په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٣\٢٠٢٦

دوو بابەت سەبارەت بە پرسیی کورد.


ئەرسەلان مەحمود      

کاتی بازاڕکردنە، نەک قوربانیدان.


لە مێژووی نوێی کوردستاندا، ڕەنگە هیچ ڕستەیەک بە ئەندازەی ئەم ڕستەیە نەوترابێ و نەنووسرابێ و نەخوێندرابێتەوە: کورد جگە لە چیاکان هیچ کەس و لایەک دۆست و هاوپەیمانی نییە. ئەمە میتافۆڕ یان گوزارشتێکی هەروا هەوەنتە نییە، بەڵکوو کورتەیەکی دردناکە لە سەدەیەک شکست و فریودان و بەڵێنی پوچ. بەڵام ئایا تا هەتایە هەر دەبێ لەم دۆخەدا بمێنینەوە؟ مەسەلەن بۆ تەنها جارێکیش چییە لە مێژوودا ناتوانێ خۆی بڕیار لە چارە و مەرجەکانی خۆی بدات؟

ئەمڕۆ، کاتێک جەنگ و فشارەکانی ئەمەریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەرەو لووتکەی خۆی دەچێت و دەنگی مووشەک و بۆردومانی فرۆکەکان هەموو سنوورەکانی بڕیووە، ئەمەریکا جارێکی تر سەیرێکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام نەک بە چاوی هاوپەیمانێتییەکی هاوسەنگ، بەڵکوو بە چاوی ئامراز بۆ سودی جوگرافی. هەرێم لەم دەبێت ورد هەڵوەستە لەسەر ئەم خاڵە بکات: ئایا دەبێت بە ئامراز، یان هاوپەیمانێکی ڕاستەقینە؟

وانە مێژووییەکان زۆرن، لە ئەلجزائیرەوە بۆ تا ئەمڕۆ، ئەمەریکا نەک تەنها دواجار پشتیکردە کورد، بەڵکوو هەندێجار ئەوانی تریشی بەردایە گیانی کورد و خۆیشی بەرامبەر و دژی وەستایەوە. هەموو ئەم ڕووداوانە، یەک وانە و یەک ناوەرۆکیان هەیە: هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای وشەی زارەکی هاوپەیمانێتی نییە، بازاڕکردنە بەبێ نرخ بۆدانان.

ئەگەر ئەمەریکا پشتیوانیی کوردستانی پێویستە، نابێ کورد بە کەم تەماشای بکات. ئەمە مێژوو نییە دووبارە ببێتەوە، ئەمە هەلێکە مێژوویی. بەڵام هەل تەنها ئەوکاتە دەبێتە ئەنجام کاتێک ئامادەکاریی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی هەبێت. ئەوەی کورد داوای دەکات، دەبێت چەند ئاستێکی هەبێت:

یەکەم: ناسینی سیاسی و یاسایی. بەڵێنی زارەکی بەها نییە. کورد بەبێ بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی تەنها ماوەتەوە. بۆیە یەکەم داواکاری دەبێت ئەوەبێ ئەمەریکا بە فەرمی و بە بەڵگەنامە دانبنێت بە مافی چارەنووسی گەلی کورد، بە جۆرێک تەنها لە ئاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا نەمێنێتەوە، بەڵکوو بگاتە کۆنگرەس و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەوەی لەسەر کاغەز نەبێت لەسەر زەوی بوونی نابێت.

دووەم: گەرەنتیی ئابووری و وزە. ناکۆکی بەردەوامی نێوان هەرێم و بەغدا، ساڵانە زیانی زۆر بە هەرێم دەگەیەنێت، ئەمەریکا هەمیشە لایەنی بەغدا گرتووە، ئەمجارەیان دەبێ پابەند بێت بە وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ لە وزەی کوردستان و هەناردەکردنی نەوت بێئەوەی بەغدا بتوانێت ڕێگرییەکی سیاسی دروست بکات. ئابووری بەهێز ستوونی سەربەخۆییە و سەربەخۆیی بەبێ ئابووری پووچە.

سێیەم: چەکی پێشکەوتوو و سیستەمی بەرگری. بۆ ئەوەی هەرێم نەبێتە گۆڕەپانی ڕاستەوخۆی شەڕ و هێرش. داوای سیستەمی بەرگری ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی پێشکەوتوو نەک لووکسە، بەڵکوو پێویستییەکی حەتمییە. کوردستان نابێ بەبێ چەتری بەرگری هاوپەیمانێتییەک قبووڵ بکات ڕوو جەنگە.

چوارەم: دەستوورنامەیەکی پارێزگار لە هەڕەشەی دراوسێکان. ئەمەریکا دەبێت بە فەرمی پابەند بێت بەوەی ئەگەر دراوسێکان بەو هۆیەوە هەڕەشەیان لە هەرێم کرد، پشتگیریی سەربازی و دیپلۆماسی بکات. بەبێ ئەم گەرەنتییە، هاوپەیمانێتی واتای ئەوەیە: تۆ بۆ من بجەنگە و سندان لە تۆدا.

پێنجەم: دەنگ و سەنگی کوردستان لە جیهاندا. لە هەموو دانوستاندنەکانی ناوچەکەدا، کورد لە مێزی گفتوگۆ دوور خراوەتەوە. لایەنەکانی تر بڕیار بۆ کورد دەدەن. ئەمجارە داوای نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە هەموو دانوستاندنێکی ئاشتی و جەنگ و ئابووریی ناوچەکەدا هەبێت. ئەوەی لەسەر مێز نەبێت، لە لیستی خواردنەکەدایە.

گەلی کورد ئەزموونێکی تاڵی نەساز و سەدەی هەیە لەگەڵ بەڵێنی بیانییەکان. بەڵام تاڵبوونی ئەو ئەزموونە هەرگیز نابێت ببێتە هۆکاری ترس و دووبارەکردنی هەمان هەڵە. پێچەوانەکەی، دەبێت ببێتە بنەمای بیرکردنەوەیەکی تازە و بوێرانە. ئەمەریکا دەوڵەتێکە بەپێی بەرژەوەندی خۆیکار دەکات، چۆن لەمەدا بۆ ئەمەریکا هیچ عەیبە و عارێک نییە و بۆ هەمووان هەر وایە، بۆ کوردیش دەبێت ئیتر هەروا بێت و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بیربکاتەوە و مەرجی خۆی دابنێت.

کورد ئەمجارەیان بەبێ مەرج نابێت بڵێت بەڵێ. نابێت بەبێ بەها خوێن بدات. نابێ بەبێ ئەوەی بوون بە هاوپەیمان، بواری ئەوە بدات بکرێتە ئامراز. ئەگەر ئەمەریکا بە ڕاستی پێویستی بە کورد و کوردستانە، با بزانێت کورد و کوردستانیش پێویستییەکانی خۆی هەیە. ئەو پێویستییانە دەبێت بخرێنە سەر کاغەز، نەک لەسەر با. مێژوو چاوەڕوان ناکات و هەلەکانیش دووبارە نابنەوە. ئەمە ئەو کاتەیە.

 

 

 

--------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

 

 

کورد لە نێوان دەرفەت و مەترسیدا.

 

ئەو گەلەی لە مێژووی خۆی فێر نابێ، سزادراوە بە دووبارەکردنەوەی. - جۆرج سانتایانا.

 

بەرەبەیانی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، ئاگری جەنگ جیهانیانی لە خەودا ڕاچڵەکاند – ئاگرێک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی. ئەمەریکا و ئیسرائیل پێکەوە هێرشیانکردە سەر ئێران. ئایەتوڵڵا خامەنەیی لە یەکەم چرکەساتی بۆرمانەکەدا کوژرا. دامەزراوە و بنکەکانی سوپا، تاران، ئیسفاهان، کرماشان و شارەکانی تر، گەورە و بچووک کەوتنە ژێر بۆمباران. ئێران بە مووشەکی بالستیکی بەرەنگار بۆوە و هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بنکە ئەمەریکییەکان لە دەوڵەتانی کەنداو تەنگەی هۆرموز داخرا. فڕۆکەخانەی دوبەی بۆردومان کرا. کەشتییەکی جەنگی ئێرانی لە دەریای هینددا نوقم کرا. لە حەوت ڕۆژدا، زیاتر لە ١٠٧٥ ئێرانی کوژران و ٦٠٠٠ی تر بریندار بوون.

 

جەنگەکە بەردەوامە، کەی و چۆن کۆتایی دێ دیار نییە. باسەکە لێرەدا لەسەر ئەمە نییە. لەسەر ئێمەیە - ئێمەی کورد. لەسەر ئەو پرسیارە مێژوویییەیە هەر جارێک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: کاتێک زلهێزەکان شەڕ دەکەن، ئێمە چی دەکەین و لە کوێی هاوکێشەکەداین؟ لایەنگرین، قوربانین، یان ئامراز؟ باسەکە هەوڵێکە بۆ فامکردنی واقیعەکە بەوجۆرەی هەیە، نەک بەو جۆرەی دەمانەوێ ببێ. لە بیرکردنەوەی فەلسەفیدا ئەوەی هەیە هیچ کات هیوا و ترس و نائومێدی لە یەک ئاستدا دەرناکەون لە واقیعبینیدا - واقیعبینییەکی نە گەشبین و نە ڕەشبینی، بەڵکوو هەوڵێک بۆ دیتنی ڕاستییەکە وەک خۆی - بەوجۆرەی هەیە.

 

ئەو جەنگەی ئێمە هەڵمان نەبژاردووە.

 

ئەم جەنگە جەنگی کورد نییە. ئەمە بنچینەیییە و دەبێ هەمیشە لە پێشەوەی هەر شیکارییەکدا بمێنێتەوە. ئەمە جەنگی نێوان دوو ستراتیژی گەورەی جیۆپۆلیتیکییە: لە لایەک ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ ڕژێمی ئیسلامی ئێران بڕووخێنن، لە لاکەی تردا ئێران هەوڵدەدا لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا بەردەوام بێ و تەنانەت بەرەنگاریش ببێتەوە.

 

ترامپ لە ٢:٣٠ بەرەبەیانی ٢٨ی شوباتدا لە ڤیدیۆیەکی ٨ خولەکیدا ئاشکرا کرد ئامانجەکە گۆڕینی ڕژێمە. ئەمە  دەربڕینە لە زمانی سیاسیدا سەرنجڕاکێشە: واتا ئامانج تێکشکاندنی سیستەمی سیاسی ئێرانە بەتەواوی. بەرپرسێکی تری ئەمەریکی وشەیەکی گرنگتر بەکاردەهێنێت: ئامانج ئەوەیە هێزەکانی ئێران پارچەپارچە بکرێن و خەڵکی شارە گەورەکان بتوانن بەبێ کوشتار دەربچن. واتا: گوشارەکە لە سنوورەکانەوە دەکرێت، بۆچی؟ تا خەڵکی ئێران لە ناوەوە ڕابن. کورد لە کوێیە؟ لە سنوورە. ئەمە ڕۆڵپێدانە، بەڵام تاکتیکی نەک ستراتیژی.

 

نیکۆلۆ ماکیاڤێللی لە شازادە دا دەڵێت: هیچ هاوپەیمانێتییەک خێرومەندانە نییە. واتا هەمووی لەسەر بەرژەوەندییە. کاتێک بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن، هاوپەیمانییەکان دەشکێن. توسیدیدەس لە جەنگی پێلۆپۆنیزدا، پێماندەڵێت دەوڵەتە بچووکەکان هەمیشە لە هەمووان زیاتر تووشی زیان دەبن، چونکە ئازادی هەڵبژاردنیان کەمتر لە هەمووانە. ئەمڕۆ کورد ڕێک لەو دۆخەدایە: لە نێوان دوو زلهێزدا - هەر یەکێکیان دەیەوێ بۆ ئامانجی خۆی بەکاری بهێنێت.

 

سروشتی مەترسییەکە - کورد لە چوار قووڵاییدا.

 

یەکەم، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان - نێوان ئومێد و تۆپی گۆشتدا: شەش ڕۆژ پێش جەنگەکە، واتا لە ٢٢ی شوبات، پێنج حزبی سەرەکیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکیان ((هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران – CPFIK)) ڕاگەیاند. ئەم حزبانە - حدکا، پاک، پژاک، کۆمەڵە، خەبات - سەرەڕای جیاوازی ئایدیۆلۆژی، لەسەر ئامانجێکی هاوبەش کۆبوونەوە: بەدەستهێنانی مافی چارەنووس، ئەمە لە مێژووی کوردانی ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا ساتەوەختێکی ناوازە و نادرە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی CNN، سی ئای ئەی چەند مانگێک پێش جەنگ، دەستیکردوە بە پێشکەشکردنی پشتیوانی نهێنی بۆ گرووپانە. ترامپ تەلەفۆنی بۆ مستەفا هیجری سەرۆکی حدکا کردوە. هەزارەها شەڕکەر لە چیاکانی زاگرۆس یان لێر و لە وێیەک پەنایانگرتووە. بەپێی i24NEWS، شاری مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە چۆڵکراوە و هێزە کوردییەکان لە کێوەکانی باشووری مەریوانەوە، جێگیر بوون. بەڵام...

 

ئەم بەڵامە گرنگترین وشەیە لەم باسەدا. بەرپرسێکی ئەمەریکی لە Axios ئەم ڕاستییە تاڵەی وتووە: کێشەکە ئەوەیە، حزبە کوردییەکانی ئێران، هەر هێزی سەربازییان بەس نییە، ڕەنگە ببنە تۆپەەڵەی گۆشت. ئەم وشانە لەلایەن کەسێکەوە لەناو سیستەمی بڕیاردانی ئەمەریکادا، واتا: ئەوان خۆیان دەزانن مەترسییەکە چییە، بەڵام بەرژەوەندییەکانیان جیاوازە. لێرەدا بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین، با کەمێک گوێ لە ئیمانوێل کانت بگرین، ئەو لە یەکێک لە بنەما ئەخلاقییەکانیدا دەڵێت: هەرگیز مرۆڤ وەک ئامراز بەکار مەهێنە، بەڵکوو هەمیشە وەک ئامانج سەیری بکە. ئەو وڵاتەی گەلێک وەک ئامراز بەکار دەهێنێ بۆ شەڕ لە پێناو خۆیدا، ئەخلاقییەتی لایەنگرایەتی نییە - ئەخلاقییەتی بەکارهێنانە. کورد دەبێ ورد لەم جیاوازییە تێبگات.

 

دووەم، هەرێمی کوردستان - لە نێوان چەکوش و ئاژندا: هەرێمەکە لە دۆخێکدایە، لە فەلسەفەی سیاسیدا بە ناوچەی تاریکی ستراتیژی ناو دەبرێ - جێگەیەک هەموو بژاردەکان مەترسیدارن و هیچ بژاردەیەکی بێ ئازار بوونی نییە. لە لایەک هێزی سەربازی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستانە و ئەمەریکا داوای هاوکاری لێدەکات. ترامپ تەلەفۆنی بۆ هەردوو سەرۆکی یەکێتی و پارتی کردووە و بابەتە هەستیارەکانی لەگەڵدا گفتوگۆ کردوون. لە لایەکی ترەوە، ئێران بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر هەولێر و سلێمانی. بەثێ لێدوانی وەزیری دەرەوەی عیراق بێت تا ئێستا ٧٠ مووشەک و درۆن سروێندراونەتە هەرێم. کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕاگیراوە و کارەبا نییە. قوتابخانە و خوێندنگە زانکۆکان داخراون.

 

بەرپرسێکی باڵای هەرێم بە CNNی وتووە: ئەوە زۆر مەترسیدارە، بەڵام چارمان نییە. لە ڕاستیدا ئاسمان و خاکی هەرێم، تەنانەت عیراقیش بەدەست خۆیانەوە نییە لەواقیعدا. ئەم وشانە لە زمانی سیاسیدا وەها دەخوێنرێنەوە: ئێمە ئازادیی هەڵبژاردنمان نییە. ئەمە واقیعییەتی هەرێمە لە نێوان دوو ئاگردا. ملیشیاکانی نزیک ئێران لە عیراقدا هەڕەشە لە هەرێم دەکەن. لە بەغداد خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بڕۆنە ناو باڵەخانەی سەفارەتی ئەمەریکا. سودانی سەرۆکوەزیر دەڵێت نامانەوێ بگلێینە شەڕەکەوە، بەڵام ناشتوانێ ملیشیاکان کۆنترۆڵ بکات. ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت بێلایەن بمێنێتەوە لە کاتێکدا بنکەکانی ئەمەریکا لەناویدان و ئێران هێرش دەکاتە سەریان؟ وڵامی واقیعییانە: بێگومان نەخێر.

 

سێیەم، تورکیا - مەترسی نادیار: زۆرجار تورکیا لەم شیکاریانەدا، وەک ئاماژەیەکی لاوەکی باس دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر کوردە. بەپێی ئەتلانتیک کاونسڵ بێت، ئەنقەرە نیگەرانە لەوەی بۆشایی دەسەڵات لە ئێران ببێتە هۆی بەهێزبوونی پژاک و دروستبوونی ئۆتۆنۆمییەکی کوردی لە باکووری ڕۆژاوای ئێران. ئەگەر کورد لە ئێران سەرکەوتوو بێت و ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دروست بکات، ڕەنگە تورکیا هەروا دانەنیشێت، وەک چۆن لە عەفرین و سەرێکانی کردی. ئەمە واتا: هەر جۆرە سەرکەوتنێکی سەربازی کورد لە ئێران بەبێ ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی، ڕەنگە ببێتە بیانووی هێرشی تورکیا لە شوێنیکی تردا. سون تسو لە هونەری جەنگدا دەڵێ: ئەو فەرماندەیەی تەنها دوژمنی ڕووبەڕوو دەبینێت و دەناسێت و دوژمنی نادیار یان لاوەکی فەرامۆش دەکات، دۆڕاوە. تورکیا دوژمنی لاوەکی کوردە لەم جەنگەدا.

 

چوارەم، ئابووری و مرۆڤایەتی - ئەو قووڵاییەی فەرامۆش دەکرێ: هەر شیکارییەکی ستراتیژی باسی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک ناکات، شیکارییەکی نیوەچڵە. دۆخی ئێستای هەرێم ڕوونە و خەڵکەکەی لەگەڵ بێ کارەبایی و چەندا ئاستەنگی تردا ڕووبەڕوون، گەلێک لەگەڵ برسییەتی و ئاوارەبوون دەرگیر بێت، ناتوانێ بیر لە ستراتیژی گەورە بکاتەوە. ئابراهام ماسلۆ دەڵێت: بنەمایی پێداویستییەکان (ئاسایش، خۆراک، نیشتمان) دەبێ پێش هەر بیرکردنەوەیەکی سیاسی و ئازادیخوازانە دابین بکرێ. ئەو حزب و سیاسییە کوردانەی باسی شەڕ دەکەن، دەبێت یەکەمین پرسیاریان ئەمە بێ: خەڵکەکە نانی هەیە؟ پەناگەی ئارامی هەیە؟ دەرمانی هەیە؟ بەبێ وڵامدانەوەی ڕوون بۆ هەریەکێک لەم پرسیارانە و دەیانی تری هاوشێوە، هەر گفتوگۆیەک لەسەر شەڕ نە هەر نالۆژیکییە، خودکوژیشە.

ئاوێنەی مێژوو - ئێمە پێشتر ئەمەمان دیتووە.

 

مێژوو بۆ فەیلەسوف مامۆستای داهاتووە. بۆ سیاسەتمەداری هۆشیار ئاگادارکردنەوەیە. بۆ سیاسی نەفام… تەنها چیرۆکە. ساڵانی ١٩٧٠دا، ئەمەریکا و شای ئێران پشتیوانی کورد بوون لە باشور دژی سەدام. بەڵام لە ١٩٧٥دا، کاتێک شای ئێران ڕێکەوتنێکی لەگەڵ سەدامدا ئیمزا کرد، ئەمەریکا لە شەوێکدا وازی لە کورد هێنا. هێنری کیسنجەر وتی: نابێت ئۆپەرەیشنە نهێنییەکان لەگەڵ کاری خێرخوازیدا تێکەڵ بکرێن. هەزارەها کورد بەو هۆیەوە ئاوارە و ماڵوێران بوون و شۆڕشەکەشی فەوتیکرد.

 

لە دوای شەڕی خلیج، بۆشی سەرۆک بانگەوازیکرد کوردەکان شۆڕش بکەن. شۆڕشیان کرد. پاشان ئەمەریکا هیچی نەکرد و سەدام هێزی گەراندەوە و ملیۆنان کورد ئاوارە بوون. دیارە دوای فشاری میدیایی جیهانی ناوچەی نەفڕین دروستکرا، هەڵبەتە نەک وەک بەڵێنێک بۆ کورد، بەڵکوو وەک بەڕێوەبردنی قەیرانێکی مرۆیی.

لە سوریا، ئەمەریکا پشتیوانی هێزەکانی YPG ی کرد دژی داعش. ڕەققە و دەێرەزور و هەموو ناوچە داعشییەکانیان بە خوێنی خۆیان پاککردەوە. بەڵام لە ٢٠١٩دا ترامپ، هەمان ئەو ترامپەی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمەریکا کشاندەوە و تورکیای بەردایە گیانی کورد و ئیزنیدا هێرش بکاتە سەر عەفرین و سەرێکانی لە ٢٠٢٤دا ئەمەریکا بە تەواوی دەستپاچەی حکومەتی نوێی سوریا بوو و SDFی ناچارکرد ڕێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سوریادا بکات.

 

فریدریش نیچە دەڵێ: ئەوەی تۆ دیسان و دیسان تووشی هەمان شتت دەکات، ئەوەیە لێیەوە فێر نەبوویت. ئەم سێ نموونە مێژوویییە یەک مۆدێلیان هەیە: ئەمەریکا داوای یارمەتی دەکات، کورد یارمەتی دەدات، ئەمەریکا بە ئامانجی خۆی دەگات، پاشان پشتی تێدەکات. پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا ئەم جارە جیاوازە؟ بە چ ئەرگۆمێنت و بەڵگەنامەیەک؟ شارەزایەکی چاتام هاوس بە ئەلجەزیرەی وتووە: هیچ متمانە و باوەڕییەک بە ئەمەریکا بوونی نییە، ترامپ ڕۆژێک دەڵێ ڕژێم دەڕووخێنین و ڕۆژی دیکە شتێکی تر دەڵێت.

 

دەرفەتەکان.

 

سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، واقیعبینی واتای ئەوە نییە دەرفەتەکان نەبینین. لاوازبوونی ڕژێمی ئێران ڕاستییەکە و ئەم دەرفەتانە واقیعین: هاوپەیمانی CPFIK نیشانەیەکی بەرزە. یەکەمجارە پێنج حزبی سەرەکی لەسەر ئامانجێکی هاوبەش کۆببنەوە. هەروەها بەیانی ٢ی ئازاریان ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کردوە بەوەی خۆیان لە پاشماوەی کۆماری ئیسلامی جیا بکەنەوە، ئەمە نیشانەی گواستنەوەیە لە شەڕەوە بۆ سیاسەت.

 

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بێت، هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل سەدان هێزی ئەمنی ئێرانی لە ناوچە کوردییەکان کوشتووە. بنکەکانی پۆلیس و سوپا لە سنوورەکان بۆمباران کراون. ئەمە واتا لە ناوچە سنووریەکاندا بۆشاییەکی ئەمنی دروستبووە. ترامپ خۆی تەلەفۆنی بۆ سەرکردەکانی کورد کردووە. بەپێی Axios، ئیسرائیل بەڵێنی پشتیوانی سیاسیداوە بۆ ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی کوردی لە ئێرانی داهاتوودا. بەڵام ئەمانە بەڵێنی زارەکین، بەڵام مادەم دانوستانەکە هەیە خۆی دەرفەتێکە. کوشتنی خامەنەیی و تێکشکاندنی ئۆفیسی ڕابەری باڵا و ئەنجوومەنی باڵای ئەمنیەتی نیشتمانی واتا سیستەمی بڕیاردان لە تاراندا لاواز بووە. سەرەڕای ئەوەی سوپا هێشتا هێزی هەیە لە ناوچەکان، فەرماندەیی ناوەندی لاوازتر لە هەر کاتێکە. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەو گەلانەی ژێر دەستە و مافخوراون لە ئێراندا.

 

ئەرگۆمێنت - حەوت بنەمای ستراتیژی بۆ کورد.

 

لێرەدا مەبەستمان نییە ڕاوێژی سادە و ئاسایی بدەین. مەبەست ئەوەیە چوارچێوەیەکی بیرکردنەوە پێشکەش بکەین، تا سەرکردەکانی کورد و هاوڵاتییانی ئاسایی بتوانن بەکاری بهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی دحخەکە و هەر بڕیارێک.
 

بنەمای متمانە، بەبێ بەڵێنی نووسراو، هیچ بەهایەکی ستراتیژی نییە: هەر بەشدارییەکی سەربازی کوردی لە جەنگدا دەبێ بەند بکرێ بە بەڵگەنامەی فەرمی. بەڵێنی دەمی ترامپ بەس نییە. مێژوو فێریکردوین: کیسنجەر بەڵێنیدا وازیهێنا. بۆش بەڵێنیدا وازیهێنا. ترامپ خۆی لە ٢٠١٩ وازیهێنا. کورد دەبێ داوای ئەمانە بکات: بەڵگەنامەی فەرمی لە کۆنگرەسی ئەمەریکا، بەڵێنی نووسراوی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی سیاسی و ڕێکەوتنی ئاشکرا لەسەر ئامانجە ستراتیژییەکان. بەبێ ئەمانە، هیچ خوێنێک نابێ بڕژێ.

 

بنەمای یەکگرتن، هاوپەیمانی ناوخۆیی بپارێزین بەڵام واقیعییانە: هاوپەیمانی CPFIK هەنگاوێکی گرنگە. بەڵام یەکگرتنی واقیعی واتا فەرماندەیی هاوبەش و پلانی ئۆپەرەیشنی یەکگرتوو - نەک تەنها بەیاننامەی هاوبەش. جیاوازی نێوان حزبەکان واقیعییە: پژاک پەیوەندی بە PKK ەوە هەیە، حدکا و پاک لە خەتی تردان، کۆمەڵە و خەبات گرنگی سیاسی کەمتریان هەیە. ئەگەر ئەم حزبانە نەتوانن لەسەر فەرماندەیی سەربازی یەکگرتوو ڕێکبکەون، ئەوا هەر هێرشێکی زەمینی ڕەنگە بەرەو شکست بڕوا نە لە بەرامبەر هێزی دوژمن، بەڵکوو لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی. هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان گرنگن. ئەگەر لە ناوخۆدا هاوئاهەنگ نەبن، ئەوا بیانوی بەرامبەر ڕەتکردنەوەکە شکست دەخوات. یەکگرتن تەنها لە پڕۆپاگەندادا بەس نییە، دەبێ لە کردار ڕەنگبداتەوە.

 

بنەمای سیاسەت، لە شەڕەوە بۆ بەڕێوەبردن: بانگەواز بۆ دروستکردنی لیژنەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی و لیژنەکانی بەرگری لەخۆ لەوانەیە هۆشیارانەترین هەنگاوی ئەم قۆناغە بێت. بیرۆکەکە ئەمەیە: ئەگەر بۆشاییەکی دەسەڵات هەبوو، کورد نابێ تەنها شەڕکەر بێ - دەبێ بەڕێوەبەر و حاکم بێ. ئەمە جیاوازییە لە نێوان شۆڕش و دەوڵەتسازیدا. هانا ئارێنت لە لەسەر شۆڕشدا جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان ئازادی لە...و ئازادی بۆ... دا دەکات، واتا تەنها ڕزگاربوون لە ستەم بەس نییە، دەبێ بتوانی شتێکی باشتر دروستبکەی. ئەوەی کورد لە ئێران ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی شارەکان و پاراستنی دامەزراوە گشتییەکان دەکات نەک تەنها تۆپ تەقاندن - نیشانەی ئەوەیە لە ئاستی شۆڕشەوە بەرەو ئاستی دەوڵەتسازی دەچێ.

 

بنەمای پاراستن. بیانوی قابیلی ڕەتکردنەوە بۆ هەرێمی کوردستان: ستراتیژییەکەی ئێستا - حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان وەک سەربەخۆ نیشان دەدەن نەک وەک هێزی فەرمی هەرێمی کوردستان - هۆشیارانەیە و دەبێ بپارێزرێ. حکومەتی هەرێم دەبێ بتوانێ بەرامبەر ئێران و بەغداد بڵێ: ئەمە ئۆپەرەیشنی هەرێمی نییە. ئەگەر ئەم فاسیلەیە بشکێ، ئەوا هەرێمی کوردستان دەبێ بە ئامانجی فەرمی جەنگ و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ملیۆنان خەڵک لە هەرێم.

 

بنەمای دیپلۆماسی، لەگەڵ هەمووان قسە بکەن - نەک تەنها واشنتن: دیپلۆماسی لەم قۆناغەدا هەمان گرنگی شەڕی هەیە. بەڵام دیپلۆماسی واقیعی واتا دانوستان لەگەڵ هەمووان: ئەمەریکا و ئیسرائیل بەڵێ - بەڵام هەروەها تورکیا - ناڕەحەتییەکی سەرەکییە، حکومەتی عیراق سنووری فەرمی لەگەڵیدایە و هێزە ئۆپۆزسیۆنییەکانی تری ئێران وەک بەلووچ و عەرەب و ئازەر چونکە کورد بەتەنها ناتوانێ ڕژێم بڕووخێنێ و ناوچەکان مۆزایەکن. ئەمە مەبەستم ئەوە نییە ئەمانە ئاسانن. تورکیا پکک و پژاک بە تیرۆریست دەناسێ. بەڵام سیاسەتی واقیعی بنیاتنەراو لەسەر بەرژەوەندیی کار دەکات نەک لەسەر حەز، ئەگەر تورکیا ببینێ بەرژەوەندییەکەی لە ئارامی سنوورەکانیدایە نەک لە شەڕ، لەوانەیە ڕێگەیەک بۆ فامکردنی یەکدی هەبێ.

 

بنەمای مرۆیی، ئەولەوییەت دەبێ خەڵک بێ: هەر ستراتیژییەک خەڵک فەرامۆش بکات، شکست دەخوات. ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدان. کورد لە ئێران کەوتووەتە ناوچەی جەنگ. ئەوەی پێویستە ئێستا: پلانی فریاکەوتنی مرۆیی، دابینکردنی خۆراک و دەرمان و ئاوی پاک و پاراستنی شوێنی ئاوارەبوون. سیمۆن ڤەیل فەیلەسوفی فەرەنسی دەڵێ: توانای سەرنجدان لەوەی دەنالێنێ، یەکێکە لە دروستترین و نایابترین شێوەکانی بوونی بەخشندانە. لەم کاتەدا، سەرنجدانی سەرکردەکان لەسەر ئازاری خەڵک نیشانەیە لەوەی سیاسەتەکەیان بنەمایەکی ئەخلاقی هەیە.

 

بنەمای ڕەۆشنبیری، ڕووداوەکان بگەیەنن: لەم قۆناغەدا، کورد دەبێ تەنها سەربازی خۆی نەبێت، دەبێ ڕووداونووسی خۆیشی بێ. ئەگەر کورد چیرۆکی خۆی نەنووسێ، کەسانی تر دەینووسن - بەو شێوەیەی  لە بەرژەوەندییانە. ئانتۆنیۆ گرامشی وشەی هیمۆنیای بەکار هێنا، واتا ئەو دەسەڵاتەی لە ڕێگەی بیرۆکەوە نەک تەنها لە ڕێگەی هێزەوە بەدەستدێ. کورد لەم کاتەدا پێویستی بە هیمۆنیای بیرۆکەییە تا لە ڕێگەیەوە بە جیهان بڵێ کێیە، چی دەوێ و بۆچی ئەو مافەی هەیە.

 

هەبوونی بێدەوڵەت.

 

ئەم سەردەمە، سەردەمێکی تاریکە. بەڵام تاریکی لە فەلسەفەدا واتا تەنها نەهاتنی ڕووناکی نییە - واتا ئەو کاتەیە چاو خۆی بۆ تاریکییەکە ئامادە دەکات و تاک بە تاک شتەکان دەبینێت. ئێمە وەک کوردی بێدەوڵەت لوکسی هەڵەکردن نادەینە خۆمان. هەر هەنگاوێک دەبێ بە حیساب بنیاتبنرێ. ئەم جەنگە جەنگی ئێمە نییە بەڵام ئاکامەکەی دەبێ بۆ ئێمە بێ. ئەمە پارادۆکسی بارودۆخی کوردە: جەنگێک خۆمان هەڵمان نەبژاردووە بەڵام دەبێ بەشداری تێدا بکەین - بەمەرجێک بەشداری واقیعبینانە بێ.

 

کامۆ لە سیزیفدا دەڵێ: دەبێ وابزانین سیزیف خۆشحاڵە. واتا: تەنانەت لە بارودۆخێکی نائومێدانەدا، مرۆڤ دەتوانێ واتا بدۆزێتەوە. کورد بە درێژایی مێژووی خۆی، هەمیشە بەردی خۆی بۆ سەری چیا هەڵگرتووەتەوە و دووبارە لە دەستی بەربۆتەوە. بەڵام هەر جارێک زانیاری زیاتر پەیدا کردوە، ستراتیژی بەهێزتر بووە و هیوای واقیعیتر بووە. ئەم جارە، دەبێ بەردەکە بەو شێوەیە هەڵبگرین ئەگەر کەوتەوە، نەکەوێتەوە سەر پێیان. هەڵبەتە مەترسییە گەورەکە ئەوە نییە کورد شەڕ نەکات. مەترسییە گەورەکە ئەوەیە شەڕی کەسانی تر بکات بێئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی پاراستبێت. دەرفەت هەیە - بەڵام دەرفەت بە تەنها بەس نییە. بیرۆکە و پلان و یەکگرتن و وریایی پێویستە. جەنگەکان تەواو دەبن. لایەنگریی دەگۆڕێن. ئیمپراتۆرییەکان دەڕووخێن. بەڵام گەلانی واقیعبین، ئەوانەی هەموو بڕیارێکیان لەسەر بیرکردنەوەی قووڵ بنیات ناوە، دەمێننەوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک