په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠١٤

٢٨ی گەلاوێژ؛ رۆژێک کە کورد بە ''کافر'' راگەیندرا.


مەجید حەقی      

 

ھاوینی ١٩٨٣ برازام "ھیوا" تەمەنی دووساڵە بوو کە لە گەڵ دایکی لە گوندی خرێی ناوچەی دەشتی ورمێ لە سەر کانیاوی نزیک ماڵیانەوە ئاویان دەھێنا. لەنەکاو دوو ھەلیکۆپتێری کۆماری ئیسلامی لە گوند نزیک بوونەوە و ھەرکە براژنم و ھیوایان بینی ئەوانیان وەبەر رەگباری کالیبری پەنجا دا و ئەگەر ئەوکات دارەکان کە بەھۆی گولەبارانەوە شکان و لەسەریان نەکەوتبا ھەم براژنم و ھەم برازای دووساڵەم دابێژدابێژ دەکران. ھەلیکۆپتێرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەجێ گەیاندنی فەرمانی جەھادی خومەینی لە گوندەکانی کوردستان دەگەڕان و زۆرجار گەر مناڵێکیشیان لە بەر دەرگا بدیا دەیانگرتە ژێر رکێفی رەگبار و گوڵلەبارانی خۆیان.


٢٨ی گەلاوێژ لە مێژووی کوردستان و ئێران دا وەبیرھێنەرەوەی دوو رووداوی مێژوویی تاڵ و سێبەری رەشی دیکتاتۆری لە سەر گەلانی ئێرانن. لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٣دا محەمەد رەزاشای پەھلەوی بە ھاوکاری ھێزە ئیمپریالیستیەکانی سەردەم کۆدیتایەکی دژی دەوڵەتی نەتەوەیی دکتۆر محەمەد مسەدق کرد و سێبەری رەشی دیکتاتۆری بە سەر ئێراندا سەپاند. محەمەد مسەدق نەتەوەگەرایەک بوو کە باوەڕی بە جۆری کۆماری بەرێوەبەری ولات ھەبوو و نیمچە ئازادیەک لە سەردەمی سەرۆک وەزیری ئەودا لە ئێران پێک ھاتبوو. بە جۆرێک کە حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئێران) لەو سەردەمەدا چالاکانە خەباتیان دەکرد. کۆدیتای ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٥٣ خەباتی سیاسی لە ناو شار و پەرلەمانەوە بۆ ناو مزگەوت برد و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ کەوتەوە.


لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٩٧٩دا دوای بە تاڵان بردنی شۆرشی گەلانی ئێران، ئایەتوڵلا خومەینی رێبەری کۆماری ئیسلامی فەرمانی جەھادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و بەوە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا سەپا. لە ئاکامی ئەو فەرمانە ئایینی – سەرکوتکەرانەدا ھێزەکانی ئێران کوردستانیان کردە مەکۆی قەڵاچۆ، گوندو شارەکانی کوردستان کەوتنە بەر بۆردمان و وێرانی. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)ی ئێستا بەزەیی بە مناڵەکانیش نەدەھات و ئەوان دەدا بەر دەستدرێژی خۆیان. لەوساوە تا ئەمرۆ شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کورد بە ھەموو شێوەکانی نیزامی، ئابووری، رەوانی، کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی و پەروەردەیی بەردەوامە.


فەرمانی جەھاد کە فەتوایەکی ئایینیە و لەلایەن ئایەتوڵلایەکی دەسەڵاتدارەوە دەرچووە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت ھەڵنەوەشاوەتەوە و بە پێی ئایینی شیعەش ئەو فەرمانەی کە لەلایەن رێبەرێکی ئایینیەوە دەدرێت تەنیا دەتوانێت لەلایەن کەسێکی بەرزتر لەو ھەڵوەشێنرێتەوە. خومەینی کە سەردەمێک جێگری "ئیمامی زەمان" لە سەر گۆی زەوی بووە تا ئێستاش لە گەڵ بووبێت کەسێکی ھاوشانی نەدۆزراوەتەوە، بۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەفادار بەو فەتوایە لە تەنگ کردنی گەمارۆکانی سەر خەڵکی کوردستان، بە گۆرینی ناسنامەی نەتەوایەتیان و قەدەغەکردنی ھێما کولتووری و نەتەوایەتیەکانیان، بە زیندانی کردن، ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و بڵاوکردنەوەی تۆری جاسووسی و دووبەرەکی خستنەوە لە ناو ریزەکانی خەباتگێرانی رزگاری کوردستان ھەروا درێژە بەو فەرمانە دەدەن و بۆ ئەوان کوشت وبڕ و لەناوبردنی گەلی کورد بەجێ ھێنانی ئەرکێکی ئایینیە.


تەنیا رێگای رزگاری لەو فەرمانە ئایینیە رزگاری لە کۆماری ئیسلامی و رزگاری نەتەوایەتی لە زیندانیکدایە بە ناوی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لەو سەردەمەدا کە ئاستی وشیاری، خۆرێکخەری و داخوازە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا بەرزتر لە ھەموو مێژووی چەندین دەیەی خەباتی خۆیدایە، ئەرکی رزگاری خوازانی کورد و ھێزە سیاسیەکانی کوردستان یەکیەتی نەتەوایەتی و بەدەست ھێنانی دەنگێکی ھاوبەشە بۆ بەرەورووبوونەوە لە گەڵ ئەو بەرپرسایەتیە مێژووییەی لە سەر شانیانە. تەنانەت گەر بڕیار بێت رێگا چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا بێت، بەبێ یەکگرتوویی و یەک دەنگی بزاڤی کورد داخوازەکانی نەتەوەکەمان لە لایەن کاربەدەستانی ئەمرۆ و ھێزەکانی ئوپۆزیسیۆنەوە بەجیدی وەرناگیرێن و کورد ھەروا بە "ئێرانیانی ئەسیڵ" دەناسرێن کە لە گەڵ کۆمەڵگای ئێرانی تێکەڵ بوون و ھەروا برابچووکی نەتەوەی سەردەست دەمێننەوە.
 

فینلاند
majid.hakki@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک