١٦\١\٢٠٢٥
دوو دیاردەی داگیرکاریی.

ئەرسەلان مەحمود
یەکپارچەییە درۆینەکەی دەوڵەتانی
کۆڵۆنیالیزم.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دروشمی
"یەکپارچەیی خاک" بووەتە وێردی سەر زمانی دەسەڵاتداران. ئەمە بە جۆرێک
کە وەک دروشم لە هەر بۆنە و هەلومەرجێکدا دووپات دەکرێتەوە، لە
کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانەوە بگرە تا دەگاتە فێستیڤاڵە کەلتوورییەکان.
بەڵام ئایا ئەم جەختکردنەوە بەردەوامە لەسەر یەکپارچەیی، هەر خۆی لە
خۆیدا نیشانەی نەبوونی یەکپارچەیی ڕاستەقینە نییە؟
دەوڵەتانی ناوچەکە، کە زۆربەیان بەرهەمی ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆی ساڵی
١٩١٦ن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کۆڵۆنیالیستی دروستکراون، نەک لەسەر
بنەمای خواست و ئارەزووی گەلانی ناوچەکە و سنوورەکانیان بەبێ
ڕەچاوکردنی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی دیاریکراون، هەر بۆیەش هەمیشە
لە ژێر هەڕەشەی وەهیمی لەتبوون و دابەشبووندا دەژین.
شۆڤێنیزم و سەروەریخوازی نەتەوەی زۆرینە، لەگەڵ نکۆڵیکردن لە مافە
نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلان، بووەتە هۆی ئەوەی کە هەستی هاوبەشی
نیشتمانی لای پێکهاتە جیاوازەکان دروست نەبێت. لە ڕاستیدا، ئەوەی ئەمڕۆ
بە ناوی پاراستنی یەکپارچەییەوە دەکرێت، ڕێگرییە لە یەکگرتنەوەی
ڕاستەقینەی گەلان و دروستبوونی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانە.
نەبوونی دیموکراسی و سیستەمێکی سیاسی کراوە کە ڕێگە بە دەربڕینی
ئازادانەی هەموو پێکهاتەکان بدات، وای کردووە کە داواکردنی مافە
ڕەواکان وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی وڵات لێکبدرێتەوە. ئەمەش
دەسەڵاتدارانی ناچار کردووە کە بە توندی مامەڵە لەگەڵ جیاوازییە
ناوخۆییەکاندا بکەن.
بێنێدیکت ئەندەرسۆن، لە کتێبی "کۆمەڵگە خەیاڵکراوەکان"دا ئاماژە بەوە
دەکات کە زۆربەی دەوڵەت-نەتەوەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی
ئیمپریالیستی دروستکراون. هەروەها مایکڵ مان جەخت لەوە دەکاتەوە کە
دەوڵەتانی فرەپێکهاتە پێویستیان بە میکانیزمی تایبەت هەیە بۆ ڕێکخستنی
پەیوەندییە ناوخۆییەکان، نەک تەنها پشتبەستن بە هێزی سەربازی.
خۆرئاواش لەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵێکی دووفاقی هەیە. لە کاتێکدا بانگەشەی
پشتیوانی لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات، لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە
ڕژێمە ئۆتۆریتارییەکان دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی.
ئەمەش بووەتە هۆی درێژەکێشانی قەیرانەکان و دواخستنی چارەسەری
ڕاستەقینە.
لە سەردەمی جەنگی سارددا، گەلانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە ژێر دەسەڵاتی
کۆمۆنیستی سۆڤیەتدا دەینالاندن. هەموو هەوڵێک بۆ ڕزگاربوون سەرکوت
دەکرا. خەڵک بێزار ببوون لە ژیانێکی پڕ لە ترس، چاودێری و هەژاری.
بەڵام ڕاپەڕینی چەکدارانە لە هەنگاریا و چیکۆسلۆڤاکیا تەنها بووە هۆی
توندوتیژی و سەرکوتی زیاتر. دواجار، سەرکردەیەکی نوێ هاتە سەر شانۆ:
ڤاتسواڤ هاڤڵ. ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد کە پێویستە خەڵک "لە ناو ڕاستیدا
بژین". ئەوان لە ڕێگەی خۆپیشاندان، مانگرتن، بایکۆتکردن و پەخشی
بڵاوکراوەی ژێرزەمینی، سیستەمەکەیان لە ناوەوە لاواز کرد تا ئەو کاتەی
بەبێ توندوتیژی ڕووخا.
ئەم ئەزموونە، نیشانی دەدات کە گۆڕانکاری ڕیشەیی پێویستی بە خەباتێکی
درێژخایەن و ستراتیژی هەیە. ئەگەرچی هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندی خۆی
هەیە، بەڵام پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی ئازادی و دادپەروەری جیهانین و
دەکرێت لە هەموو شوێنێک جێبەجێ بکرێن.
چارەسەری ڕاستەقینە پێویستی بە دیالۆگی ڕاستەقینە و دانپێدانان بە مافی
هەموو پێکهاتەکان هەیە. تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت یەکپارچەییەکی
ڕاستەقینە دروست بکرێت کە لەسەر بنەمای ڕەزامەندی و بەشداری هەموو
لایەک بێت، نەک یەکپارچەییەکی درۆزن کە تەنها لە وتار و دروشمەکاندا
بوونی هەبێت.
لە ڕۆماوە تا ئەردۆغان.
دیاردەی گواستنەوەی شەڕ و ململانێ بۆ دەرەوەی سنورەکان، دیاردەیەکی
ئاڵۆزە، ئەوانەی دەیانەوێ ورد لێی تێبگەن ئەوا ڕەگەکەی لە قووڵایی
مێژووی سیاسی و فەلسەفی مرۆڤایەتیدا هەن.
ڕەهەندی مێژوویی و فەلسەفی:
مێژووی سیاسی بە درێژایی سەردەمەکان شایەتی ئەوە دەدات کە چۆن دەوڵەتە
هەژموونخوازەکان هەمیشە هەوڵیانداوە قەیرانە ناوخۆییەکانیان بگوازنەوە
دەرەوە، ئەمە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆماوە بۆ سەفەوی و عوسمانی، تا دەگاتە
نازیزم و سەددامیزم، هەموویان لەم داوەدا کەوتوون. هیگڵ لە تیۆری
دیالێکتیکدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن هەر هێزێک دژە هێزی خۆی دروست دەکات.
ئیبن خەلدون لە "موقەددیمە"دا باس لە خولی ژیانی دەوڵەتان دەکات و چۆن
فراوانخوازی بێسنور دەبێتە هۆی داڕمانی یەکجارەکی.
ڕەهەندی سایکۆلۆژی و کۆمەڵناسی:
"وەهمی بەهێزی" دیاردەیەکی دەروونییە کە زۆربەی دەوڵەتە
هەژموونخوازەکان تێیکەوتوون. سەرکەوتنە سەرەتاییەکانیان دواجار
وایلێکردون هەست بە بەهێزییەکی زیاتر لە ڕاستەقینەیی خۆیان بکەن. هەر
ئەمەش بەرەو گرتنەبەری هەنگاوی هەڵە و مەترسیدار تاویداون. لە ڕووی
کۆمەڵناسییەوە، ئەم ستراتیژە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان و
خەڵەتاندنی کۆمەڵگە.
گۆڕانکارییەکانی سەردەمی نوێ:
لە جیهانی ئەمڕۆدا، چەمکی هێز و سەروەری گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا
هاتووە. ئەمریکا وەک نموونە، سەرکەوتنی خۆی لە هاوسەنگی نێوان هێزی
نەرم و ڕەق دۆزیوەتەوە. بەڵام دەوڵەتانی وەک تورکیای ئەردۆغان هێشتا لە
خەونی هەژموونی کۆندا دەژین و نایانەوێت لەم وانە مێژووییە تێبگەن.
دەرەنجامە فیکری و سیاسییەکان:
گواستنەوەی شەڕ بۆ دەرەوە نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو خۆی بەشێکە لە
کێشەکە. دەوڵەتی سەردەمیانە ئەو دەوڵەتەیە کە: پەرەپێدانی ناوخۆیی
دەکاتە ئەولەویەت، ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، هاوپەیمانێتی
لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دووقۆڵی دروست دەکات، کێشە ناوخۆییەکانی بە
شێوەیەکی لۆژیکی واقیعبینانە و دیموکراسی چارەسەر دەکات.
پوخت و نەخت.
مێژوو و فەلسەفەی سیاسی پێمان دەڵێن سیاسەت و ستراتیژی گواستنەوەی شەڕ
و ململانێکان بۆ دەرەوە، سیاسەت و ستراتیژێکی شکستخواردوون. ئەوانەی
ئەمڕۆش ئەم ڕێگەیە دەگرنەبەر، چارەنووسیان لە نموونە ڕەشەکانی
ناوزبڵدانی مێژوو باشتر نابێت. سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە دروستکردنی
دەوڵەتی هاونیشتمانی و گەشەپێدانی ناوخۆییدایە، نەک لە هەژموونخوازی و
هەوڵی قوتدان و قڕکردنی ئەوانی تر.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|