٢٩\٤\٢٠٢٣
دوو هۆنراوەی بەر
لە پتر لە نیو سەدەی جەلال دەباغ.
بەهاری کوردستان.

جەلال دهباغ
وا بە سەربەرزییەوە کورد، سەیری کوردستان ئەکا
سەیری ئاڵیی ئەرخەوانی، گردەکەی سەیوان ئەکا
سەیری خاکی خۆی ئەکات و، وەک بەهەشتە خاکەکەی
سەیری چەپکە نێرگزی ژێر پەرچەمی یاران ئەکا
چۆن بەهارێکە کە گۆیژەو پیرەمەگروون سەرسپین
دامەنی سەد رەنگە، دڵدارانی پێ حەیران ئەکا
دەنگ و هاژەی ئاوی بەفراوان و سروەی بای شەماڵ
مۆسیقایە و نەیژەنە بولبول... کە دڵ بوریان ئەکا
سەیری تەختی مۆسیقای بولبول لەسەرداران بکەی
تێئەگەی هاوشانی باندی ئاوی دووئاوان ئەکا
زەرد و سووریی نێرگز و بۆنی ڕێحانە کێویلە
سەد دڵی سوتاوی دڵدارانی پێ دەرمان ئەکا
دیمەنی دەشتێکی سەوزە و گەر لە دوور سەیری بکەی
هەر شەپۆلە و رووبەرووت دێ و چش لە سەد لبنان ئەکا
چۆن بە سەربەرزی گوڵالەسوورە لەنجەی خۆی ئەکا
وا شەماڵی کرد بە ساقی و، عەتری پێ پەخشان ئەکا
سەیری گۆپکەی سەوز و خونچەی لالە
و شەستپەڕبکەی
تێئەگەی وەرزێکە یاران... ئارەزووی سەیران ئەکا
کوێرە کارێز بوو، دە ئێستەش گوێ لە هاژەی ڕاگرە
مۆسیقای هاژەی موتاڵای مەدحی کوردستان ئەکا
چونکە دەشت و شاخ و داروبەردی سەوز و سوور بووە
نەیبڕی خوایە... کە جوانی پێشکەشی کوردان ئەکا
گەر بچیتە گەشت و سەیران ڕوو لە هەر جێگا بکەی
دەنگ و نەغمەی بولبولە و دێ، پێشەکی گریان ئەکا
چونکە پیشەی خۆیەتی، کاتێ بەهار ڕۆی و نەما
تێئەگا گوڵ زەرد ئەبێ، جا بولبولیش هیجران ئەکا
بێرە کوردستان و ئەوسا تۆ بەهاری تێئەگەی
خاکی کوردستان بەهاری وەک بەهەشت هاوشان ئەکا.
٢٠\٤\١٩٥٧
ئایار .
لە شیکاغۆ... لە ئەمریکا
کارگەرانی وەکو پۆڵا
ڕژانە سەرشەقامەکان
بۆ زۆربوونی رۆژانەیان
هاواریان ئەزرنگایەوە
لە گشت لا دەنگی دایەوە
هاوار ئەیوت: با نەمێنێ
چەوسانەوە و یاسای بێجێ
مانگرتن و خۆپیشاندان
ئەی کارگەرانی قارەمان!
* * *
بەڵام لە ناکاوا گوللەی،
ئیستیعمار و خاوەن کارگەی،
سەرمایەدار...
چەکی دەستی پیاوی دۆلار
هاتەخوارێ، ورووکایە
ئەو لەشانەی وەک پۆڵایە
کارگەرانی وەکو (ئۆگاست)
شەهیدکران
(سبایش)، (نیکڵ) هەڵواسران
بوون بە چاوگە و سووتەمەنی
بۆ ڕێگای ڕاست...
ڕاپەڕینێ بەرپاکرا
لە مێژودا
بە خوێن نووسرا:
(بژی یادی یەکی ئایار..!)
ئەمڕۆ لە گشت سەرزەمینا،
کەڕ ئەکا گوێی سەرمایەدار
لە پێناوی نرخی ژینا
بۆ ئاشتی و بۆ بەختیاری
لە گشت گێتی
کارگەرانی رووت و برسی
هەنگاو ئەنێن بۆ پشەوە
بۆ ژیان...
بۆ پاراستنی،
توخمی ئینسان...
(ئازادی ژمارەی
٣، ساڵی
٢، ٦ی ئایاری
١٩٦٠).
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|