|
٨\٣\٢٠٢٦
هەشتی ئادار و ''سیاسەت
و دەسەڵات''!
هەشتی
ئادار رۆژێکی پڕشنگدارە لە خەباتی تێکۆشانی ژنانی یەکسانییخواز.
پێویستە لەو رۆژەدا هەر کەسێک کە دژ بە چەوسانەوەیە (چ مێ چ نێر چ
نەژنونەمێر) پەیمانی تێکۆشانی خۆی بە شێوەیەکی کردەیی و دوور لە هەر
جۆرە رووکەشییەک لە پێناو گەیشتن بە مافی (وەک
یەک)ی نێوان هەموو رەگەزەکان تازەبکاتەوە.
بەڵام ئەو مافی (وەک یەک)ە بەو واتایە نییە کە ژنان بە ناوی مافی (بەشدارییکردن
لە سیاسەت و دەسەڵات) لاسایی ئەو پیاوانە (بە تایبەتییش حیزبییەکان و
ساماندارە گەورەکانیان) بکەنەوە کە تا ئێستا قێزەونترین و چەوسێنەرترین
سیاسەت و دەسەڵاتیان پیادەکردوە؛ چینە هەژار و کرێکارییەکان ژێر پێ
خراون، تێکڕای کایەکانی ژیان لە ژێر فەرهەنگی دینیی و نێرسالاریی و
تاکڕەویی بەڕێوەدەچن، رەگەزپەرستیی نەتەوەیی و سەپاندنی زمان و
فەرهەنگی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان لەوپەڕی زاڵیی دایە و بە دەیان نەتەوە
لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان (سەربەخۆیی) بێبەشکراون یەکێک
لەوانە کورد، هەموو جیهان بە ململانێ و شەڕە رامیاریی و ئابووریی و
تەنانەت چەکدارییەکان خەڵتانی خوێن کراوە و دووچاری مەترسییدارترین
کاوڵکاریی و نەهامەتی بۆتەوە.
بە کورتییەکەی دەمانەوێ لەو هەشتی ئادارەدا ئەو پەیامە بگەیەنین؛
لەبەرئەوەی زۆربەی هەرە زۆری پیاوە حیزبیی و ساماندار و دەسەڵاتدارەکان
کە لە قۆناغی ئێستادا بە سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداریی ئاڵوودە بوونە..
ژنان بە پلە دوو یان لە زۆر شوێنی جیهان هەر بە مرۆڤ نازانن و تەنیا لە
پێناو بەرژەوەندییە ئابووریی و رامیارییە نێرسالارییەکەیان بە شێوەیەکی
رووکەش لە نێو دامودەزگەکانیان بەکاریاندەبەن!
هیچ پێویست ناکا ژنانی هۆشیار و یەکسانییخواز خۆیان بەو سیاسەت و
دەسەڵاتەی پیاوان ئاڵوودە بکەن.. بەڵکە هەر خودی ئەو سیاسەت و دەسەڵاتە
رێگرە لەبەردەم گەیشتن بە یەکسانیی، هەر بۆیە بە تێڕوانینی ئێمە رێیە
راستەکەی خەباتی ژنان ئەوەیە کە هاوئاهەنگ بێ لەگەڵ تێکۆشانی ئەو
پیاوانەی کە دوورن لە حیزبایەتی و دەسەڵاتەکان و بە کردەیی لە پێناو
هەموو جۆرەکانی یەکسانیی خەبات دەکەن.
ئەمڕۆ
www.emrro.com
٨\٣\٢٠٢٦
|