٥\٣\٢٠١٥
٨ی مارس چی
دەگەیەنی بۆ ژنان؟!

محەمەد بێبەش
بێگومان دەبێ کارە پیرۆزەکەی ژنە تێکۆشەری کۆمەنستی ئەلمانی کلارا
زیتکن لە یاد نەکەین وھەمیشە لەگەڵ یادی ٨ی ئاداردا چەپکێ گوڵ بۆ رۆحی
پاکی ئەو دابنێین، جونکە ئەو ژنە قارەمانە بوو کە لەساڵی ١٩١٠ بە دنگی
بەرز داوای یەکسانی مرۆڤەکانی کرد بە تایبەتی یەکسانی ژن و پیاو لە
ئەرک مافەکاندا، بێگومان کلارا یەکیک بوو لە کادیرە پێشکەوتوەکانی
جیھانی کۆمەنستی و سۆسیالیزم.. بەردەوام بوونی خەباتی ژنان لە پێناوی
یەکسانیدا درێژەی کیشا تا ساڵی ١٩٧٥ یەکەم کۆنگرەی کۆمەڵەی نیو نەتەوەی
لە مەکسیک لەسەر مافەکانی ژن بەستراو لە ساڵەکانی ١٩٧٧ بریاری لەسەر
دراو لە ساڵی ١٩٧٨ ئەم یاسایە جێبەجێ کرا و ٨ی مارس بوو بەرۆژی
یەکگرتنی ژنان بۆ ئازادی و مافەکانیان .لەو میژووە ھەموو ساڵێ ژنانی
جیھان لەو رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بە گوێرەی
خواستەکانیان.
ژنی کورد و ٨ی ئادار.
بێگومان ھەموومان ئەو راستیە باش دەزانین ئەگەر ژنانی جیھان جاریک
چەوساوە بن کە ناوی بنێین چەوسانەوەی رەگەزیی، ئەوا ژنی کورد سێ جار
چەوساوەیە.
١- چەسانەوەی نەتەوەیی و نیشتمانیی.
٢- چەسانەوەی رەگەزیی.
٣- چەوسانەوەی کلتووریی و ئاینیی.
چەسانەوەی نەتەوەیی و
نیشتمانیی.
بە درێژای مێژوو گەلی کورد لە خەبات و تێکۆشاندا بووە لە پێناوی مافە
سەرەتاییەکانی ژیان و مانەوەی لە خاک و زێدی خۆی و بەرگری لە زمان و
نەرێت و نیشتمانی خۆی کردوە، لە ھەموو تەمەنی خەباتەکاندا ژنی کورد
بووە بە خۆراکی ئاشی شۆڕشەکان، ھەموو ئەرک وماندوبونەکان لە ئەستۆی
ژناندا بوە ئەمە لە دەستدانی رۆڵەکانی جەرگ سوتانی بە کورو
کچومێردوبراو باوکی .ھەمیشە بەشی زیندانی کۆمەڵایەتی و بەندیخانەی
داگیرکەران و کۆیلە کردنیان وسوکایەتی پیکردنیان لە لایەن دوژمنانی ئەم
گەلەوە پێکراوە ئەمە جگە لە ئەرکی پەروەردەکردن و کارکردن ورووبەروی
رۆژگارە سەختەکانی ژیان بۆتەوە. خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دواییدا ژنی
کورد شان بەشانی براکانیان چەکی شۆڕش و بەرگریان کردەشان و چیتر
دانانیشن تا فرمێسکی بێدەسەڵاتی بۆ خەباتگێران برێژن.. ئیستا پیاوان
فرمێسک بۆ ژنانی کورد دەڕێژن. نموونەی بەرچاوی ژنی کورد شەڕڤانانی
کۆبانێ بوو کە بوو بە سمبولی ژنانی جیھان. بەلام لە سیستەمی سیاسی
ئەمرۆی کوردستان مەخابن تەنھا ئەوەندە دەڵێم جگە لە موتربەکردنیان بە
سیاسەتی حیزبی و پاڵپشتیان بۆ دەنگ و رەنگی پیاوان ھیج مۆرکێکی ژنایەتی
و خەباتی ژنایەتی مافی ژنانیان لێنابینرێ.. جگە لەمەش ھۆکارێکن بۆ
خەفەکردنی مافی ژنان.
چەوسانەوەی رەگەزیی!
ژنی کورد لە زۆر مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی پیاو بێبەش کراوە تەنھا
لەبەر ئەوەی رەگەزی مێینەیە، تەنانەت نەیتوانیوە ئاوات وخواستەکانی خۆی
بەدەستبھێنێ لە فاکتەرو بوارەکانی ژیاندا، ئەگەر چی لێھاتوو زیرەک
بووبێ لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان و ڕێگەی پێنەدراوە وەکو کورێک بچێتە
دەرەوەی ووڵات وپسپۆری لە کارەکەی بەدەست بھێنێ، یاخود ئەگەر زۆر
ئارەزووی لە وەرزش و جۆرەکانی وەرزش بوبێ، بابەتی رەگەزیەکەی ڕێگەی
پێنەداوە لە بوارەکانی وەرزش پەرە بە ئارەزوەکانی خۆی بدات و تەنھا لە
چوارچێوەی چەند پیشەیەک خەفە کراوە ئەمە جگە لە بواری ھونەری و
پیشەییەکان.. واتە ئەگەر عەقڵێکی بازگانی باشیشی ھەبوبی نەیتوانیوە
کاری بازرگانی و پیشەیی بکات. لە ھەموو کارە پیشەییەکانی ناو شارو
بازارەکان بێبەشکراوەو رەگەزی مێینە لێی بۆتە ڕێگر... ئەمانە گەلێ شتی
تر کە ئێوە باش دەزانن کە رەگەزی مێینە چۆن خەفەکراوە لەسەر رەگەزەکەی
لە بوارەپیشییەکانی ژیاندا کە چەندەھا پیشە ھەیە پیاوان دەیکەن وبۆ
ژنان بەھۆی رەگەزییەوە نەگونجاوە بیکەن.
چەوسانەوەی کلتووریی و ئاینیی!
ئەم فاکتەرەیان کە دەڵین کلتوری و ئاینی پەیوەست نیە تەنھا بە
ئیسلامەوە، چونکە ئەم ناوچەیەی ئیمە دەتوانین بڵێن جگە لەوەی خودی
ناوچەکە رۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە داھێنانی ئاینیەکان ھەروەھا پردی
پەرینەوەی ئاین وکلتورەکانیش بووە، ئیسلامیش کەڵکی لە دابونەرێتی
ئاینەکانی پێش خۆی وەرگرتوە لە بارەی مافی ژنانەوە و چۆنیەتی
ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ژنان.. ھەموو ئاینێکیش داب ونەرێت وکلتوری خۆی تێکەڵ
بە ئاینەکەی کردوە زۆر جار بە عەقڵی کۆمەڵگەکە گونجاندویەتی، لە ھەموو
ئاینەکانیشدا زیاتر پشتی بەھێزو بازوو بەستراوە، بەشان وباڵای لایەنی
بەھێزدا شکاندویەتیەوە، لە بەرژەوەندی خۆی کاری کردوە کە ھێز بۆ خۆی
زیاد بکات، واتە ھێزە بەھێزەکان کە دەکاتە رەگەزی نێرینە بکاتە پاڵپشت،
ئەگەر تەماشای مێژوو بکەین ھەموو ئاینەکان لەسەر دەستی پیاوان
تیۆریەکەی بۆ دارێژراوە و پیاوانیش پراکتیزەیان کردوە، لە ھەموو
ئاینەکاندا بەرژەوەندی ھیز رەچاوکراوە، ئەگەر تێروانینمان ھەبی بۆ گشت
ئاینەکان دەبینین گرێبەستی ھاوسەرگیری ئەگەر لە دە خاڵ وابەستە بێ لە
پرۆگرامی ئاینەکاندا ئەوا بەلای کەمەوە ٧ حەوت خاڵی لەبەرژەوەندی
رەگەزی نێردایە، تەنانەت لە بواری زمانەوانیشدا لە زمانە سەرکیەکانی
جیھانیشدا دەوترێ (پیاو قسە دەکات، یان پیاو بریار دەدات) نەک ھەر
پیاوان ئەم رستەیە بەکار دەھێنن بەڵکو ژنانیش بەکاری دەھێنن، بێگومان
ئەمەش لە سەرچاوەی ھێزو دەسەڵاتەوە ئەم رستە فەرھەنگیە دروست بووە.
بە ھەر حاڵ ژنی کورد لە داب و نەرێت وکلتورە
ھەمەرەنگەی بەسەریدا سەپاوە لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە زیاتر زەرەرمەند
بوە بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتانی ناوچەکەکەدا، دەتوانین بڵێین زۆر جار
وەکو کاڵا بەکار ھێنراوە.. تەنانەت پیاوەتی و بەخشین و کرین وفرۆشتنی
پێوەکراوە، کە تەنھا لەدێر زەماندا بە کۆیلەکان کراوە، ئەمە جگە لەوەی
تا ئێستاش کچ دەکرێتە گرێدانەوەی خزمایەتی و کەسایەتی، دەوترێ (پاروو
لە دەم بۆ کۆش بێ باشترە وەی لەوەی بکەوێتە زەوی) واتە دەبێ کچەکە بدەن
بە ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا، ئەمەش جگە لەوەی تاوانە و ستەمە لە مافی
ژن ھەروەھا دەبێتە ھۆکاری گەلێ نەخۆشیی بۆماوەیی و بەرکەوتەی خراپ.. بۆ
ئەو خێزانەی دروستی دەکەن.
ھەرچەندە لە داب ونەرێتی ئەوروپا بەیەک
ناشێن ئەو کەسایەتیانە واتە پورزاوئامۆزاو خاڵۆزا وەک خوشکو برا
دەخوێنرێتەوە بۆ ھاوسەرگیری، بەڵام لای ئێمە بە چاکەو بەرژەوەندی
ھەژمار دەکرێ. بەلام لە راستیدا ئەوەش دەکرێ بە بازرگانی بەرژەوەندی
سەیر بکرێ نەک شوو کردن و ھاوسەرگیری.. ئەگەر بگەڕینەوە بۆ بوارە
کلتوری و ئایینیەکەوە، تەماشا دەکەیت ژنان تەنانەت لە بواری دەرونیەوە
زۆر مافیان پێشێل دەکرێ لە گۆرین وشێوازی جۆری رەنگ و بەکارھینانی
جلوبەرگدا، لەوێشدا دەبێ جل وپۆشاکیان لەگەڵ کلتورو نەرێت و ئایندا
یەکبخەن، دەنا ڕیزو کەرامەت لەدەست دەدەن، کە ئەمەش کاریگەری گەورەی
لەسەر دەرونی ژنان دروست دەکات و ھەمیشە خۆی بەکەم دەزانێ لە مرۆڤی
ئاسایی.
ھەرجەندە ٨ی ئادار رۆژی ئازادی و ھاوسەنگی و یەکسانیە بۆ ژنانی جیھان..
بەلام دەتوانم بڵێم سەرەتای نووسینی ئارتیکڵی رۆژنامەکانە بۆ مافەکانی
ژنی کورد.
پیرۆز و گەشاوە بێت خەباتی ٨ی ئادار لە ژنانی گەلەکەم و جیھان، نەمری و
سەربەرزی بۆ ژنە قارەمانەکانی کۆبانێ و ھەموو شەھیدانی ڕێگەی ئازادی و
(کلارا) خاتوون.
٣\٣\٢٠١٥
bebash-62@hotmail.se
|