په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٢

٢٤ ساڵیش تێپەڕی و ھەڵەبجە ھەر سەوز نەبۆوە!!

 

وتەی دۆستانی ژینگەی کوردستان لە سوێد


لە ساڵی ١٩٨٨ دا ھەڵەبجە شاری تاقیگەی خراپترین چەکی کۆکتێلی کیمیاوی بووە ،زۆر دڕندانە ما‌مەڵە لەگەڵ شار ودانیشتوان و سروشتی ئەم شارە کراوە،،ھەر بۆیە ئێمە وەکو ڕێکخراوەکەمان لە مێژە داوای ئەوەمان کردووە لە نوسینەکانماندا بۆ دەسەلات و دام دەزگاکانی ئەوروپا وتەنانەت سوێدیش کە دەبێت باجی ئەم تاوانە بدەن و ئاسەوارەکانی ئەم تراژیدیایەی کاولکردنە نەھێڵرێت.


ئەم ساڵ کە نزیک لە چارەکە سەدەیەکە ھێشتا پاشماوەی ئەم تاوانە دیارو ڕون دەبینرێن ... . ئێمە وەکو ڕێکخراوی دۆستانی ژینگەی کوردستان نەفرەتی خۆمان و ئێوەش لە دژی جەنگ، چەکی کۆکوژو ھەموو توندوتیژیەک ڕادەگەیەنین، ھەروەھا لەجیاتی ئێوەو کوردانی ھەندەران و دۆستانی ھەڵەبجە.. سەرەخۆشی لە کەس‌و کاری قوربانیانیان دەکەین.


بەناوی کۆمەڵەی دۆستانی ژینگەی کوردستان کە زیاتر لە ١٥ ساڵە بۆ ئەم پرسە کاری کردوە، ئەو کاتانە ئێمە دەنگە کەمەکان و یەکەمەکان بووین کە کارەساتی ھەڵەبجەمان بە تاوانێکی مرۆڤایەتی ، ئابوری ، کۆمەڵایەتی و ئیکلۆجی [ژینگەیی] نا‌وزەد دەکرد ....ھتد.. ئێستا دڵخۆشین کە ھەندێ لە ڕاو بۆچونەکانمان بونەتە ڕای خەڵکی و زۆریشی ما‌وە کە کاری پێبکرێت.


با ئەمساڵ یادەکانمان بکەینە داواکاریی گشتی ، بەڵێنەکانی ساڵیادی ھەڵەبجە بکرێنە نامەی کارو فشار بۆ سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنیان.


وەک دۆستانی ژینگەی کوردستان داوا دەکەین:


١. یادی ھەڵەبجە بکرێت بە یادێک کە ڕێکخراوە مەدەنیەکان، دۆستان و دانیشتوانی ھەڵەبجە ڕێکی بخەن و، دەبێت دەسەڵاتی کوردی لەم ڕۆژەدا گوێگربن نەک تەنیا قسەکەر وتارخوێننەرەوە بن ، ئەوەتا ٢٤ ساڵ تێپدەپەڕێ و زۆر کەم لە بەڵێنەکانیان جێبەجێکردووە.
٢. ھەوڵبدرێت تاوانبارانی ھەڵەبجە و ئەنفال و بێسەروشوێنکردنی بارزانیەکانیان و ھەموو کۆمەڵکوژیەکانی کورد لەھەر شوێنێک بن بدرێنە دادگا و ڕێگا بە دەسەڵاتی کوردی نەدرێت جارێکی تر پسوڵەی لێبوردنیان پێ ببەخشێ.
٣. ئەو وڵات و کۆمپانیانەی کە لەم تاوانەدا بەشداربوون باجی چاکردنەوەی ئەم شارە و قەرەبوی کەس و کاری قوربانیان بدەنەوە.
٤. داوا دەکەین ‌لەشاری ھەڵەبجەدا مەڵبەندێکی لێکۆڵینەوەی ژینگە وئیکۆلۆجی، بۆ ھەڵەبجە بەتایبەتی و بۆ کوردستان بەگشتی دابمەزرێنرێت.
٥. پلانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بناغەیەکی ژینگەیی بێت، نەک وەکوئێستا کە لە کار و پلانی ھەرێمی کوردستان دا ھیچ نرخێک بۆ ژینگە. سروشت وئێکۆلۆجی کوردستان دانانرێت.
٦. نەھێڵرێت لەم جۆرە کاراساتانە چیدی لە پارچەکانی تری کوردستاندا ڕووبدات. گرنگە بەردەوام پەردە لەسەر کاری ئەو ڕژێمانەش ھەڵبدرێتەوە، ‌وەک ئەوەی ئێستا تورکیا زۆر نامرۆڤانە سنوردەبەزێنێت و بە مۆدێرنترین چەک کۆمەڵکۆژی دەکات.


لە کۆتاییدا ئێمە داوا دەکەین کە ڕۆژی ھەڵەبجە بکرێتە ڕۆژی جیھانی دژ بە چەکی کیمیایی لە جیھان دا..

 

 

دۆستانی ژینگەی کوردستان لە سوێد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک