په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٢\٢٠٢١

    شەش پارچە هۆنراوە.

فه‌رهاد مازێ

        گومان.
گاڵتە نییە لە پەراوێزدا بیت و
ھەموو رۆژێ بتشۆنەوە
گومان لە رەنگ و دەنگت کەیت
خۆت خۆت نەناسیەوە.
  *  *  *
کە بۆقێک خۆی فڕێدەداتە ناو ئاو
چەند چرکەیەک دادەمێنێ
کێ دەڵێ ئەو دامانە
مەترسییترین گومان نییە.


١٩٨٨ - ھەولێر

 

    ژماردن.
مرۆڤ بۆتە ژمارە
رەوشت کەوتە ناو دووکەڵ و تاریکیی
بارانە بۆمب بە دوای ویژدان و ئاین و رەنگ ناگەڕێ
منداڵ و گوڵ و قەڵا و ژن
مرۆڤ و ماسی و باڵندە و ئاژەڵ و درەخت ون
بۆنی سوتانی تەڕ و وشک دێ
پرچی دایکم مەبڕنەوە
گوێچکە و دەم و لووت و بینین پڕە لە مردن
نیشتمانم گۆڕ
بەری بام پێناگیرێ
لەگەڵ بادا بیرەوەریی وەک خوێن دەتکێ.
سەرم لە یارییگەیەک یاریی پێدەکەن
دەست بەند، قاچ منارەی مزگەفت، دڵ مەنفا
دەستم رایکرد، قاچێکم پەڕی، سەرم بەرد
نیوەم نوستووە و نیوەم غاردەدا
بە دوای نیوەی نوستووم دەگەرێم لێم ونبووە..


١٩٩١ - کەمپی سلۆپی

 

    ئاوڕشتن.
سەرم بەربۆوە، شاخێک لە بن پێم دادەبەزێ
گرانایی خۆمم لێبۆتە چیا
کۆرژەنی ئەسپ و ئاسۆ کەوتنە تاریکیی
ھەموو شتێ لە تاریکیی دەبیندرێ، تاریکییش بینینە
شەو سەفەر کەوتن، ئاو و مرۆڤ دۆڕان
چنگێ تیشکم لە باغەڵێ دابوو بردیان
نەمردم و سووتا ژیان
دایک مردنێکی ئاوەژووی دیت
مرۆڤ و ئاویش ون، شەرمە گەڕان لە خودا
باڵندە و ماسی و ئاژەڵ بوونە چیڕۆک..
پێیە خوێناوییەکان کەوتنە ناو بینین
بینینیش تاریکییە، تاریکییش بینین
ونبوونی ئاو بۆ تینوێتیی خۆم دەگێڕمەوە
دێوەزمە نەک بە دۆخین، بە رووتبوونەوەش وننابن
سەرم بەربۆوە و دەبینم و دەبیستم
گەردوون بۆنی گرتوە
بەراورد دەرپێی خەوتن
دەلاقەی شەکر و ویژدان
بەھەڵمبوون قۆرت قۆرتانێ و بازبازانێی دیوێکیتر
میلی کاتژمێر بۆ دواوە سووڕایەوە
دوا ھەناسەی مێژوو تەواو بێ دەمژمێر بێ چەندی چەند...


١٩٩١ - کەمپی سلۆپی

 

    چنگێ وردە وێنە..
با بۆ مەرگی ئاو دەگریا
زەنگ بۆ منارە، کەلەپچە بۆ زیندان
ھیوا بۆ شۆڕش دەگریا
چ شتێ لە پەنجەرە جوانترە بۆ روانین.
  *  *  *
چراکان کوژانەوە
ئاو بەرەو سەرچاوە رەویەوە
پێ یارمەتیی لە دەست بڕاند
شەمشەمەکوێرە بە رۆژ ھاتنەدەر
گەمارۆی شارێکی وێران لە شەودا ساناترە.
  *  *  *
دەستێ دووکەڵی لێھەڵدەستا
دەرزیی لە سەر کفنەوە مرد
کفن رایکرد
پەڕەمووچی مریشکێکی قوربانی رزگاریکرد.
  *  *  *
لە کادینی سەرمدا کچە جوانەکەی دراوسێمانم ماچکرد
شەو لێوەکانی بڕیم و لە بەر چاومدا لە ژێر خۆڵێی نا
ئەوسا و ئێستاش تنۆکێک ئارەقەی پەژێوانییم لێنەتکا
لەو رۆژەوە سۆڵین لە ژاڵە مارەی بڕا و گڕ لە ئەشقم.
  *  *  *
تاساو بێدەنگیی، نامۆ نووتەک
شاباشی مۆری خەندەی گەنیو
ھەوا لیخن، ژیان گرانەتا
فانۆسێکی ژەنگداری جام دەرزبردوو
شەقێک، گریان، دەگەڕێمەوە بەر لەدایکبوونم
مەرگ و ژیان دەمژمێری گیرفانی مردووێک.

 

١٩٩٢ - سلۆپی


   
شەو پڕە لە وردە رووناکیی.
لە نێوانی پەنجەکانما خۆر و مانگ و ئەستێرە دەبینم
ئەستێرەکان پەشۆکاون، مانگ زگ پڕ و خۆر نیگەران
ئیرەیی بە دارە رووتەکانی پایز دەبەم
من دەزانم لە سبەینێیەکی سەوزی بەھاردا
گو‌ێ لە ئاوازی بولبولی سەرمەست دەگرن
عاشقن لە شەوانیشدا ناخەون
باوەش لە یەکتری دەگرن ھەتا دەمرن
نا نا نامرن ،ھەرگیز نامرن.
  *  *  *
سەرینەکەم بۆنی لێدێ ھاتن و نەیانکوشتم
من دەزانم لە ڕۆژھەڵات ئاشێک ھەیە گەنم و کەللە سەر دەھاڕێ
سەری دایکمیان لە شوێن سەری باوکم نا
ئەو کەللە سەرەش ھی خۆم نییە
بۆیە حەزدەکەم شەقی تێھەڵدەم.
  *  *  *
بەژن زراڤێکم خۆشدەویست
ھۆڕەی با بە خواری لێیدا
ڕەشەبای بادار، زریانی تووڕە عەیامێ بەسەری داڕۆیی
پشکۆی حەزە نادیارەکان بۆ باوەشی پڕ لە ناز و خۆشەویستتی
وەکو مرۆڤێکی برسی دەست بۆ خۆر ببا لە بری نان.
  *  *  *
دەمەوێ رۆژ راگرم ئاوانەبێ تەنھا بۆ وەی خۆشمتبوێ،
کەواتە گومانم ھەیە ئەی کەللە سەر
زۆر ھەن جڕت بۆ ژیان لێدەدەن، لەگەڵ خنکان مەلە دەکەن
ئەی کەللە سەر بە چاو بە لێو دەمژمێر
ئاشتی توتن قەڵاقوپ
تەنھا بایە شووشەی ئافریدە دەشکێنێ
دە ئەی یەزدی جوان پەنجەیەکم پێببەخشە لە بری فەنەر
  *  *  *
مانگ لە چاوی ئەستێرەکان مرد
ئەی ئەندێشە تیژڕەو و پەرشوبڵاو و تاڵەکان
پەنجەم داگیرساند ھەڵنەبوو ھۆ گلۆپە تاریکەکان
خۆ تاریکییش گەلێ جوانە و قوڕیش بخۆی و بحەپیت و رووتیشبیت کەس ناتبینێ
وەلێ نا نا، تاریکایی داڕووخانە
  *  *  *
لەو شەوە تاریکەدا لە ناو چاوی خۆم رێمدەکرد
سەرم لە بەردی رق دەدا
بۆ ھەر رێگایێ دەڕۆیشتم مردن دەڕوا
زۆر حەزدەکەم تەنھا جارێ با ھەڵمکا
دەمم لە بن گوێی دەمژمێر دەنێم دەڵێم کات دە
کەللە سەر، گریانی بێچاو، پژمین کەوتن، خەندەیێ بێ ڵێو
  *  *  *
سێبەرێکی ماسی ئاسا لە تەکمدا خشا
وەک سێبەر لە ناویدا ون
لە ناو چاوی تاریکییدا بوون
زمان لاڵ بێ ئەم کاتەت باش دوا چرکەی مێژوو
نا نا ئەو کراس و دەرپێم لەسەر رستەی مێژوو سەما دەکا
با بڕۆینە دەرەوە پێشوازی لە ڕەشەبا بکەین

 

١٩٩٢ - سلۆپی

 

    لە بن بەردان.
لە بن بەردان، لە بن بەردان
لە بن بەردان ماچی مردوو
گیا، کرم عەشقی نوستوو
ھەناری کوژراو
ئاخێکی زەلیل، بە رووی زیندوو
لە بن بەردان، لە بن بەردان
لە بن بەردان پێڵاوی پێشمەرگە و سەفەری نادیار
گوڵەیەک بۆ خۆ لە دەست نەچوو
دوو ھێلکە و نانێکی تیری
چوکلێتە نامەی نھێنیی
لە بن بەردان، لە بن بەردان
لە بن بەردان ئاسۆ نوتەک
خیانەت ئابتەر، دووپشک مار
ژەھرە مەرگ و پێوەدان
فریشتە پاکیی، ھیوا و تروسکە
گەیشتن بە ئاو
لە بن بەردان، لە بن بەردان
لە بن بەردان مرۆڤ ھێزی یەزدی تێدانییە
بۆیە بەردە ئابتەری و بەردە فریشتە لێک جیاناکاتەوە
لە بن بەردان، لە بن بەردان زەلیل بووین و
لە بن بەردان بووینە بەرد و
زیندوو مردوو گەرامان بەرد
لە بن بەردان میھر و بەخشندەیی کوا.


٢٠٠٧ - ئەریزۆنا


ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک