په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٢\٢٠٢٤

حەفتا و پێنج رۆژ لە چاوەڕوانییدا.


ئەرسەلان مەحمود      


لە یەکەم رۆژی دواکەوتنی مووچەکاندا، باران بە شێوەیەکی سەیر دەستی بە بارین کرد... دڵۆپەکانی وەک پارچە کاغەزی زەردهەڵگەڕاو دەبارین، هەر یەکەیان وێنەی سەری بەرپرسێکی لەسەر بوو. ماکوندۆی کوردستان، ئەو دورگەیەی کە حەفتا و پێنج ساڵ پێش ئێستا، پیرەژنێکی سەد ساڵە پێشبینی ئەم رۆژەی کردبوو، خەریک بوو لەژێر قورسایی بێدەنگیدا دەخنکا.

ئۆرسۆلا حەمە سۆفی، کە ئێستا تەمەنی سێ سەد و حەفتا و پێنج مانگ و پێنج رۆژە، لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە سەیری ئەوانەی دەکرد کە رۆژانە بە بەردەم ماڵەکەیدا تێدەپەڕین. هەموویان یەک شت بوون:

فەرمانبەرانی حکومەت کە مووچەکانیان لە ناو تەمومژێکی قورسدا تەبەخوری کرد ببوو. ئەوانەی هەموو رۆژێک بەیانیان دەچوونە دەوام و عەسران دەگەڕانەوە، بەڵام کەس نەیدەزانی ئایا ئەوان بە راستی بوونیان هەیە یان تەنها خەیاڵێکن لە خەیاڵەکانی کۆلۆنێل ئاورێلیانۆ بەندی، ئەو کەسەی کە سی و دوو شۆڕشی بە دژی دواکەوتنی مووچە بەرپا کردبوو و هەموویانی دۆڕاندبوو.

لە گۆڕەپانی پێتەختدا، پیرەمێردێک هەموو رۆژێک دادەنیشت و چیرۆکی ئەو سەردەمەی دەگێڕایەوە کە مووچە لە کاتی خۆیدا دەدرا. خەڵک پێیان وابوو ئەوکەسە شێت بووە، چونکە کەس بیری نەدەهات کەی دوایین جار مووچەی وەرگرتبوو. تەنانەت مەلیکۆندۆ رەمەزان، پیرترین پیاوی شار کە تەمەنی دەگەیشتە هەزار مانگ، دەیگوت "من تەنها یەک جار لە ژیانمدا مووچەم لە کاتی خۆیدا وەرگرتووە، ئەویش لە خەونێکدا بوو کە نازانم راست بوو یان درۆ."

لە ماڵەکان، ژنان فێر ببوون چۆن لە هیچەوە خواردن دروست بکەن. منداڵەکان گەورە دەبوون و پێش ئەوەی فێری قسەکردن بن، فێری چاوەڕوانیی دەبوون. لە دوورەوە، دەنگی قاقای پێکەنینی بەرپرسەکان دەهات کە لە کۆشکە زێڕینەکانیاندا، لە ماڵە مۆدێرن و لە جل و بەرگە ڕازاوەکانیاندا خەریکی ئاهەنگێڕان بوون بۆ یادی حەفتا و پێنج رۆژ دواکەوتنی مووچە.

رەمەدینۆڤ جوان، کچە فەرمانبەرێک کە لە بێ مووچەییدا فێری فڕین ببوو، هەموو ئێوارەیەک بە سەر دورگەکەدا دەفڕی و هاواری دەکرد: "مووچە دێت!" بەڵام هیچ کەس باوەڕی پێ نەدەکرد، چونکە خەڵک باوەڕیان بە موعجیزە نەمابوو. تەنها شتێک کە باوەڕیان پێی مابوو، راستی تاڵی بێ مووچەیی بوو کە وەک نەفرەتێکی ئەبەدی بەسەر دورگەکەدا سەپێنرابوو.

ئێهــ دوای حەفتا و پێنجەمین رۆژ، کاتێک کە خۆر لە ئاسۆی دورگەکەدا ئاوا دەبوو، دەنگێکی نامۆ لە ئاسمانەوە هات. خەڵک سەریان بەرز کردەوە و سەیری ئاسمانیان کرد. لەوێدا، لە نێوان هەورە رەشەکاندا، دەفتەری حیساباتی حکومەت دەبینرا کە وەک باڵندەیەکی زەبەلاح لە ئاسماندا دەسووڕایەوە و لەسەر لاپەڕەکانی بە خەتی زێڕین نووسرابوو: "ئەم دۆخەتان باش کە تا قیامەت بەردەوام دەبێت.".
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک