| 
			٢٠\١\٢٠٢١ 
			چوار پەرتووک، لە 
			کۆتاییدا کۆتایی نییە. 
			 ئەرسەلان مەحمود
 
			پاڵپشت بەپاشخانە ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری و ئەو ئەزموونەی ھەمە، وەک 
			ھەنگاوێکی نوێ لە بوارەکانی نووسین و بڵاوکردنەوەدا، کۆتا ڕۆژەکانی 
			کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ چوار پەرتووکم لە چەند بوارێکی جیاوازدا بەچاپ 
			گەیاند و سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە چەند شارێکی ھەرێم مەڕاسیمی 
			ناساندن و بڵاوکرانەوەیان بۆ ئەنجامدرا.
 
			  
			        
			  
				
					| 
			ژن وەک دەریا 
			لە درزێکی قوڵدا 
			  | 
					لێرەی بێشوێندا 
					دەبوو 
					 ماڵێک لە 
					وێنەی زێی بادینان 
					بۆ - ئێوان - 
					چێبکەم | 
					ھێلانەی شەیتان | 
					لەم تەنهاییەدا 
					باوەشێک 
					لەم غەوغای ھیچ 
					نەوتنەدا بارانێک |  
			  
			بەرھەمەکان، بەچێوەو ژمارەی لاپەڕە جیاواو 
			بەناوەرۆک زادەی خەمی گشتین، بەفۆڕم و لەڕونگەی بابەتییەوە، دوانیان 
			ڕۆژنامەوانین، "ژن وەک دەریا لە درزێکی قوڵدا" گفتوگۆیەکە لەگەڵ چەند 
			فیگەرێکی گرینگ و ناسراو تایبەت بەجێندەر، "لێرەی بێشوێندا دەبوو ماڵێک 
			لەوێنەی زێی بادینان بۆ - ئێوان - چێبکەم" گفتوگۆیەکی چۆنایەتییە لەگەڵ 
			ڕۆناکبیری دیار "ھەندرین" تایبەت بەمەسەلە جڤاکی و ئەدەبی و ڕەوشە 
			سیاسیەکەی کوردو ھەرێمی کوردستان، دوانەکەی تر یەکێکیان "ھێلانەی 
			شەیتان" کۆبەندی چەند وتارێکی بژاردە کراوی خۆمە تیایدا بەرلەرچاو 
			گرتنی یەکەی بابەتی، موخاتەبەی بوارەجیاکانی حزب و سیاسەت، حکومەت و 
			حکومڕانی، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، فەرھەنگ و مەسەلەی جێندەر، 
			تاک و ھزری تاکسالاری، ھونەرو میدیا، ئەدەب و ململانێی نەوەکان 
			بەرجەستە کراوە، ئەوەی تریان "لەم تەنھاییەدا باوەشێک لەم غەوغای ھیچ 
			نەوتنەدا بارانێک" تێکستی ئەدەبییە، بێگومان وەک لەپێشەکی ئەم 
			پەرتووکەو لەمەڕاسیمەکانیشدا ڕامگەیاندوە، نەشاعیرم و نەدەشزانم 
			تێکستەکان دەچنە چ خانەو ژانرێکی ئەدەبییەوە، ئەوەی بەلامەوە گرینگە 
			گەیاندنی پەیام و خەمە گشتییەکەیە بەزمانێکی دی، ھەر بەجیددیش پەنا 
			بردنە بەر فۆڕم و زمانی ئەدەب، بەلای منەوە دواجار تەنھا بۆ دروستکردنی 
			ئیزافەیەک و بەرجەستە کردنی ئەو حەقیقەتەیە نەتوانراوە لەزمانی واقیعدا 
			بەبنەماو بەمانا بکرێت. 
			باقی تر، نامەوێ زیاتر لەسەر ناساندنیان بڵێم و باس بکەم، لێرەوە بۆ 
			خوێنەرو ڕەخنەگری تێکڕای ئەم بوارانەی جێدەھێڵم، بێگومان ئەگەر بەشیاوی 
			ئەوەیان زانی، جێگەی خۆیەتی سپاس و پێزانینی زۆرم ئاڕاستەی سپۆنسەری 
			بەچاپگەیاندن و تەواوی ئەو دەزگە و دامەزراوە حکومی و ناحکومیانە بکەم 
			خۆویستانە مەڕاسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەیان گرتە ئەستۆی خۆیان، تەنھا 
			دەتوانم پێیان بڵێم ناتوانم لەبیرتان بکەم. ھەروەک چۆن سپاس و پێزانینی 
			زۆریشم ئاڕاستەی ئەو شارەزا بەڕێزانە دەکەم، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی 
			بڵاوکردنەوەیان، لێرو لەوێ و خۆبەخشانە ماندوبوون لەگەڵمداو 
			لەمەڕاسیمەکاندا ئازادانە خوێندنەو ھەڵسەنگاندیان بۆ بەرھەمەکان کرد، 
			ھەمیشە ڕێزو وەفاو خۆشەویستیم بۆیان ھەیەو تەواوی ڕاو سەرنج و 
			ڕەخنەکانیان لەسەر چاوم دادەنێم. لەسەروی ئەمانەیشەوە بەگرینگ و 
			لەجێگەی خۆیدا دەزانم سپاس و پێزانینی زۆرم ئاڕاستەی بەڕێزانی 
			ئامادەبووی تەواوی مەڕاسیمەکان بکەم، ھەر بەڕاستی ئەم پێشوازییە 
			گەرموگوڕ و دەگمەنەی ئەوان لە بەرھەمەکانم، ھەر ڕێزگرتن نەبوو لە 
			"ئەرسەلان مەحمود" یان لە پێنووسێک، پشتیوانی کردنی بێچەند و چۆنیش بوو 
			لە پەرەپێدان و بەھادارکردنەوەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری لە کوردستان و 
			ناوچەکەدا بە تایبەتی.
 
			ماوەتەوە بڵێم: دیزانی ناوەوەی پەرتوکەکان خۆم کردومە و بەرگەکانیش 
			دیزاینەری خاوەن سەلیقە و بەتوانا "ئیبراھیم ساڵح" کردونی، بێپایەن 
			ھیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم و سپاسی دەکەم، سەبارەت بە ماڵپەڕی "ئەمڕۆ" 
			ئەگەرچی تاكە بژاردە و پێگە و ماڵی دەیانساڵەی نووسین و 
			بڵاوكردنەوەكانی منە، سەرەڕاش دەمەوێ سپاسی تایبەت بنێرمە خزمەت 
			ستافەکەی و داوای بەردەوامی و ماندوونەبوونیان لێبکەم، ھاوکات 
			پەرتووکەکانیش بە "پیدیئێف" پێشکەش بە پەرتووکخانە دەوڵەمەندەکەی ئەوان 
			دەکەم، بێگومان ھەر پێگە و وێبساتێکیش بیەوێ لای خۆی جێگەیان بداتێ 
			ئازادە و سوپاسیان دەکەم.
 
			  
			
			
			ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود 
			  
			  
			  
			  |