١١\١١\٢٠١٤
٢٧ پایز بەر لە
ئێستا
دەستە رەشەکانی
تاوان بەرۆکی "شەقلاوە"یان گرت.

شێروان عوسمان
٢٧ پایز بەر لە ئێستا،
دەستە رەشەکانی تاوان بەرۆکی "شەقلاوە"یان گرت، لە ڕەشبگیریەکی بێوێنە،
شاریان نوقمی خەمێکی قوول کرد، برینێکیان درووست کرد، تا ئەو ساتە
ئازارم ئەدا، هێڵنچم پێئەدا تا سنووری ڕشانەوە، ناتوانم ئەو ڕۆژە بەڕێ
بکەم بەبێ ئاوڕدانەوە.
پەلاماری مەخلوقە ڕەشەکان.
سەحەرێک
جیا لە سەحەری جاران، گزنگ لە ناو هەناوی سوبح لە دایک نابێ. تیشک لە
ناو پەنجەکانی سپێدە ڕۆشنایی نابێ. ئەوا ئەو شەوەیە کە قەت تەواو نابێ.
بەیانی ماندەگرێ نایەوێ لەناو ڕەحمی شەو دەرچێ. یەکەم جریوەی یەکەم
باڵندەی سەحەر نابیسترێ، هاوار و نزا لەنێو زولمەت دەخنکێ. نوێژ و
دوعاکان بە خوا ناگەن.
باس لەو زەمەنەیە جوڵە دەچەقێ، ژیان بۆ تاوێ دەوەستێ. سیەکان هەناسە
نادەن، دڵەکان چیتر خۆشەویستی ناکەن. ئەمە دیاردەی خۆرگیران نیە، بەلکو
ساتی مرۆڤ بە کۆمەڵ گیرانە. ساتی پەلاماری دڕندە ڕەشەکانە:
ئێمەین بەیانی تاریک دەکەینەوە، چرای نێو دڵی ئومێد دەکوژێنینەوە.
ڕوونی تیشک لە جەستەی خۆرهەتاو دەبڕین، سوبح لە ناو هەناوی ڕۆژ
دەخنکێنین. زمان لە گۆ دەخەین، روناکی لە چاو دەبەین....کە دێین دەبێ
هەمووتان لە سەر پێ بن، سەرتان لە ئاستمان نەوی کەن. ئەو باڵندانە
دەخۆین کە بۆ ئێمە ناخوێنن، ئەو زمانانە دەبڕین کە ستایشی ئێمە ناکەن.
هەرچی جوانی هەیە دەبێ بۆ ئێمە بێ، هەرچی ئافرەتە هەوەسی ئێمە
دامرکێنێ.
کاتێ هاتن، شار تازە بەرگی زەردی پۆشیبوو، بەختیاری تازە میوانی سەر
سفرەی ماڵەکانمان بوو. هەموو شتێکی جوانیان خستە بن ڕەشی پۆستاڵیان،
بەختیاری و سفرەی بەکۆمەڵ و ژیانیان پێکەوە خستە ژێر ویستی
وەحشیانەیان.
کە هاتن، بێدەنگیەکی ڕەشیان لەگەڵ خۆیان هێنا، شاریان پڕکرد لە
مەخلوقاتی ڕەش، لە گریەو هەنسکی ڕۆح. ئەوان هەروا بوون، بۆ هەر کوێیەک
چووبن، کیشوەرێک لە وێرانە لە دوای خۆیان جێ بێڵن.
ئەوان بوون کە هاتن زەمەنیان ڕاگرت، پەلاماری ئاوەدانیان دا پڕیان کرد
لە وێرانە، پەلاماری ناوچەمیان دا پڕیان کرد لە ئیمبراتۆریەتی ترس،
پڕیان کرد لە هەنسک و ناڵە، پڕیان کرد لەو ماکینەیەی ترس بەرهەم دێنێ،
خەونە ڕەنگاوڕەنگەکان سەردەبڕێ. ئەوان ڕۆبۆتێکیان بەرهەمهێنا، کە
بەئازاری ئێمە خەنی بێ، بە خوێنی ئێمە ڕەحەت بێ.
کە هاتن هەرچی ڕۆح لەبەر بوو بردیان، هەرچی سیمای جوانی بوو
ڕووشاندیان، هەر دەوارێک هەناسەی تێدابێ، هەناسەبڕکێیان کرد، هەر ماڵێک
ڕووناکی تێدابێ، خامۆشیان کرد.
پەلاماری ئاویان دا، چاوی کانیەکانیان کوێر کرد. هەر شتێک ژیانی تێدا
بوایە ووردوخاشیان دەکرد. ئاواییان پڕکرد لە ئیڤای زەرد، لە جانەوەری
دڵڕەق خەبیربە لاقەکردن، لە شۆفێری دڵڕەش کە ڕۆحە سپیەکانیان
دەگوازنەوە، ئازادیخوازانیان ڕووەو کونجە تاریکەکانی زیندان
دەپێچایەوە.
ئەوان مەخلوقێک بوون لە کوللە ئەچوون، بەڵام لە کوللە وێرانکەرتر،
بەسەر لاسکی تەمەنی ئێمە نیشتنەوە، بەهاری تەمەنی ئێمەیان پیر کرد، دوا
چۆڕاوگەی ئاوەدانی ئێمەیان ووشک کرد.
مەخلوقێک؛ لە گورگ ئەچوون، لە گورگیش گۆشتخۆرتر، لە گورگ برسیتر، لە
گورگ دڕندەتر. کرمی عەقلی نەخۆشیان بە بۆنی هیچ لاشەیەک هێور نەبێتەوە،
گەر پڕلە برینی ئەشکەنجە نەبێ، تێربە خوێنی ڕژاو نەبێ . هیچ شلەیەک
نەخۆنەوە جگە لە خوێنی دەم بە ئازاری مرۆڤ زیاتر.
مەخلوقێک بوون لە قەلەڕەش ڕەشتر، لە قیڕە قیڕ بێزارکەرتر. هەورو
ئاسمانیان پڕکرد لە تارمایی ڕەش. دەمامکی جەلادییان بەسەر ئاسمان
هەڵکێشا، تا هیچ فریشتەیەکی سپی، ڕەشی تاوانەکانیان بەدی نەکا. هیچ
مەحشەرێک خەتاکانیان بانەدا.
بۆ ئەوە هاتن تا هەتایە نەڕۆنەوە، زەمەن لەگەل هاتنی ئێوە دەست پێبکا،
تەنیا مێژووی ئێوە تۆمار بکا، مێژووش ئاوێنەیەک بێ تەنیا سەروەریەکانی
ئێوەی لێ دیار بێ. نەتاندەزانی ئەو ڕۆژە هەردێ بومەلەرزەی توڕەیی لە
ڕیشەوە هەڵتانکەنێ، وەک کێوێک لە لم بتانڕوخێنێ، وەک کۆشکێک لە سەهۆڵ
لە بەرامبەر ڕۆژی ئازادی بتوێنەوە.
لەوێ ڕۆژێ کۆترە سپیەکان تا ئەمڕٶ هەر بە ئاسمانەوەن، هەر دەڕۆن
ونانیشنەوە، ئەرزێک شک نابەن تێیدا بجمێنن. لەوێ ڕۆژێ فوارەی خوێنی
قوربانیەکان هەر وا دەڕژێ، لەشێک نابیننەوە ئازار لەت لەتی نەکردبێ،
برین شەق شەقی نەکردبێ، لەفافی هیچ برینپێچێک بەرگەی بگرێ. ئەو
چەقۆیەی ئەوێ ڕٶژی بەرمان کەوتووە، ئێشەکەی تا ئەمڕۆ بەرەدوامە. ئەو
جانەوارانەی گەرایان لەناو خوێنمان دانا، ئەمڕۆ هەڕەشە لە ژینمان
دەکەن، فوو لە چرای ژینمان دەکەن. ئەو دەستەی هێشتا ژەهری هەلەبجە
لەسەر پەنجەکانی نیشتووە، تۆزی بارووتی ئەنفال لەبن پێستی پشوو دەدا،
هەمان دەستن ڤایرۆسی جینۆساید لەناو سینەیان هەناسە دەدا، هەمان دەستن
بە پێستێکی تر، هەمان ئەنفالچین بە ڕەنگیکی تر، زنجیرەی تراژیدیاکان
تەواو دەکەن. شەنگال زیندەبەچال دەکەن، گەرووی کوبانی دەگووشن و
دەیانەوێ دیلی کەن.
تشرینی دووەمی ٢٠١٤ -
کەنەدا
sherwanosman@hotmail.com
|