٥\٣\٢٠١٤
٢٣ ساڵ لە
رزگاریی، ٢٣ ساڵ لە شکست.

شێرزاد وڵاتدۆست
دوای تێپەڕبوونی ٢٣ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد لە باشووری
کوردستان جێی خۆیەتی شرۆڤەیەکی ڕاستگۆیانە بۆ ئەو دەرئەنجام و
ڕووداوانە بکەین کە لە ئەنجامی ئەم ڕاپەڕینە بەدیهاتوون ، هاوڵاتییانی
باشوری کوردستان بە تایبەتی و گەلی کورد بەشێوەیەکی گشتی لە سێ
پارچەکەی تری کوردستان و تەواوی جیهان زۆر بە هیواو ئێومێدەواریەوە لەم
ڕاپەڕینەیان دەڕوانی ، بەڵام ئەگەر دوای تێپەڕبوونی ٢٣ ساڵ بەسەر ئەم
ڕاپەڕینە سەیرێکی مێژووی فەرمانڕەوەی کورد بکەین لە ماوەی ساڵانی
ڕابردوو ، ئەوا ساڵانێک پڕ لە مەینەتی و شەڕی ناوخۆ و دامودەزگایەکی
حکومی بە حیزبی کراو و وەردەکەوتنی کۆمڵێک سەرکردەی گەندەڵ نەبێت
شتگەلێکی تر نابینین.
ئەگەر ساڵانی دوای ڕاپەرین ناوبنێین ساڵانی شکست ئەوە زیادەڕۆی نابێت ،
لە ئاست ئەو هەموو سیاسەت و کارە پڕلە هەڵەیەی کاربەدەسانتی کورد لەم
ماوەیەدا پێیهەڵستاون ، پێش ڕاپەڕین زۆرینەی گەلی کورد چاوەڕێی ئەو
ڕۆژە بوون ، کە لە زوڵم و ستمەکاری بەعس ڕزگاریان ببێت و کارەساتەکانی
ئەنفال و کیمابارانکردن و ڕاگواستن چەندین کارەساتی تر لەژێر حکومڕانی
کوردی بتوانن ساڕێژی کارەساتانە بکەن و ڕۆژێک بێت بە چاوی خۆیان حکومەت
و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کوردی ببینن ، بەڵام بەهۆی سیاسەتی پڕ لە
هەڵەو کەموکورتی چەند حیزب و کاربەدەستێکی کوردی لە جێگای پیشاندانی
حکومڕانیەکی دادپەروەر و بنیادنانی بناغەی دەوڵەتی کوردی هەڵستان بە
تاڵانکردن و داگیر کردنی موڵکی گشتی و بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ و چەندین
کاری دوور لە بەرپرسیارەتی بەرامبەر گەل و نیشتمان.
دوای پێشهاتنی چەندین و هەل و دەرفەتی زێرین بۆ بەرەو پێشبردنی
حکومڕانی کوردی و بەهێز کردنی هەستی نەتەوایەتی ، لەگەڵ پێشخستنی
تەواوی کەرت و بوارە جیاوازەکان و گەڕانەوەی تەواوی ناوچە دابڕاوەکانی
باشوری کوردستان ، کە خۆی دەبینیەوە لە ساڵانی دوای ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام
لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی و بنەماڵەیی هەموو ئەم هەل و
دەرفەتانە لەدەست چوون و نەتوانرا نە حکموڕانیەکی دادپەروەرانە ،نە
گەڕانەوەی ٤٠٪ خاکی باشوری کوردستان بەدیبهێنرێت و هاوشان لەگەڵ
ئەمەش دا هەستی نەتەوەیەتی پیرۆز بوونی کورد و کوردستان ساڵ لە دوای
ساڵ کاڵتر بووەتەوە و زۆربەی کەرت و بوارە جیاوازەکان توشی قەیران
یاخود شکست بوونەوەتەوە.
ساڵ لە دوای ساڵ شکست و کەموکورتیەکان زۆر بە ڕوونی بە چاوی خۆمان لە
سەرجەم کەرت و بوارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەبینین، ئەگەر لە
ڕووی دیموکراسی و بەرقەرارکردنی مافی مرۆڤ سەیری هەرێمی کوردستان بکەین
دەبینین لە چ ئاستێکی خراپ دایە ، بە جۆرێک تەنیا هاوڵاتییان بەهۆی
داواکردنی ماف و ئازادی ئەوا ڕووبەڕوی دەستگیرکردن ولێدان و کوشتن
دەبنەوە ، هەروەها ئەگەر لە ڕووی بەسیستەمکردنی دامودەزگاکانی حکومەت
سەیرێکی حکومەتی هەرێم بکەیەن ئەوا دەبینن لەماوەی ئەم ٢٣ ساڵە تەنیا
کار لەسەر بە حیزبی کردنی حکومەت و سەرجەم دامودەزگاکانی کراوە.
هەروەها ئەگەر بمانەوێت زۆر بەڕوونی شکستەکانی ئەم فەرمانڕەیە ببینین
ئەوا دەکرێت بە چاوخشاندنێکی کورت بە زۆربەی کەرت و بوارە جیاوازەکان
ئەم شکستە بە ڕوونی ببینین ، ئەگەرلە کەرتی کشتوکاڵەوە دەستپێبکەین
ئەوا دەبینین لەگەڵ بوونی ئەم خاکە بەپیت و بەرەکەتە و لەوەڕگای سروستی
لە هەرێمی کوردستان کەچی پەتاتای هۆڵندی و تەماتەی ئێرانی و سەوزەی
لوبنانی و هلێکەی تورکی و گۆشتی ئاژەڵ ...هتد ، بازاڕەکانی هەرێمی
پرکردوەو ساڵ لەدوای ساڵ بەرهەمی خۆماڵی بەرەو کەم بوون و لەناوچوون
دەچێت ، هەروەها کەرتی پەروەردە و خوێندی باڵای حکومی شکستی بەرچاوی
بەخۆیەوە بینیوە و لە پاشەکشێ بەردەوامدان ، ئاستی زانیاری خوێندکاران
و بوون لە ڕیزبەندی شەشەم هەزارمین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی
جیهان دەرهەقی ئەو ڕاستییەن و ڕیزبەندی بەرمیلی نەوت لە کوچە و
کۆڵانەکان و ڕیزی ئۆتۆمبێلەکان لە پێش بەنزینخانەکان و بوونی چەندین
مۆلیدەی کارەبایی لە بازاڕ و گەڕەکانی گشت شارو شارۆچکەکانی هەرێم
شکستی کەرتی ووزە و کارەبا دەردەخەن ، جگە لەمە کەرتی تەندروستیش
پڕاوپڕە لە شکست و کەموکوڕی دواهەمین ئەو شکست و کەموکوریانەش ،کە بە
خۆیەبینی کوێر کردنی چاوی دایەن کەس بوو بە دەرمانی خراپ و نەگونجاو ،
هەروەها ئەگەر سەیری کەرتی گواستنەوەو گەیاندن و بکەیەن ئەوا
گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتی ساڵانە بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ ئەوامان
بۆ دەردەخات ڕێگاو بان و کەرتی گواستەنەوەو گەیاندن لە ئەم هەرێمەدا لە
چ ئاستێکی وێراندایە ، وە لە هەموویان دیاتر لایەنی دارایی و ئابوری
هەرێمی کوردستانە کە بەبێ ڕەوانەکردنی پارە لە حکومەتی ناوەندەوە
ناتوانرێت خۆی بۆ چەند مانگێک بگرێت و تائێستا جگە لە چەند بنماڵە و
کەسێک نەبێت داهاتی نەوت سەرجەم داهاتە ناوخۆیەکانی تر بۆ کوێ دەچن ،
ئەمەش ئەوامان بۆ دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بیریان لە
داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ گەل و نیشتمان نەکردوەتەوە ، بەڵکو تەنیا لە
بیری پڕ کردنی مەخزەنەکانیان بوون لە دۆلار و زیاتر کردنی ڕێژەی بڕی
پارەکانیان لە بانکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا ، هەروەها بەردەوام لە
هەوڵی کڕین و بنیادناینی کۆمپانیا و کارگە و هۆتێل و باڵاخانە و کەناڵی
ڕاگەیاندنی تایەبەت بە خۆیان بوون لەسەر بودجەی گشتی و داهاتی
هاوڵاتیان ئەم هەرێمە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بمانەوێت شکستی لایەنی
دارایی حکومەتی هەرێم زۆر بەڕوونی ببینین بەسەیر کردنی ئەم چەند مانگەی
بارودۆخی ناخۆی هەرێمی کوردستان بۆمان دەردەکەوێت لەگەڵ نەناردنی موچە
و پارە لە بەغداوە کاری حکومەت و ژیانی هاوڵاتیان بە چ جۆرێک بەرەو
وەستان هەنگاو دەنێت!
لێرەدا ناکرێت بە ووردی سەرجەم شکست و سیاسەتە پڕ لە هەڵانە بخەینەڕوو
کە لە ماوەی ٢٣ ساڵی رابردوو لەزۆربەی کەرت و بوارە جیاوازەکان لەم
هەرێمدا لەلایان چەند کەس و حیزبێکەوە بەدیهاتوون ، چونکە ئەگەر
بمانەوێت تیشکێکی ڕوون بخەیەنە سەر سەرجەم ئەم شکست و کەموکوڕیانە ئەوا
بێگومان پێویستمان بە نووسینی دەیان پەرتووک و سەدان وتاری وەها دەبێت
، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت هەموو شتێک لێکدانی سفر بکەین و هەموو
دەسەتکەوتەکان بە هیچ نەزانین، بەڵام گەلی کورد لە کوردستانی باشوور بە
هیوایەکی زۆر مەزنتر لە خۆبەڕێوبەریی کوردیان دەڕوانی و هەرگیز لە
بڕوایەدا نەبوون دوای ٢٣ ساڵ لە ڕاپەڕین و ئازادی و ڕزگاربوون لە
ژێردەسەڵاتی ڕژێمی بەعس ، حکومەت و فارمانڕەویەکی کوردی ئەوەندا شکست
خواردوو ببینن.
sherzad.wllatdost@gmail.com
|