په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠٢٦

ئابووریی بازاڕ و وێرانبوونی شیرازەی خێزان؛

تێڕامانێک لە قەیرانی هاوچەرخی کاری ژنان و بێکاریی پیاوان لە کۆمەڵدا.

کارزان عەزیز      

 
مێژووی مرۆڤایەتی شاهیدی گۆڕانکاریی بەردەوام و بێوچانە لە شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەکان، دابەشبوونی ڕۆڵەکان و سیستمی ئابووریدا، بەڵام هیچ سەردەمێک هێندەی سەردەمی ئێستا ڕووبەڕووی شڵەژانی خێرا و لێکەوتەی پێچەوانە و قەیراناوی نەبووەتەوە لە پەیوەندییە خێزانی و ئابوورییەکاندا. کاتێک باس لە بازاڕی کار، دەرفەتەکان و دابەشبوونی هەلی کار دەکرێت، لەپڕ لەگەڵ دیاردەیەکی نامۆ و ئاڵۆزدا دەبینەوە کە تێیدا کەرتی تایبەت، بە ناو و لافیتەی بریقەداری مۆدێرنیتە و پێشکەوتنی سەردەم، سیاسەتێکی جێبەجێ دەکات کە لە بنەڕەتدا زیاتر لە ستراتیژییەکی بازرگانیی پووچ، قازانجویست و بێبەش لە بنەما ئەخلاقییەکان دەچێت نەک پرەنسیپێکی مرۆیی یان ئابووریی دادپەروەر. ئەمە تەنها پرسێکی ئابووریی ڕووت نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ قەیرانێکی قوڵتر و فرەئاراستە کە هەم بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەلەرزێنێت و هەم زەمینە خۆش دەکات بۆ داڕمان و لەتکرانی پەیوەندییە پیرۆز و نەگۆڕەکانی خێزان، کە ئەمەش پێویستی بە هەڵوەستەیەکی زانستی و فکریی بێلایەن هەیە.


لە کەرتی تایبەتی ئەمڕۆماندا کە کافێ، ڕێستۆرانت، هۆتێل، کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان و ناوەندە بازرگانییەکان بەڕێوەی دەبەن، چەمکی شایستەیی، لێهاتوویی پیشەیی و خاوەندارێتیی ئەزموون بە تەواوی پشتگوێ خراوە و فەرامۆش کراوە. خاوەنکارەکان و خاوەن سەرمایەکان لە سایەی بێکارییەکی کوشندە و فراواندا کە تەواوی کۆمەڵی گرتووەتەوە، و لە نەبوونی چاودێرێکی حکومی و یاسایی توند و کارادا، سیاسەتێکی ستەمکارانە و نادادپەروەر پەیڕەو دەکەن؛ ئەوان کچان و ژنان دادەمەزرێنن نەک لەبەر ئەوەی بەڕاستی تەنها لێهاتووتر یان خاوەن پسپۆڕیی تایبەتن، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە مووچەیەکی کەمتر، بێ ماف، بێ بیمە و بێ هیچ ئیمتیازاتێکی یاسایی ڕازین، و لە هەمان کاتدا وەک کەرەستەیەکی ڕووکەش و نمایشی بۆ ڕاکێشانی کڕیار و بازرگانیکردن بە سیمای دەرەوەی شوێنکارەکەیان بەکاریان دەهێنن. ئەم سیاسەتە گڵاو و بێباکە، لە لایەکەوە گەنجان و پیاوانی بەتوانا، لێهاتوو و خاوەن ئەزموون بێبەش دەکات لە مافی سەرەتایی و سروشتیی کارکردن بۆ دابینکردنی بژێوی. لە کۆمەڵی ئێمەدا، کە هێشتا باری قورسی ئابووریی خێزان، دابینکردنی پێداویستییەکان و چاوەڕوانیی نەریتی و کۆمەڵایەتی لەسەر شانەی پیاوە، بێبەشکردنی بەمەبەست و سیستماتیکی پیاو لە کارکردن، تەنها کێشەیەکی بێکاریی کاتی نییە، بەڵکو کوشتنی ئیرادە، تێکشکاندنی کەسێتی و لەناوبردنی شکۆی مرۆیییە. کاتێک گەنجێک لە دەرەوەی ماڵ بێکار دەبێت و هەلی کاری بەهۆی پێشێلکاریی بازاڕەوە لێ زەوت دەکرێت، ناتوانێت ئەرکە بنەڕەتییەکانی ژیان جێبەجێ بکات، ئەمەش سەرەتای دروستبوونی شۆکە دەروونییە قووڵەکان، نائومێدی و هەستی بێبایەخییە لە کۆمەڵدا.


لەلایەکی تریشەوە، پرسی سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان مافێکی ڕەوا، یاسایی، مرۆیی و بنەڕەتییە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لە پێویستیی بوونی داهات، کەسێتیی سەربەخۆ و ڕۆڵی کارای ئافرەت بکات لە گەشەسەندنی کۆمەڵدا. بەڵام کێشە کلتوری و دەروونییەکە لەو خاڵەدا سەری هەڵداوە کە هەندێک کچ و ژن، بەهۆی نەبوونی پێگەیشتوویی فکری، ناسنامەی پێگەیشتوو و قووڵایی دەروونییەوە، تەنها بەوەی بۆ یەکەمجار بڕە پارەیەک دەخەنە گیرفانیان و کورسییەک یان دێسکێک لە دەرەوەی ماڵ دەگرن، وای بۆ دەچن کە گەیشتوونەتە لوتکەی دەسەڵات و چیتر پێویستییان بە هیچ بنەمایەکی ڕەوشتی، ڕێزگرتنی هاوبەش، سازش، یان هاوبەشیی راستیی خێزانی نییە. ئەمە ئەو نەخۆشییە دەروونییە مەترسیدارەیە کە تێیدا پارە دەگۆڕێت بۆ چەکی لەناوبردنی ڕێز و شکاندنی متمانە. کاتێک مرۆڤ لە ڕووی فکرییەوە نەگەییو بێت، داهاتی کاتی دەکاتە پێوەری باڵاتربوون و مرۆڤبوون، و دەست دەکات بە سووککردن، پشتگوێخستن و کەمکردنەوەی کەسایەتیی هاوسەر یاخود دەوروبەرەکەی. ئەم جۆرە تێڕوانینە شێواوە، سەربەخۆیی لە مانای ڕەسەنی خۆی کە بریتییە لە بەرپرسیارێتی و پێشکەوتن، دابڕیوە و کردوویەتی بە ئامرازێک بۆ لوتبەرزی، خۆبەگەورەزانین و تێکدانی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئارام.


کاتێک ئەم دوو دیاردە کاولکەرە پێکدەبڕێن، واتە پیاوێکی بێکار کە بەهۆی نادادپەروەریی بازاڕەوە لە دەرەوە شکێنراوە و توانای بڕیاردانی نەماوە، و ژنێکی گەنج کە بەهۆی داهاتی کاتی و نەبوونی پێگەیشتووییەوە لە ناو ماڵدا کەوتووەتە خولیای لوتبەرزی، خۆپەرستی و لەکارخستنی ڕێزی هاوبەش، لەو خاڵەدا ژینگەی خێزان لە لانکەی ئارامی، پشوو و تێگەیشتنەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی ململانێی خوێناوی و شەڕی نەبینراوی دەسەڵات. ماڵ چیتر شوێنی هێمنبوونەوە نابێت، بەڵکو دەبێتە دادگایەکی نەبینراو بۆ سەلماندنی کێش و قورسایی دەسەڵاتی دارایی و تۆرانی بەردەوام. لەم ژینگەیەدا، هەر ناکۆکییەکی بچووک و لاوەکی دەگۆڕێت بە تەقینەوەیەکی گەورە و هەڵوێستی نەگونجاو. ئەنجامەکەش دیارە و بێگومان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی خێزان، تێکچوونی دەروونی و سۆزداریی منداڵان، و زێدەبوونی ڕێژەی جیابوونەوە و تەلاق بە شێوازێکی زۆر مەترسیدار، کە تێیدا بنەما بەنرخەکانی ژیان و پێکەوەژیان قوربانی مۆدێلە کاتییەکان و هەڵسوکەوتی نابرپرسانە دەکرێن.


بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە فکری و ئابوورییە ئاڵۆزە، کێشەکە هەرگیز بە قسەی سۆزداری، لۆمەکردنی لایەنێک یان پەنابردنە بەر دروشمی ڕوکەش چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی جددی و ستراتیژی هەیە؛ لە ڕووی یاسایی و ئابوورییەوە حکومەت، دامەزراوە فەرمییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت چاودێریی توند و ڕیشەیی بخەنە سەر کەرتی تایبەت تاوەکو بازاڕی کار لەسەر بنەمای لێهاتوویی پیشەیی، دادپەروەری و ڕێسای مرۆیی بێت، نەک بەکارهێنانی ڕووکەش و زوڵملێکردن لە توێژی پیاوان و گەنجان بە مەبەستی کەمکردنەوەی مووچە و شکاندنی بازاڕ. هاوکات لە ڕووی فکری، پەروەردەیی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتییەوە دەبێت هۆشیاریی گشتی لە ڕێگەی دەزگاکانەوە بەرز بکرێتەوە تاوەکو تێبگەین کە سەربەخۆیی ئابووریی ژنان بۆ ئەوە نییە ببێتە چەکی تێکشکاندنی پیاو و خێزان، بەڵکو بۆ ئەوەیە ببێتە مایەی هێز، پتەوبوون، شانبەشانی و هاوکاریی زیاتری خێزانی، چونکە پارە لە کۆتاییدا تەنها کاغەزێکی کاتییە، بەڵام شکۆ، ڕێزی هاوبەش و شیرازەی خێزان ئەو پایە نەگۆڕانەن کە ژیانی دروست و بەختیاریی مرۆڤی لەسەر دەوەستێت.


لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە بە ڕوونی بوترێت کە نەدانی هەلی کار بە پیاوان و کوران، تەنها قەیرانێکی ئابووری نییە، بەڵکو کارەساتێکی دەروونییە کە باری نائومێدی و گوشارە دەرونییەکانی سەر گەنجان بە شێوازێکی مەترسیدار زیاد دەکات؛ چونکە کاتێک پیاو لە دەرەوەدا بەهۆی ئەم نادادپەروەرییەوە دەشکێنرێت، نابێت لایەنی بەرامبەر واتە کچان و ژنانیش بەهۆی کەمێک داهاتی کاتییەوە خۆیان لێ ببێتە فیرعەون و بنەماکانی ژیانی هاوبەش و ڕێزی ڕەسەنی خێزانی بخەنە ژێر پێی خۆیانەوە.

 

ماڵپەڕی کارزان عەزیز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک