په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٤

٧٢٦ لەسێدرەدان لە ساڵێکدا.


ناھید حسێنی


ساڵی زایینی نوێ بووەوە. ژیانی مرۆڤایەتی تەژییە لە ساتە خۆش و ناخۆشەکان و ئەو ساتانەن کە کاریگەریی لەسەر داھاتوو و چارەنووسی مرۆڤەکان دادەنێن و ساڵێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار دەکەن کە دەتوانێت جێی شانازی بێت یان شایانی نەفرەت لێکردن.


راستە کە نوێ بوونەوەی ساڵ لە وڵاتی ئێران بە رێکەوتی زایینی نییە و ساڵی ھەتاوی بە رۆژژمێری سروشتی و ھاتنەوەی بەھارەوە کاتی جێگۆڕکێی ساڵەکانە، بەڵام زۆرێک لە ئامارەکان و رووداوە ناوچەیی و جیھانییەکان بە رێکەوتی زایینی ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. بەو موناسبەتەوە بەجێیە کە کورتە ئاوڕێک لە دۆسیەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ساڵی رابردووی زایینیدا بدەین.


بە سەرنجدان بەوەیکە تاوان بە ھەرچەشنە کردارێک دەگوترێت کە پێشێلکاریی ماف و یاسای بەدواوە بووبێت، بەڵام یاسا، تاوان و تاوانکارییش لە ھەر وڵاتێکدا پێناسەی خۆی ھەیە. بۆ نموونە چالاکیی سیاسی یان لە دین وەرگەڕان (ئێرتێداد) لە زۆرێک لە وڵاتاندا بە تاوان نایەنە ھەژمار و وەک ئازادییەکی تاکە کەسی، رێزی لێدەگیردرێت، بەڵام لە وڵاتانێکیشدا وەکوو ئێران، سزای مەرگی بەدواوەیە. چونکە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئەو مافەیان لە خەڵک زەوت کردووە تا چالاکی سیاسی ئەنجام بدەن یا لەسەر بیر و رای خۆیان بڕیاڕ بدەن.


یەکێک لەو ئامارانەی ساڵانە لە لایەن رێکخراوە پەیوەندیدارە لۆکاڵی و جیھانییەکانەوە دەدرێت و رادەی شەفاف بوون و متمانە پێکراو بوونی دەتوانێ وڵاتێک بە تاوانی حکومەتی بەرامبەر بە شارۆمەندانی خۆی تاوانبار بکات، ئاماری ئێعدامی شارۆمەندان بە تاوانە جۆراوجۆرەکان و پلە بەندیی وڵاتە جیاوازەکانە لەو بوارەدا.


ماڵپەڕی کوردپا، لە ئامارێکدا، رێژەی بەڕێوەبردنی سزای ئێعدامی لە وڵاتی ئێراندا بڵاو کردۆتەوە. لەو ئامارانەدا ھاتووە کە لە ساڵی ٢٠١٣ی زاینییدا لە ئێران، ٧٢٦ کەس بە تاوانگەلی جیاوازی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە سێدارە دراون. راستی و دروستی سزا سەپێندراوەکان لە خۆیدا جێگەی گومانە و زۆرجار بە مەبەستی چەواشە کردنی رای گشتی، زیندانییە سیاسیەکان بە ناوی دژایەتی خودا و یان تاوانی کۆمەڵایەتی لە سێدارەدراون. بەڵام مەبەستی سەرەکی دەسەڵاتدارانی ئێران لە کوشتاری ھاووڵاتیانی ئێرانی، چاوترسێن کردنی خەڵک و خولقاندنی کەشێکی تۆقێنەرە بە مەبەستی رێگری لە ھەرچەشنە جوڵانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دژی دەسەڵات. کوشتنی ٧٢٦ کەس لە ساڵێکدا بە مانای ٧٢٦ تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و ئەوەش وەکوو پەڵەیەکی رەش بە نێوچاوانی کاربەدەستانی ئێرانەوە دەمێنێتەوە.

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک