|
٢٥\١١\٢٠٢٦
٢٥ی تشرینی دووەم:
دەنگمان بخەینە
پاڵ هەڵمەتی دژ بە کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان لە کوردستان.

دەشتی جەمال
بە
بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ
بە ژنان، پێویستە بە دەنگێکی بەرز و یەکگرتوو دەنگمان بخەینە پاڵ ئەو
هەڵمەتە ڕاگەیەنراوەی کە لەلایەن تۆڕی ٨ی مارس و هاوپەیمانی ژنان لە
سەراسەری کوردستان دژ بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان بەڕێوە دەچێت. ئەم
هەڵمەتە تەنها یادێکی ڕەمزی یان کۆمەڵێك ئامار و لێدوانی میدیایی و
بەیاننامەی ڕۆتینی نییە، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ ئاشکراکردنی ڕیشەی سەرەکیی
ئەو جەهەنەمە واقعیەی بەسەر ژیان و کەرامەتی ژناندا سەپێنراوە، بۆ
کۆتاییهێنان بە کوشتن و ناچارکردنی ژنان بە خۆکوژی، و بۆ ڕێزلێنان لە
هەموو ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانیی ستەم و سەرکوت و بێمافی.
ژنان لە هەرێمی کوردستاندا دەیان ساڵە قوربانیی شێوازی جۆراوجۆری
توندوتیژین، لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەم توندوتیژییانە
بە شێوەیەکی بەرجەستەتر دەرکەوتوون و بێمافی و ژێردەستەییی ژنان بە
قێزەونترین شێوە خۆی نیشان داوە. مامەڵەی نامرۆڤانە بەرامبەر بە ژنان چ
لە ناو خێزان و چ لە کۆمەڵگادا بووەتە یەکێك لە سیما دیارەکانی واقیعی
کوردستان. لە کاتێکدا دەسەڵاتداران بەبیانووی جۆراوجۆرەوە خۆیان لە
بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، مێژووی حوکمڕانی و سیستەمی حیزبە
ناسیۆنالیستەکانی کورد دەریدەخات کە ئەوان نەك هەر هەنگاوێکی
ڕاستەقینەیان بۆ کۆتاییهێنان بەم مەینەتییە نەناوە، بەڵکو خۆیان هۆکاری
بەردەوامبوون و قووڵتربوونەوەی ئەو توندوتیژییانەن لە ڕێگای
دەمەزەردکردنەوەی یاسا دژە ژنەکان، پشتیوانی لە کۆنەپەرستی،
نەپرسینەوەی عادلانە لە بکوژانی ژنان. و سزای یاسایی..تاد. هەر لە ساڵی
١٩٩١ ەوە دەسەڵاتی بنەماڵەیی لەگەڵ گەرانەوەیان بۆ شارەکان شەپۆلی
تیرۆری ژنانیان بە پاساوی ئەخلاق و پەیوەندی بە دەزگاکانی بەعسەوە دەست
بۆبرد و دەیان ژنیان خەڵتانی خوێن کرد، لە کاتێکدا هەر ئەوکاتە
لێخۆشبونیان بۆ تۆمەتبارانی سەرکوت و کریگرتەکانی بەعس و چاوساغەکانی
وێرانکردنی کوردستان دەرکرد. لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتی کوشتارەدا کە
حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی وەڕێیان خست، ئەو کات یەکێتیی ژنانی
شۆڕشگێڕ و پاشان ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان هاوشان بە کۆمۆنیزم و
ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی دیکەی ئەوکات بە توندی لە بەرامبەر تیرۆر و
کوشتنی ژناندا ڕاوەستانەوە. بە درێژایی دەسەڵاتداریی ئەم حیزبانە،
سەرەڕای هەوڵ و بانگەوازی ڕێکخراوەکان و داکۆکیکارانی مافی ژنان، دۆخی
ژنان فەرامۆش کراوە، یاسای کارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
دەرنەکراوە، تاوانەکانی "نامووسی" و فرەژنی ڕەواجیان پێدراوە، و
تەنانەت "کۆتا" وەک منەتێك بەکاردەهێنرێت لە کاتێکدا ناسنامەی ئینسانی
و هاووڵاتیبوونی یەکسانی ژن پێشێل دەکرێت.
داتاکان و ئامارەکانی پەیوەست بە کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان لە
کوردستانی عێراق بە درێژایی سێ دەیەی دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی،
نیشاندەری کارەساتێکی بەردەوام و قووڵن. ڕاپۆرت و بەدواداچوونەکانی
ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و داکۆکیکاران لەم بوارەدا ئاشکرایان کردووە کە
لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی حوکمڕانیدا بە هەزاران ژن و کچ لە کوردستان
بە شێوازی جۆراوجۆر، کوژراون. لەوانە کوشتن و تیرۆر بە بیانووی "نامووسی"
و خۆسووتاندن و لێدان یاخود خۆکوشتنی ناچاری لەژێر فشاری کۆمەڵایەتی،
خێزانی و ئابووریدا، بوونەتە قوربانی. لە زۆر حاڵەتدا دەسەڵات و دەزگا
پەیوەندیدارەکان نەك هەر نەیانتوانیوە ڕێگری لەم تاوانانە بکەن و
بکوژان بە سزای یاسایی بگەیەنن، بەڵکو بە لێبووردن، کەمکردنەوەی سزا،
ریکخستنی دیوەخانی سوڵحی عەشایەری، تەماشانەکردنی کوشتنی ژنان بەوێنەی
کوشتنی بە ئەنقەست، کەمتەرخەمی لە لێکۆڵینەوەکاندا یان مامەڵەی
نایاسایی و پیاوسالارانە لەگەڵ کەیسەکاندا، کەشێکی وایان ڕەخساندووە کە
بکوژان لە سزا دەرباز بن و کوشتن و خۆسووتاندن وەك دیاردەیەکی بەردەوام
بمێنێتەوە. ئەم داتایانە ڕوونیدەکەنەوە کە توندوتیژی دژ بە ژنان لە
کوردستان تەنها کێشەیەکی تاکەکەسی یان ڕووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو
دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، یاسایی و سیاسییە کە ژنانی
بێبەش و بێپارێز کردووە.
ئەم دۆخە لە کوردستان و عێراق دابڕاو نییە لەو سیستەمە سەرمایەدارییەی
کە لە سەراسەری جیهاندا ژیانی ژنانی ڕووبەڕووی چەوسانەوە و ستەم
کردووەتەوە. ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
دیاریکراوە، زۆرتر جەخت لەسەر ئامارەکان و "ئەرکی دەوڵەتان" دەکاتەوە،
بەڵام لە ژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدا هیچ کونجێکی ئەم جیهانە
بێبەری نییە لە توندوتیژی دژ بە ژنان. لە چەوسانەوەی بێوێنەی ژنانی
کرێکار لە کارگەکانی ڤیتنام، فلپیین، کەمبۆدیا و بەنگلادیشەوە تا
کارەساتی دورگەکەی "جێفری ئێپستین" (لیتڵ سانت جەیمس لە دەریای کاریبی)
کە بووە سیمبولی بازرگانیی سێکسی و دەستدرێژیی ڕێکخراو بۆ سەر کچانی
منداڵ و خوار تەمەنی یاسایی لەلایەن گەورە سەرمایەداران و سیاسییە
باڵاکانی ئەمریکا و جیهانەوە، هەروەها سنووردارکردنی مافی لەباربردنی
منداڵ و جیاکاری لە هەلی کار و هەقدەست لە ئەمریکا و ئەوروپا، تا جەنگ،
کاولکاری، ئاوارەیی و دەستدرێژیی سێکسی بەسەر ژنان و منداڵاندا لە
فەلەستین و سوودان، و تا سەرکوت، "سیغەکردن"، زیندانیکردن و
لەسێدارەدانی ژنان لەژێر سایەی ئیسلامی سیاسی لە ئێران و وڵاتانی
هاوشێوە، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە سیستمی سەرمایەداری لەسەر بنەمای
هەڵاواردنی چینایەتی و جێندەری بۆ کەڵەکەکردنی قازانجی زیاتر دامەزراوە.
هەروەها لە عێراقیشدا پەسەندکردنی یاسای جەعفەری لە پەرلەمان بۆ
بەشوودان و دەستدرێژی بۆ سەر کچانی منداڵ، دەرخەری قووڵبوونەوەی ئەو
زەلکاوەیە کە بۆرژوازی و ڕەوتە قەومی و ئایینییەکان بۆ ژنانیان
خوڵقاندووە.
مێژووی کۆمەڵگەی کوردستان مێژووی کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو
بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی دژبەیەك بووە، لە لایەك بزووتنەوەی
ناسیۆنالیستی و ئیسلامی سیاسی کە سەرچاوە و هۆکارێکن بۆ ستەم و
کۆنەپەرستی، و لە لایەکی تر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، پێشکەوتنخوازی و
یەکسانیخوازی. ئایندەی مەدەنییەت و ئینسانیبوونی کۆمەڵگە بەندە بە
بەهێزبوونی ئەم بزووتنەوە یەکسانیخوازە و بەشداریی ڕاستەوخۆی جەماوەر.
بۆ کۆتاییهێنان بەم سەردەمە تاریکە، کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان پێویستی
بە یاسا و دەستوورێکە کە لەسەر بنەما مۆدێرن و پێشکەوتووەکانی
مرۆڤایەتیی هاوچەرخ بنیات بنرێت و ئازادی و یەکسانیی هەمەلایەنە
دەستەبەر بکات.
بۆیە ٢٥ی تشرینی دووەم لە کوردستان پێویستە بکرێتە دەرفەتێك بۆ
یەکگرتنەوەی خەباتی یەکسانیخوازیی ژنان لەگەڵ ناڕەزایەتییە ڕۆژانەکانی
کرێکاران و بێبەشان لە پێناو ژیان، بژێوی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و
ئازادیدا. کێشەی ژنان بەشێکە لە کێشەی کرێکاران و کۆی کۆمەڵگە، و
ڕزگاریی یەکجاری لە توندوتیژی و هەر جۆرە ستەمێك تەنها لە ڕێگەی
تێپەڕاندنی سیستمی سەرمایەداری و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆنەپەرست و
بنەماڵەیی، و بە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، سێکولار و یەکسان
مسۆگەر دەبێت.
٢٥\١١\٢٠٢٦
ماڵپهڕی دهشتی جهمال
|