په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠٢٢

سی و نۆیەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران

پەسندکراوی ئەکادیمیای ئۆسکار بەڕێوەدەچێ.

 

مەنسوور جیهانی

 
سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران وەکوو فێستیڤاڵی سەرەتایی خەڵاتی ئۆسکار و لە زومرەی فێستیڤاڵەکانی "ئۆسکار کوالیفاید" لە دونیادا بە نمایش کردنی ٦٠ کورتە فیلم لە دەرهێنەرەکانی ٣٥ وڵاتی جیهان لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت و ئەو فیلمەی کە لەم رووداوە سینەماییەدا، خەڵاتی گەورەی بەشی نێونەتەوەیی وەربگرێت، بە ئەکادیمیای ئۆسکار دەناسێندرێت.

سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە بەرپرسایەتی "مەهدی ئازەرپێندار" لە لایەن ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران، بە دروشمی "جۆربەجۆری لە ژانردا" و هەروەها تەوەرەی تایبەت بە "ژانر" لە دوو بەشی سەرەکیی "سینەمای نەتەوەیی" و "سینەمای نێونەتەوەیی"، بە شێوەی ئامادەبوونی سینەماکاران و بە نمایش کردنی زیاتر لە ٦٠ کورتە فیلمی چیرۆکی، بەڵگەفیلم، ئەنیمەیشێن و ئەزموونی لە چەندین بەشی رکابەریی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لە دەرهێنەرەکانی ٣٥ وڵاتی جیهان لەوانە؛ ئەمەریکا، فەرەنسا، شیلی، ئەرژەنتین، ژاپۆن، ئەڵمانیا، نەمسا، چین، بەریتانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، لوبنان، کەنەدا، قێرقیزستان، هیندوستان، ئیسپانیا، فینلەندا، سویسڕا، دانیمارک، ئۆستڕاڵیا، تایلەند، کرۆواسی، مەجارستان، فیلیپین، لیتوانی، رۆمانیا، پاکستان، ئەندەنووسیا، مەراکیش، ئەرمەنستان، لۆکزامبۆرگ، عێراق، تورکیا و ئێران و بە ئامادەبوونی چەندین ناوبژیوان لە وڵاتانی پۆرتوگال، تورکیا، لیتوانی، رۆمانیا و ئێران و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی مامۆستایانی نێونەتەوەیی سینەما لە رۆژانی ١٩ تا ٢٤ی ئوکتۆبری ٢٠٢٢ لە پەردیسی سینەمایی "میلەت" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.

فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە یەکێک لە فێستیڤاڵە گرینگ و پڕبایخەکانی کورتە فیلم لەسەر ئاستی جیهان و پەسندکراوی ئەکادیمیای ئۆسکار  دێتە ئەژماردن و لە نێو دەرهێنەرەکانی کورتە فیلمی دونیادا پێگەیەکی باشی هەیە و ئەمساڵ لە لایەن سینەماکارانی ١٣١ وڵاتەوە بە رێژەی ٥٠٤٢ بەرهەم بۆ ئەم رووداوە سینەماییە نێردراوە.


ئەم رووداوە سینەماییە یەکێکە لە ٦٣ فێستیڤاڵی پەسندکراوی ئەکادیمیای ئۆسکار لە جیهاندا و یەکێکە لە ٩ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی پەسندکراوی ئەم ئەکادیمیایە لە کیشوەری ئاسیا و هەروەها یەکێکە لە دوو فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی پەسندکراوی ئۆسکار لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

"مەهدی ئازەرپێندار" دەبیری سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ئەم رووداوە سینەماییە کە رۆژی یەکشەمە ١٦ی ئوکتۆبری ٢٠٢٢ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی "باغی زیبا" بەڕێوەچوو، گوتی: ئەم فێستیڤاڵە ئەمڕۆ، نێودەوڵەتی‌ترین رووداوی سینەمایی ئێرانە و بۆ ئەم رووداوە پڕبایخە دەبێ لە ماوەیەکی زۆر لەوە پێشەوە بەرنامەداڕێژی بۆ بکرێت. ساڵی رابردوو لە رۆژانی ٢٧ی رەزبەر تا ٢ی خەزەڵوەر بوو، لەم ڕووەوە کە ساڵی پار خرایە نێو رۆژژمێری فێستیڤاڵەکانی "ئۆسکار کوالیفاید"، هەستمان بەوە کرد ئەم رێکەوت و مێژووە نێونەتەوەییە دەبێ دیاری بکرێت و بە کات و رێکەوتێکی دیاریکراو بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بگەین.

ئەو هەروەها گوتی: رێژەی ٥٠٤٢ بەرهەم، ئاماری سەرجەم فیلمە ناونووس کراوەکان لە بەشی نێونەتەوەیی سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تارانە. لەم نێوەندەدا رێژەی ٢٩٢٥ فیلمی چیرۆکی، ٦٨٩ فیلمی ئەنیمەیشێن، ٨٠٤ فیلمی بەڵگەیی و ٥٩٤ فیلمی ئەزموونی لە ١٣١ وڵاتەوە خوازیاری بەشداری کردن لە بەشی نێونەتەوەیی فێستیڤاڵی سی و نۆهەم بوونە. هەروەها فەرەنسا بە ٥٧٢ فیلم، ئیسپانیا بە ٤٠١، هیند بە ٣٤٦، چین بە ٢٣١ و ئەمەریکا بە ٢٢١ فیلم، ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین بەرهەمیان بۆ ئەم رووداوە هونەرییە ناردووە. هەروەها پلەکانی دوایی پێڕستی وڵاتانی خوازیاری بەشداری لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بەم پێیە تایبەتە بە وڵاتانی بەڕازیل بە ٢١٣ فیلم، ئەڵمانیا بە ١٩١ بەرهەم، ئیتاڵیا بە ١٨٨ فیلم، رووسیا بە ١٦٢ فیلم، تورکیا بە ١٤٩ بەرهەم، کەنەدا بە ١٠١ بەرهەم و مەکزیک بە ٨٦ فیلم.

دەبیری ئەم فێستیڤاڵە لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەرهەمەکانی بەشی رکابەریی "سینەمای نەتەوەیی" گوتی: لەم بەشەی فێستیڤاڵەکەدا، ٩٩ بەرهەم پێکهاتوو لە ٤٧ فیلمی چیرۆکی، ١٤ فیلمی بەڵگەیی، ١٣ فیلمی ئەزموونی، ٢٥ ئەنیمەیشێن لە سینەماکارانی سەرتاسەری ئێران بەشدارن.

بەشی "سینەمای نێونەتەوەیی" ئەم فێستیڤاڵە، بە روانگەی بایخەکانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا، پێکهاتووە لەو فیلمانەی کە هەموو جۆرەکانی چیرۆکی، بەڵگە فیلم، ئەنیمەشێن و ئەزموونی کە لە دەرەوەی وڵاتی ئێران بەرهەم هاتبێن. بەرهەمەکانی ئەم بەشە دەبێ لە دوای دەستپێکی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی هاتبێتنە بەرهەم و هەروەها تا ئێستا لە هیچ فێستیڤاڵێکی دیکەدا لە ئێران نمایش نەکرابێتن.

ئامانجەکانی ئەم فێستیڤاڵە بریتین لە؛ ناساندن و دەرخستنی بەهرەکانی سینەمایی،
بەهێزکردنی پێگەی کورتە فیلم وەکوو رەوتێکی سەربەخۆ و بیرمەند لە سینەمای ئێران، نوێ کردنەوەی زانستی سینەمایی سینەماکاران لە بواری کورتە فیلم، بەهێزکردنی سیستەمی ئاراستە کردن و بڵاو کردنەوەی کورتە فیلم، بە پێکهێنانی بوارەکانی دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆیی و دەرەوە و پەرەپێدان و ڕاکێشانی بەردەنگەکانی کورتە فیلمە.

کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پسپۆڕانەی "٣٩ ٢٠" لە سی و نۆیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە ئامادەبوونی مامۆستایانی دیار و ناسراوی نێودەوڵەتی و ئێرانی و هەروەها بە بەشداریی فێرخوازان و هۆگرانی سینەما بە بابەتەکانی؛ "داهێنان لە ژانردا"، "رووناکی و وێنەگرتنی فیلم"، "ئەزموون‌خوازی لە ژانردا"، "پرسیار کردن لە دەورگێڕی ئەکتەرەکان"، "سیناریۆ و فیلمنامە"، "ژانر لە کورتە فیلمدا"، "ژانر، فۆرم، شێواز؛ جیاوازییەکان و وێکچوونەکان"، "ئامادە کردن و بەرهەمهێنان"، "لێکدانەوەی نموونەی کورتە فیلمەکانی ژانر"، "دەنگ لە فیلمدا"، "جیلوە بینراوەکان" و "دیزاین و داڕشتنی سەحنە و شوێنی وێنەگرتنی فیلم" بەڕێوەدەچێت.

لە بەرنامەکانی دیکەی ئەم رووداوە سینەماییە بەڕێوەچوونی پێشانگای "کتێب و سینەما"یە کە کۆمەڵێک لە کتێبەکانی پسپۆڕانەی سینەمایی و نوێترین بەرهەمەکانی دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران، لە خۆ دەگرێت کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەکوو؛ "بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنان لە سینەمادا"، "چیرۆکە پێشنیارکراوەکان بۆ کەڵک وەرگرتنی دەق لە کورتە فیلمدا"، "نووسینەوەی ئەزموونەکانی فیلمە یەکەمەکانی سینەماکاران"، "نووسینەوەی راستەقینە لە بەرهەمە چیرۆکییەکاندا"، "وتارەکانی پەیوەندیدار بە ژانر"، "وێنەگری فۆتۆگرافی"، "مۆسیقا"، "سینەمای ئەزموونی" و... کارەکانی کۆکردنەوە، وەرگێڕان و نووسینی ئەو کتێبانە ئەنجام دراوە.

پەردەلادان لە بنکەی دەرچووانی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران و هەروەها بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆڕبەندی دەرچووانی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران لە بەرنامەکانی دیکەی سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تارانە.

فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران هەموو ساڵێک لە لایەن ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران، بەڕێوەدەچێت کە گەورەترین ئەنجومەنی فیلمسازیی لە ئێران بە رێژەی ٥٨ نووسینگەی فێرکاری و فیلمسازی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و یەکێک لە گەورەترین قوتابخانەکانی فیلمسازی لە جیهان بە پێی رێژەی بەرهەمە چێکراوەکانە کە خەریکی فێرکاری فیلمسازیی ٧ مانگە و خولەکانی تاک وانەی ماوە کورت و هەروەها بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران وەکوو گرینگترین فێستیڤاڵی کورتە فیلم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت.

سینەماکارانێکی گەورە لە سینەمای ئێران لە ناو دڵی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی تاران بە سینەمای جیهان ناسێندراون کە "ئەسغەر فەرهادی"، "بەهمەن قوبادی"، "شەهرام موکری"، "رەزا میرکەریمی"، "مەجید بەرزگەر"، "موحسین ئەمیریووسفی"، "ئایدا پەناهەندە"‌، "ئەرسەلان ئەمیری"، "ئاریان وەزیردەفتەری" و سینەماکارانی ناسراوی دیکەی ئێرانی لە زومرەی ئەوانەن.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک