|
٦\٥\٢٠٢٦
دوو هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود
تەنهایی بە شیر و شەکرەوە.
ئەو پەنجەرەیەی لێیەوە،
لە منداڵییەوە، دەمڕوانییە ئاسمان،
ئێستا لە خۆییەوە دەڕوانێتە من.
ئەو شووشەیەی ڕۆژگارێک ڕێگەی
نێوان من و ئاسمان بوو،
ئێستا ئاوێنەیەکە تاریک.
تەنهایی ئەوە نییە
تیری کەس نەگاتە دڵت،
تەنهایی سەیرکردنێکی ئاسمانە
لە درزی پەنجەرەیەکەوە،
ونبوونی ژیان و تەمەن و ئەڤینە
لە بێتامییەکی بێسنووردا.
لە چاوی منداڵیدا درزێک دەبینم،
نازانم ئەو ئێستا چی دەبینێت لە مندا،
ئەوەی دیارە تا درزەکە بەرینتر دەبێت،
من بچووکتر دەبمەوە.
ئاسمان بۆ ئەوانەی
پەنجەرەیان نییە، ڕەنگی هەیە،
بۆ منیش شێوە،
شێوەی درزەکە،
شێوەی پەنجەرەکە،
شێوەی ئەو ساتەی
یەکەمجار لە دیوارەکەوە
ڕوانیم و فێر بووم
دونیا، ئەو پانتاییەیە
منی تێدا نیم.
ئێستا
هەر دەرگەیەکم بۆ دەکرێتەوە،
نازانم دەبێت پێیدا تێپەڕم یان نا.
نازانم.. دەرەوە تاریکە یان
ڕوون.
درزی منداڵی فێری کردم،
جیهان شتێکە تەنها دەیبینیت،
نەک شتێک بچیتە ناوییەوە.
یەکەمین بێتامییەکی چەشتم، شیر بوو،
شیری دایکم بەسەر دەستەکانمدا دەڕژا،
بەڵام ئەو ساتەی کەوتە سەر زمانم،
وەک ئەوەی کەس نەیڕشتبێت،
وەک ئەوەی لە ئاسمانەوە باریبێتە
سەر شووشەی پەنجەرەکە و لە درزەکەوە
تەنها بێتامییەکەی نیشتبێتە سەر زمانم و
شیرەکە لە جێگەی خۆی،
لە دەرەوە، مابێتەوە.
لەو ڕۆژەوە
هەموو شیرێک
شیری دایکی کەسێکی دیکەیە
لە درزێکەوە چەشتوومە.
کۆڕی منداڵانی بێتام،
لەژێر یەک ئاسماندا
پەنجەرەکان بۆ یەکتر
دەخەینەسەر پشت،
بێ ئەوەی بزانین
بێتامی زمانێکی باوە و
لە منداڵیدا فێری
دەبیت.
تەمەنیش بێتامیی خۆی هەیە.
ساڵانی منداڵی تامی شیریان دەدا،
ساڵانی گەنجێتی تامی نان.
بەڵام ئێستا تامی ئەو ساتەن
دەستت درێژ دەکەیت بۆ شتێک
ڕۆژگارێک تامی هەبوو.
دەستەکە
بە درزی پەنجەرەکەدا تێدەپەڕێت و
دەگاتە دەرەوە، بەڵام دەرەوە شوێنێک نییە.
دەرەوە ئەو زەوییەیە تامەکانی ژیانتی تێیدا
ون بوون.
دەستی تۆ
لەنێو ئەو دەرەوەیەدا
بەدوای دەستێکی دیکەدا ون دەبێت،
دەستێک لە درزی پەنجەرەیەکی تردا
هاتووەتە دەرەوە، بۆ ئەوەی
دەستێک بدۆزێتەوە.
ئاسمانی ئەمڕۆ
پڕە لە دەستی ونبوو،
دەستی هەموو ئەو منداڵانەی
لە درزی پەنجەرەکانیانەوە
دەستیان بۆ ئاسمان
درێژ کرد.
یەکەمجار کەسێکم خۆشویست،
گەیشتمە ئەو باوەڕەی درزی پەنجەرەکەم
گەورەتر بکەم تا ئەو بێتە ژوورەوە.
بەڵام نەهات.
درزەکە فراوانتر مایەوە،
ئاسمان ڕۆژگارێک
شێوەی دڵۆپێک شیر بوو،
ئێستا شێوەی دەرگەیەکی
کراوەیە بەڕووی هیچدا.
ئەڤین ئەو دەرگەیەیە
لە دیوارە ژووری منداڵیتدا دەکرێتەوە،
کاتێکیش پێیدا تێدەپەڕیت، دەگەڕێیتەوە
هەمان ژوور، بەڵام ئەمجارە پەنجەرەکە
کەوتۆتە دیوەکەی تری دیوارەکە.
ئاسمانێکی تر
لە درزێکی تردا چاوەڕێتە
تا فێری بێتامییەکی نوێت بکات،
وەک ئەوەی پەنجەرەکانی تۆ
هەرگیز یەک نەبن،
وەک ئەوەی خودی خۆت
چەندین درز بیت لە دیوارێکدا
کەس لێیەوە ناڕوانێت.
شیر کاتێک تامی نەبێت،
دەبێتە ئاو.
ئاو کاتێک تامی نەبێت،
دەبێتە ئاسمان.
ئاسمان کاتێک بێتام بێت،
دەبێتە درز.
درز کاتێک بێتام بێت،
دەبێتە چاو.
چاو کاتێک بێتام بێت،
دەبێتە تۆ.
ئێستا
پەنجەرەکە
بچووک بۆتەوە،
یان من گەورە بووم؟
یان درزەکە بێتام بووە؟
یاخود ئاسمان فێر بووە
لە ڕێگەی درزی منەوە
وانەکانی خۆی بنووسێتەوە
بۆ منداڵێکی نوێ،
تا لە ژوورێکی تردا
بۆ یەکەمجار
چاوەکانی بە درزێکدا
بکاتەوە.
نا - تۆ تا لە پەنجەرەیەکی
بێشووشەوە نەڕوانیتە ئەو
ئاسمانەی لە ناوەوەی خۆتدایە،
هەرگیز تێناگەی، نا - نازانیت
تەنهایی شتێک نییە لکاو بێت،
تەنهایی ئەو ژوورەیە تێیدا
فێری بینین بوویت،
پێش ئەوەی فێر ببیت
چۆن بە دەرگەکانیدا
بچیتە دەرەوە.
ئەی شەو،
وەرە لە تەنیشتم دابنیشە.
من نانێک بە شیر و شەکرەوە دەخۆم،
تۆش بابۆڵەیەک بە ڕۆن و ڕووناکی منەوە،
بێ ئەوەی تامیان هەبێت،
وەک هەموو ئەو شتانەی
ڕۆژگارێک تامیان هەبوو،
ئێستا لە درزی پەنجەرەی کەسانی تردا
چاوەڕێن، تا بۆ یەکەمجار چاو هەڵبێنن،
بۆ یەکەمجار ونبن،
بۆ یەکەمجار فێربن.
تەنهایی زمانی یەکەمە،
پێش ئەوەی شیر هەبێت،
پێش ئەوەی وشە هەبێت،
پێش ئەوەی پەنجەرە هەبێت،
پێش ئەوەی من و تۆ یاخود
کەسێکی دیکە هەبین.
تەنها بۆ ئەوەی
کاتێک بێت و تێیدا
تەنها بین.
---------------------------------------------------------------------------------------------------------
لە
هیچدا.
یەک
دوو
سێ. نا
چوار.
کاتژمێرەکە مانگە.
مانگەکە دەنگە.
دەنگەکە برسییەتی.
برسییەتی هیچە.
یەکێک دەڵێت من خودام.
ئاوێنەکە پێی پێدەکەنێت.
یەکێک دەڵێت من، من نیم.
ئاوێنەکە گریانی بۆ دێت.
یەکێک هیچ ناڵێت.
ئاوێنەکە دەشکێت.
شکانەکە دەتریقێتەوە.
پێنج، شەش، حەوت.
دیسانەوە شەش.
ژمارەکان دەگەڕێنەوە.
شوێنی منداڵییان نییە.
ژمارەکان دانیشتوون.
ژمارەکان دەگریەن.
ژمارەکان نین.
ئاوێنەیەک
لە چاوی پشیلەیەکدا
دانیشتووە و دەڵێت:
ئەو شتەی دەینووسیت،
نەتنووسیوە. ئەو شتەی
نەتنووسیوە، خۆتیت.
خۆت، یەعنی شتێک
لە نێوان دوو وشەی
نەنوسراودا.
دارێک هەیە
ڕەگی لە ئاسمانە.
دارێک هەیە بەرەکەی
لە دەمی منە.
دارێک هەیە
من نییم.
لە بیرم دێت.
ئەو منی بیر نایەت.
دارەکە دارە.
دارەکە نییە.
دەستم لە لای ڕاست نییە.
دەستم لە لای چەپ نییە.
دەستم لە جێی دەستمە.
دەست نییە.
ها. ها. ها.
ها.
دەق دەڵێت:
من شیعرم.
دەڵێم: درۆ دەکەی.
دەق: ڕاست دەکەی،
درۆ دەکەم.
دەڵێم: ئێستا...
ئێستا ڕست یان درۆ؟
دەقەکە پێدەکەنێت.
لە کاغەزەکەوە دەفڕێت.
کاغەزەکە لەمنەوە دەفڕێت.
منیش لە دەست خۆم.
ماسییەک
لە ناو قاپێکی شیردا.
شیرەکە هەیڤە.
ماسییەکە ئاوێنەیە.
ئاوێنەکە ماسی نییە.
بەڵام ئەمڕۆ هەیە.
ئەمڕۆ نییە.
ماسییەکە هەیە.
هەشت، نۆ،
دە، نا کۆتا.
بێ ژمارە.
بێ بێ.
بێ.
بێ بێ بێ.
بێ.
بێ.
بێ.
کاتێک
هاوار دەکەم،
وشەکان دەکەونە
سەر کاغەز،
کاغەزەکە
دەیانخوات،
کاغەزەکە تێر دەبێت،
کاغەزەکە دەنوێت،
لە خەونیدا
کاغەزێکی تر
سپی تر دەبینیت.
ئەو کاغەزە
برسییە.
لە دونیایەکی تردا.
ئەمە شیعر نییە.
مەترسییەکە لە جیاتی شیعر.
یان شیعرە لە بەرگی مەترسیدا.
یان مەترسییە لە بەرگی شیعردا.
هەر شتێک بێ، بەرگەکە لەخامەی
منە، منیش لە بەرگێکی تردا
لە سەردامێکی تردا.
پشیلە پیرەکە پێیوتم:
هیچ شتێک بوون نییە.
وتم: ئەی تۆ بوونت چییە؟
گوتی: من هیچ، پشیلە نیم.
وتم: ئەی ئەوەتا هەیت؟
وتی: لە کاتێکدا پرسیار دەکەی، نا.
لە کاتێکدا پرسیار ناکەی، بەڵێ.
ئێستا پرسیاری لێناکەم.
پشیلەکە هەیە.
پشیلەکە نییە.
ساتێک.
سەعاتێک.
سەدەیەک.
چرکەیەک.
هەموویان یەکن.
هەموویان جیاوازن.
هیچیان نین کاتێ هەی
هەموویان هەن کاتێک
لە ناکاتدا نیت.
ئاوێنەکە.
ئاوێنەکە. ئاوێنەکە.
سێجار بانگ دەکەم،
هەر جارێک جیاواز.
یەکەمیان منم.
دووەمیان منم لە
جلێکی تردا.
سێیەمیان
جلەکەیە
بەبێ من.
شیعر کۆتایی نایەت.
شیعر دەستپێناکات.
شیعر لە ناوەڕاستدایە.
هەمیشە لە ناوەڕاست.
شیعر مانگە، ماسییەکی
خواردووە
ئاوێنەیە
پشیلەیە
بوونی نییە
پرسیاری لێناکرێت
لە ناوەڕاستی هیچدا
دانیشتووە و تەنها
پێدەکەنێت.
فانۆس.
فانۆس.
فانۆس.
فانۆسی چوارەم لە کوێیە؟
هەرگیز چوار فانۆس نەبووە.
هەمیشە چوار فانۆس هەبووە.
نا - هیچ فانۆسێک نەبووە.
با - هەموو فانۆسەکان بوون.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|