په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١٤

    پێنج شیعری بێ ناونیشان.*

فه‌رهاد مازێ

  (..........).
مرۆڤێک لە سەرابا پیاسە دەکا
لێوانلێوە لە تەنیایی
بزەیەکی سەرابیی بانگی دەکا
ناخی پڕە لە گەورەیی
لە ژیان، لە جوانیی
رۆژباش لە باش ناکا
لە پەپوولە ئارامتر
لە هەواش پڕتر
جگەرەیەک دادەگیرسێنێ
وەک زەمەن لە سەرابا پەرت
کێ دەڵێ هەنووکەش تەماشامان ناکا و
لە سەیری ئێمە
جگەرەیەکی تر بەبانادا؟

  
(..........).
دەست لە با مەدە
پەنجەکانت نینۆک دەگرن
لاسایی با مەکەوە
با باڵەکانت نەمرن
تێکەڵ بەو رەنگانەی دوایی با بە
ناخت پڕکە لە ئەڤین
کە با دێ و دەڕوا
جوانییەک جێدێڵێ
تۆ بۆ ئەو جوانییە ئاشق بە
وەک با و
وەک من...

  
(..........).
پەرژین لە زمان و چاو و پێ
تاوان بەسەر ئەو ماڵانە رژا
پشتیان لە رێ
خەندە لە لێو کەوت
چاو چووە جەنگ
سێبەر لە باوەش تۆرا
سەر نوقمی دووکەڵ
فەرامۆش لە خود
ماچ لە نووتەک
رابردوو قەسەری با
ئێستا مەتەڵ
کندر لە ماست
دڕکە سنوور
گەورەیی گیاندان
نیشتمان غاریدا
ددان هەڵوەری
گۆچان مەزات
تەمەن بەردی خوارد
بە بەردیش وسڵ و
ئێستاش بە کڵاو،
لە نیشتمانی دووڕوو
دەست چاوچنۆک
کورتە سێبەر
مەژییە مار
سبەی بۆگەن
درۆ گەوهەر
هیوا سەهۆڵ
بیر منداڵدان
ناخ سواڵکەر
رێز جڕتێکە
بەزەیی لەتێ نانی حەرام،
بمبەخشە لە نینۆک و خووی سەرم
بەردم کردە ئاوێنە و
قیبڵەی تاوان ماڵم
بەری ژەهرم خوارد
فریشتە تفباران
دۆستمن جنۆکە شەڕخوازەکان
رووتبووینەوە بە ئاوی ترێ
هەوەس تژی بوو لە چاو
ناوگەڵی درەختم لێستەوە
درەخت زگپڕ بوو لە ددان
باڵندە حەرامزادەکان
سەمای خۆهەڵکێشان
بۆنی شەهوەت دێ
فلەوەنزای پەڕەمووچە لە گیرفان
لە چاوەروانییت
دیق و جیقم کرد
ئەی هاوار...

  
(..........).
لە قۆپچە دەزوو
باریکتر لە موو
ژان لە کوتاڵە و
کوتاڵیش موو
دەمامک شاردنەوە
بێهۆشیی پژمین
ساتمە لە مرۆڤ
ترووسکە نوستوو
پەنجە لە با
هاڕین لە خوو
پەردە عەیب
رووتبوون لە شوو
خۆزگە لە خەون
فڕین بەڕوو
ئاو پێی ئەسپ
سوژدە تینوو
ماچ دووپشک
مرد فریشتە
ئاوێنە بوو
گەڵا وشە
نۆتە کوندەپەپۆ
جڕت نیشتمان
گەیشتن پێڵاو
هێڵنج پەشیمان
خوێن رابردوو
ئێستا سوتان
هەیڕۆ هەیدۆ
خود ئیفلاسە و
بوون هەیڕۆ..

  
(..........).
زبڵ دانیشتن
کار زبڵ
زبڵ خەوتن
رۆیشتن زبڵ
زبڵ بیستن
گۆتن زبڵ
زبڵ پاکیی
تاوان زبڵ
زبڵ بزە
ئاوەز زبڵ
زبڵ ژیان
گووفەک نامانناسێتەوە
خیانەت لە خۆشەویستیی و
ئامێز و لێومان دەکەین
بە هەموو شتێک خیانەت
نیشتمانمان کردە گووفەک و
پاکیزەش زبڵ.
____________________
* ٢٠٠٧ نووسراون بێ دەستکاریی.
 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک