١٨\١٠\٢٠١٩
دوو بابەت
سەبارەت بە
خەڵاتی توورەج
ئەسڵانی و نمایشکردنی فیلمی
"چوکا ئێستا
کاتژمێر چەندە".
مەنسوور جیھانی
توورەج ئەسڵانی خەڵاتی
فێستیڤاڵی ئازادی ئەمەریکای پێشکەش بە خۆڕاگریی خەڵکی رۆژئاوا کرد.
توورەج
ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادی"
ئەمەریکای وەرگرت و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژئاوای
کوردستان و ھەروەھا منداڵانی ڕۆژئاوا کرد.
فیلمی سینەمایی "١٤ی تیرمە" (١٤ی لە دەرھێنانی "ھاشم ئایدێمیر" لە
بەرھەمھێنانی "مەمەد حیسامەدین یوورک" لە کۆمپانیای "یاپیم ١٣" و لە
بەڕێوەبەری وێنەگرتنی توورەج ئەسڵانی سینەماکاری ناودار و نێودەوڵەتی
کورد، بەرھەمی ھاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و تورکیا، لە نوێترین بەشداریی
نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادی"
لە ویلایەتی کاڕۆلینای باشوور لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و توورەج
ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن و ھەروەھا خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم
ڕووداوە سینەماییەی بەدەستھێنا.
توورەج ئەسڵانی دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادی" ئەمەریکا، ئەم خەڵاتەی بە نەتەوەی ئاشتی
خوازیی کوردستان و بە تایبەت خۆڕاگری قارەمانەی خەڵکی ڕۆژئاوای
کوردستان و ھەروەھا منداڵانی ڕۆژئاوا پێشکەش کرد.
فیلمی سینەمایی "١٤ی تیرمە" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە
بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندەکانی "سینەمای کوردی" لە پێنجەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" لە ھەرێمی کوردستان نمایش کرا و
خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە ھۆی
وێنەگرتنی بەرچاو و ستایلی وێنەیی بەرجەستە، بە توورەج ئەسڵانی
بەڕێوەبەریی ئەم فیلمە سینەماییە بەخشرا و ھەروەھا کۆمەڵەی ئەکتەرانی
ئەم فیلمەش بە ھاوبەشیی خەڵاتی باشترین ئەکتەریی ئەم خولەی فێستیڤاڵیان
بەدەستھێنا.
"١٤ی تیرمە" تا ئێستا لە ١٧ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیھان
بەشداریی کردووە، لەوانە: نمایشی تایبەت لە بەشی "سینەمای جیھان" لە
بیست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کامێڕائیمەیج"
فێستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەمای جیھان لە وڵاتی پۆڵەندا،
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لاپاز" لە وڵاتی بۆلیوی، فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "ئاڵتێڕناتیڤ" لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا،
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئێسکاندیناڤیا" لە وڵاتی فینلەندا،
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڕێۆدۆژانیرۆ" لە وڵاتی بڕازیل، فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "دنیای کۆمەڵایەتی" لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "میلان" لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "تگێن"
لە ھامبوورگ، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "بەڕڵین" و فێستیڤاڵی فەرھەنگی
کوردی "نۆرمبێرگ" لە وڵاتی ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "لەندەن"
لە وڵاتی بەریتانیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ئەستەنبووڵ" لە تورکیا و
... .
ئەم فیلمە بە بەشداری لەم ڕووداوە سینەمایانە چەندین خەڵاتیشی
بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ توورەج ئەسڵانی و
باشترین ئەکتەری پیاو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کرالا" لە وڵاتی
ھیندستان، خەڵاتی تایبەتی داھێنان لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "سلێمانی" لە ھەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین
دەرھێنان بۆ فیلمی یەکەم لە خەڵاتەکانی وێنەگران لە وڵاتی کەنەدا،
خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری
پیاو، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ، خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگ بۆ
بەھمەن ئەردەڵان و ھەروەھا خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ
توورەج ئەسڵانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پێنج قاڕە" لە وڵاتی
وینزۆئێلا و ... .
فیلمی سینەمایی "١٤ی تیرمە" بۆ ماوەی سێ مانگ لە ١٤٥ ھۆڵی سینەمایی لە
وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن
ھۆگرانی ھونەریی سینەمایی پێشوازیی لێکرا.
----------------------------------------------------------------------------------------
نمایشکردنی "چوکا ئێستا
کاتژمێر چەندە" لە دەرھێنانی بێھرووز بوچانی لە فێستیڤاڵی فیلمی
نێودەوڵەتیی سلێمانی.
فیلمی بەڵگەیی "چوکا ئێستا کاتژمێر چەندە" لە دەرھێنانی "بێھرووز
بوچانی" و "ئارش کەماڵی سەروێستانی" لە بەشی "نمایش کردنی تایبەت" لە
چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی "سلێمانی" چووە سەر پەردە.
بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی
نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمی بەڵگەیی "چوکا ئێستا کاتژمێر چەندە" لە
دەرھێنانی "بێھرووز بوچانی" رۆژنامەنووس و نووسەری کورد و "ئارش کەماڵی
سەروێستانی" سینەماکاری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی ھۆڵەندا بە دیمەن و
وێنەگەلی راستەقینە لە دوورگەی مانووس لە وڵاتی ئۆستڕاڵیا بە
فێلمھەڵگرتنی شاراوە و بەدزیی لە لایەن "بێھرووز بوچانی" بە مۆبایلەکەی
بە دوور لە چاوی سەربازان و لێپرسراوانی ئەم دوورگەیە کە تیایدا زیاتر
لە ھەزار پەنابەر دەژین، بە ئامادەبوونی "ئارش کەماڵی سەروێستانی" لە
بەشی دەرەوەی رکابەریی واتە "نمایش کردنی تایبەت" لە چوارەمین خولی
فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی "سلێمانی" لە ھۆڵی سیتی سینەما" لە شاری
سلێمانی پایتەختی فەرھەنگ و ھونەری ھەرێمی کوردستانی عێراق نمایش کرا.
دوورگەی مانووس ئەو شوێنەیە کە دەوڵەتی ئۆستڕاڵیا لەم شوێنە پڕلە
کێشەیە بۆ راگرتنی ھەمیشەیی زیاتر لە ھەزار پەنابەر کەڵک وەردەگرێت.
ئەم شوێنە ھەروەھا شوێنی ژیانی "بێھرووز بوچانی"یە کە براوەی خەڵاتی
نەتەوەیی ژیاننامەی ئۆستڕاڵیا، براوەی خەڵاتی گرینگی رۆژنامەوانی
شیکاری "ئانا پۆلیتکۆفسکایا"، براوەی خەڵاتی "ڤیکتۆریەن پرێمیر"
گرینگترین خەڵاتی ئەدەبیی ئۆستڕاڵیا، براوەی خەڵاتی ئەدەبی "نیو سات
ویڵز پرێمیر"، خەڵاتی پیشەسازی کتێبی ئۆستڕاڵیا و ھەروەھا براوەی
خەڵاتی ساڵانەی ئیندێکس بۆ پەیامنێرە راپۆڕتنووسەکانی دژی سانسۆر بووە.
پەیامنێران ئیجازەی چوونە ناو دوورگەی مانووسیان نیە و بوچانی کە بۆ
خۆی ئەزموونی ژیانی راستەقینەی لەم دوورگەیەدا ھەیە، ھیوا دەخوازێت کە
لە بەڵگە فیلمی "چوکا ئێستا کاتژمێر چەندە" بارودۆخی مەترسیدار و تاقەت
پرووکێنی ئەم ناوەندەی راگرتنی پەنابەران بە دونیا نیشان بدات.
بەڵگە فیلمی "چوکا ئێستا کاتژمێر چەندە" لە دوای بەشداریی لە فیستیڤاڵی
فیلمی نێودەوڵەتی سیدنی لە وڵاتی ئۆستڕاڵیا، لە نوێترین نمایش کردنی
جیھانیی خۆیدا لە شەست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی
لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا چووە سەر پەردە.
ناوی ئەم فیلمە کە لە ناوی باڵندەیەکی خۆجێیی لە دوورگەی "پاپۆوا گینەی
نوێ" بە ناوی "چوکا" وەرگیراوە، لە راستیدا ناوی بەندیخانەیەکی
تاکەکەسیشە کە لە ناو ئۆردووگاکەدا بۆ پەنابەران کراوەتەوە. باڵندەی
چوکا بە بڕاوی کەسانی خۆماڵی ناوچەکە، ھێمای پێناسەی خەڵکی خۆجێی ئەم
ناوچەیەیە کە بە ئاواز و دەنگی بەرز و سەرسووڕھێنەری خۆی، کات
رادەگەیەنێت. ئەو پەنابەرانەی کە وێنەیان لەم فیلمەدا گیراوە، لەو
رۆژانەی کە لە چوکا تێپەڕیان کردووە، وەکوو خراپترین رۆژەکانی ژیانی
خۆیان ناو دەبەن.
چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی "سلێمانی" لە لایەن
کۆمپانیای سینەمایی "مەستی فیلم" بە بەڕێوەبەرایەتی "فوئاد جەلال"، بە
سەرۆکایەتی "مەلا بەختیار" بەرپرسی بەشی پاڵپشتیی ئەم فێستیڤاڵە و لە
کەسایەتییەکانی بەرجەستەی سیاسیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، بە
بەڕێوەبەرایەتی ھونەریی "دانەر عومەر فارس" و بە بەڕێوەبەرایەتی
بەرنامەداڕشتنی خاتوو "لینا رەزا" و بە نمایش کردنی ١٣٤ فیلم لە
دەرھێنەرەکانی ٧٩ وڵاتی جیھان؛ لە دوو بەشی رکابەریی سەرەکیی "سینەمای
جیھان" (نێودەوڵەتی) و بەشی رکابەریی "سینەمای کوردی" (نەتەوەیی) و
ھەروەھا سازدانی وۆرکشۆپەکانی پیشەیی و پسپۆڕانەی سینەمایی و کۆڕ و
کۆبوونەوەی بەرھەمھێنانی ھاوبەش؛ بە دروشمی "شێرپەنجەی زەوی" لە ٥ ھۆڵی
"سیتی سینەما"، "سینەما سالم"، ھۆڵی "ئەمنە سوورەکە" و ھەروەھا لە
تەلاری "ھونەر" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی
فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|