١٢\٣\٢٠١٢
٨ی مارس لە
کوردستان.

قادر سهمهد
ھێندەی لە بیرمە و بینیوومە ھەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا لە کوردستاندا یادی
٨ی مارس دەکرێتەوە یەکەم جار چۆن بینیوومە ھەتا ئێستاش بگرە داھاتووش
ھەمووی وەکو یەکە بەڵام دیکۆر و جلوبەرگەکان دەگۆڕێت لەم سەری چەپەوە
بیگرە تا ئەو سەری ڕاست لە نێوان ھەموو
ڕێکخراوە فێمینیستەکانی لای خۆمان لە کوردستان و لە ھەندەرانیش جۆری
یادکردنەوەکە ھەمان شێوەیە بەڵام دروشم و لافیتە و ووتارەکان جیایان
دەکاتەوە ھیچ جۆرە جیاوازیەک نابینیت لەو یادانەدا ئەگەر کەسێکی بیانی
بێ ئاگا لە کێشەی ژنانی وڵاتی ئێمە بچێتە ئەو یادانەوە دڵنیام وا تێ
دەگات کە ژنان ھیچ کێشەیەکیان نیە بۆیە یادەکانیان ھێندە وا جوان و
خۆشی ئامێزە.
لە میدیاکانەوە وێنەکانی ئەو یاد و مەراسیمانە دەبینین ژمارەی پیاوان
لە ژنان زیاترن ھەموومان دەزانین کە ڕێژی ژنان لە وڵاتی ئێمەدا بەراورد
بە پیاوان زیاترە، دەبێ ژنان لەم ڕۆژەدا لە کوێ بن؟؟ ھەموو چالاکیە
ھونەری و ئەدەبی و سیاسیەکان لە ناو ھۆڵەکاندایە بە تایبەتیش لە
سەنتەری شارەکان و چەند شارۆچکەیەکە زۆربەی ناوچەی دوورەکان بێبەشن لەم
جۆرە یادە ڕەنگە ھەر نەزانن کە ئەو یادە چیە! کە زۆربەی کێشەکانی
خانمان لەو دەڤەرانەیە، ئەوەی لە یادەکاشدا باس دەکرێت چەند ووتارێک و
چەند پڕۆژە و ڕاسپاردە بۆ چەرەسەرکردنی کێشەکان ڕتووش کراو بە بەڵێن و
پەیمانی جێبەجێ کردنی کەس نازانێت دوای یادەکە لە کام مێزی
بیرچوونەوەدا دادەنرێت، لە بەشی کۆتایی ئەو یادەشدا خانمان بە جلوبەرگی
جوان و ڕازاوەوە ھەڵپەرکێ و چۆپی خۆشیەکان دەگرن.
بەڵام دەبێ خۆشیەکانی ژنان چی بێت و چۆن بێت
یان شتێک ھەیە کەناوی خۆشی بێت لە ژیانی ئافرەتاندا، کە ڕۆژانە تاوان
لەسەر تاوان دەبیستین دەبینین، چەندەھا وێنەی دڵتەزێن و ڕوح سووتێن لە
میدیاکانەوە دەبینی کە شەرم لە بوون و مرۆڤایەتی خۆت دەکەیت دەبێ
ھەزارەھا جار سەری بێ دەسەڵاتیت بۆ ئامێزت شۆڕ بکەیتەوە، یەکێک خۆی
سوتاند و بووە سووتماک و خۆڵەمێش، ژنێک بەکێرد و قەمەی مێردەکەی پارچە
پارچە کرا، ئازیزێک بەبەرچاوی گەڕەکەوە لووتی بڕا، خانمێک لە دەیجووری
ڕەشی شەودا خنکاندیان، کاڵێیەک لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەکەی لە مۆبایلدا
سێ تەشت ئاوی گەرم و کوڵاویان پیدا کرد لە بەرچاوی خوشک و براکانی
توایەوە بوو بەمۆم، نازدارێکی گەلێک بەنازی وڵات لەسەر ئەپارتمانێکی
زۆر بەرزی شارەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە لەسەر ئەوەی بە زۆر کچێنی و
پاکیزەییان لێ سەند، خاتووزین ێکی وڵات عاشقی خۆشەویستی بوو وانەی
ئەڤینداری بەشاردا بڵاودەکردەوە عەشیرەت گرتی و سەری تاشی لە گۆرستانی
نەریتدا ھەر بەبێ دەنگی ناشتی، ھەموویان ھەر بەبێ دەنگی دەنێژرێن نە
فرمێسکێک دەبینی لە چاوان بۆیان نەگەرمەشێنێ، نە ھاوارێکی بەسوێی دوای
مەرگیان نە کۆڕی ماتەمینێ، نە پرسەیەکی پڕ حەسرەت و نەگۆڕێکی
ھەڵبەستراو نە ناوێکی بەجێماو کەسێک نابینیت ڕۆژانی ھەینی بە بەرگی ڕەش
و چەپکێک گوڵەوە بچێتە سەر ئەو گۆڕانەو بە ئاھو حەسرەتی گەنجی و
جوانیانەوە بیانلاوێنێ، تا ئێستا نەم دیوە ڕۆژێک لە سەر مەزار و گڵکۆی
ئەم بێ بەخت و سیاچارانە مۆمێک داگیرسێت ٨ی مارس بەڕێکەوتیش بەو
جێگایەنەدا گوزەری نەکردووە نەیتوانیوە یادێکی ساڵانەی بباتە ئەم
جێگایانەی کە تا ئێستاش دوکەڵ لە گۆڕەکانیان ھەڵدەسێ بۆکروزی جەستەیان
دنیای پڕ کردووە ھەمیشە مەشخەڵانی زایەڵە و ھاواریان ڕووەو ئاسمان بەرز
دەبێتەوە... ئەم مەرگەساتانە زۆرن بەژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمانی
وڵاتەکەم من ناتوانم ئۆقیانووسی ئەم غەدر و کوشتن و تاوانە ڕیزبەند
بکەم ئیدی ٨ی مارس چ مانایەکی ھەیە ئەگەر ساڵ ھەر ٣٦٦ ڕۆژەکەشی ٨ی مارس
بێت ئەم تاوانانە زیاد دەکات ھەڵدەکشێ بەرەو ژوور باڵای لە بەرتەقای
دووری ئاسمان بەرزترە، توێژێکی کۆمەڵگاکەم کە ئەمە ژیان و
مەرگەساتەکانی بێت نازانم دەبێ چۆن لەسەر مەرگ و ژیان و کێشەکانی
ھەڵپەڕێت و سەما بکات و سەرچۆپی بگرێت.
گەلێک باشتر بوو کە سەرجەم ڕێکخراوە فێمینستیەکان ھەموویان بەیەکەوە لە
ناوەوە و لەدەرەوە یەک بەیاننامەی ناڕەزاییان دەر بکردایە لەبەرامبەر
پێشێل کردنی داواکانیان ڕێپێوانێکیان لە سەر ڕاستە شەقامەکان بکردایە
بۆ سەرجەم داواکاریەکانیان و ئەم ڕۆژەیان یاد نەکردایەتەوە دەنگ و
سەدایەکی زۆر باشتری دەبوو، ڕۆڵێکی کاریگەرتری دەبوو لەو مەراسیمانەی و
یادانەی کە لە کوردستان و لە ھەندەرانیش سازکران ، ھەر ئێوە خۆتان ھەڵی
سەنگێن کامیان باشترە دەبوو لە ڕۆژی ٨ی مارسدا سەرجەم ڕێکخراوە
فێمێنیستیەکان بڕیاریان بدایە تا مافەکانینان جێ بەجێ نەکرێت و
چارەسەری ڕیشەی یاسایی بۆ کێشەکانیان نەدۆزرێتەوەو نەکرێتە یاسا لە
دامودەزگاکانی حکومەت بە ھیچ شێوەیەک یادی ٨ی مارس ناکەنەوە ڕێگاش
نادەن کە ھیچ ڕێکخراوێکی فێمێنیستی ساڵانە ئەو یادە بکاتەوە ھەتاکو
سەرجەم داواکاریەکانی ژنان جێبەجێ دەکرێت.
kadirsamad@yahoo.co.uk
|