٢٣\٧\٢٠١٥
٤٤٠٠٠ پێغەمەرەکەش
بگەڕێنەوە سەر زەمین
ناتوانن ئەو
پەیامە بگەیەنن جاری یەکەم بە گوێی مرۆڤایەتییان دا.
- قسەیەک دەربارەی رۆمانی
(دوا شەوی دابەزینی عیسا) -

بەنگین پیرۆت
ھیچ دەربارەی ڕۆمانەکە ناڵێم لەبەر ئەوەی مەرج نیە تێڕامانەکانی من
مانا و وێنەی کارەکتەر و چیرۆک و ڕوداوەکە وەک خۆی بگەیەنێت، باشترە
خوێنەر خۆی بیخوێنێتەوە و پشت بە بۆچون ڕانانی کەسانی دی نەبەستێت،
ڕاستە ڕۆمانەکان بەپێی ئەزمون و ڕۆشنبیری نوسەرەکەی دەنوسرێت، بەڵام لە
خوێندنەوەدا بەپێی تێگەیشتن و ئەزمونی ژیانی خوێنەر مانای فەلسەفەی
ڕۆمانەکە ھەڵدەسەنگێنرێت وەک دەگوترێت ڕانانی بۆ دەکات، ھەروەک خۆم
چەند لێی تێگەیشتبم ھەر ئەوەندە لە تەرازوی ھەڵسەنگاندنەوە ڕانانی بۆ
دەکەم.
ڕۆمانی{دوا شەوی دابەزینی عیسا} یەکێکە لەو ڕۆمانانە تەژیە لە گومانی
ھزر بزوێن، بۆ نموونە کارەکتەرێک لە لاپەڕە ١٦٢ دەڵێت:
(ھەمومان دڵنیاین کێ دایکمانە، بەس گوایە
خودا نەبێت کەس نازانێت کێ باوکمانە).
شێرزاد حەسەن لەڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە ھاتنی پێغەمبەرێکیش بە پێویست
دەزانێت شوێنگرەوەی پێغەمبەرەکانی پێشین بێت، چونکە مرۆڤی ھەسارەکەمان
پێویستی بە پشویەکی ڕۆحی و دابڕانێکی قوڵی ھەیە تا بەخۆیدا بچێتەوە و
ژیارێکی نوێ لە ژیاندا دروست بکاتەوە، پێویستی بە وەستانی مێژوی جەنگ و
قڕکردن و کوشتاری مرۆڤاتیە.
ئەو بە ڕوونی ئەو پەیامبەرەی داوای دەکات و بە شیاوی ئاشتەوایی جیھانی
دەزانێت، دەری بڕیوە پەیامی چ پەیامبەرێک دەرەقەت ستەمی ستەمکار دێت،
ئەو گفتوگۆ لەگەڵ عیسای مەسیح دا دەکات ئەویش دەڵێ پەلەم بوو بۆ
دابەزین، تۆ بڵێیی پێغەمبەرەکانی تریش نەیانەوێ بێنەوە سەر زەمین ئاخۆ
ئەگەر لەیەککاتدا ھەموو پێغەمبەرەکان گەڕانەوە کێ دەبێتە سەرداری
پێغەمبەران؟
بەبڕوای من نەک عیسا، ئەگەر ھەر چل و چوار ھەزار پێغەمەرەکەش بگەڕێنەوە
سەر زەمین ناتوانن ئەو پەیامە بگەیەنن جاری یەکەم دایان بەگوێی
مرۆڤاتی. دەی کەواتە بۆچی لەنێوان ھەزاران پێغەمبەر، شێرزاد حەسەن عیسا
بە پەیامبەری یەکسانی و دادپەروەری داھاتوی مرۆڤاتی دەزانێت و گفتوگۆی
لەگەڵ دەکات و باسی ژیانی دوای پێغەمبەرەکانی بۆ دەکات، ئەی
پەیامبەرەکەی ئیسلام؟! ئەی ابڕاھیم و اسماعیل ئەی موسا و یوسف؟
پێم وایە ویستی شێرزاد وایە بە موسڵمانەکان بڵێت پەیامبەرەکەی ئێوە
نەیتوانی پەیامی ئاشتی و دەدپەروەری بێت لێگەڕێن با ئاینی عیسایی
شوێنگرەوە بێ تا مرۆڤاتی پێکی ژیان و ئاینێکی ڕۆحی نۆش بکەن.
دوو مەزھەبە سەرەکیەکەی مەسیحیەت (پڕۆتستات و کاسۆلیک) لە سەدەکانی
ناوەڕاست کەوت بوونە وێزەی یەکتر زیاتر لە ١٥٠ساڵ جیھانی مەسیحی بە
وێنەی ئێستای جیھانی ئیسلامی کوشتاری یەکتر و مرۆڤاتیان دەکرد زەمەنی
ترسناکی ئەوکات بۆچی وەک ئێستا پێویستی بەدابەزینی عیسا نەدەکرد وەک
ئەمڕۆ بەپێویست دەزانرێ؟ ئەگەر مەسیحیەت بەدیلە مرۆڤاتی چ پێویستی بە
ئیسلام ھەبوو؟
سەرقاڵ بون بەخوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە تێڕامانە لەڕابردو و تێگەیشتنە
لەدۆخی ئەمڕۆ و چێژ وەرگرتنە لەپرسیار و گومان بردنە لەگومانەکان.
بۆیە ھەرکە ئەو دەخوێنمەوە خۆشم نازانم چ جادویەک دەم ھاڕێت چ
ئەفسانەیەک لەزەمانی دواین پێغەمبەر خەریکە مێژویەک وەس وەسە لە بنەچەی
ئایینەکان دروست دەکات، خەریکە ناخمان لەڕابردووی پێغەمبەرەکان کرمێ
دەکات، من بۆ خۆم وام بەخوێندنەوەی ڕۆمانەکانی ئەم نوسەرە دیوی ناوەوەی
ناخم قەلەق دەکات بەڕادەیەک وێران و خاپوردەبم گومان لەبونی خۆشم
دەکەم، ئەو خۆی داوای پێغەمبەرێک دەکات بە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت خۆی
پەیامبەرێکە، بۆ ئەوە دەنوسێت جارێکی تر بە دیوێکی تر تێکمان بشکێنێت و
بونیادیشمان بنێتەوە، بۆ ئەوە قسە دەکات گومان لە پاکی خۆمان بکەین و
ھەمیشە چاودێربین بەسەر دیوە شەیتانیەکەی ناخمان و جڵەو گیری بکەین.
ئەو دیوە شاراوەکەی ئەو مرۆڤانە کەشف دەکات لە خۆیان وون بوون، ئەو
پەیڤەکانی تازەن جیاواز لە نوسەرانی دی دەنوسێت، گومان لە قسەکانی خۆشی
دەکات، چ جای ئێمەی خوێنەر.
(کێ لە ئێوە گوناھی نەکردووە با ئەو کەسە بەردی تێبگرێت ل.٦٣).
کە ئەو چەندێرەم بەرچاو کەوت ڕا چەنیم، جا کێ ھەیە لەسەر زەوی بێ گوناە
ژیانی کردبێ و گوناھی نەکردبێ، چما مرۆڤی بێ گوناە کردە ماوە تا ئەوی
دی گوناھبارتر بێت؟ ھەر بوونمان بۆ خۆی گوناھێکە، گومانی تێدا نیە
گومان کردن لەوەی مرۆڤەکان گوناھبارن سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە کە
بەڕاستی مرۆڤەکان گوناھبارن.
ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت
|