په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٤\٢٠١٨

سێ بابەت سەبارەت بە سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر.

 

 

مەنسوور جیهانی

 

"لەری سمیت" فیلم ھەڵگر و پسپۆڕی رووناکیی بەرھەمەکانی "ستەنلی کوبریک"

دێ بۆ فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.

 

 

"لەری سمیت" فیلم ھەڵگری ناوداری بەریتانیایی کە پێشینەی ھاوکاریی لەگەڵ "ستەنلی کوبریک"ی لە کارنامەی خۆیدا ھەیە، لەم خولەی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر وانەبێژی یەکێکە لە کارگەکانی فێرکاری و وۆرکشۆپەکانی فیلم ھەڵگریی و کاری پسپۆڕانەی رووناکی.

بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، "لەری سمیت"  کە پێشینەی ھاوکاریی لەگەڵ "ستەنلی کوبریک" یەکێک لە گەورەترین دەرھێنەرەکانی مێژووی سینەمای جیھانی لە کارنامەی ھونەریی خۆیدا ھەیە، بە بەڕێوەبردنی کارگەی فێرکاری و وۆرکشۆپی فیلم ھەڵگریی و کاری پسپۆڕانەی رووناکی دێ بۆ وڵاتی ئێران و کارگەکەی خۆی لە میانەی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر بەڕێوەدەبات.

"لەری سمیت" فیلم ھەڵگری بەریتانیایی لە دایکبووی شاری لەندەنە کە بۆ ھاوکارییەکانی لەگەڵ سینەماکاری کۆچکردوو "ستەنلی کوبریک" و سینەماکارانی ستایش کراوی وەکوو "نیکۆلاس ویندینگ رێفەن" و "جان مایکڵ مەک دانا" دەناسرێ.

فیلم گەلێک کە لە کارنامەی ئەودا لە پلە و پێگەی بەڕێوەبەری فیلم ھەڵگرتن دەبیندرێ، ھەم بلاک باستێرەکان لە خۆ دەگرێ و ھەمیش بەرھەم گەلی سەربەخۆی چکۆلەتر.

"لەری سمیت" کە ئەندامی ئەنجومەنی فیلم ھەڵگرانی بەریتانیا (بی ئێس سی)ـە، چالاکییەکانی لە بواری سینەما و چێکردنی فیلمدا لە بەشی کامێرا و کەرستگەلی بەرقی و کارەبایی فیلمی "بری لیندێن" (ستەنلی کوبریک، ساڵی ١٩٧٥ی زایینی؛ بە پۆستی بەرپرسیارێتی تەکنیسیەنی کارەبای سەرەکی) دەست پێکرد و لە فیلمی "درەوشانەوە" (ساڵی ١٩٨٠ی زایینی) بووە یاریدەدەری بەشی رووناکی. ئەو لەم دوو پرۆژەیەدا لەژێر چاودێریی "جان ئاڵکات" چالاکی کرد تا ئەوەی کە لە فیلمی "چاوگەلی دیسان بەستراو" (ساڵی ١٩٩٩ی زایینی) بووە بەرپرسی فیلم ھەڵگرتن؛ ئەو فیلمەی کە کۆبریک و ئەو پێکەوە کاری فیلم ھەڵگرتنەکەیان ئەنجامدا و پۆستی دروستتری سمیت بۆ ئەو فیلمە "بەرپرسی رووناکی" تۆمار کراوە. لە کۆتاییدا "ژەنیاری پیانۆ" (ژان پیئر رۆ، ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی) یەکەمین فیلمێکە کە ناوی "لەری سمیت" (لە دوای فیلم ھەڵگرتنی بەش گەلێک لە دوو کۆمەڵگەی تەلەویزیۆنی) تیایدا وەکوو بەڕێوەبەری فیلم ھەڵگرتن تۆمار کراوە.

ئەو لە ساڵەکانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ی زایینی بە پێی ریزبەندی بە فیلمەکانی "ترسی نەناسراو" و "تەپوتۆزی سوور" یەکەمین ھاوکارییەکانی لەگەڵ "نیکۆلاس ویندینگ رێفن" و "تام ھووپێر"  تەجرەبە کرد. لە فیلمە سەرکەوتووەکانی ئەو لە پێگەی بەڕێوەبەری فیلم ھەڵگرتن دەتوانرێ بە فیلمی "برانسۆن" (ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی) و "تەنیا خودا دەبەخشێ" (ساڵی ٢٠١٣ی زایینی) ھەر دووکیان لە دەرھێنانی "نیکۆلاس ویندینگ رێفن" و "پاسەوان" (ساڵی ٢٠١١ی زایینی) و "کالوێری"/ "جلجاتا" (ساڵی ٢٠١٤ی زایینی) ھەر دووکیان بەرھەمی "جان مایکڵ مەک دانا" ئاماژەی پێ بکرێ.

سمیت لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، ھەروەھا یەکەمین فیلمی سینەمایی خۆی لە پلە و پێگەی دەرھێنەر بە ناونیشانی "بازەرگان" بەرھەمھێنا کە لە فیستیڤاڵی فیلمی مەدرید لە ئیسپانیا لە ھەشت بەشدا پاڵێوراوی وەرگرتنی خەڵاتەکان بوو کە لە کۆتاییدا، خەڵاتی باشترین بەرھەمھێنەری فیلمی بڵیندی بۆ سمیت و ھاوپۆلەکانی "چارلز سامێن" بە دیاریی ھێنا.

سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە رۆژانی ١٩ تا ٢٧ی نیسانی ٢٠١٨ی زایینی رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە تا ٧ی گوڵانی ١٣٩٧ی ھەتاوی بە دەبیریی "سەید ڕەزا میرکەریمی" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.

 

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

"نیکۆلا پیووانی" ئاوازدانەری ئیتاڵیایی براوەی خەڵاتی ئۆسکار

دێ بۆ فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.
 

مەنسوور جیهانی


"نیکۆلا پیووانی" کە بۆ فیلمی سینەمایی "ژیان جوانە" بووە براوەی خەڵاتی ئۆسکاری باشترین مۆسیقای ناوەرۆکی فیلمەکەی،‌ لە زومرەی میوانانی تایبەتی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر دەبێ.
بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، "نیکۆلا پیووانی" ئاوازدانەر و رێبەری ئۆرکێستڕای ناوداری ئیتاڵیایی کە ئەزموونی ھاوکاریی لەگەڵ سینەماکارانێکی ناسراوی وەکو؛ "فێدریکۆ فێلینی"، "برایانی تاویانی" و "مارکۆ بێلۆکیۆ" ھەیە، دەبێتە میوانی تایبەتی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر.

ئەو لە رۆژی ٢٥ی ئەپڕێڵی ٢٠١٨ لە تەلاری وەحدەتی شاری تاران ئاراستەیەکی پێشکەش کردنی راستەوخۆی دەبێ و لەم کۆنسێرتەدا ھەڵبژاردەیەک لەو پارچە موزیکانەی کە پێشتر بۆ ژمارەیەک لە فیلمە سینەماییەکانی چێکردووە، پێشکەش دەکات.

کۆنسێرتەکەی پیووانی لە یەک نۆبەی پێشکەش کردنیدا تایبەتە بە میوانەکانی فێستیڤاڵ و بانگھێشت کراوان. پیووانی بۆ زیاتر لە ١٣٠ فیلمی سینەمایی مۆسیقای ناوەرۆکی چێکردووە و بۆ فیلمی "ژیان جوانە" (١٩٩٧ی زایینی) لە دەرھێنانی "رۆبێرتۆ بێنینی" بووە براوەی ئۆسکاری باشترین مۆسیقای ناو فیلم.

"نیکۆلا پیووانی" لەدایکبووی رۆژی ٢٦ی مانگی مەی ساڵی ١٩٤٦ی زایینی لە شاری رۆمای ئیتاڵیایە. ئەو لە زانستگای "ساپینزا" لە شاری رۆم خوێندنی تەواو کرد و لە ساڵی ١٩٦٧ لە کۆنسێرڤاتواری وێردی لە ئامێری پسپۆڕانەی پیانۆ بڕوانامەی وەرگرت. پیووانی پاشان رێبەرایەتی ئۆرکێستڕای لەژێر چاودێریی "مانۆس ھاجیداکیس" موزیکزانی یۆنانی فێر بوو.


ئەو مۆسیقای ناوەرۆکی فیلمی بۆ سێ فیلمی "وتووێژ"، "جینجەر و فرێد" و "دەنگی مانگ" لە دەرھێنانی فێلینی چێکردووە و دواتر بالەیەکی بە ناوی "بالەی فێلینی" ئامادە و دابەش کرد. مۆسیقای براوەی ئۆسکاری فیلمی سینەمایی "ژیان جوانە" لە ساڵی ٢٠٠٠ بووە ناوزەد و پاڵێوراوی خەڵاتی گرەمی لە بەشی "باشترین مۆسیقای ناوەرۆک بۆ بوارەکانی سینەما، تەلەڤیزیۆن و راگەیاندنەکانی دیکەی بینراو".

لە نێوان ئەو فیلمانەی کە نیکۆلا پیووانی مۆسیقای ناوەرۆکی بۆیان چیکردووە، دەتوانرێ بە "ھەیولا لە لاپەڕەی یەکەمدا زلەی لێ بدە" (مارکۆ بێلۆکیۆ، ساڵی ١٩٧٢ی زایینی)، "عەتری خاتوونی رەشپۆش" (فڕانچێسکۆ باریلی، ساڵی ١٩٧٤ی زایینی)، "شوێن پێ لەسەر مانگ" (لوئیجی باتزۆنی، ساڵی ١٩٧٥ی زایینی)، "ھەڵبەزینەوە لە تاریکیدا" (مارکۆ بێلۆکیۆ، ساڵی ١٩٨٠ی زایینی)، "شەوی سەن لۆرێنزۆ" (برایانی تاویانی، ساڵی ١٩٨٢ی زایینی)، "کائۆس" (برایانی تاویانی، ساڵی ١٩٨٤ی زایینی) ئاماژەی پێ بدرێ.


پیووانی لە ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی مۆسکۆ بوو. ئەو ھەروەھا لەگەڵ دەرھێنەرانی فەڕەنسی ھاوکاری دەکات و لەگەڵ سینەماکارانی وەکوو؛ دانیەل تامپسۆن، فیلیپ لۆرە و ئێریک ـ ئێمانۆئێل ئیشمیت ھاوکاری کردووە. وەزیری فەرھەنگی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان مەدالیای فەرماندەی ھونەر و ئەدەبیاتی فەڕەنسای بە پیووانی پێشکەش کرد.

پیووانی لەو بڕوایە دایە کە چێکردن و بەرھەمھێنانی مۆسیقای ناوەرۆک بۆ فیلم گەلێکی زۆر دەبێتە ھۆی لە جێی خۆی مانەوەی موزیکزان و پێشڕەوت نەکردنی ئەو، بەڵام لە شانۆ، مۆسیقا بەرزتر لە ھەر ھونەرێکە. پیووانی ھەروەھا لە بواری شانۆگەرییە موزیکالەکاندا چالاکی ھەیە و لە بواری مۆسیقای ئۆرکێستڕاڵ و مەجلیسیدا کار و چالاکی دەکات.

سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە رۆژانی ١٩ تا ٢٧ی نیسانی ٢٠١٨ی زایینی رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوە تا ٧ی گوڵانی ١٣٩٧ی ھەتاوی بە دەبیریی "سەید ڕەزا میرکەریمی" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێ.
 

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

"زەنگی حەوتەم" لە سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لێدەدرێ.
- ٧ فیلمی بڵێند و ٤ کورتە فیلمی ئێرانی و بیانی لە بەشی "زەنگی حەوتەم" نمایش دەکرێن -

 

مەنسوور جیهانی
 

بەشی "زەنگی حەوتەم"ی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لەمڕۆ سێشەمە ١٧ی ئەپڕێڵی ٢٠١٨ی زایینی بە نمایش کردنی فیلم بۆ قوتابیانی دەبیرستانی قۆناغی دواناوەندی لە پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە تاران دەست پێدەکا.


بە پێی راپۆڕتی لێژنەی راگەیاندنی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، "ئەحەد میکائیل زادە" بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر رایگەیاند: بەشی "زەنگی حەوتەم" سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر ئەمڕۆ سێشەمە ١٧ی نیسانی ٢٠١٨ی زایینی کاتژمێر ٩ی بەیانی بە نمایش کردنی فیلمی "١٥٠ میلی گرەم" لە پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە تاران کاری خۆی دەست پێدەکا.


ئەوەشی خستە ڕوو: لەم بەشەدا، فیلمە گەلێکی شیاو لەگەڵ تەمەن و سەلیقەی قوتابیانی ئێرانی نمایش دەکرێ و فیلمە بیانەییەکانی بەشداربووی ئەم بەشە، بە زمانی فارسی دۆبلە ‌کراون بۆ ئەوەی کە قوتابیان بتوانن پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ ئەوانە دروست بکەن.

میکائیل زادە رایگەیاند: بێجگە لە ھۆڵەکانی پەردیسی سینەمایی چارسوو، بەرھەمەکانی ئامادەبووی بەشی "زەنگی حەوتەم" لە سینەماکان و پەردیسەکانی میللەت، رازی، راگا، فەلەستین، ماندانا، فەرھەنگ، ئازادی، تەماشا و مێگاماڵ نمایش دەکرێن.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سی و شەشەمین فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەر لە نمایش کردنی ھەر فیلمێک، کارناسێکی سینەما سەبارەت بە بابەت و چیرۆکی بەرھەمەکە بۆ قوتابیان قسە دەکات. ھەروەھا بەشی "زەنگی حەوتەم" ھەلێکە بۆ ئەوەی کە قوتابیان لەگەڵ شێوازە سەرەتاییەکانی رەخنە و ھەڵسەنگاندنی فیلم ئاشنا ببن و پاشان دەتوانن بە نووسین و ناردنی رەخنەکانی خۆیان بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵ لە رکابەری کردن بۆ وەرگرتنی خەڵاتە جۆراوجۆرەکانی باشترین نووسینی رەخنە بەشداری بکەن.

"ئەحەد میکائیل زادە" سەبارەت بە رێژەی فیلمەکان و ئەو سینەمایانەی کە بۆ ئەم بەشە تەرخان کراوە، گوتی: گرینگیی چالاکییە فەرھەنگییەکان و رەخساندنی بوار بۆ کاروباری پەروەردە و بارھێنان و فێرکاریی قوتابیان لە رێگای سینەماوە بووە ھۆی ئەوەی کە لەم خولەی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجردا و بە ئامانجی ناساندنی باشتری پێگەی فێستیڤاڵ و بردنەسەرەوەی ناسینی سینەما و ھەروەھا ھاندانی قوتابیان بۆ بینینی فیلم گەلی ئەخلاقی ـ پەروەردەیی و سەرنجڕاکێش بەشێک بە ناونیشانی "زەنگی حەوتەم" وەرێبخرێ.

میکائیل زادە سەبارەت بە ناساندنی ئەو فیلمانەی کە بۆ نمایش کردن لەم بەشەدا، بۆ قوتابیان لەبەر چاو گیراون، گوتی: ٧ فیلمی ئێرانی و بیانی لەم بەشەدا ئامادەن کە بریتین لە؛ "شازادە چکۆلە"، "١٥٠ میلی گرەم" و "رکابەرێک بۆ پرۆڤە" لە وڵاتی فەڕەنسا، فیلمی "ئێل کلاسیکۆ" لە وڵاتانی عێراق و نەرویج، "ئاسۆی جوان" لە سویسڕا، "شێر" لە ئوستڕاڵیا و ئەنیمەیشێنی "فیلشاە" لە ئێران کە لە بەشی فیلمە بڵیندەکانی "زەنگی حەوتەم" نمایش دەکرێن.

ئەوەشی راگەیاند: ھەروەھا چوار کورتە فیلمی ئێرانی بە ناوەکانی "مانگ گوتی قڵپ قڵپ یار‌مەتی"، "سڵاو"، "ئاڵفابێت" و "کەلاغ پەڕ" لەم بەشەدا بەشداری دەکەن.

بەڕێوەبەری بەشی "زەنگی حەوتەم"ی سی و شەشەمین فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر ھەواڵیدا: لە درێژەی تێڕوانینی فێستیڤاڵ بۆ فەرھەنگی رۆیشتنی بنەماڵەکان بۆ سینەما، بەستەیەک بە ناونیشانی "بینینی فیلم لەگەڵ بنەماڵە" بۆ قوتابیان لەبەر چاو گیراوە کە بە وەرگرتنی ئەم بەستەیە دەتوانن لە ماوەی رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵدا لەگەڵ بنەماڵەکەی خۆیان ھەموو رۆژێک لە کاتژمێر ٥ی عەسر یەک فیلم لە سینەما فەلەستین پێکەوە ببینن.

بە گوتەی "ئەحەد میکائیل زادە" بەڕێوەبەری بەشی "زەنگی حەوتەم"ی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، بەشی "زەنگی حەوتەم" بە ھاوبەشیی فێستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر، وەزارەتی فێرکاری و پەروەردەی ئێران و شارەوانی تاران بەڕێوەدەچێ.
 


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک