|
١٠\٣\٢٠٢٦
دوو بابەت سەبارەت
بە جەنگ.

ئەرسەلان مەحمود
میراتی خوێن
و دەسەڵات.
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، کاتێک بۆمبەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل ئۆفیسی ڕابەری
باڵای ئێرانی لەناوبرد و عەلی خامنەیی لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کوشت،
زنجیرە ڕووداوێک دەستیانپێکرد نەک هەر وێنەی ئێران، بەڵکوو وێنەی
تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت - ئەوەی لە هەموو ڕووداوەکان
سەرنجڕاکێشترە، خودی جەنگەکە نییە، بەڵکوو ڕوویداوی دوای کوشتنی
ڕابەرە: مەجلیسی خوبرەگان، موجتەبا خامنەیی -کوڕی خامنەیی وەک سێیەمین
ڕابەری باڵای ئێران هەڵبژارد.
کۆماری ئیسلامی لە ١٩٧٩ەوە خۆی وەک شۆڕشێکی دژ مۆنارشی، ناس و پێناسە
دەکات. ڕەوایەتی سەرەکیی نیزامەکە لەسەر ئەوە بوونیاد نراوە دەسەڵات
نابێت میراتی بنەماڵەیی بێت، بەڵکوو دەبێت لەلایەن خەڵک، یان
ئاییندارانی شارەزاوە هەڵبژێردرێت. ئێستا، بە هەڵبژاردنی کوڕی ڕابەری
باڵا وەک جێنشین، ئەو بنچینە ئایدیۆلۆژییە تەبەخور دەکات. ئەمە
بەکردەوە دەریدەخات ولایەتی فەقیە لەبری ئەوەی بنچینەی فەلسەفی و
مەزهەبی نیزامەکە بێت — بووە بە قەڵاف و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لەژێریدا
شاراوەتەوە. ئەگەر موجتەبا لەبەرئەوە هەڵبژێردرابێ کوڕی خامنەییە،
ئەوەی ئێستا ئەو نیزامە لەو مۆنارشییە جیا دەکاتەوە شۆڕشی لە دژدا
بەرپاکرد چییە؟ زیاتر لەوە و لە ڕاستیدا، ئەمە خراپتریش لە مۆنارشییە،
چونکە لە مۆنارشیدا لانیکەم ڕێسانامەیەکی ئاشکرا هەیە بۆ جێنشینی،
بەڵام لێرەدا جێنشینییەکی بنەماڵەیی بە ناوی هەڵبژاردنی خوبرەگان
داپۆشراوە.
ئەم ناکۆکی نێوان بانگەشە و کردەوە، شکاندنی بنەمایی ئەو ڕەوایەتییەیە
خودی نیزامەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خەڵکی ئێران، بەر لە جەنگەکە
خۆپیشاندانی فراوانیان کرد، ئێستا کاتێک دەبینن نیزامەکە تەنانەت
ئامادە نییە بانگەشەکانی خۆی جێبەجێ بکات. دەشێت جەنگ لە فۆڕمێکی تردا
خەڵکی لە دەوری ئاڵایەک کۆبکاتەوە، ئایا جێنشینی بنەماڵەیی لە ناوەندی
ئەو جەنگدا دەتوانێت دڵی ئەو خەڵکە کێشبکاتەوە، پرسیارێکە، مەگەر
لەسیاقی لێدوانەکەی پزیشکیان دا بۆ موجتەبا: هەڵبژاردنت مژدەی قۆناغێکی
نوێیە. وڵامەکەی بچندرێتەوە.
ئەمریکا و ئیسڕائیل، وەک ئەوەی لە سەرەتادا بانگەشەیان بۆی دەکرد،
جەنگەکەیان بە مەبەستی گۆڕینی ڕژێم و لەناوبردنی بەرنامەی مووشەکی و
ناوەکی دەستیپێکرد. بەڵام دەرئەنجامەکە وێنەیەکی ئاڵۆزتر نیشاندەدا،
ئەوەی تا ئێستا بەدەستیانهێناوە: لاوازکردنی توانای سەربازی ئێران،
کوشتنی ڕابەری باڵا، تێکشکاندنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و لێدانی قورس لە
بنکە مووشەکییەکان. لە ڕووی تاکتیکییەوە، بەڵێ ئەمانە سەرکەوتنی
گەورەن. بەڵام ئەوەی نەیانتوانی بەدیبهێنن: ڕژێمەکە نەک هەر
لەناونەچوو. بەڵکوو جێنشینی بنەماڵەیی بوو بە جێگرەوە، سوپای پاسداران
هێشتا توندتر لە پێشووتر لە دەسەڵاتدایە. هێرشەکانی ئێران بۆ سەر
ئیسڕائیل و بنکە ئەمریکییەکان لە خەلیجدا بەردەوامن. بەهای نەوت
بەرزبۆتەوە و نائارامی ناوچەیی زیاتر بووە.
لە ڕاستیدا، کوشتنی خامنەیی لەوانەیە بووبێتە دیاریی ستراتیژیک بۆ
ڕژێمەکە. ئێستا موجتەبا دەتوانێت خۆی وەک کوڕی شەهید بناسێنێ -
ناراتیڤێک لە کەلتووری شیعەدا هێزی زۆری هەیە. نیزامەکە دەتوانێ خوێنی
خامنەیی بکاتە ئامرازی کۆکردنەوەی خەڵک و بەرهەمهێنانی ڕەوایەتی تازە.
ئەمە هەمان هەڵەیە ئەمریکا پێشتر لە عیراق و ئەفغانستان کردی: باوەڕ
بەوەی هێزی سەربازی بە تەنها دەتوانێت سیستەمی سیاسی بگۆڕێت.
کاتێک دەسەڵاتێک لە دەرەوەوە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، خەڵکی لە
ناوخۆدا زۆرجار پشتیوانی لەو هەوڵە ناکەن — تەنانەت ئەگەر خۆشیان ڕقیان
لەو دەسەڵاتە بێت. ئەم ئەزموونە جارێکی تر خۆی دووبارە دەکاتەوە: خەڵکی
ئێران پێشتر دژی ڕژێمەکە هەستان، ئێستا لەناو جەنگەکە و لەسەر شەقام
نین. پوختەی واتایی ئەمە ئەوەیە سەنگ و ڕەوایی نادەنە وەها
گۆڕانکارییەکی هەناردەکراو.
ئەم جەنگە چەند دەخایەنێت، هێشتا دیار نییە، ئەوەی ڕوونە ئەگەری هێنانە
ئاراوەی ئایندەی جیاوازە، ڕەنگە هیچکامیان گەلپەسند نەبن. سیناریۆی
یەکەم، ئێرانی لاوازتر بەڵام بەردەوام. ڕژێم دەمێنێتەوە بەڵام لاواز
تر. موجتەبا وەک ڕابەرێک لەژێر هەژموونی سوپای پاسداراندا ڕۆڵی خۆی
دەگێڕێت. ئێران دەبێتە وڵاتێکی تەواو سەربازیکراو، وەک کۆریای باکوور
بەڵام بەبێ توانای ناوەکی. ئەمە خراپترین ئەنجامە بۆ خەڵکی ئێران.
سیناریۆی دووەم، تێکشکانی ناوخۆیی: شکانی نێوان ناوەندەکانی دەسەڵات،
سوپای پاسداران، ڕۆحانییەت، ئارتەش ئاڵۆزتر دەبن. ناکۆکی لەسەر ڕابەر
زیاد دەکات. ئەمە دەشێ ببێتە هۆی شۆڕشێکی تر یان جەنگی ناوخۆ.
ئەنجامەکەی نادیارە و مەترسیدارە. سیناریۆی سێیەم، دیپلۆماسییەت لە
لاوازیدا: ڕژێمەکە بە هۆی لاوازبوونی سەربازی و ئابووری ناچار دەبێت
دانوستانی لەگەڵ ئەمریکا بکات. بەڵام ئەمجارە لە بارودۆخێکی زۆر
لاوازترەوە. ئەمە لەوانەیە بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل ئامانجێکی قبووڵکراو
بێت، بەڵام بۆ خەڵکی ئێران واتای بەردەوامبوونی ئەو ڕژێمەیەیە و
ئازادییان لە ژێر پرسیاردا دەهێڵێتەوە.
بۆ گەلانی ناوچەکە، بەتایبەت بۆ کورد، ئەم ڕووداوانە چەند وانەیەکی
گرنگیان تێدایە. یەکەمیان ئەوەیە، هیچ دەسەڵاتێک هەتاهەتایی نییە — نە
ئەوەی تاران، نە ئەوەی لە واشنتنە. ڕژێمەکانی ناوچەکە هەموویان لەسەر
بنەماو بنچینەی لاواز وەستاون: خەڵک ناڕازین، ئابووری کەم و زیان هەیە
و دەسەڵات زیاتر ترسێنەرە تا خزمەتگوزار و دادگەر و جێگەی ڕەزامەندی.
دووەمیان ئەوەیە، جەنگ هیچکات بەتەنها ئازادی ناهێنێت. ئەمریکا لە
ئەفغانستان و عیراقدا دەبووایە لەمە فێرببووایە. ئازادی لە ناوەوەوە
دێت، لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و خوداگایی، نەک لە بۆمبەکانەوە.
خۆپیشاندانەکانی ڕابردو لە ئێران پڕ مەترسی تر بوون بۆ ڕژێمەکە تا
هەموو مووشەکەکانی ئێستای ئەمریکا و ئیسڕائیل.
سێیەمیان و گرنگترینیان: ئەم قەیرانە پیشانیدەدا چەندە گرنگە گەلان پشت
بە خۆیان ببەستن نەک بە هێزە دەرەکییەکان. نە ئەمریکا، نە ئیسڕائیل
بەرژەوەندیی خەڵکی ئێرانیان لە پلاندا نییە، هەریەکەیان ئامانجی خۆی
هەیە. ئەو بانگەشەیەی ئەمریکا بۆ دیموکراسی و ئازادی دەیکات، تەواو
ناکۆکە لەگەڵ ئەوەی بە کردەوە دەکات، بۆردومانکردنی ئاوی خواردنەوەی
وڵاتان و سەرچاوەکانی وزە، لە کوێی دیموکراسی و ئازادیدا جێگەی هەیە.
دواجار، ئەم بابەتە باسی ڕووداوێک نییە، بەڵکوو چیرۆکی شکستی چەندین
پڕۆژەیە لە یەککاتدا. کۆماری ئیسلامی شکستی خوارد لە پاراستنی
بانگەشەکانی خۆی ئێستا بووە بە مۆنارشییەکی سەربازی. ئەمریکا و
ئیسڕائیل شکستیان خوارد لە گۆڕینی ڕژێم. خەڵکی ئێران شکستیان خوارد بۆ
جارێکی دیکە — شۆڕشەکەیان لەژێر بۆمبەکاندا نێژرا. موجتەبا خامنەیی وەک
سێیەمین ڕابەری باڵا، نیشانەی کۆتاییەکی نووێ نییە، بەڵکوو ئاماژەی
بەردەوامبوونی قەیرانەکەیە. ئەمە تراژیدییەکی مێژووییە و تەنها خەڵکی
ئێران بەهاکەی بە خوێنیان، بە ئازادییان و بە ئایندەیان دەدەن. بۆ
ئێمەی لە دەرەوەوە و دوورەوە بینەر، تاکە شتی ئەخلاقی ئەوەیە بانگەشەی
چ لایەک بە ڕاست وەرنەگرین. نە مووشەکەکانی ئەمریکا ئازادی دەهێنن، نە
ڕابەرانی ئێران نوێنەری خەڵکن. لە نێوان ئەم دوو درۆیەدا، خەڵکی ئاسایی
ئێران ئەوانەن بەهای گرانتر دەدەن و ئەمە ئەو ڕاستییەیە نابێ لەبیر
بکرێ.
----------------------------------------------------------------------------------------------------------
جەنگی ئەمەریکا-ئیسڕائیل
و ئێران.
جەنگێک بەبێ پشتگیریی گەل.
جەنکی ئەمەریکا-ئیسڕائیل و ئێران، پێدەنێتە نۆیەم ڕۆژییەوە و هێشتان
نیشانەیەکی ئاشکرا و ڕوونی ئاگربەست بەدیناکرێت، لە جێگەی خۆیدایەتی
بپرسین ئایا خەڵکی ئەمەریکا لەگەڵ ئەم جەنگەدان؟ ئایا لەلایەن
ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی وەک ستراتیژێکی سەرکەوتوو
هەڵسەنگێندراوە؟ ئەی ئایا فشاری ڕای گشتی دەتوانێت کاریگەری لەسەر
بڕیارەکانی کۆشکی سپی هەبێت؟ ئەم وتارە پشتبەست بە داتا و زانیارییە
فەرمییەکان، هەوڵدەدات لەگەڵ پێشکەشکردنی شیکاری، وڵامی ئەم پرسیارانەش
بداتەوە.
پشتگیرینەکراوترین جەنگ لە مێژووی ئەمەریکا.
ڕاپرسییەکانی یەکەم هەفتەی جەنگ، وێنەیەکی زۆر ڕوون دەکێشن: زۆرینەی
خەڵکی ئەمەریکا دژی ئەم جەنگەن. هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکا لە مێژووی نوێدا
جەنگێکی ئاوا گەورەی بەبێ پشتیوانی خەڵکی ئەمەریکا دەستپێنەکردووە،
هەروەکچۆن هیچ جەنگێکی ئەمەریکا نەبووە خەڵکەکەی هێندە دژی بووبێت.
ژمارەکان چیمان پێدەڵێن؟ ڕاپرسیی NPR/PBS/Marist ی ٢-٤ی ئازاری ٢٠٢٦
لەنێو ١,٥٩١ هاوڵاتی بەشداربووی ئەمەریکی ٥٦٪ی دژای چالاکییە
سەربازییەکەن و ٤٤٪ پشتگیرن و تەنهاش ٣٦٪ هەڵوێستی ترامپ سەبارەت بە
ئێران پەسند دەکەن و ٥٤٪ ڕەتیانکردوەتەوە. ڕاپرسیی CNN/SSRSی ڕۆژانی
٢٨ی شوبات و ١ی ئادار - ٦٠٪ ی ئەمەریکییەکان بڕیاری هێرشکردنیان پەسند
کردوە و ٦٠٪ پێیانوایە ترامپ پلانی ڕوونی نییە بۆ جەنگەکە نییە. ٦٢٪
ترامپ دەبوو ڕەزامەندی کۆنگرێسی وەربگرتبایە. هەروەها تەنها ٢٧٪
پێیانوایە ئەمەریکا پێش بەکارهێنانی هێزی سەربازی، ڕێگەچارەی
دیپلۆماسیی گرتووەتەبەر. ڕاپرسیی Reuters/Ipsos ـیش دەریدەخا ٤٣٪
جەنگەکەیان ڕەتکردوەتەوە و تەنها ٢٧٪ پەسندنیان کردوە، بە ٣٠٪ ی نادیار.
ڕاپرسیی واشنتن پۆست'ـیش ئەنجامی زیاتر دەخاتە ڕوو: ٤٧٪ دەیانەوێ
هێرشەکان ڕابگیرێن و ٢٥٪ دەیانەوێ بەردەوام بن. بەپێی تێکڕای هەموو
ڕاپرسییانە بێ، تەنها ٣٨٪ ی ئەمەریکییەکان پشتگیری چالاکییە
سەربازییەکە دەکەن. ئەمە کەمترین پشتگیرییە بۆ هەر جەنگێکی ئەمەریکا لە
مێژووی ڕاپرسییەکاندا. — گ. ئیلیۆت مۆریس، شیکاری ڕاپرسی.
بۆ تێگەیشتنی ئاستی ناڕەزایەتییەکان، پێویستە ئەم جەنگە لەگەڵ جەنگە
پێشووەکانی ئەمەریکا بەراورد بکەین. لە ٢٠٠١ دا، دوای ١١ ی سێپتەمبەر،
٩٠٪ ی ئەمەریکییەکان پشتگیری جەنگی ئەفغانستانیان دەکرد. جەنگی کەنداو
لە ١٩٩١ بە ٧٩-٨٠٪ پشتگیری دەستپێکرد. داگیرکردنی عێیاق لە ٢٠٠٣ بە ٧٦٪
پشتگیری هەبوو. تەنانەت هێرشەکانی ترامپ لەسەر سووریا لە ٢٠١٧ بە ٥٠٪
پشتگیری بوون. بەڵام جەنگی ئێران بە تەنها ٣٨٪ پشتگیری هەیە.
جەنگەکانیش بە تێپەڕ بوونی کات و بە زیادبوونی قوربانییەکان
نیگەرانییەکان زیاتر دەکەن. لە جەنگی ڤیەتنام، لە ١٩٦٥ دا تەنها ٢٤٪
پێیانوابوو ناردنی سەرباز هەڵەیە، بەڵام شەش ساڵ پێچوو تا زۆرینە
گەیشتنە ئەو بۆچوون و باوەڕە. بەڵام لە جەنگی ئێران، نارەزایی لە ٥٦٪
ەوە دەستیپێکردووە - ئاستێک ڤیەتنام لە ١٩٧١ تازە پێیگەیشتووە.
دابەشبوونی حیزبیی - دوو ئەمەریکای جیاواز.
ئەگەر هەر تەنها ژمارە گشتییەکان ببینین، بەشێک لە وێنەکە لەدەست
دەدەین. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ئاستی دابەشبوونی حیزبییە: کۆماریخوازان
و دیمۆکراتەکان وەک دوو ئەمەریکای تەواو جیاواز لەم جەنگە دەڕوانن و
دەردەکەون.
بەپێی ڕاپرسیی Marist، ٧٩٪ی کۆماریخوازان هەڵوێستی ترامپ سەبارەت بە
ئێران پەسند دەکەن و ٨٤٪ پشتگیری هێرشەکان دەکەن. ٧٠٪ی ئێران وەک
مەترسییەکی گەورە بۆ ئاسایشی نیشتمانی دەبینن. بەڵام تەنانەت لەنێو
کۆماریخوازەکانیشدا دژبەر هەن: ئەوانەی خۆیان بە لایەنگری بزاڤی MAGA
دەزانن بە ٨٥٪ پشتگیری دەکەن، بەڵام پێچەوانەکانیان تەنها بە ٥٦٪
پشتگیرن. ئەمە فەرقێکی گرنگە. کۆماریخوازان لە ڕاپرسیی واشنتن پۆستدا
پرسیاریان لێکراوە ئایا هێرشەکان بەردەوام بن یان ڕابگیرێن، تەنها ٥٤٪
وتوویانە بەردەوام بن - ئەمەش زۆر کەمترە لەو ٨١٪ـەی پشتگیری بڕیاری
یەکەمیان دەکرد. ئەمە واتا تەنانەت لەنێو بنەمای ترامپدا،
بەردەوامبوونی جەنگ ڕوو لە کێشەیە.
سەبارەت بە دیمۆکراتەکان و سەربەخۆکان، ٨٦٪ ی دیمۆکراتەکان هەڵوێستی
ترامپ سەبارەت بە ئێران ڕەتدەکەنەوە. ٧٨٪ دژایەتی هێرشەکان دەکەن. ٥٩٪ی
سەربەخۆکان ڕەتیدەکەنەوە و ٦١٪ دژایەتی چالاکییە سەربازییەکە دەکەن.
ئەم ژمارانە دەرخەری ئەوەن ترامپ لە بنەمای خۆیدا بەردەوام پشتگیریی
هەیە، بەڵام لە ڕوانگەی وڵاتدا بە گشتی، ئەم جەنگە دژی خواستی زۆرینەیە.
پیاوان بەشێوەیەکی نزیک لەسەر ئەم بابەتە دابەش دەبن، بەڵام ژنان بە
فەرقی ٢٦ خاڵ دژایەتی دەکەن - ٥٨٪ دژ بەرامبەر ٣٢٪ پشتگیر. نەوەی Z،
ئەوانەی لە ١٨ تا ٢٩ ساڵ تەمەنیانە، کەمترین پشتگیرییان هەیە بە تەنها
٢٤-٢٥٪. زیاتر لە ٦٠٪ ی کەمتر لە ٤٠ ساڵان دژایەتی دەکەن. تەنانەت
لەنێو مەسیحییە ئیڤانجەلییەکاندا - بەشێوەیەکی مێژوویی هەردەم ڕێژەی
بەرز ترین پشتگیریان لە ترامپ هەبووە - تەنها ٦٨٪ هەڵوێستەکانی ترامپ
سەبارەت بە ئێران پەسند دەکەن، ئەمە بۆ ئەم گرووپە کەمترین ئاستی
ڕەزامەندییە.
نیگەرانییە سەرەکییەکانی خەڵکی ئەمەریکا.
ئەگەر بچینە قووڵایی نیگەرانییەکان، سێ خاڵی سەرەکی هەن - سێ خاڵ لە
هەموو ڕاپرسییەکاندا دووبارە دەبنەوە: یەکەم، نەبوونی پلانی ڕوون.
بەپێی ڕاپرسیی CNN، ٦٠٪ ی ئەمەریکییەکان پێیان وایە ترامپ پلانی ڕوونی
نییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جەنگە. دوو لە سێی ئەمەریکیش لە ڕاپرسیی
واشنتن پۆست وتوویانە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ ئامانجەکانی جەنگەکەی بە
تەواوی ڕوون نەکردووەتەوە. ئەمە کێشەیەکی سەرەکییە، چونکە بەبێ ئامانجی
ڕوون، خەڵک نازانن جەنگەکە تا کەی دەخایەنێ و سەرکەوتن چۆن پێوانە
دەکرێت.
دووەم، مەترسیی جەنگی درێژخایەن. ترامپ دەڵێ جەنگەکە چوار هەفتە
دەخایەنێ. بەڵام خەڵکی ئەمەریکا باوەڕیان پێی نییە. تەنها ١٠٪ باوەڕیان
هەیە جەنگەکە لە چوار هەفتەدا تەواو دەبێت. ٣٤٪ پێیانوایە چەند مانگ و
٣١٪ پێیانوایە ساڵانێک دەخایەنێ. بەپێی ڕاپرسیی CNN، ٥٦٪ ی
ئەمەریکییەکان شەڕی درێژخایەنی سەربازی نێوان ئەمەریکا و ئێران وەک
شتێکی ئەگەری دەبینن.
سێیەم، ئایا ئاسایش باشتر دەبێ؟ زۆرینەی ئەمەریکییەکان باوەڕیان بەوە
نییە ئەم جەنگە ئەمنیەتی ئەمەریکا باشتر بکات. ٥٤٪ لە ڕاپرسیی CNN
پێیانوایە ئێران سەرئەنجام مەترسیدارتر دەبێت، نەک کەمتر. تەنها ٢٨٪
پێیانوایە هێرشەکان مەترسیی ئێران کەم دەکاتەوە. لە ڕاپرسیی Angus
Reid، تەنها ٢٦٪ پێیانوایە ئەمەریکا لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا ئەمانتر
دەبێت، لەکاتێکدا ٣٩٪ پێیانوایە ئاسایش کەمتر دەبێت. بەڕێوەبەرایەتی
ترامپ نەیتوانیوە بۆچوونێکی متمانەپێکراو پیشکەش بکات بۆ هۆکاری
هێرشکردنە سەر ئێران و ئامانجێکی ڕوونی کۆتایی دیاری نەکردووە. - ئایری،
پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە - دوو لایەنی مشتومڕ.
ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا - ئەوانەی بە بانکی
بیرکردنەوە ناسراون - کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی واشنتن
هەیە. هەر ناوەندێک ڕوانگەی خۆی هەیە، و گفتوگۆ لەنێوان ئەم
ناوەندانەدا ئەو چوارچێوەیە بڕیاردەرانی ئەمەریکایی تیایدا بیر
دەکەنەوە.
CSIS - ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی: نزیکترین ناوەندە
لە پێنتاگۆن و دامەزراوەی سەربازیی ئەمەریکا. لە یەکەم هەفتەی
جەنگەکەدا، CSIS چەندین شیکردنەوەی بڵاوکردووەتەوە و سەرنجیان زیاتر
لەسەر تێچوونی سەربازی و شیانە ئۆپەریشناڵییەکانە. لێکۆڵینەوەیەکی
گرنگی مارک کانسیان و کریس پارک دەریخستووە تێچوونی ئۆپەریشن ئیپیک
فیوری نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن دۆلارە لە ڕۆژێکدا و ٣.٧ ملیارد دۆلار لە یەکەم
١٠٠ کاتژمێردا. زۆربەی ئەم تێچوونانە لە بودجەدا نییە و پێنتاگۆن بەم
نزیکانە پێویستی بە داوای بودجەی زیادەیە. ئەم نووسەرانە ئاماژەیان
بەوە کردوە ئەم داوایەی بودجە خاڵی تێکۆشانی ئۆپۆزسیۆنی جەنگ دەبێت.
واتا جەنگەکە نە تەنها لە مەیدانی شەڕدا جێگەی مشتومڕە، بەڵکوو لە
کۆنگرێسی ئەمەریکاشدا دەبێتە بابەتی کێشمەکش. هەروەها CSIS
شیکردنەوەیەکی وردیان لەسەر کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر بازاڕی وزەی
جیهانی بڵاوکردووەتەوە. ئاماژەیان بەوە کردووە شەڕەکە هاتووچۆی
کەشتییەکان لە تەنگەی هۆرمز نزیک لە تەواو ڕاگرتووە و کەشتییەکانی چین
مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ ناکرێت - بە پێچەوانەی هەندێک گومان.
Brookings - پەیمانگەی بروکینگز: ناوەندێکی ئەکادیمییە. لە پێش
جەنگەکەوە، سوزان ماڵۆنی، جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری بەرنامەی سیاسەتی
دەرەوەی بروکینگز، شیکردنەوەیەکی قووڵی بڵاوکردبووەوە و تێیدا ئاماژەی
بەوە کردوە ئێران لە قۆناغی مێژوویی گۆڕانکاریدایە. بەڵام هۆشداری
ئەوەشیداوە هەر ئەنجامێکی ئەگەری جێنشینی خامنەیی - جێنشینی نوێ لەناو
ڕژێم یان زاڵبوونی سوپا - درێژە بە پەیڕەو کردنی سیاسەتی مەترسیدار
دەدات. بروکینگز هەوڵ دەدات سکێپتیسیزمی پڕۆسیجەرایی بپارێزێت و داوای
ستراتیژییەکی نووکلیاری ڕوون دەکات. واتا پرسیارەکانیان ئەمانەن:
ئامانجی ئەم جەنگە بە وردی چییە؟ گۆڕینی ڕژێم؟ پوچەڵکردنی بەرنامەی
ناوەکی؟ هەردووکیان؟ لە بێوڵامی ئەم پرسیارانەدا، جەنگ بەردەوام و تا
بێت ئالۆزتر دەبێت.
Atlantic Council - ئەنجوومەنی ئەتلانتیک: بەشێوەیەکی پراکتیکیتر
مامەڵە لەگەڵ جەنگەکە دەکات. شیکردنەوەیەکی گرنگیان لەسەر ڕۆڵی کورد
بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پرسیارە سەخت و ڕاستەقینەکانیان خستووەتە ڕوو:
ئایا کوردەکانی ئێران دەتوانن متمانە بە ئەمەریکا بکەن، لەکاتێکدا
تەجرووبەی کوردەکانی سووریا هەر نوێیە؟ ئایا تورکیا دەڵێت PJAK
هاوپەیمانی PKK ـیە؟ ئایا هەرێمی کوردستانی عیراق ئامادەیە خۆی بخاتە
مەترسییەوە؟ ئەم پرسیارانە وڵامی سادەیان نییە. هەروەها لەسەر بازاڕی
نەوت، ئەتلانتیک کاونسڵ هەوڵی ئەوە دەدات بازاڕەکان ئاشتبکاتەوە و
ئاماژە بەوە دەکات هەرچەندە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا لە
ئاستەکانی مێژوویی جەنگی عیراق کەمترە. بەم شێوەیە ئەوان وەک وەرگێڕی
ئۆپەریشناڵی کاردەکەن - واتا وەرگێڕی سیاسەتی حکومەت بۆ زمانی بازاڕ و
هاوپەیمانان.
RAND Corporation: چوار سیناریۆی گرنگی بۆ ئایندەی ئێران داناوە: یەکەم،
هەڵکەندنەوە. - ئایەتوڵایەکی نوێ هەمان سیستەم بەرێوەببات. دووەم،
هەڵاتن - ڕابەرانی ئێران وەک بەشار ئەسەد بڕۆن و لە شایی دەسەڵاتدا
بمێنێتەوە. سێیەم، سەرکوت و جێنشینی - پاسداران بە فەرمی دەسەڵات بگرن
و خونتایەکی سەربازی دروستبکەن. چوارەم، ڕاپەڕینی سەرکەوتوو. RAND ئاماژە
بەوە دەکات سیناریۆی سێیەم لەوانەیە مەترسیدارترین بێت: ڕژێمێک تەواو
لە دەست سوپای پاسداراندایە، هەم دژی خەڵکی خۆیەتی و هەم دژی فشاری
دەرەوە دوو قات ترسناکترە. ئەمەش بۆ ئەمەریکا و ئیسڕائیل خراپتر دەبێت
لە ڕژێمی ئایەتوڵاکان.
Chatham House - بەریتانیا: لە دەرەوەی ئەمەریکاش Chatham Houseی
بەریتانیا هەیە و شیکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە. نیل کوییلیام، شارەزای
ناوەندەکە، بابەتی چەکدارکردنی کوردی ئێرانی بە بیرکردنەوەیەکی دواجار
- دوا بژاردە، وەسفکردوە و دەڵێت: ئەم پلانە لە هیچ پلانێکی
ستراتیژیکیدا بوونی نییە بۆ پشتگیری ئامانجی گەورەتر. ئەمە دەرخەری
ئەوەیە جەنگی ئەمەریکا-ئێران بەباشی بیری لێنەکراوەتەوە. ئەم ڕەخنەیە
لەلایەن ناوەندێکی ناو واشنتنەوە نایەت، بەڵکوو لەلایەن هاوپەیمانێکی
نزیکی ئەمەریکاوە دێت - ئەمە واتای گەورەی هەیە.
فشار لەسەر کۆشکی سپی - سێ ئاڕاستە.
فشار لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، لە سێ ئاڕاستەوە دێن: ڕای گشتی،
تێچوونی ئابووری و کۆنگرێس. ژمارەکان بەڕوونی نیشانیدەدەن زۆرینەی
ئەمەریکییەکان دژی ئەم جەنگەن. بەڵام ئایا فشاری ڕای گشتی بە تەنها
دەتوانێ سیاسەت بگۆڕێت؟ لەم بارەیەوە، دوو بۆچوون هەیە. هەندێ شارەزا
پێیان وایە ترامپ تەنها لەبەر فشاری سیاسیی ناوخۆیی نەخوازراو هەڵوێستی
دەگۆڕێت. ئایری لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ: تەنها شتێک وا
لە ترامپ دەکات بیربکاتەوە، فشاری سیاسی ناوخۆیی نەخوازراوە. بەڵام
کارایی ئەم فشارە بەستراوەتەوە بە دابەشبوونی حیزبیی. مادام ٧٩٪ ی
کۆماریخوازان لەگەڵ ترامپن، ئەوا فشاری دیمۆکراتەکان و سەربەخۆکان بە
تەنها بەس نییە. پێویستە لە بنەمای ترامپدا شێوەی خۆی نیشانبدات - ئەم
شکاڵانە بەدیکراون: کەمبوونەوەی پشتگیری لە ٨١٪ بۆ ٥٤٪ لەسەر بابەتی
بەردەوامبوون شتێکە کۆشکی سپی چاوی لەسەرە.
فشاری ئابووری: تێچوونی جەنگ نزیکەی یەک ملیارد دۆلارە لە ڕۆژێکدا. ٣.٧
ملیارد دۆلار لە یەکەم ١٠٠ کاتژمێر. زۆربەی ئەم پارەیە لە بودجەدا نییە
و پێنتاگۆن داوای بودجەی زیادە دەکات. لەهەمانکاتدا، نرخی نەوت
بەرزبووەتەوە بە ٣١٪ و گەیشتووەتە ٩١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ٦٣٪ ی
ئەمەریکییەکان نیگەرانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بوون لە ڕاپرسیی
Morning Consult. ئەمە بابەتێکە ڕاستەوخۆ دەست لە گیرفانی خەڵکی
ئەمەریکا دەنێت و لە هەموو بابەتێکی سیاسیی کاریگەرترە.
فشاری کۆنگرێس - یان نەبوونی: ڕەنگە ئەمە تاڵترین بەشی چیرۆکەکە بێت.
بەپێی دەستوری ئەمەریکا، کۆنگرێس بەرپرسیارێتی ڕاگەیاندنی جەنگی هەیە.
بەڵام لەم هەفتەیە هەوڵی سنوورداکردنی تواناییی ترامپ بۆ
بەردەوامیپێدانی جەنگ، لە هەردوو خانەی کۆنگرێسدا ڕەتکرایەوە. ئایری لە
پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی ئەمەی بەم شێوەیە کردوە: سیستەمی
سیاسی ئێمە بەزۆری داشکاوە. کۆنگرێس بێکارە و بە هیچ شێوەیەک ئەو
بەرپرسیارێتییانە بەجێناهێنێت لە دەستووردا پێیدراوە. ئەمە واتا بڕیاری
جەنگ و ئاشتی تەواو بە شەخسی سەرۆکەوە ماوە - ئەمەش لە هەر
دیمۆکراسییەکدا پرسێکی مەترسیدارە.
جەنگ بەبێ ڕەزامەندیی گەل.
ئەگەر ئەم ژمارانە و ئەم شیکردنەوانە بخەینە چوارچێوەیەکەوە، چیرۆکێکی
ئالۆز و نیگەرانکار بەدەستدێت. ئەمەریکا جەنگێکی دەستپێکردووە زۆرینەی
خەڵکەکەی لە ڕۆژی یەکەمەوە دژین. ئامانجی جەنگەکە ڕوون نییە. تێچووەکان
بەرزن. کۆنگرێس کار ناکات و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە - تەنانەت ئەوانەی
لەگەڵ جەنگەکەدان - نیگەرانی ئەوەن دوای جەنگ چی دەبێت.
لە جەنگەکانی پێشوودا - ئەفغانستان، عیراق - ئەمەریکا لەوە تێگەیشتبوو
سەرکەوتنی سەربازی بە تەنها، بە واتای سەرکەوتنی سیاسی نییە و نایەت.
ئەمجارە ئامانجەکان تەنانەت لەوەش ئالۆزترن: ئایا مەبەستەکە ڕووخاندنی
ڕژێمە؟ پوچەڵکردنەوەی بەرنامەی ناوەکییە؟ پاراستنی ئیسڕائیلە؟
هەموویانە، چییە؟
ئایندەی ئەم جەنگە بەستراوەتەوە بە سێ فاکتەر: یەکەم، ئایا ئێران
دەتوانێ بەردەوام بەرەنگاری بکات یان بەرەو ڕووخان دەچێت؟ دووەم، ئایا
تێچوونی ئابووری و قوربانی سەربازی فشار لەسەر ترامپ زیاد دەکات؟ سێیەم،
ئایا ڕای گشتی کاریگەریی ڕاستەقینەی لەسەر سیاسەت دەبێت یان وەک
جەنگەکانی پێشوو پشتگوێ دەخرێت؟ شتێکی ڕوون ئەوەیە: ئەم جەنگە جەنگی
حکومەتە، نەک جەنگی گەل. لە دیمۆکراسییەکدا، ئەوە فەرقێکی زۆر گەورەی
هەیە.
_____________________________________________
سەرچاوەکان:
•
NPR/PBS News/Marist Poll (2-4 March 2026) • CNN/SSRS Poll (28 Feb-1
March 2026) • Reuters/Ipsos Poll (28 Feb-1 March 2026) • Washington
Post Flash Poll (2 March 2026) • YouGov/Economist Poll (2 March
2026) • Angus Reid Institute Poll (5 March 2026) • CSIS: Cost of
Operation Epic Fury (5 March 2026) • CSIS: Global Energy Markets
Analysis (6 March 2026) • Brookings: Iran Leadership Transition (20
Feb 2026) • RAND: Who Will Replace Khamenei? (2 March 2026) •
Atlantic Council: Kurdish Offensive Analysis (5 March 2026) •
Chatham House: Iran War Analysis (2 March 2026) • Middle East
Institute commentary • PBS NewsHour analysis.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|