په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٢

١٨\٢ ڕۆژى پێشمەرگە.


شێرکۆ عادل*      


یادى بیرەوەرى ڕۆژێک لە دەورانى ساڵێکدا ماناى بەردەوام وەبیر هێنانەوە و هەروەها ڕێزگرتنە لەو مێژووە ؛ تا نەوە لەدواى نەوە هەموو خەڵکى بەگشتى لە کۆمەڵگەدا "بەشداربن بەبێ تایبەتمەندى و جیاوازى کردن " ، نمونەى ڕۆژەکانى نیشتمانى و نەتەوەیى و کۆمەڵگا و چینەکانى و ئاستەکانى بەگشتى دەبنە بەشێک لە یاد و بیرەوەرى خەڵکى و لە بۆنە و چالاکیە جۆراو جۆرەکان یادیان دەکرێتەوە ؛ بیرهێنانەوەى ڕابردوو بۆ نەوەکان یەک لەدواى یەک دەستاو دەستەکرێ و دەبێتە بەشێک لە مێژوو و وە کلتور و ڕێزلێنان لە ڕابردوو بۆ بنیات نانەوەى داهاتوو ، نمونە هەرە دیایدەکانى ئێمە تاوانەکانى جینۆسایدى کیمیکاڵى و ئەنفال و کۆڕەوو و بۆمباران و ڕۆژە تراژیدیەکانە ؛ گەرچى بۆنە و یادەوەرى حزبى و ناوچەیى و ئایدۆلوژى و ڕۆژە جیهانیەکان زیاتر سەپێنراو لەبەرچاو ترە ، بەڵام هەر چۆنێبێ ڕۆژە گشتیەکانى خەڵکى لە هەر بۆنە و یادگاریەکدابێ لەبەرچاو ترە و بە مەبەست و ئامانجى گشتى سەیرئەکرێت.


بە هۆى ئەوەى کەسایەتى پێشمەرگە ڕۆڵیکى بەرچاو کاریگەرى هەبوە لەماوەى نزیکەى سەدەیەکى ڕابردومان لە کوردستانى گەورە و هەروەها ڕۆحەیەتى گیانى پێشمەرگایەتى وەک سومبولێکى خۆبەخشى و گیان لەسەردەستى دەخوێنرێتەوە بۆ خەبات و تێکۆشان لە پێناوى کۆمەڵگاى کوردى و خەڵکى کوردستان ، ڕۆژێک بۆ یاد و بیرەوەرى کەسایەتى پێشمەگە ، ڕێزلێنانێکى مرۆفایەتیە و پێویستە وەک سومبولێکى پڕشنگدار سەیرکرێت و یادى کرێتەوە.


لە کوردستان بەگشتى پێشمەرگە لە ناو هەموو حزب و ڕێکخراوە و لایەنى سیاسى و بنەماڵە و ناوچەکانى کوردستان و شارەکانى هەبوە و درێژەى بەخەبات و تێکۆسانى خۆى داوە و لەم ڕۆژەماندا هەموو ئاواتە خوازى یەک هێزى یەک گرتوى تۆکمە و ڕێکخراوین بۆ پێشمەرگە کە بە شێوەیەکى ڕێکخراوەیى دەوڵەتى لە سەر ئاستى نیشتمانى درێژە بە خەبات و تێکۆشانى بدرێت لە پێناوى پاراستنى خەڵکى کوردستان بەبێ جیاوازى و ناوچەگەرێتى و حزبایەتى.


لە مێژوەى ژیانى خەبات و تێکۆشانى خەڵکى کوردستان و پێشمەرگەدا چەندین ڕۆژ و بۆنە و یاد و بیرەوەریمان هەیە و ناکرێ هیچیان لەیاد و بیر بکەین و نمونەى ڕۆژەکانى ڕۆژمێرى گیان فیداکارى پێشمەرگە لە هەموو کوردستاندا زۆرن و لە ژماردن نایەن ، بە ڵام لەبەر چەند هۆکارێکى گشتى بۆ تایبەتمەند کردنى ڕۆژى : ١٨/٢/١٩٨٧ ، زۆر خاڵى جوان و سەرکوتوو پڕ لە شانازى دەتوانین ئەم بیرەوەریە لە بەر چاو بگرین چونکە:


١- یەکەم ڕۆژ و چالاکى هاوکارى و پێکەوە ئەنجام دانى ڕزگارکردنى شاخێکى ستراتیجى و نمونەیکى بە هاوکارى هەموو پێشمەرگەکانى بەرەى کوردستانى و هێزى پێشمەرگەى هەموو لایەنەکانى کوردستانى بەشدار بوون پێکەوە لەگەڵ خەڵکى سەربەخۆ و هێزى پشتگیرى بۆ ڕزگار کردنى شاخى زەردە بوو (یەکەم چالاکى هاوبەشى هەموو هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوە لە پاش شەڕى ناوخۆى چەندین ساڵە).
٢- لەم ڕۆژەدا لە هەموو پارچەکانى کوردستان کەم تا زۆر چالاکى پێشمەرگە هەبووە ، لە ناوچەکانى کوردستان.
٣- لەم ڕۆژەدا شاخێک ڕزگار کرا کە لەسەر لوتکە کەیەوە گڕى ئاگرى بابە گووڕ گووڕ دەبینرێ و ئەم شاخە نێوانى گەرمیان و کوێستانى کوردستانە.
٤- لە کاتى خۆیدا ئەم ڕۆژە بوە شایى و خۆشى بۆ هەموو خەڵکى کوردستان کە هەموو هێزى پێشمەرگە پێکەوە چالاکى هاوبەش و ڕزگارکەریان ئەنجام داوە و سەرکەوتوبوون بەسەر دوژمندا.
٥- ئەم ڕۆژانە لە کۆتایى وەرزى زستانى ساڵدایە و بەفرو سەرمایە کە ڕەمزە بۆ خەباتى پێشمەرگە.
٦- ئەم ڕۆژە تایبەت نیە بە هیچ حزب و ڕێکخراوە و لایەنێکى سیاسى یان بنەماڵە و کەسایەتیەکى دیارى کراو.


بۆیە جێگاى خۆیەتى ڕۆژێکى ئاوەها پڕ مانا و گشتگیرى بکرێتە یاد و بیرەوەرى ڕۆژى پێشمەرگە و ساڵانە بە بۆنەیەکى نیشتمانى و یادیکى بەڕێز بەڕێ بکرێت و تیایدا چالاکى و وەبیر هێنانەوەى بۆ بکرێت و بکرێتە سومبولى مرۆفایەتى پێشمەرگە بەبێ جیاوازى و لایەن گیرى ، کە بەڕەسمى لەلایەن پەرلەمان و حکومەتەوە بناسرێت و کارى بەرنامە ى یاسایى بۆ بکرێت ، تا ساڵ بەساڵ یادى و بیرەوەرى بەرز ڕاگیرێت وەک سمبوڵى مرۆفایەتى پێشمەرگە سەیر بکرێت و بخرێتە ڕۆژمێرى بیرەوەریەکانى خەڵکى کوردستان.

______________________________
* (شێرکۆ عادل): پێشمەرگەى دێرین.

 


sherkoedel@hotmail.co.uk

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک