په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٣

٨ی مارس لە بەریتانیا کرایە

رۆژی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر حکومەتی ھەرێم و

یاداشتێک گەیەندرایە دەست نووسینگەکەیان لە لەندەن!

 


ھاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی و چالاکیەکانی ژنان لەشارەکانی کوردستاندا، ڕیکخراوی ژنانی کورد و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆژی ٨ ی مارس، کاتژمێر ١٢ - ٢ی نیوەڕۆ گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەبەردەم نووسینگەی حکومەتی ھەرێم لەشاری لەندەنی بەریتانیا بەڕێخست. لەم ئاکسیۆنەدا کە ٢ کاتژمێری خایاند چەندین دروشم لەلایەن بەشدار بوانەوە بە بڵندگۆ و دەنگی بەرز بە زمانی کوردی و ئینگلیزی وترانەوە ، لەوانە "ئازادی و یەکسانی، داخوازی ھەمومانی" و " "کوشتنی ژنان تاوانە، سزاکەشی زیندانە " و " ئازادی تاوانباران شەرمە بۆ دەسەڵاتتان" و " کۆتایی بە جێندەرسایدی ژنان بێنن ". ھەروەھا لە بەشی وتارەکاندا سەوسەن سەلیم پەیامی ڕیکخراوی ژنانی پەنابەری کورد و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی پێشکەش کرد و ڕوقەییە پەناھی چالاکوانی بواری مافی ژن ووتەیەکی خوێندەوە و دواتر نوری بەشیر پەیامی حزبی کومونیستی کرێکاری کوردستان و دەشتی جمالیش پەیامی فدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقیان بەبۆنەی ٨ی مارسەوە پێشکەش کرد.

 

بۆ دیتنی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینەکە لەسەر ئەو دوو ڤیدۆیە کرتە بکە:

• ڤیدیۆی یەکەم.

• ڤیدیۆی دووەم.


لە کۆتاییدا یاداشتانەمەی ئەم گردبونەوە ناڕەزایەتیەی ٨ ی مارس لەلایەن سەوسەن سەلیم و بەھرە محمودەوە گەیەندرا بە دەستی نوێنەری نووسینگەی حکومەتی ھەرێم لەلەندەن کە نامەکە ئاراستەی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرابوو. ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو یاداشتنامەیەیە:


بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی..
بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی..

دوای سڵاو..

بابەت/ یاداشتنامە لە ٨ی مارسی ٢٠١٣ دا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان..

ئێمە بەنوێنەرایەتی کۆمەڵێک لەھاووڵاتیانی ناڕازی کەبەبۆنەی ٨ مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە ‌لەبەردەم نوسینگەی حکومەتەکەی ئێوەدا لەشاری لەندەن کۆبوینەتەوە، وەک ھەقێکی مەدەنی ودیموکراسی خۆمان داواتان لێدەکەین کەبەرپرسیاریەتیەکی خێراو کارا لەراستای باشکردن وپێکھێنانی ئاڵوگۆڕ لەژیان و مافەکانی ئەمڕۆی ژنانی کوردستاندا نیشان بدەن.


ژنانی کوردستان بەدرێژایی دەسەڵاتدارێتی ئێوە، لەوپەڕی ئاستێکی نایەکسانی وبێمافی و ژێردەستەییدا ژیان دەکەن. کوژرانی ھەزاران ژن بەبەھانەی ناموس پەرستی وناچارکردنی ھەزارانی تر بەخۆسوتاندن، تا لەئارادابوونی جۆرەکانی توندوتیژی خێزانی ونەبوونی بیمە بۆ ژنانی بێکارو وناوماڵ، تا نەبوونی دایەنگای خۆڕایی لەھێچ کارگەو دامەزراوە وبەڕیوەبەرایەتیەکانی حکومەتدا، تا نایەکسانی لەکارو کرێی ژنان و بەحساب نەھێنانی ژنانی کرێکارو فەرمان بەر وەک نان ئاوەری ماڵ و نەدانی ئەو ئیمتیازاتانەی کەدەبێ بەیەکسانی لەگەل پیاواندا بیان گرێتەوە، تا زاڵبوونی فەرھەنگی پیاوسالاری و دواکەوتوانە بەسەر ‌پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و بوارەکانی پەروەردەو فێرکردندا و جێگیرکردنی شەریعەتی ئیسلامی وەک سەرچاوەی یاسا لەدەستوری ھەرێمدا، تا پەسەندکردنی یاسای فرەژنی، تا بەدەستەوە گرتنی مەکتەبە کۆمەڵایەتیەکان ودورخستنەوەی ڕۆڵی دادگا لەچارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا.. ھەمووئەمانە نەک ھەر ئۆقیانوسێک لەتاوان و توندوتیژیان بۆ ژنانی کوردستان بەرھەم ھێناوە، بەڵکو ئینسانی ژنیان لەکۆمەڵگادا کردۆتە کۆیلەی پیاوان و ژێردەستە، بگرە ژێر پێنانی ئیعتبار وکەسایەتی سەربەخۆی ئینسانی ژن بۆتە یەک واقعیەتی نەخوازراو .. ئامارەکانی دەزگاحکومیەکانی خۆتان کەناوبەناو لەمیدیاکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، بەڕۆشنی ئەم قسانەی ئێمە وئەو دۆخە ناھەموارو نائینسانیانەی ژنان دەسەلمێنێ.

بەڕێزان..


بیزاریەکی گەورەیە بۆ ھەر ھاوڵاتیەکی کوردستان کاتێک وێنەو ھەواڵی تراژید‌یاکانی کوشتن و تاوانەکانی دەرھەق بەژنان دێتە بەرگویی و دەی بیستێ. بڕیاربوو بەدوایی لەگۆڕنانی ڕژێمی بەعس وسەرکوتگەریەکانی، کۆمەڵگای کورستان لەئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بەھرەمەند بێت، بەڵام ئەوە نیوەی کۆمەڵگایە، کەژنانن لەبەردەم تاوان و کوشتن و خۆسوتاندندا ڕاگێراون و وەک ئینسان حسابیان بۆناکرێ. وەک ووتراویشە " ئازادی ژنان پێوانەی ئازادیە لەھەرکۆمەلگایەکدا". ھەربۆیە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەی ژنانی کوردستان بەپلەی یەکەم لەئەستۆی ئێوەیە.


بۆیە ئێمە لە٨ی مارسی ئەمساڵدا ھاوشانی ڕێکخراوەکانی ژنان داواتان لیدەکەین کەبۆ باشکردنی ژیان و مافەکانی ژنانی کوردستان لەڕاستای جێبەجێکردنی خێراو بەکردەوەی ئەم خواستانەدا ھەنگاوی جدی ھەڵبگرن. بێگومان درێژەکێشانی ئەم دۆخە ئێوە ودەسەڵاتەکەتان لەبەردەم ڕق و توڕەیی وناڕەزایەتی فراوانی ئێمەو ژنان و ئازادیخوازاندا ڕادەگرێ.

داواکاریەکان:


١/ دەرکردنی یاسایەکی ڕۆشن بەسزای قورسەوە لەسەر ھەر کەسێک کەدەست دەبات بۆ کوشتن و ئازاردانی ژنان. تاوانبارانی کەیسی کوشنی ژنان نابێت لەژێر ھیچ بیانویەکدا ئازاد بکرێن.
٢/ گێڕانەوەی دەستوری کوردستان و ھەموار کردنەوەی ئەو بەندانەی کەپەیوەندیان بەماف و ئازادیەکانی ژنانەوە ‌ھەیە. لەمبارەوە جیایی دین لەدەسەڵات و پەروەردە وجێگیرکردنی مافی یەکسانی ژن و پیاو لەھەمووبوارەکاندا.
٣/ ڕاگەیاندنی ھەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسێتی بەعس و ھەموو ئەو بڕیارانەی کەلەم یاسایانەوە سەرچاوەدەگرێ، وە لە جێگەیدا دانانی یاسایەکی پێشکەوتوو بۆ باری کەسێتی و خێزانی کە ‌بەڕۆشنی ئازادیی ومافە یەکسانەکانی ژنان لەگەڵ پیاواندا لەخێزان و کۆمەڵگەدا لەبەرچاوبگرێ.
٤/ ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی کۆمەڵایەتیەکان و قەدەغەکردنی دەست تێوەردانی سەرۆک عەشیرەت و پیاوانی ئایینی ودام و دەزگاکانیان لەچارەسەری کێشەکانی ژناندا. بەم پێیەش سەروەرکردنی یاساو دادگاکان بەسەربەخۆیی تەواوەوە.
٥/ فریا گوزاری خێرای ئەو ژنانەی کەگیرۆدەی توندوتیژی و سەرکوت ودەستدرێژی دەبنەوە. لەمبارەوە کردنەوەی شێڵتەرو ناوەندەکانی پاراستنی ژنان و چاودیریان لە لایەن ڕێکخراوەکان وکومەک پێکردنیان مسۆگەر بکرێت .
٦/ تەرخان کردنی بودجە بۆ کردنەوەی دایەنگاو مەسرەفی ژنانی مناڵەبەر ودووگیان و پێشکەش کردنی خزمەت گوزاری پیویست پێ یان.
٧/ دابین کردنی کار بۆ ژنان ودانی بیمەی بێکاری و خانەنشینی بەژنانێک کەکاری ناوماڵ دەکەن.
٨/ پاراستنی سەلامەتی ھەڵسوراوانی ژنان و ڕێکخراوەکانیان و قەدەغەکردنی ھەرجۆرە ئاستەنگی و ھەڕەشەیەک کەڕووبەڕویان دەکرێتەوە..
 


رێکخراوی ژنانی کورد و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە بەریتانیا
٨
ی مارسی ٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک