١٢\١١\٢٠١٣
ھەشتەمین
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن.
١٥
- ٢٤\١١\٢٠١٣
 
بەئامادەیی چەند ئەستێرەیەکی گەشی دونیای فیلمسازیی کوردی و ژمارەیەکی
زۆر لە فیلمی سینەمایی درێژ، بەڵگەنامەیی، کورتەفیلم و ئانیمەیشن،
ھەشتەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە دوو سینەمای بەناوبانگی لەندەن (ھەکنی
پیکچەرھاوس) و (وێستبۆرن ستودیۆز)دا لە ١٥ بۆ ٢٤ ی مانگی یازدە
بەڕێوەدەچێت.
لە ئاھەنگی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا فیلمی "پێش بەفربارین" نمایش دەکرێت،
بەئامادەیی دەرھێنەر (ھیشام زەمان) و چەند ئەکتەرێکی سەرەکیی فیلمەکە.
ئەم فیلمە کە بۆ یەکەمین جارە لە بەریتانیا پیشانبدرێت، بەشێوەیەکی
ھەژێنەر باسی کوشتن لەسەر شەرەف دەکات کە یەکێکە لەو بابەتانەی
فێستیڤاڵی ئەمساڵمان بەتایبەتی تیشکی دەخاتەسەر. فیلمەکە تائێستا چەند
خەڵاتێکی جیھانیی بەدەسھێناوە کە دواھەمینیان لە فێستیڤاڵی فیلمی (ڕبو
ڤبی)دا لەسەرەتای ئەم مانگەدا بوو. ھەروەھا کۆمەڵێکی تر لە فیلمسازانی
کورد ئامادەی فێستیڤاڵەکە دەبن، لەوانە (بەھمەن قوبادی) و (ھونەر سەلیم)
و (تەیفور ئایدین).
یەکێکی تر لە میوانانی ئەمساڵ کە لە ئاھەنگی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا
وتەیەک پێشکەش دەکات، پارێزەر و دادوەری ناودار و چالاکوانی بواری مافی
مرۆڤ لە ئەفریقای باشوور (عیسا موسا)یە کە یەکێک لە پارێزەرەکانی
سەرۆکی پێشووی ئەفریقای باشوور (نێڵسن ماندێلا) بوو، ئێستاش سەرۆکی
بۆردی (گروپی ئاکسیۆنی مافی مرۆڤی کوردی) لە (کەیپ تاون)ی پایتەختی
ئەفریقای باشوور کە رێکخراوێکە ھەوڵ بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد
لە تورکیا دەدات.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن تەنھا فێستیڤاڵێکە ھەڵبژاردەیەکی وا
گەورە لە فیلمی کوردی ھەر چوار بەشەکەی کوردستان و جیھان پێکەوە
کۆبکاتەوە. تیمی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە لەو باوەڕەدان سینەما رۆڵێکی
بەرچاو دەگێڕێت لە پێکەوەگرێدانی بەشە جیاوازەکانی نەتەوەی دابەشبووی
کوردا. ئەمەش لەلایەک لەڕێگای پاراستن و پێشخستنی ھونەر و کولتووری ئەم
نەتەوەیە و لەلایەکیش بە ناساندنی ئەم کولتوورە بە جیھان مەیسەردەبێت.
لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا ١٢١ فیلمی سەرنجڕاکێش نمایشدەکرێت. لەوانە ٢٣
فیلمی درێژ (فیچەر) و ٤٦ فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیومێنتاری) و ٥٢
کورتەفیلم کە ٢٠ یان بەشداریی چوارەمین پێشبڕکێی کورتەفیلمی (یەڵماز
گونای) دەکەن کە دەرەنجامەکانی لە فێستیڤاڵەکەدا رادەگەیەنرێت.
گوڵبژێری فیلمە سینەماییەکانی ئەمساڵ بە کۆمەڵێک لە ئەستێرە
درەوشاوەکانی سینەما رازاوەتەوە. لەوانە فیلمی "وەرزی کەرکەدەن" ی
دەرھێنەری بەناوبانگ (بەھمەن قوبادی) کە بۆ یەکەمجارە لە بەریتانیا
پیشاندەدەرێت. ئەکتەرە سەرەکیەکانی ئەم فیلمە ئەستێرەی سینەمایی (مۆنیکا
بەلوچی) و ئەکتەری ئێرانی ناسراو (بەھروز وسوقی)ن. ھەروەھا فیلمێکی
تریش کە بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا پیشاندەدرێت و یەکەم فیلمی کاوبۆ (وێسترن)ی
کوردیە و بۆ فێستیڤاڵی (کان)ی ئەمساڵیش ھەڵبژێردرابوو، بەناوی "پێپەرلاندی
شیرینم" لە دەرھێنانی دەرھێنەری ناودار (ھونەر سەلیم)ە. لە فیلمە
دیارەکانی تری فێستیڤاڵەکە فیلمی "رێچکە" ی خەڵاتکراوە، لە دەرھێنانی
(تەیفور ئایدین) کە چیرۆکی کوڕێک دەگێڕێتەوە لەگەڵ دەسەڵاتەکاندا
دەجەنگێت بۆ بردنەوەی تەرمی دایکی بۆ جێگای لەدایکبوونی.
ھەروەھا ژمارەیەکی زۆریش فیلمی بەڵگەنامەیی پیشاندەدەین، تیایاندا
کۆمەڵێک بابەتی پابەند بە کورد و کوردستانەوە دەخرێتەڕوو. لەوانە فیلمی
"کوا زمانی دایکم" لە دەرھێنانی (وەلی قەھرەمان) باس لە گرنگیی زمانی
کوردی دەکات بۆ دەسنیشانکردن و پاراستنی کولتووری کوردی؛ فیلمی "رۆبۆسکی
ئەوینی من" لە دەرھێنانی (بولەنت گوندوز) گەشتێکە بۆ ئەو دێیەی دەوڵەتی
تورکی ساڵی ٢٠١١ بە فڕۆکە ٣٤ ھاوڵاتی کوردی تیادا کوشت؛ فیلمی "ئەرکی
برسیبوون" و "دەوڵەت تاوانبارە" باس لە ململانێ و دەسگیرکردنەکانی ئەم
دواییەی (کەجەکە) لە باکووری کوردستان دەکەن. ھەروەھا جێنۆسایدی کورد
لە باشووری کوردستانیش بابەتی ھەردوو فیلمی "ئێمە" و "بالیسان"ە. فیلمی
"دۆم"یش تیشکێک دەخاتەسەر ژیانی خەڵکێکی نادیار و پەراوێزخراو.
لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا گرنگیەکی تایبەتیش دەدرێت بە کێشەی ئافرەت:
فیلمی "بەناز: چیرۆکی ئەوینێک" وردەکاریەکانی کوشتنی کچێکی کورد
لەلایەن خێزانەکەیەوە لە بەریتانیا دەخاتەڕوو؛ فیلمی "ماڵی یاری" باس
لە بەزۆربەشوودانی کچانی منداڵ و فیلمی "ماڵ" یش باس لە تووندووتیژی دژ
بە منداڵان دەکات. ھەروەھا فیلمی "لالشی میھرانی" دەروازەیەکمان بۆ
دەکاتەوە بەڕووی دونیای پەنھانی یەزیدیە کوردەکاندا و ھەردوو فیلمی "ئاوازی
بەرد" و "دەروازەی خودا"ش سرووشتی دڵفڕێنی کوردستانمان پیشاندەدەن.
ئەمساڵیش دوو فیلمی بەڵگەنامەییمان لە کوردستانی رۆژئاواوە پێگەیشتووە
کە باس لە کێشەی کورد و جەنگ لەو دەڤەرەدا دەکەن. فیلمی "شۆڕشێکی
بێدەنگ" لەنزیکەوە ھەوڵ و رەنجی ھاوڵاتیانی کوردمان پیشان دەدات لە
بونیادنانی ژیانێکی نوێ و ئازاد لە ناوچەیەکی پڕ لە شەڕوشۆڕدا. ئەم
فیلمە لەدەرھێنانی دوو فیلمسازی ئیسپانیە و بۆ یەکەمجار لە جیھاندا
بەتایبەتی لەم فێستیڤاڵەدا پیشاندەدرێت. فیلمی دووەمیش "دوایین
جگەرە"یە کە باس لە ھەوڵی خێزانێکی کورد دەکات بۆ رزگاربوون لە جەنگ و
گەیشتن بە کەمپێکی پەنابەران لە کوردستانی باشوور.
ئێمە لەو باوەڕەداین بەرھەمھێنانی کورتەفیلم دەتوانێت رۆڵێکی گەورە
ببینێت لە گەشەکردنی سینەمای کوردیدا. ھەربۆیەش ھەموو ئەو
کورتەفیلمانەی بەشداریی پێشبڕکێکە دەکەن، لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا لەپێش
نمایشی فیلمە سینەماییە درێژەکاندا پیشاندەدرێن بۆئەوەی گرنگیی
تایبەتیان پێبدرێت. پەرەپێدان بە کورتەفیلم و بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم
ژانرەیە لە کوردستان خۆی لە خەڵاتکردنی فیلمی "بێدەنگی"ی دەرھێنەر (رێزان
یەشیلباش)دا دەبینێتەوە کە لە فێستیڤاڵی فیلمی (کان) ی ساڵی (٢٠١٢) دا
وەک باشترین کورتەفیلم خەڵاتکرا. فیلمی "ماڵە پەنجەرە بچووکەکان"ی (بولەنت
ئۆزتورک)یش خەڵاتی کورتەفیلمی ئەوروپیی لە فێستیڤاڵی (ڤێنیسیا)ی
ئەمساڵدا بردەوە.
ئەڵبەتە سینەمای کوردی رەنگدانەوەی مێژووی ئەم نەتەوەیە و خەبات و
تێکۆشانێتی. ئەمەش لە بەرنامەی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا بەئاشکرا
بەدیدەکرێت کە تیایدا تیشک دەخرێتەسەر بابەتە ھەنووکەییەکانی وەک مافی
مرۆڤ و بەتایبەتی مافی ئافرەتان؛ جەنگ و خەباتی سیاسی؛ سرووشت و
نیشتمان؛ کێشە و ململانێ کولتووریەکان و زمان و شوناس. ھەربۆیەش
بەمەبەستی پشتگیریکردنی زیاتر لە فیلمسازانی کورد و جیھانی و ھاندانیان
بۆ گرنگیدان بەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کورد و ھەموو بەشەکانی
کوردستانەوە ھەیە، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن ئەمساڵ پێشبڕکێی
سیناریۆنووسینی سازکردووە. براوەی باشترین سیناریۆ بە بڕی ٥٠٠٠ دۆلار
خەڵاتدەکرێت کە بە سپۆنسەریی (زانکۆی کوردستان لە ھەولێر) دابینکراوە.
دەرەنجامی ئەم پێشبڕکێیەش لە فێستیڤاڵەکەدا رادەگەیەنرێت.
تێبینیی:
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن، فێستیڤاڵێکی سەربەخۆیە و ھەموو
بەڕێوەبەران و ئەندامانی ھەموو تیمەکانی بەخۆبەخش ھاریکاریی سازدانی
دەکەن. سەرچاوەی خەرجیەکانی ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە کۆمەڵێک سپۆنسەری
حکومی و ناحکومی و ئەھلین. فێستیڤاڵی ئەمساڵ بە سپۆنسەریی ئەم
لایەنانەی خوارەوەیە:
زانکوی کوردستان لە ھەولێر؛ نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەریتانیا؛
ئۆفیسی پارێزەرانی لێڤێنس؛ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی
کوردستان؛ (ئای پی بی دی/ ئەلزەھاوی گروپ)؛ (پرێزیدینگ سۆلیوشنس)؛ (ئای
کەی بی)؛ (ئێم ئێیچ ئێس)؛ رێکخراوی مافی ژنانی کوردی ئێران (ئای کەی
دەبلیو ئاڕ ئۆ)؛ (ماگنۆلیا بانکێتینگ سویت).
ھەروەھا ئەم لایەنانەی خوارەوە بەشێوەی جیاواز ھاریکارییان کردووین:
ھەردوو سینەمای (ھەکنی پیکچەرھاوس) و (وێستبۆرن ستودیۆز) لە لەندەن؛ (مۆزایک
رومز) و (وێستوەی دیڤیلۆپمێنت ترەست) و (سەنتەری کۆمەڵەی کوردی / کەی
سی سی ھارینگەی) و (ھەلکئێڤی کوردیش) و (سەنتەری کۆمەڵەی تورکی) و (کۆمەڵگای
کورد / کەی ئەی) و (بنکەی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا).
تێبینیی: بۆ میدیا و رۆژنامەوانان.
بۆ زانیاریی پتر
و رێکخستنی چاوپێکەوتن لەگەڵ فیلمسازانی بەشداربوو یان ئەندامانی
دەستەی بەڕێوەبەردنی فێستیڤاڵەکە، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە
سەرپەرشتیارانی میدیا و راگەیاندنی فێستیڤاڵەوە:
شەونم عادل: ٠٠٤٤٧٧٦٥٥٢٥٥٨٣
گۆران باباعەلی: ٠٠٤٤٧٤٥٣٩١٨٥٠٥
بۆ دانانی لینکی ترێیلە و فەیسبووکی فێستیڤاڵەکە دەتوانن سوود لەم دوو
لینکە ببینن:
Trailer:
http://www.lkff.co.uk/our-trailer
Facebook: LondonKurdishFilmFestival
lkffpr@gmail.com
|