە :
ئایا خرۆشانی ناڕازییانی سلێمانی لە ١٧ی شوبات دا بۆ ئەوە بوو
ڕۆڵەکانمان بکوژرێن و دواتر کەسانێک بێن داوای دادگاییکردنی بکوژانیان
بکەن !!!!
یا بۆ ئەوە بوو کۆتایی بە دەسەڵاتی قەرەقوشیانەی میری و پارتەکان بھێنن
و سامان و داھاتی کۆمەڵگە بۆ کۆمەڵگە بگێڕنەوە ؟؟؟؟؟
ئەوان بۆ ئەوە خۆیان بە کوشت دا، کە شتێک لە باری زاڵ و لە نادادوەری
بگۆڕن !!!!!
یا بۆ ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆن ببێتە دەمراستی ناڕازییان و فشاری خرۆشانی
جەماوەر وەک کارتی سەر مێزی گفتوگۆ لەسەر بەشەتاڵانی بۆ خۆیان و
پارلەمانتارەکانیان بەکاربھێنن ؟؟؟؟؟؟؟
ئەگەر بێتو جارێکی دیکە جەماوەری ناڕازی و کەسوکاری قوربانیان دوای
پارت و ڕێکخراوە ڕامیارەکان بکەونەوە و داواکاری و داھاتوویان بەوان
بسپێرن، بەدڵنیاییەوە گاڵتەجارییەک لە چەشنی ئەوەی پێشوو، کە
دەستەبژێرێکی ڕۆشنبیر و دەسەوتاقمێکی ڕامیارییان کردە دەمراسی خۆیان،
دووبارە دەکەنەوە، بەڵام ئەم جارە جیاوازتر دەبێت، بەوەی گاڵتەجارییەکە
خەمناکتر دەبێت !!!
بۆ ئێمە سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان، خرۆشانی "١٧ی شوبات" ھەڵکشانی
قۆناخی ناڕەزایەتی جەماوەر بوو بەرامبەر دەسەلاتی مشەخۆرانی ھەرێم،
بەڵام لەبەرئەوەی ھێشتاکە جەماوەری ناڕازی بە قۆناخی ھوشیاری سەربەخۆیی
و بڕوابەخۆبوون نەگەییشتبوو و ھەروەھا ھێشتاکە بە ئەگەری ھەبوونی
سەرکەردەی باش و میرایەتی باش و پارلەمانی باش، خۆشباوەڕ بوو، نەیتوانی
ڕیزەکانی خۆی لە ڕیز و پارت و ڕێکخراوە دەسەڵاتخواز و مشەخۆرەکان
جیابکاتەوە و لەژێر کارایی خۆشباوەڕیی بە کەسایەتییەکان و لیستەکان و
دەنگە ناوچەگەراکان دەربچێت و سەربەخۆ ڕیزەکانی خۆی لە ڕێکخراوە
سەربەخۆ جەماوەرییەکانی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەدا ڕێکبخات و
ھەنگاو بە ھەنگاو جلەوی کۆمەڵگە بگرێتە دەست.
بەپێی وانەکانی مێژووی خەباتی ھاوچین و ھاودەردەکانمان لە سەرتاسەری
جیھاندا چ لە ڕابوردوودا و چ لە ئێستادا لە ڕاپەڕینەکانی ولاتانی
عەرەبی و یۆنان و ئیسپانیا و ئەمەریکادا، شکستی خۆمان و ھاوچینەکانمان
ئەم ھەنگاوانە وەک بەرەنجامی تێکشکانەکانمان دەخەنە بەردەممان:
- خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە ناڕازییەکان لەسەر بنەمای
ڕێکخستنی ئاسۆیی (دژە ھەرەمی) لە سەندیکا و ھەرەوەزی و ئەنجوومەن و
گروپە خۆجێییەکاندا ...
- یەکگرتنەوەی ڕێکخراوە جەماوەریی و گروپە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر
بنەمای فێدراسیۆنە سەربەخۆکان لە تۆڕی سەرتاسەری و کۆمەلایەتییدا ...
- ھەوڵدان بۆ کردنەوەی بنکەی خۆجێی بۆ ڕێکخراو و گروپە خۆجێیەکان لە
شوێنی کار و ژیانی ڕۆژانەدا و لێدان لە ھەر ھەوڵێک کە بیەوێت ناوەندێک
بۆ بڕیاردانی ناوەندییانە قوتبکاتەوە ...
- بەرگرتن بە دەستتێوەردانی پارت و گروپە ڕامیارەکان لە ڕێکخراو و
گروپە خۆجێیە جەماوەرییەکاندا ...
- بەرگرتن بە ھەرھەولێک کە بیەوێت بزووتنەوەی کۆمەلایەتی ناڕازییان
وەرگۆڕێتە سەر ھەرا و لیستی ڕامیاریی ...
- بەرگرتن بە ھەر کەس و دەستەیەک کە بیەوێت خۆی بکاتە دمراسی جەماوەر و
قوتکردنەوەی دەستەبژێرەکان ...
- بەرگرتن بە ھەر ھەولێک چ لەلایەن دەسەڵاتداران و چ لە لایەن
ئۆپۆزسیۆنەوە، کە بیەوێت نوێنەر و قسەکەر بۆ بزووتنەوەکە قوتبکاتەوە و
لەوێوە سازشی پێبکات ...
- ھەوڵدان بۆ ڕێکخستنی کاروباری ژیانی ڕۆژانە لەڕێی ڕێکخراو و گروپە
خۆجێییە سەربەخۆاکانەوە و کەمکاراکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی
دەوڵەتی لە کۆمەڵگەدا ...
- ھەوڵدان بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی گێرانەوەی خوێندنگە و کارگە و
فەرمانگە و کارگێرییەکان بۆ ژێرڕکێفی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و پیادەکردنی
دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ (دێمۆکراسی ڕاستەقینە) لەنێو کۆڕ و کۆمەڵە
جەماوەرییەکاندا...
- پیادەکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ (ڕاستەقینە) لەنێو گروپە خۆجێیی و
ریکخراوە جەماوەرییەکان و گەڕەک و کارگەکاندا وەک ئەلتەرناتیڤی
دێمۆکراسی پارلەمانی ...
- پێکھێنانی کەرتی ھەرەوەزیی و کۆمەڵایەتی وەک ئەڵتەرناتیڤی کەرتی
تایبەت و کەرتی دەوڵەتی ...
- ھەنگاوناون بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی (فەرماندەریی
و فەرمانبەریی) و ھەنووکەیی و جێگرتنەوەی بە سیستەمی ئازاد و گەلیی
پەروەردە وخوێندن ....
- سەندنەوەی ئەو زەمین و کێڵگە و کارگانەی کە لەلایەن کۆمپانیای
پارتەکان لەوانە ( کۆمپانیای کۆڕەک، کۆمپانیای نۆکان و کۆمپانیای وشە )وە
داگیرکراون و گێڕانەوەیان بۆ ژێر خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلییانەی ڕێکخراوە
جەماوەرییەکان و گروپە خۆجێییەکانی کۆمەڵگە ...
- ئەمانە و دەیان داخوازی و کار و چالاکی دەستەبەجێ و پێویست، کە
دەکرێت لە کۆبوونەوەی گشتی گەرەک و کارگە و فەرمانگە و خوێندنگە و
دانشگەکان و گوندەکان بخرێنە بەر راوێژکاریی گشتی بەشداربووان و
بڕیاردانی راستەوخۆ لەسەر ھەر داخوازییەک و سەپاندن و جێبەجێکردنی
لەلایەن خودی داواکارانیانەوە ...
یەکگرتوو و سەرکەوتوو بێت خەباتی سەربەخۆی جەماوەری
ڕسوایی بۆ بکوژانی ١٧ی شوبات و ئۆپۆزسیۆنی ھەلپەرست و سازشکار
anarkistan@post.com
www.anarchistan.tk
www.facebook.com/anarkistan
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان (KAF)
١٥\٢\٢٠١٣
|